۱۳۹۸ مهر ۲۱, یکشنبه

له‌ گوتاری هێزه‌وه‌ به‌ره‌و هێزی گوتار


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
لاواز بوونی کلتوور و عەقلییەتی ئۆرتۆدۆکسی وەک بنەما و ئەساسی "ئایدۆلۆژی" لەپاش ڕوخانی یەکێتی سۆڤییەت، پەرەی هزر و ئەندێشەکانی زانستی بەهۆی پەرەی کەرەسە و ئامێرەکانی ڕاگەیاندن و تۆری ئینتێرنێت کە توانی بەشی هەرە زۆری سنوورەکانی جوغرافیایی و سانسۆری لە وڵاتە پەرەنسەتاندۆکان ببەزێنێت و فەشەڵ هێنانی ئایدۆلۆژیکان بۆ بەرهەم‌هێنانی خواست و ئامانجە مرۆییەکان رەنگە گرینگ‌ترین هۆکار بن کە بەرە بەرە بوونە هۆکاری پاشەکشەی هێژمۆنی چەمکی ئایدۆلۆژی، بەجۆری کە ئیتر "ئایدۆلۆژی" پێگە و ئەرزشی خۆی بەرە بەرە لەدەست دا. لەڕاستی‌دا ئایدۆلۆژی سێ کێشەی گرینگی  لەگەڵ دابوو وە هەر ئەو کێشانەش بۆ ئایدۆلۆژی بوونە سەرچاوەی قەیران و بەربەستی قوڵیان بۆ ساز کرد:
١_ ئایدۆلۆژی لەسەر بنەمای دوانەی ئاگایی ڕاستی/کازب بنیاد نراوە، بەجۆرێ کە تەنیا یەک ئاگایی راست هەیە و ئەوانی تری هەموو کازبن، هەر ئەوەش بنەما و سەرەتای پاوانخوازێتی بوو لە نیزام و پێکهاتە ئایدۆلۆژیکەکان‌دا.
٢_  ئایدۆلۆژی لەخۆگری دوانەی زانست/ درووشمە، بەجۆری کە بەشی هەرە زۆری فۆرمی مانایی ئایدۆلۆژیکان زۆر کەمتر بنەمای زانستیان هەیە و بەپێچەوانی زانست کە پاراو کەری شعور و عەقڵی مرۆڤەکانە، پاراو کەری هەست و ئیحساسی مرۆڤەکانن.
٣_ ئایدۆلۆژێکان لەخۆگری دوانەی تاک/ کۆمەڵن، بەجۆری کە تاک بەبی ئەوەکە هیج دەور نەقشیکی هەبێت لە کۆمەڵ‌دا فیدا دەکرێت، واتە ئۆبژەیەک بەرهەم دێت لە خزمەت مێتا ئۆبژەیەکی تر بەناوی کۆمەڵ.
کۆبوونەوە ئەو دیاردە گرینگانە لە ناو ئایدۆلۆژیکان‌دا بوونە هۆی فەشەڵ هێنان و سەرکەوتوو نەبوونی ئایدۆلۆژیکان وەک سیستمێک کە لەخۆگری باوەرێکی دوگم بوون کە مەجالی سەیروورەت و بەڕۆژ بوونەوەیان لەناو دەبرد. 

دەوری گوتار:
گوتار بەمانای سیستم و پێکهاتەیەکی مانایی، مەعریفی و روانگەییە کە لەڕیگای وشەکان و لێدوانەکانەوە کار دەکاتە سەر دەروون و زەینی تاک و کۆمەلگا، هەڵبەت نەک بەشێوەیەکی کاتی و کورت خایەن کە زۆر جار دەبێتە فۆرماسیونێکی ڕوانگەیی هێژمۆن لە فترەیەکی مێژوویش‌دا، بەو پێیە دەشێ بگوترێ کە گرینگترین ئەرکی گوتار توانایی و مەجالی خوڵقاندنی مانا، شووناس و فۆرماسیونێکی هزری بۆ مسۆگەرکردنی سوبژەیە، واتا توانایی خوڵقاندنی هێزێکی خوڵقێنەر کە بەرهەمی دەست بەسەر زەین‌داگرتنە بەمانای هێزی خوڵقێنەری خود/ ئەوی‌تر. بەرهەم هاتنی گوتار بەمانای دەلاقەیەکە بۆ روانین لەجیهان، مرۆڤ و کۆمەڵگا و دەست‌پێکی بەهێزبوون و دەست بەدەسەڵات راگەیشتنە، دەسەڵات نەک بەمانا سیاسێکەی، بەڵکە بەمانای مسۆگەرکردنی باڵادەستی "خود"، بەمانای هێز، ئیرادە و دەوری "خود" لە ئاڵوگۆرێکانی جیهان و کۆمەڵگادا. چاوخشاندنێک بە بۆچوون و تاریفەکان لە گوتار دەری دەخات کە گوتاریش وەک ئایدۆلۆژی سیستمێکە کە لەخۆگری باوەر، ڕوانگە و عەقڵییەتە، بەڵام بۆچی گوتار جیگای بە ئایدۆلۆژی لێژ کرد:
١_ گوتار بەپێچەوانەی ئایدۆلۆژی لەخۆگری قەزاوەتی  ئەرێنی و نەرێنی نیە. بەو شێوەیە گوتار بەهیچ شێوەیەک نە مەجال بۆ پاوانخوازێتی دەرەخسێنێت و نە دەبێتە بەربەست بۆ پلۆرالیزم و فرەیی.
٢_ گوتار بەپێچەوانەی ئایدۆلۆژی باوەری بە پلۆرالیزمی حەقیقەتەکان هەیە و حەقیقەتەکان لەناو گوتاردا مانا پەیدا دەکەن، بەو شێوەیە گوتار بە پێچەوانەی ئایدۆلۆژی، بەهۆی ڕێژەیی بونی تایبەت مەندی زانستی بەخۆیەوە دەگرێت.
٣_ باوەر بە حەقیقەتەکان لە گوتاردا شەرعییەت دەدا بە تاکی سەربەخۆی ئاگا کە وەک سوبژە مەجالی دەرکەوتنی هەیە و خۆبەخشانە و ئاگایانە کۆمەڵ وەک مێتا سوبژەیەک بەدی دێنێت بەبێ ئەوەیکە لە کۆمەڵ‌دا بتوێتەوە و ببێتە ئۆبژە.

بێ گومان گوتار لەخۆگری سیتسمێکی مانایی، ڕوانگەیی و مەعریفیە، واتە لەخۆگری کۆگشتیەک پێناسە و روانگە لەمەر هەموو دیاردەکانی ژیانی تاک، کۆمەلگا و جیهانە کە ئامانجی سەرەکی ئەو هێژمۆن کردن و بالادەست کردنی "خود"ە. ئەو "خود"ە سەرەتا تاکە وەک سوبژە و لە ئاستێکی‌تردا دەگاتە کۆمەڵگا وەک "مێتا خود" واتە سوبژەیەکی گەورەتر و بان تر لە سوبژە تاکەکان کە بەر لەوەکە لەفۆرمی روالەتی و عەینی‌دا دەربکەوێت لە زەین و ئەندیشەی تاک‌دا دادەڕێژرێت و لە پێوەندی ئینتێرسوبژێکتیڤی نێوان سوبژەکان‌دا پەرە دەستێنێت و فۆرمی ڕواڵەتی بەخۆیەوە دەگرێت، بەو شیوەێە "هێز"ێکی کە سەرەتا وەک تاک بوونی هەیە دەبێتە "مێتا هێز" لە کۆمەڵگادا. بەواتایەکی تر هێز سەرەتا فۆرم و دیاردەیەکی زەینی و دەروونیە، واتا لایەنی سوبژێکتیڤە، نەقشە ڕێگایەکی زەینی و دەروونیە بۆ هێژمۆن بوونی تاک کە لەغیابی ئەو تاک هیج کات ناتوانێ وەک هێز دەربکەوێت و هێژمۆنی پەیدا بکات، لەپاشان دەبێتە دیاردەیەکی دەروونی و زەینی کۆمەڵگا و لە کۆتایی‌دا لە فۆرمی هێژمۆنی ڕوالەتی و هێزی ڕوالەتی بەشێوەی زاڵ بوونی هێندێ کۆمەڵگا بەسەر هێندێکی‌تردا دەردەکەوێت. بەشێوەیەکی سادەتر دەشێ بگوترێت کە دەبێ هەر بوونێک (چ تاک، چ کۆمەلگا و چنەتەوە) گوتارێکی( ئەندێشەیەک و فۆرمێکی زەینی) لەمەر هێز هەبێت واتە دیاری بکات پیناسەی ئەو بۆ هێز چیە، لەپاشان دەکرێ بە کەڵک وەرگرتن لەو گوتارە( ئەندێشە و فۆرمە زەینیە) بەرو مسۆگەر کردن، هێژمۆنی و پەرە هەنگاو بنێت. چونکە ئەو گوتارە دەبێتە ڕایەڵێک و کەرەسەیەکی هارمۆنی دەر کە تاکەکان لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە و پێش بە دابڕان دەگرێت. لەژێر تیشیکی ئەو گوتارە لەمەر هێز تاکەکان(سوبژەکان) لەناو فۆرماسیونێکی بەرین و گەورەدا بەناوی کۆمەڵگا( مێتاسوبژرە) یەک دەگرن، ئەو یەک گرتوویە لەڕاستی‌دا بەرهەمی هێزی گوتارە کە لە فۆرمی زەینی‌ڕا فۆرمی روالەتی بەخۆیەوە دەگرێت، بە هەر ڕیژەیەک ئەو گوتارە لەمەر هێز بەستێنی بەربڵاوتر و فراوان‌تر بێت ئەوا خاوەن هێزتر و هێژمۆن‌تر دەبێت و کۆگشتیەکی بەربەرین‌تر لە تاکەکان و کۆمەلگەکان لەخۆوە دەگرێت.
وتەی کۆتایی:
کورد هەتا ئێستاکەش لەژێر کارتێکەری چەمکی ئایدۆلۆژی دایە و خەباتی کورد خەباتیکی ئایدۆلۆژیکە، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوە دیاردانەی کە وەک قەیران و کێشە بۆ ئایدۆلۆژی باسیان لیوەکرا، خەباتی کوردی پیوێستە ببێتە خەباتێکی گوتاری، خەباتێک کە لەخۆگری گوتارێک لەمەر هێزە، هێزە نە بەمانای ئایدۆلۆژیک و ئۆبژێکتیقەکەی( چەک، پارە و مرۆڤ وەک ئامراز و کەرەسە) بەڵکە بە مانای گوتاری و سۆبژێکتیڤێکەی( هێژمۆنی و شەرعییەتی تاکی سەربەخۆ و ئەندێشەی زانستی، دیاردەی زانستی نە بەمانای پۆزەیتۆویستێکەی کە بە مانای بوونەی نموونە و وینای سەرکەوتوو لە عەمەڵ‌دا وەک شایەد). لەوەها دۆخێک دایە کە خەبات وەک دژکردەوەیەکی بەربەرین و یەکگرتوانەی هەموو تاکەکانی ناو کۆمەلگا بۆ سەروەری و باڵادەستی نەتەوە(مێتا خود و مێتا سوبژە) بە دژ هیژمۆنی، باڵادەستی و چەوسێنەری ئەوی تر وەک میتاغەیرییەت پەرە دەستێنیت و هەم ئازادی بە مانای سەروەری و سەربەخۆیی "خود" و هەم دێمۆکراسی بەمانای شەرعییەتی خوەدەکان، ئەندێشەکان و گوتارەکان بەرهەم دەهێنێت، جێگۆرکیی خودەکان و فرەییەکان خوڵقینەری سەیروورەت و بەرۆژ بوونەوەی هێز دەبێت و بە رۆژ بوونەوەی هێزیش دەبێتە هۆی سەیروورەت و بەهێز بوونەوە خود.

سەرچاوە: http://www.wishe.net/detailsWtar.aspx?NusarID=97&Jmare=1372

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی