(ئانتۆلۆژی ئازادی)
شاهۆ حوسێنی
زەینی هەر مرۆڤێک دەتوانێ و خاوەنی
ئەم توانایە کە ژینگە و جیهانی دەور و بەری خۆی سەربەخۆیانە و جیاواز لە بوونەکانی
تر پێناسە و فام بکات. لەڕاستی دا مرۆڤ واقعییەت نە بە کۆ ئەندامەکانی هەست (دەست،
چاو، گوێ، کەپۆ و زمان) کە بە هۆی زەینەوە فام دەکات، ئەو جیاوازیە لە فام و پێناسەکردنی
واقعییەت بنەما و کاکڵی ئازادی مرۆڤە. واتە ئازادی بە مانای ئۆبژێکتیڤەکەی کە خۆی
لە سەربەست بوون لە حوکمی ڕواڵەتی دەسەڵاتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا دەبینێتەوە، سەرچاوەکەی
ئازادی سۆبژێکتیڤە بە مانای شەرعییەتی جیاوازی زەینی مرۆڤەکان لە فام و پێناسەکردنی
واقعییەت. مرۆڤ لەغیابی ئازادی سۆبژێکتیڤ بە مانای نەبوونی مەجال و مەودای فام و پێناسەی
سەربەخۆیانەی واقعییەتەکانی ژیانی، هەرچەند خاوەنی دیاردە ئۆبژێکتیڤەکانی ئازادی سیاسی
و کۆمەڵایەتیش بێت، هەر کۆیلە و ئەسیرە چونکە لەو ئازادیە ڕواڵەتیانە لە خزمەت
واقعییەتێکی فام کراو لەلایەن ئەوی ترەوە کەڵک وەردەگرێ و ئەمەش لەگەڵ گەوهەری
ئازادی بێگانەیە.کەوابێ بەکوورتی دەشێ بگوترێ کە ئانتۆلۆژی ئازادی: سۆبژێکتویسم
بەمانای پێوەرە و پێوانە بوونی ئەزموونەکا سەربەخۆ زەینیەکانە.
کوردایەتێک و کوردییەتێکی کە سۆبژێکتیڤ
نەبێت بە مانای شەرعییەتی فامی جیاوازی "خود"، سەربەخۆ لە پێناسە و فامی
ئەوی تری فارس، عەرەب و تورک هیچ کات ناتوانێ بەرهەم هێنی ئازادی بۆ کورد بێ، بۆیە
سەربەخۆیی بە مانای فام و پێناسەی سەربەخۆیانەی خود سەرەتا و دەس پێکی ئازادیە.
تاکی کورد سەرەتا پێویستە لە سەر ئەساس و بنەمای متمانە بە عەقڵ، سەربەخۆیی عەقڵ و
توانای عەقڵ بۆ فام و تێگەیشتن بەرهەم هێنی تاکێکی تێگەیشتوو بێت لەڕێی کەڵک
وەرگرتن لە توخمە لۆکاڵێکانی ناو ژینگەی سرووشتی و کۆمەڵایەتی کوردستان، کە تاکی
سەربەخۆ و سوبژەی کوردی دەرکەوت، لەسەر بنەمای پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤ پیویستە
لەگەڵ تاکەکانیتر پێوەندێکانی فۆڕم بدات، ئەم ڕەوتە دەبێتە بنەمای پلۆڕالیزم و
شەرعییەتی سوبنەکانیتر و بە فەرمی ناسینی ئازادی تاکەکانیتر، واتە فرە خودی لە
کۆمەڵگادا وەک بنەمای ئازادی و سەربەستی. ئینجا دەشێ لەسەر ئەساسی ئەم ڕەوتە و لە
بەستێنی سیاسیدا سەربەخۆیی سیاسی بەمانای شەرعییەتی دەسەڵاتێکی لۆکاڵی بەرهەم بێت
و دەربکەوێت.
بە کورتی دەشێ بگوترێ کە گوتاری ناسیونالیسمی کوردی، بە مانای پارادیمێکی گشتگیر، دەشێ لە سەر سێ ڕوانگەی گرینگی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و سیاسی بنیاد بندرێت:
١- ئەمری فەلسەفی: بەمانای سوژەی کوردی، بوونێکی مۆدێڕنی سەربەخۆ لە خۆ پێناسەکردن و خۆ دەرخستن، شەرعییەتی پلۆرالیزمی بوونە جیاوازەکان.
٢- ئەمری کۆمەڵایەتی: بە مانای کۆمەڵگا. فۆرمێک لە پێوەندی و نەزمی نێوان سوژەکان، کە لەوڕا کۆمەڵگا لە فۆرمی کۆگشتیەکی نەتەوەیی(نەتەوەیی لێرە دیاردەیەکە بە مەبەستی پێداگری لەسەر یەکگرتوو بوون و هەمبەستە بوونی تاکەکانە بۆ پێش گرتن بەدابڕان و لێک ترازان)،خاوەن کلتوورێکی تایبەتی نەتەوەیی و وێنایەکی مێژوویی لێک گرێدەرەوەی تاکەکان دەربکەوێت.
٣- ئەمری سیاسی: بە مانای دەسەڵات، نەزمێکی سیاسی و حکوومەتێکی نەتەوەیی و دێمۆکراتیکی کوردی.
وەها پاردایمێک لە خۆگری شەرعییەتی تاک وەک سوژە، کۆمەڵگای مەدەنی وەک بنەمای نەتەوە و کۆمەڵگای سیاسی وەک بنەمای دەوڵەتە، کە زایەڵەی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد لە ناو جیاوازێکان دایە.