۱۴۰۰ اسفند ۱۶, دوشنبه

ڕووسیای پاش سۆڤییەت

 

(قەیرانی شووناس و لێکەوتەکانی)

 

 

شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

دەروون‌ناسی سیاسی وەک لقێک لە زانستی دەروون‌ناسی تیشک دەخاتە سەر هەلوومەرجەکانی دەروونی ڕووداوە سیاسێکان. ئەم لقە لە دروون‌ناسی وەک زانستێکی نێوان ڕەشتەیی شرۆڤەی هۆکارەکانی شەخسی کردەوە و ڕەوتەکانی پاڵنەری کردەی سیاسی تاک و گرووپەکان دەکات. لە هەمان کات‌دا درەوون‌ناسی سیاسی مودێڕن جگە لەم ئەرکە گشتیە، وردتر تیشک دەخاتە سەر سیاسەتەکانی هەڵبژاردن، ڕێبەری، دەور و نەخشی ڕێبەڕەکان، هەڵوێست‌گرتنی ڕێبەران و هەڵکەوتەکان، ئایدۆلۆژیە سیاسێکان، تووندوتیژی سیاسی‌و شەڕەکان. لەڕاستی‌دا زۆر جار ئەم شێوازە وەک مێتۆدێکی شرۆڤە دەتوانێ بەستێنی باش‌تر، واقعی‌تر و جێگای متمانە‌تر بۆ تێگەیشتن لە کێشە و قەیرانەکان بڕەخسێنێت. دەشێ بگوترێ بەستێنێکە کە لەودا تایبەت‌مەندیە دەروونێکانی وەک کەسایەتی، فام، شووناس، سۆز، ئەزموونە کەسێکان، ڕەوتەکانی پێوەندی و نەریتەکانی کلتووری کارتێکەر لەسەر کردەوەی سیاسی تاک گرینگی پێ دەدرێت. ئامانجی ئەم زانستە، تێگەیشتن لە بەستێنەکانی دەروون‌ناسی پێوەندی‌دار بە بابەت، کردە و لێکەوتە سیاسێکانە بەمەبستی دەرخستنی ڕیشە، ئاکام و لێکەوتەکانی کردەوەی سیاسی کۆمەڵانی خەڵک، ڕیبەڕان و سیاسەتوانان.

 

دەرکەوتنی ڕووسیا لەپاش یەکێتی سۆڤییەت:

لە دەست‌پێکی دەیەی ٨٠ زایینی‌دا، یەکێتی سۆڤییەت دۆخی ئابووری بەڕێژەیەکی زۆر لە خراپی دابوو، بەهرەداری ئابووری بەڕێژەیەکی زۆر دابەزیبوو، سۆڤییەت پێویستی بە هاتنی سەرمایە لە دەرەوەڕا هەبوو بەڵام دیکتاتۆڕییەتی ئایدۆلۆژیک مەجالی نەدەدا، ڕێژەیەکی یەکجار زۆری داهاتی وڵات خەرجی بەشی نیزامی دەکرا و سۆڤییەت لە کێبڕکێی قوڵی نیزامی لەگەڵ رۆژئاوا دابوو. ئەم دۆخە سۆڤییەتی فەلەج کردبوو. ئەمانە هۆکارێکی گرینگ بوون کە بەستێنیان بۆ دەرکەوتنی میخائیل گۆرباچۆف لە ١٩٨٥ ڕەخساند. گورباچۆف دەستی کرد بە بەدی هێنانی هێندێک ڕیفۆڕم، ئەو بە مەبەستی چاک‌سازی ئابووری و پیشەیی و کردنەوەی دەرگا بەڕویی سەرمایەدانانی دەرەکی پرۆستریکای ڕاگەیاند، بەڵام ئەم گەڵاڵەیە نە تەنیا دۆخەکەی باشتر نەکرد کە بوو بەهۆی هەڵکشانی ئاوسان و بەم شێوەیە لە ١٩٨٩ سۆڤییەت لە داڕمانی ئابووری نزیک ببۆوە.

گورباچۆف بە گەڵاڵەی گلاسنۆست بۆ یەکەم جار مەجالی باسی ئازاد، ڕەخنەی ڕاشکاو لە ڕیبەری حیزبی کۆمۆنیست و بڕیارەکانی حیزبی ڕەخساند، لە ١٩٨٧ڕا بڵاڤۆکەکانی ئازاد وردە وردە دەرکەوتن، بەم شێوەیە بەرە بەرە ناڕزایەتێکان لە دەسەڵاتی حیزبی کۆمۆنیست پەرەی ئەستاند، لەم سەردەمەدا بۆ یەکەم‌جار ڕیژەی  جینایەتەکانی سەردەمی ئیستالین ئاشکرا کرا. ئەم ڕەوتە بەخێرایی باسەکانی ناو شەقامی گشتی کۆمەڵگای بەرەوە فەساد لەناو حکوومەتی تاک حیزبی‌دا ڕاکێشا. لێکەوتەی گرینگی گلاسنۆستیش دەشێ بگوترێ کە لە دەست چوونی یەکجاری متمانە بە حکوومەت و حیزبی کۆمۆنیست بوو لەناو بیر و رای گشتی کۆمەڵگادا بوو.

شۆڕشێکی ئایدۆلۆژیک کە لە ١٩١٧ ئیمپڕاتووری تێزارەکانی لە ڕووسیا داڕماند، لە درێژەدا بە هۆی کەڵکە بوونی کۆگشتیەک لە قەیرانە سیاسێکانی: مەشرووعییەت، بڕشت(penetration)، دابەشین(Distribution)، تێ‌هەڵکێشان(Merger)، بەشداری(Participation) و شووناس(Identity) کە بوو بە هۆی دابڕاندنی کۆمەلگا لە هەیئەتی حاکمە، لە تەنیشت شکەستی سیاسەتەکانی ئابووری، کلتووری و کۆمەڵایەتی، نەیتوانی بەرهەم‌هێنی مەدینەیەکی فازلەی کۆمۆنیستی بێت. کەڵکە بوونی قەیرانەکان لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماری میخائیل گورباچۆف‌دا بەرهەم هێنی دوو گەڵاڵەی پرۆستریکا بە مانای ئاواڵەیی ئابووری و گلاسنۆست بە مانای ئاواڵەیی سیاسی هەر چەند لانی‌کەمیش بوو کە لەلایەن گورباچۆفەوە خرایە ڕوو بە مەبەستی گەشی ئابووری و گەشەی سیاسی. ئەم دوو گەڵاڵەیە بوو بەهۆی پەرەی نەتەوە خوازی لەناو نەتەوەکانی بە زۆر کۆکراوە لەناو یەکێتی سۆڤییەت‌دا. گرینگ‌ترین قەیرانی ناوخۆیی یەکێتی سۆڤییەت لە ١٩٩٠دا نەتەوەخوای لەناو کۆمارەکانی ئۆکراین، لیتوانی، لێتۆنی و ئێستۆنی‌دا بوو کە لە ئاکام‌دا لە هەشتی مارسی ١٩٩١ ئەم کۆمارانە سەربەخۆ بوون و ٢٥ دێسامبەری ١٩٩١ یەکێتی سۆڤییەت بە فەرمی ڕووخا و بەم شیوەیە ڕووسیا بوو بە جێگرەوەی یەکێتی سۆڤییەت.

 

بەرەو ڕووسیای نێئۆلیبرالی:

ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت هەم وەک ژێئۆپۆلەتیک و هەم وەک ئایدۆلۆژی دژبەری ڕۆژئاوا هەم لە فۆڕمی ژێئۆپۆلەتیک‌دا هەم بە مانا کلتووری و چەمکێکەی، هەموو بەربەستەکانی دەرکەوتنی شاڵاوی سێهەمی دیمۆکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوڕووپا لەناو برد، بەم شێوەیە لە سەرەتاکانی دەیەی نەودی سەدەی بیستەمی زایینی‌ڕا ڕۆژئاوا وەک کلتووری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژێئۆپۆلەتیک بەربڵاوێکی کەم وینەی بەخۆیەوە بینی. ئەمەش لەم ڕۆوە بوو کە بەر بەستە نەزری و مەعریفێکەی کە ئایدۆلۆژی مارکسیسم-لێنینیسم بوو لەناو چووبوو. چارەنووسی ڕووسیا بەڵام وەک مێترۆپۆلی مەعریفی، کلتووری، نیزامی جیهانی دژبەری ڕۆژئاوا جیاوازتر بوو.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٠ گورباچۆف دەستی کرد بە ڕێفۆرم لەناو یەکێتی سۆڤییەت‌دا شۆڕای عالی مەجالی دەرکەوتنی نیزامی فرە حیزبی و ئازادی ئایینی لە سۆڤییەت ڕەخساند، بەڵام ئەمە بەلای کۆمۆنیستە ڕادیکاڵیستەکانەوە جێگای ڕەزامەندی و قەبوڵ کردن نەبوو. گورباچۆف بە هەموو شێوەیەک حەولی پاراستنی سۆڤییەتی دەدا، ئەو حەولی دا کە خودموختارێکی زیاتر بە کۆمارەکانی سۆڤییەت بدات، بەڵام بوریس یەڵتیسنی دابڕاو لە حیزبی کۆمۆنیست بە دژ هەموو ئەو حەولانە هەڵوێستی گرت. مانگی ئاگووستی ئەو ساڵە کۆدەتایەک وەڕێ کەوت کە یەڵتسین وەک قارەمانێکی نەتەوەیی بە دژ کۆدەتاگەران دەرکەوت و خەڵکی هێنایە سەر شەقامەکان و توانی گەڵاڵەی کۆدەتا پووچەڵ بکاتەوە. بەم شێوەیە کەوتە بەر سرنجی کۆمەڵانی خەڵک، لە ٢٤ مانگی ئاگووست گورباچۆف لە سکرتێری حیزبی کۆمۆنیست لاچوو و چەند ڕۆژ دواتر حیزبی هەڵوەشاندوە. یەڵتسین بە درووشمی دێمۆکراسی بوو بە سەرۆک کۆماری ڕووسیا و تا ساڵی ١٩٩٩ وەک سەرۆ‌ک‌کۆمار دەوری گێڕا. دەرکەوتنی یەڵتسین دەست‌پێکی حەولەکان بۆ دەرکەوتنی نیزامێکی نێئۆلیبڕاڵی لە ڕووسیا بوو. تایبەت مەندێکانی ئەم نیزامە نوێیە کە حەول دەدرا جێگیربکرێت ڕێزگرتن لە خاوەندارێتی، ڕەخساندنی مەجالی دەرکەوتنی بورژوازی و نیزامێکی کۆمەڵایەتی لە سەر ئەساسی چینایەتی بوو، واتە هەموو تایبەت‌مەندێکانی ڕۆژئاوایی بەخۆیەوە دەدیت. بەڵام ئەمانە تەنیا لەسەر کاغەز بوون و هیچ‌کات مەجالی دەرکەوتنی بەخۆیەوە نەدیت، ڕووسیا وڵاتێکی پیشەیی پێشکەوتوو نەبوو، تەوەرەی سەرەکی ئابووری ئەم وڵاتە نەوت و گاز بوو کە لە ژێر چاوەدێری و کۆنترؤلی دەوڵەت‌دابوو. یەڵتسین ئەگەرچی یەکەم سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی ڕووسیا بوو کە بەشێوەیەکی تا ڕادەیەک دێمۆکراتیک هەڵبژێردرا بەڵام کۆتاییش بوو. لەڕاستی‌دا دەرکەوتنی وێلادیمیر پۆتین بە مانای دەرکەوتنی سیستمیکی دێسپۆتیستی بوو کە بەشێوەی هێرارشیک دەستی بە سەر هەموو جوومگەکانی سیاسی، ئابووری و نیزامی داگرت.

دەرکەوتنی پوتین لە ئاسۆی سیاسی ڕووسیادا:

ساڵی ١٩٩٩ کۆتایی دوو دەورە دەسەڵاتی یەڵتسین بوو و ئیتر نەی‌دەتوانی بۆ سێهەم جار پاڵێوراوی سەرۆک‌کۆماری بێت، شەڕی دەسەڵات بۆ جێگرەوەی یەڵتسین لەو پەڕی خۆی دابوو. لەوەها دۆخێک‌دا دەست لەکارکێشانەوەیەکی مەسڵەحەت‌خوازانە لەلایەن یەڵتسین بەستێنی دەرکەوتنی پوتینی سەرۆک وەزیرانی وەک جێگرەوەی کاتی ڕەخساند. ئەم دەرفەتە لەبارترین دەرفەت بۆ پوتین بوو تا ژێرپێی خۆی لە دەسەڵات قایم بکات، دەست و پێوەندێکانی نزیک لەخۆی لە ناو بازنەی دەسەڵات‌دا کۆ بکاتەوە و بەستێن بڕەخسینیت بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتوودا. لەڕاستی‌دا ئەزموونی دوو شەڕی چیچان بەستێنەکانی بوروکراسێکی نیزامی لە ڕووسیا ڕەخساندبوو، ئەم بوروکراسیە پشتیوانی کۆمەڵانی ناسیونالیستی ڕووسی لەناو کۆمەڵگادا لەگەڵ بوو، دەوری پوتین لە هەڵگیرساندن و سەرکەوتن لە شەڕی دووهەمی چیچان گرینگ بوو، سەرکەوتن لە شەڕی دووهەم‌دا حەتتا پشتیوانی ڕووناک‌بیرانی لیبرالیشی لێکەوتەوە. لەڕاستی‌دا سەرکەوتنی تانکەکانی ڕووسی لە شەڕی دووهەمی چیچان ڕێگایان بۆ تانکەکانی دەسەڵاتی پوتین بەرەو کرێملین خۆش کرد و کۆمەڵگای ڕووسیا بە یەکگرتووی زۆرینە پشتیوانی پوتین بوون. پوتین توانی لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٩‌دا سەرکەوتن بەدەست بێنێت و ئەمەش دەست‌پێکی سەردەمی پوتین بوو.

 

ڕووسیا و قەیرانی شووناس:

جیهانی زەینی سۆڤییەت کە ڕووسیا ئەساس و بنەمای ئەم جیهانە بوو، ژینگەیەکی ئایدۆلۆژیک بوو کە وەک مارکسیسم-لێنینیسم پێناسە دەکرا، ئەم ئایدۆلۆژیە لەخۆگری فۆرماسیونێکی مانایی لە خودی  سۆڤییەتی، ئەوی‌تری ڕۆژئاوایی وەک دژبەری سۆڤییەتی بوو، ئەم خودە نوێنەری چینی زۆرینەی پڕۆڵتیر بوو کە بە دژ کەمینەی بۆرژوای خاوەن دەسەڵات وەک ئەوی‌تر خەباتی دەکرد. بەگشتی تایبەت‌مەندیە گرینگەکانی ئەم ژینگە ئایدۆلۆژیکیە بریتی‌بوون لە: حیزبی پێشەنگ، دەست‌داگرتنی دەسەڵاتی سیاسی بە سەر ئابووری‌دا، ئەنترناسیونالیسم، دژایەتی دەگەڵ دێمۆکراسی بورژوایی‌و دژایەتی سەرمایەداری. ئەم جیهانە مەعریفیە ئەساسی پەروەردە و پێ‌گەیاندنی مرۆڤی سۆڤییەتی بوو کە لە زەینی ئەودا چوارچێوەیەکی مەعریفی بۆ پاساوی دژایەتی دەگەڵ ئەوی‌تری ڕۆژئاوایی داڕشترابوو، لەڕاستی‌دا ئایدۆلۆژی شووناسێکی زەینی و ڕواڵەتی بۆ مرۆڤی سۆڤییەتی بەرهەم‌هێنابوو کە خاوەنی سنووربەندیەکی دیار و ئاشکرا دەگەڵ شووناسی ئەوی‌تری رۆژئاوایی هەبوو.

ساڵی ١٩٩١ سۆڤییەت دەرووخێت، ئەم ڕووخانە تەنیا ڕووخانی رواڵەتی حکوومەتێک نیە، بەڵکە ڕووخانی ئایدۆلۆژیەک، شووناسێک و فۆرمێک خودە وەک دژبەری ئەوی‌تری رۆژئاوایی. واتە هەموو بنەماکانی مەعریفی و ڕواڵەتی شووناسێکی دژبەری ڕۆژئاوایی وەک بەربەست و سنوور لەناوچوون. لەم ڕەوتەدا هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوڕووپا کە ڕۆژگارێک لەژێر هێژمۆنی ئەم ژینگە ئایدۆلۆژیکیەدا بوون و خاوەنی ئەم شووناسە، تێکەڵ بە جیهانی ڕۆژئاوایی بوون و بوون بە بەشیک لە ڕۆژئاوای زەینی و ژێئۆپۆلەتیکی، لەم ناوەدا تەنیا ڕووسیا هیچ‌کات تێکەڵ بە جیهانی ڕۆژئاوایی نەبوو. ڕووسیای پەسا سۆڤییەتی ئەگەرچی بەشێکی زۆری سنوورە زەینی و مەعەیفێکانی تێکەڵی جیهانی ڕۆژئاوایی بوو، لەباری ژێئۆپۆلەتیکەوە بەشێک لە ئەوڕووپا بوو، بەڵام ڕووسیای پەسا سۆڤییەتی پووتینی دیاردەی جیاواز بوون، دژبەر بوون و سنوور بەندی دەگەڵ ڕۆژئاوای لە سۆڤییەت بە میرات هەڵ‌گرت و کردیە ئەساسی ستراتژی سیاسەتی دەرەوە و هەڵسووکەوتی ناوچەیی و جیهانی. ئەگەرچی جیهانی دوو جەمسەری ڕووخا بەڵام لە زەینی پووتین‌دا سنوور بەندی دوو جەمسەری هەر مایەوە، بەڵام بەبێ پاساوێکی ئایدۆلۆژیک، مەعریفی و بنیادنەری شووناسێکی جیاواز بۆ دژایەتی ڕۆژئاوا، واتە ئەگەر ڕۆژگارێک ئایدۆلۆژی لێنینیسم ئەم ئەرکەی ڕادەپەڕاند، ئەوا لە غیابی ئەم وەک ئەساسی شووناسی سۆڤییەتی، هیچ ژینگەیەکی مەعریفی نەیتوانی بەرهەم‌هێنی خودی ڕووسی  بۆ ئەم دژایەتیە بێت، هەرچەند ناسیونالیسمی ڕووسی بەهێز کرایەوە، بەڵام ئەم ناسیونالیسمە بەتەنیا بەس نەبوو بۆ بەرهەم‌هێنانی شووناسێکی جیاواز لە رۆژئاوا. چوونکە ئەساسەن ئەم فۆرم لە ناسیونالیسمە خۆی بەشێک لە ژینگەی جیهانی ڕۆژئاوایی بوو.

 

 

ئاکام:

پوتین، نە دوو شەری جیهانی، نە بۆمبارانی ئەتۆمی و نە هۆلۆکاست، کە ڕووخانی سۆڤییەت بە فاجعەی سەدە ناو دەبات. ئەو وەک کۆنە ک.گ.بێی و خاوەنی زەینێکی ئەمنییەتی بەهێزی دژبەری ڕۆژئاوایی باش دەزانێت کە سۆڤییەت تەنیا فۆرمێکی ڕۆاڵەتی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیەک نەبوو، بەڵکە جیهانێکی زەینی و ئەساسی شووناسی تاکی سۆڤییەتی بوو، پاساوکەر، پاڵنەر و موتوڕی وەرگەڕخەری دژایەتی و دژبەرایەتی ڕۆژئاوا بوو. ڕووخانی ئەم جیهانە لە راستی‌دا بە مانای ڕووخانی هەموو بنەماکانی شووناس، لەناوچوونی پاساوەکان، پاڵنەرەکانی دژایەتی و دژبەرایەتی جیهان ڕۆژئاوایی‌ بوو. ئەو کە تەمەنێک بەم دژایەتی و دوژمنایەتیە فۆرم و خووی گرتبوو، لەسەر ئەساسی ئەم مێنتالیتە و زەینە ڕاهێنرابوو و ڕاهاتبوو، ئیتر مەجالی ئاڵوگۆڕی نەبوو، بۆیەش ئەم دوژمنایەتی، جیاوازی و مەودایەی پاراست بەڵام لەغیابی شووناسێکی ڕاستەقینە، تەنیا بە پاڵنەری وەهمێکی ئەمنییەتی. لە کاتێك‌دا سۆڤیەت وەک هەموو هۆکارەکانی دژایەتی ڕۆژئاواییەکان دەگەڵ ڕووسیا لەناو چوو بوون، ئەو بەڵام مەودا و دوژمنایەتی دەگەڵ ڕۆژئاواییەکان پاراست، خۆی بە جەمسەری دژبەری ڕۆژئاوایی و بە تایبەتی ئەمریکایی دەزانی و شێوەی هەڵسووکەوتی لە دەلاقەی هەمان شووناسی سۆڤییەتی بوو دەگەڵ ئەوان. لە ڕاستی‌دا ڕووسیا هەرچەند لە پاش ڕووخانی سۆڤییەت و لە سەردەمی دەسەڵاتی پوتین‌دا بوو بە بەشێک لە نیزامی جهانی و هاتە ناو ڕێزەی وڵاتانی خاوەن تایبەت‌مەندی سەرمایەداری بەڵام هیچ‌کات نەبوو بەبەشێک لە نیزامی ڕۆژئاوایی.

ڕووسیا وەک زلهێزێکی دابەزیو ئێستاش خۆی لە وەهمی زلهێزێکی جیهانی دوو جەمسەری‌دا دەبینێت و پێی‌وایە کە دەبێت جیهان لە سەر ئەساسی ئەم ڕوانگەیە هەڵسووکەوتی دەگەڵ بکەن، بەڵام جیهان و ئەمریکا بە تایبەتی، بە پێچەوانە ڕووسیا وەک زلهێزێکی جیهانی دووجەمسەری نابینن، بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری باراک ئۆباما و گرینگایەتی چین  لەپلانی ستراتژی دەرەوەی ئەمریکا. چینی مائۆئیست وەک بەرەی دژبەری ڕۆژئاوا پێناسەکراوە، چینێک کە بەهێزەوە خەریکی پەرەی ئابووری و پێشکەوتی پیشەییە، خاوەنی ئابووریکی بەهێز و هێژمۆنە لە بەشێک لە جیهان و وەک دووهەم ئابووری جیهان لەپاش ئەمریکا دەناسرێت، ئەمە لەکاتێک‌دایە کە ڕووسیا جگە لە نەوت و گاز و کەرەسەی نیزامی هیچ پیشەیەکی پێشکەوتوو و ئابوورێکی بەهێز لەبەرامبەر چینی پیشەیی، زانستی و پێشکەوتوو‌دا نیە. ئەم دیاردانە لە روانگەی دەروون ناسەکانەوە دەتوانن ببنە بنەمای کێشە و قەیرانی هەڵسووکەوت لەناو مرۆڤ‌دا‌، پوتین لە قەیرانی شووناس‌‌دایە، ئەم قەیرانە بەرهەم هێنی وەهمی ئەمنییەتی، دژایەتی و دژبەرایەتی ڕۆژئاوایە لە دەروونی ئەودا و لەتەنیشت هەڵسووکەوتی ڕۆژئاواییەکان وەک پاڵنەر بنەمای شەڕ ئەنگێزی و شەڕفرۆشی پووتینە. ئەمەی کە پووتین پێ‌وایە هاتنی ناتۆ بۆ نزیک سنوورەکانی هەڕەشەیە لە سەر ڕووسیا هەڵقووڵاوی دوو دیاردەی گرینگە: یەکیان وەهمی پیلانە و دووهمی وەهمی جەمسەری دژبەری ڕۆژئاوا بوونی سۆڤییەتە لە غیابی بنەمای مەعریفێکانی ئەم شووناسە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە: ٨١٨

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان:

-      Martin Malek,Martin ,Anna Schor-Tschudnowskaja (2013): Der Zerfall der Sowjetunion. Ursachen – Begleiterscheinungen – Hintergründe. Nomos Verlag, Baden-Baden.

-      Sabrow,Martin/ Susanne Schattenberg (2018): Die letzten Generalsekretäre. Kommunistische Herrschaft im Spätsozialismus. Links Verlag. Berlin.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی