۱۳۹۷ آذر ۱۲, دوشنبه

خەسارناسی کەڵکی گشتی وەرگرتن لە پارادایمەکان


شاهۆ حوسێنی
بێ گومان یەکێک لەو هەڵانەی کە بەردەوام بەشی هەرە زۆری خوێندەواران و ڕوناکبیرانی کورد تووشی دەبن ئەوەیە کە پێیان وایە پارادایمەکان بنەمایەکی جەهان شمولیان هەیە و بەکەڵک وەرگرتنی ڕواڵەت و کۆپیانە لەوان، لە هەر شوێن و لە هەر زەمانێکا دەتوانن کێشەکانی خۆیانی پێ بخوێننەوە و چارەسەریان بکەن، لەڕاستی‌دا ئەوە درێژەی هەمان کێشەی هێژمۆنی فۆرمالیسمی ئۆرتۆدۆکسی و ڕوبەرووبوونەوەی ڕواڵەتی و فۆرمالیتانەیە بەعام لەگەڵ مۆدێڕنیتە و مۆدێڕنیتەی سیاسی بە تایبەتی. ئەوە هەڵبەت بەو مانایە نیە کە ئێمە کەڵک لە پارادایمەکان وەرنەگرین، بەڵکە پێویستە کەڵکی درووست لە پارادایمەکان وەربگرین.
هەر پارادیمێک لە سێ ئاستا دەتوانێ کەڵکی لێ وەربگیرێت:
١_ ئانتۆلۆژی خۆمان، واتە لە درێژەی ڕەوشەنگەری کانتی‌دا تێ‌بکۆشین تا نیشان بدەین ئێمە وەک بوون لەناو جیهانێکی بەردەوام لە ئاڵوگۆڕی‌دا لە کوێین و کێین.
٢_ پرۆبلماتیزاسیون، پرۆبلماتیزە کردنی کێشە و ویستەکانمان لەپێوەندێکی نزیک دا لەگەڵ ئانتۆلۆژی خۆمان.
٣_ سۆبژێکتویتە، شەرعییەتی سووژە وەک بوونێک لەپێوەندی نزیک لەگەڵ هەموو بوونەکانی تر و  بەرهەم هاتوو لەسەر ئەساسی پێوەندی هەموو بوونەکان و کارتێکەر لەسەر پرۆلبماتیزە کردنی کێشە و ویست و خواستەکان.
ئەوەی ڕاستی بێت ئەگەر پاڕادایمەکان باس لە دۆخی ئیمکان دەکەن لە ڕۆژئاوا کە بەرهەم هێنی هزر، فەلسەفە و فەلسەفەی سیاسیە، ئەوا دۆخی کورد دەکرێت وەک دۆخی  داڕووخان باسی لێوە بکرێت، بەهۆی ئەوەکە هیچ بەرهەمێک و سەرچاوەیەکی زانستی بەرهەم هاتوو لەئاستی ئەندێشەدا وەک ئەندێشەیەکی کوردانە"کورد وەک سووژە و بکەرێکی سەربەخۆ  کە ناسینەری خۆی و پێناسەکەری جیهانی دەوروبەرێتی"، بوونی نیە هەرچی بنەما و ئەساسی فکری و جیهان بینی چالاکی سیاسی و ڕووناکبیری کوردە، کۆپی  ئیسلامی، عەرەبی، تورکی، ئێرانی، ئۆرتۆدۆکسی یان ڕۆژئاواییە، خوێندەاری کورد و ڕوناکبیری کورد حەولی نەداوە وەک بوونێکی بەرهەم هاتوو لەناو کۆمەڵگایەکی تایبەت و زەمانیکی تایبەتا بەرهەم هێنی خوێندنەوەیەکی کۆک لەگەڵ فۆرماسیونی هزری و ڕواڵەتی ئەو فۆرماسیون و پێکهاتەیە بێت کە تیا ژیاوە و گەورە بوە، فۆرماسیونیکی هزری و مەعریفی کە هەم پیناسەکەری خۆی بێت و هەم پیناسەکەری جیهانی دەرەوەی خۆی بێت و لەسەر ئەساسی ئەو پێناسە کردنەش جۆری پێوەندێکانی لەگەڵ جیهان و ئەوی تر ڕیک بخات.

۱۳۹۷ آذر ۷, چهارشنبه

" دێمۆکراتیزە کردنەوەی دێموکراسی"


شاهۆ حوسێنی
چاوخشاندنێک بەسەر بەشی هەرە زۆری ئەو ئایدە و هزرانەی کە لە ناو جوغرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان دا سەری هەڵداوە، نیشان دەری ئەو ڕاستێیە کە هەموو گرینگایەتی دەدەن و ئاماژەیەکن بۆ مرۆڤی سوژە وەک بکەرێکی سەربەخۆی ناسێنەر، واتە ئامانج و مەبەستی سەرەکی لەداڕشتن و گەڵاڵە کردنی هزر و ئایدەکان بەهۆی مرۆڤەکان و تاکەکان ، بۆ وێنە سۆسیالیزم، لیبرالیزم، دێمۆکراسی، کۆنسێرواتیزم، ناسیونالیزم، جگە لەوەکە ئاماژە و نیشانەیەکی گرینگی سەربەخۆ بوون و سەرچاوە بوونی تاک وەک سوژە،  پێ داگری کردنە لەسەر حەول بۆ پێگەیاندن، پەرەی خۆشی و ئاسوودەیی مرۆڤی سوژە  وەک مەبەست، ئامانج و سەرچاوەیە، بۆ وێنە کاتێ مارکس باس لە خەباتی چینایەتی و عداڵەت دەکات، مەبەستی سەرەکی مرۆڤە، کە بە لەناو بردنی هێژمۆنی چینێک بەسەر چینێکی تردا لەڕەوتی وریای و ئاگایی تاک لە پێگە و کەسایەتی تاکی و چینی خۆی دا بەرهەم دێت، یان لیبرالیزم کە پێ داگرە لەسەر ئازادی بێ سنووری تاک و ئەرکی پێکهاتەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی بوون و جوغرافیای تاک وەک سووژە، یان دێمۆکراسی وەک ئایدەیەک کە بەستێنێکە بۆ دەرکەوتنی پلۆرالیزمی تاکەکان وەک سوژە، یان ناسیونالیسم وەک پێکهاتیەکی ڕواڵەتی و زەینی کە لەودا تاکەکان بە شێوەیەکی ئیرادی و سەربەخۆیانە بڕیار لەسەر شێوازی بوونیان دەدەن، و باقی هزرەکانی تریش هەر بەو شێوەیە.
بەڵام ماوەیەکە کە توێژەران ڕەخنە لە دێمۆکراسی دەگرن کە بۆتە پێکهاتەیەکی ڕۆاڵەتی بەتاڵ لە کارتێکەری ڕاستەقینە و سەربەخۆیانەی تاکەکان وەک سوژە، ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن دێمۆکراسی تەنیا پاساوێکی فۆڕمالیتانەیە بۆ بەردەوام بوونی هێژمۆنی و دەسەڵاتی کەمینەیەک بەشێوەی دێمۆکراتیک، لەڕاستی دا باس لە ئاڵوگۆڕێکی گشتی دەکەن کە بەشداری ڕاستەقینە و سەربەخۆیانەی سیاسی سوژەکان  لەخزمەت بەرژەوەند ڕواڵەتی  دێمۆکراسی دا کردۆتە قوربانی، بۆ وێنە هەڵبژاردن بۆتە ڕەوتێکی فەرمی-یاسایی و بێ ناوەرۆک، واتە کردەوەکان و ڕەوتی کردەوەکان لەگەڵ ئامانج و ئاسۆی کردەوەکان لە ناو جوغرافیای دێمۆکراسی دا کە پەرەی بەردەوامی تاک وەک سوژە و بکەری سەربەخۆیە لەدژایەتی دان، بەجۆرێ کە باس لە تاک کەرەسەیی و سوژە کەرەسەیی دەکرێت لەژێر کارتێکەری هێژمۆنی ئابووری، توجارەت، بەرژەوەندی‌سیاسی و مادی‌دا، بەواتایەکی‌تر ئەگەر تاک سەرچاوە و مەبەستی ئایدەکان، ئابووری، دەسەڵات و سیاسەت بوو، ئەمڕۆکە پێوەندێکە پێچەوانە بۆتەوە و مرۆڤ بۆتە کەرەسەییەک لەخزمەت پەرە و هێژمۆنی ئەوانا، بۆیەش باس لە زەروورەتی دێمۆکراتیزە کردنەوەی دێمۆکراسی دەکرێت.

۱۳۹۷ آبان ۳۰, چهارشنبه

"غیابی مۆدێڕن وەک ئێپیستمە لە غیابی نەریت وە ک ئیپیستمە"


شاهۆ حوسینی

دێرینەناسی بەمانای وەسفی هەلوومەرجەکانی مەجالی بەدی هاتنی نیزامە فکرێکانە، کە بە شرۆڤەی ئێپیستمەی نیزامی فکری هاوچەرخ لە مەجالەکانی سەرهەڵدانی ئێپیستمە دەکۆڵیتەوە. ڕووبەڕوو بوونەوەی کورد لەگەڵ مۆدێرنیتە دوو ڕەهەندی جیاوای هەبوو، ڕەهەندێک لە بەستێنی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سوژەی داگیرکەری بەرهەم هاتوو لە سەر ئەساسی موێڕنیتەدا بوو کە حەولی دەدا لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا کوردی وەک ئۆبژەی دەس‌کردی ئەوی‌تر  بەرهەم بێنێت ، ڕەهەندیکی تر لەبەستێنی دژکردوە نیشان دان و گواستنەوەی فۆرم گەلی هزری و رواڵەتی مۆدێرن‌دا بوو  بۆ پاشەکشە کردن بە سووژەی هێژمۆن و داگیرکەر و پاراستنی خود. پرسیاری گرینگ لەو ناوەدا ئەوەیە کە ئاخۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کورد لەگەل مۆدێڕنیتە، کوردی مۆدێڕنی بەرهەم هێنا؟ مۆدێرن وەک بوونێکی سەربەخۆی خۆبنیادنەر؟ ئاخۆ نیزامێکی زانایی کوردانەی بەرهەم هێنا؟ 
بەداخەوە هەر بەو جۆرەی کە مۆدێرن بوونەوەی داگیرکەر و ئەوی تر لە رۆژهەڵاتی ناوین لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم  دابڕان و بەش بوونی کوردی پێوە بوو، ڕووبەڕوو بوونەوەی کوردیش بۆ بەرپەرچ دانەوەی داگیرکەر و ئەوی‌تر هەر بەو شێوەیە دابڕان و پارچە بوونی کوردی لێکەوتەوە. ئەگەر مۆدێرن وەک ئێپیستمە بەدژ نەرێت وەک ئیپیستمەیەکی کۆنی ماوە بەسەر چوو لە ڕۆژئاوا سەری هەڵدا، ئەوا لەغیابی نەریت وەک ئێپیستمە "نیزامێکی زانایی کۆن"، مۆدێڕن وەک ئیپیستمە "  نیزامی زانایی نوێ" نەتەنیا هۆی نوژەن بوونەوە و نوێ بوونەوەی کورد نەبوو کە جاریکی تر کوردی لەناو کوردستانە پارچەکراوەکانا دابەش کردەوە. لەڕاستی دا ئەگەر کێشەیەکی هاوچەرخی کورد غیابی مۆدێرن وەک ئێپیستمەیە، واتە دەرکەوتن و وەرگرتنی مۆدێڕن تەنیا وەک فۆرم و ڕواڵەتە، ئەوا کێشەی بنەڕەتی تری کورد غیابی نەریت وەک ئێپیستمەیە، واتە غیابی زەروورەتەکانی دابڕان لە ئێپیستمەی نەریتی هۆکاری ڕوبەڕوو بوونەوەی کورد لگەڵ مۆدێڕن نەبوو، چوون ئەساسەن کورد خاوەنی ئێپیستمەی نەریتی نەبوو، بۆیەش کورد بەهیچ شێوەیەک لە نەریتەکانی کە داسەپاوی داگیرکەران و هێژمۆنی ئەوی تر بوو دانەبڕا، چون هەر بەجۆرەی مۆدێڕن وەک ئیپیستمە لاسایی و دووپات کراوەی ڕواڵەتەکانی دەرکەیە، ئەوا نەریتیش وەک ئێپیستمە بەهەمان شیوە بەرهەمی هێژمۆنی داگیرکەر و ئەوی تری غەیرە کورد( ئیسلام، ئێرانی، تورکی، عەرەبی)بوو. دەشێ بگوترێت کە ئێمەی حاڵ دەقیقەن بەوێنەی ئێمەی ڕابردووین، وێک چووی ئێمەی حاڵ و ئیمەی ڕابردوو غیابی ئێپیستمەیە. بەداخەوە مێژوو نووسی پۆزەیتویستی کە مێژوو بەتەنیا لەگێڕانەوەی ڕووداوە سیاسیکانا دەبینێت، مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا و بوونەکانی خستۆتە پەراوێزەوە، گەورەترین خەساری ئەو رەهەندە فامی مۆدێڕن و ڕوانین بۆ مۆدێڕن لە دەلاقەی مەعریفی نەریت‌ڕایە، نەریتێکی کە ئەویش بەرهەمێکی لۆکاڵی و خۆماڵی نیە و بەرهەم هاتووی ئەوی ترێکی هێژمۆنی داگیرکەرە.




۱۳۹۷ آبان ۲۸, دوشنبه

سۆبژێکتویته، ماف، بەرگری دینامیک



شاهۆ حوسێنی
پێ‌داگری لەسەر ئەوەکە من مافێکم هەیە بەهیچ شێوەیەک بەو مانیە نیە کە من دەتوانم بەرگری لە مافی خۆم بکەم، هەرکاتێ کە من لە "خۆم" بەرگریم کرد، مافیش بوونی هەیە و مافی من دەپارێزرێت، واتە بە زمانی پوخت و پاراواتر دەشێ بگوترێت کە ئەوە بەرگریەکی دینامیکە کە بەها و نرخ دەبەخشیتە ماف و دیاری دەکات کە من خاوەن ماف هەم یان نیم. (لێرە دیارە مەبەست لە "خۆم" پێ‌داگری لەسەر سوبژەیەکی سەربەخۆی خۆبنیادنەرە کە دارێژەی فۆرمی مانایی و رواڵەتی بوونی خۆیەتی، خۆیەکی کە سەربەخۆیانە بۆ بنیادنانی نەزم و فۆرمێکی نوێی ژیان و بوونێکی گەورەتر ڕێژەیەک لە "خود" دەبەخشیتە فۆرمێک کە تێکەڵاوێکە لە ڕێژەیەک لە "خود"ەکانی تر)، دیارە کە باس لە بەرگری دەکرێت، بەرگری دەبێتە ژیان، ماف، حەقیقەت و سوبژێکتویتە.
بێ گومان لێرە دوو ڕەهەندی جیاواز لە بەرگری دێتە ئاراوە، یەکەم ئەوەکە خۆمان لە چوارچێوە و فۆرمی پیکهاتەیەکی دەسەڵات‌دا پێناسە بکەین و وەک ئەڵترناتیو درێژەدەری هەر ئەو فۆرم لە چالاکێکان ببین بۆ پاراستنی خۆمان، یان بەپێچەوانە بەگری کردن لە "خود" بەمانای هەڵگەرانەوە و سەرپێچی کردنە لە ناوەندەکانی دەسەڵات و پێ‌داگری لە سەر مافی "خود" بۆ سنووردار کردنی ناوەندەکانی دەسەڵات و پێشێل کردنی سوبژەیە. واتە دەشێ بگوترێت کە هەرجۆرە مافێک بەرهەمی بەرگریەکی دینامیکە و لەغیابی بەرگری هیچ مافیک بوونی نیە و بەرگریش بەمەبەستی پاراستنی "خود"ە، خودێکی سەربەخۆی خۆبنیادنەر لە سەرە ڕۆیی و دەست درێژی هەر دەسەڵاتێک.
بەڵام بۆچی بەرگری لە "خود" گرینگە؟
دەسەڵات بەر لەهەموو شتێک حەولی داڕشتن و بەرهەم هێنانی "خود"ێک دەدات کە کۆک بێت لەگەڵ دەسەڵات و لە خزمەت بەرژەوەندی دەسەڵاتی ئەودا بێت، واتە یەکەم هەنگاوی پاوان کردنی دەسەڵات، سەرە ڕۆیی و پێشیل کردنی ماف، تێکدانی فۆرمی ئەندێشەیی و جەستەیی "خود"ە، لە ئەساس دا دەشێ بگوترێت کە مێژویی سەرەڕۆیی و پاوانخوازێتی جگە لەمێژووی ئۆبژیکتویتە و سترۆکتورالیسم هیچ شتێکی تر نیە، کەواتە بوونەکان پێویستە بۆ بەگری لە "خود"، خودێکی ئیجابی کە ڕەنگدانەوەی فۆرمێکی سەربەخۆیانەی هزری و مەعریفیە، بەدژ دەسەڵات، دیارە دەسەڵات نەک بەمانای دەسەڵاتێکی تایبەت کە بەمانای گشتی دەسەڵات، پێویستە بەگری لەخۆیان بکەن.

"دیکتاتۆڕییەت، ئۆبژێکتویتە و کۆیلەیی"


شاهۆ حوسێنی
دیکتاتۆرییەت نەک بە مانای فۆرم و ڕواڵەتێکی حکوومی و هێژمۆنی ڕووتی دەسەڵات، کە بەمانای ئەندێشەیەک بۆ بەرهەم هێنانی بوونی کۆیلە و دەروەست کە سەرەتا و بنەمای دەسەڵاتی ڕەها، ڕواڵەتی و هێژمۆنە، لە کۆیلە کردن و بەرهەم هێنانی مرۆڤی کەرەسەیی لە خزمەت ئایدە و ئاسۆی هزرێوە دەست پێدەکات، دیکتاتۆرییەت بە مانای گەڵاڵەیەکی گشتیگر بۆ سەر لەنوێ داڕشتنەوەی هزری و ڕواڵەتی مرۆڤ، کۆمەڵگا و جیهان بە درووشمی ڕزگاری راستەقینە و بەرەو ئاسۆی ڕاستەقینە چوون(جا دەکرێ ئەو ئسۆیە دەسەڵاتی سەربەخۆ ، کۆمەڵگای سۆسیالیستی بەرابەر و کۆمەڵگایەکی عادڵانەی ئایینی بێت)، پێش بە پەرە و هێژمۆنی سوژەگی بوونەکان دەگرێت و دەیان کاتە دیل و ئۆبژەی خۆی، غافڵ لەوەیکە هەرجۆرە ئازادی، بەرابەری و عەداڵەتێک جیا لە سوژە و سۆبژێکتویتە بوونی نیە و پاردۆکسی خوڵقاندنی ئۆبژە بەرەو ئازادی و بەرابەری و عەداڵەت تەنیا و تەنیا بەرهەم هێنانی دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازیە، بوونی دیل و کۆیلە ناتوانێت بەرهەم هێن و خەباتگێری ئازادی، بەرابەری و عەداڵەت بێت.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی