۱۳۹۷ اسفند ۱۰, جمعه

لە کوردبوونی ئۆبژێکتیڤ را بەرەو کورد بوونی سۆبژیکتیڤ




(خەسارناسی کوردبوونێکی بێگانە لەگەڵ منی کورد)
شاهۆ حوسێنی
پێ‌داگری لەسەر دیاردە ئۆبژێکتیڤەکانی کوردبوون(زمان، جوغرافیا، بەرگ، ئایین و کلتوور) لەئاستی سیاسی‌دا بۆتە هۆی ئۆبژێکتیڤ سەیر کردنی دەسەڵات و پێ‌داگری لەسەر ڕواڵەت و فۆرمی ڕووتی دەسەڵات، هەر بەو پێیەش مرۆڤەکان و تاکەکان بە ئۆبژە سەیر دەکرێن و لەوەها ڕوانگە و عەقلییەتێک‌ڕا گرینگ‌ترین دیاردەی مرۆڤەکان دەروەست بوون، ملکەچ بوون، گوێ‌ڕایەڵ بوون و نزم‌تر لە دەسەڵات بوونە چوون دەسەڵات ئەگەرچی دیاردەیەکی مرۆییە، بەڵام لە مرۆڤ جیادەکرێتەوە و تایبەت مەندیکی کۆنسێروات بەخۆیەوە دەگرێت، لەبان تاک ڕادەوەستێت و تاک لەخزمەت ئامانج و بەرژەوەندیکانی خۆی ڕێنوینی دەکات، دەشێ بگوترێت کە کورد بوون لە وەها عەقڵییەتێک‌ڕا بە مانای دەسەڵاتێکی بان تاکی و بان کۆمەڵگایی بون و ملکەچ کردنی هەموانە.
بەڵام بێ گومان ئەگەر کورد بوون وەک دیاردەیەکی سۆبژێکتیڤ سەیر بکەین، واتە ئەندێشەیەک، هزر و ئاگاییەک کە خۆمان لەوڕا پیناسە دەکەین، ئەوا بێ گومان دەسەڵاتیش وەک دیاردەیەکی سۆبژێکتیڤ دەبینین کە بەرهەمی هێزی لۆگۆس، دیسکۆرس و ئەندێشەیە و لەغیابی ئەمانە بەرهەم نایت. بێ گومان کوردبوون دیاردەیەکی سۆبژێکتیڤە، چوون لەوڕا فۆرمێک لە "خود" و لە "بوون" دەردەخەین کە دەرخەری بوونیکی ئیدەئالە، بوونێک کە هەڵقوڵاوی مرۆڤی سەربەخۆ، خۆبنیادنەر و سوبژەیە، ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگایەکی تایبەت و خۆمالیە کە لەگەڵ ئەوی‌تری ڕواڵەتی و زەینی تەواو جیاوازە. بەواتایەکی تر بە هۆی ئەوەکە دیاردە ئۆبژەکان فۆرمگرتوو و بەرهەم هاتووی دیاردە سوبژەکانن، چون لە بۆشایی ئەندێشە و هزردا هیچ فۆرمیکی ڕواڵەتی سەربەخۆ بەرهەم نایەت، دەشێ بگوترێت کە ئەو کوردبوونە ئۆبژێکتیڤەی کە لەغیابی کوردبوونی سۆبژیکتیڤ( بەمانای فۆرمێک لە خوێندنەوەی سەربەخۆیانە و شرۆڤە کردنی سەربەخۆیانەی "خود"، "ئەوی‌تر" و " جیهان") لەگەڵ منی کورد تەواو بێگانەیە، ئەو فۆرمە ئۆبژیکتیڤە لە کورد بوونەی کە بەرهەمی ئاگایی، ئەندێشە و کۆششی زەینی سەربەخۆیانەی منی سوبژە نیە، بە تەواوی بێگانەیە لەگەڵ من.
خەساری گەورە ئەوەیە کە ئەو فۆرم لە کورد بوونەی کە ئێستا بوونی هەیە لەگەڵ من بێگانەیە، هەتا ئێستاکەش هیچ کۆشش و حەولێک نەدراوە بۆ بەرهەم هێنانی کوردبوونێکی سۆبژیکتیڤ، تا لەسەر ئەساسی ئەو فۆرمە زەینێ سەربەخۆیە کە بەرهەمی تەعاموول و ژیان لە بەستێنیکی جوغرافی، کلتووری و تایبەتەیە، کورد بوونێکی سۆبژێکتیڤ بەرهەم بێت. ئەو فۆرمە ئۆبژێتکتیڤانە لە کورد بوون بە هۆی ئەوەکە لەسەر ئەساس و بنەمای کورد بوونێکی سۆبژیکتیڤ دانەمەزراوە و هەڵنەچێندراوە، هیچ کات ناتوانێ بەرهەم هێنی سەربەخۆیی بە مانای بوونێکی هزری و مەعریفی واقعی بێت. بەڵکە تاک و کۆمەڵگا بەردەوام وەک بوونێکی ئۆبژێکتیڤی ملکەچ و گوێ‌ڕایەڵ بەردەوام دەکاتەوە.

۱۳۹۷ اسفند ۷, سه‌شنبه

ئانتۆلۆژی زمان


( زمان بەستێنێک بۆ پێکهێنانی فۆرمێک لە ئەندێشە وشووناس )
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
بەحوکمی وەیکە مرۆڤ ئەمرۆکە بوونێکی کۆمەڵایەتیە و لەگەڵ مرۆڤەکانی‌تر دەژیت، هەر بۆیەش پێویستی بە کەرەسەیەک هەیە تا بتوانێ لەگەڵ مرۆڤەکانی تری ناو کۆمەڵگا پێوەندی بگرێت، ویست و خواستەکانی خۆی ڕابگەیەنێت و ویست و خواستەکانی ئەوانیش وەربگرێت، ئەرکێکی کە زمان ڕای دەپەڕێنێت. زمان  دیاردەیەکی جەوهەری نیە و سترۆکتوڕاڵە، لەڕاستیا کۆگشتیەک لە هێماکانە کە بەشێوەی بڕیار و بەڕیکەوت لەنێوان مرۆڤەکان بەرهەم هاتوە، فۆرماسیونێکی نوسراوەیی و کەلامی لەنێوان مرۆڤەکان بۆ نواندن، فامی پێوەندێکان و ئەندێشەکان پێکهاتوە. بە زمانێکی سادە ئەرکی زمان پێکهێنانی پێوەندیە لەنێوان مرۆڤەکان بۆ گواستنەوەی زانیارێکان.
ڕوانگەکان لەمەر زمان:
روانگە و پارادایمەکان لەمەر زمان بەعام دابەش دەبن بە دوو  پاردایم: پێکهاتەخوازی (structuralism) و پەساپێکهاتەخوازی(Post-structuralism  پێکهاتەخوازەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هیچ پێوەندیەک لەنێوان مانا و ئۆبژەکان‌دا بوونی نیە و ئۆبژەکان هەموویان مەخلووقی ئەندیشە ومرۆڤەکانن، بەڵام بەپێجەوانە پەساپێکهاتەخوازەکان گرینگی مەدلول واتە مانا دادەبەزێنن، ئەوان گرینگی و هێژمۆنی دەدەن بە دال واتە فۆرمی ڕواڵەتی زمان، بەواتایەکی تر پەساپێکهاتەخوازەکان بەپێچەوانەی پێکهاتەخوازەکان کە گرینگی دەدەن بە هێژمۆنی گوتار و مانا بەسەر نووسین و فۆرمی ڕواڵەتی‌دا، گرنیگی و هێژمۆنی دەدەن بە نووسین و ئەوەش لەژێر کارتێکەری ئەندێشەکانی فەلسەفی دریدا و فۆکۆ دایە کە ڕەخنە لە سۆبژەی مۆدێرن دەگرن. پێکهاتەخوازەکان  پێ‌داگری دەکەن لەسەر خوڵقاو بوونی ئۆبژەکان بەهۆی سوبژەکانەوە، بە واتایەکی تر لەژێر کارتێکەری  پاردایمی هێما ناسانەی فێردیناند دۆسۆسۆر  بەشی هەرە زۆری پاردایمەکانی زمان ناسی  مۆدێرن(پێکهاتەخوازی) پێ‌داگری دەکەن لەسەر پیوەندی خالەق و مەخلووقی لەنێوان دیاردەی ئۆبژێکتیڤ(ڕواڵەت) و دیاردەی سۆبژێکتیڤ(مانا)دا(کریب، ١٦٠، ١٣٧٨). بەڵام بەپێچەوانە پەسا پێکهاتەخوازەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە مانا بەهیچ شیوەیەک لە دەرەوەی جیهانی زمان پێک نایەت، ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە مانا نەک لەپێوەندی نێوان دال و مەدلول‌دا کە لەپێوەندی نیوان دال و داڵ‌دا وەدی دێت(رحمانی فیروزجاە، ٩٩-١٠٥، ١٣٨٣).
زمان وەک هێما:
سەرەتاکانی سەدەی بیستەم فێردینان دۆ سۆسۆر  باسێکی زانستی لەمەر زمان دەخاتە ڕوو، ئەو زمان وەک زانستی هێماناسی پێناسە دەکات و دەناسێنت. بەباوەڕی سۆسۆر زمان فۆرماسیونێک لە هێماکانە کە دەرخەری هزر و ئەندێشەی مرۆڤەکانە، ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە زمان لە خۆگری دوو دیاردەیە: دال و مەدلول، سۆسۆر بەهیچ شێوەیەک باس لە فۆرمی ڕواڵەتی نوسیاری واتە فۆرمی ڕواڵەتی وشەکان ناکات، بەڵکە باس لە هێماکان دەکات، چون زۆرکەس  ڕەنگە هێز و توانای نووسین، گوتن و بیستنی بە هۆی بێ‌سەوادی، نابینایی یان کەڕ و ڵاڵی نەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە ئەو کەسانە توانا و هێزی زمانیان نیە، بەلکە بەپێچەوانە ئەوانیش توانای زمانیان هەیە و بە شێوەیەک لەگەڵ تاکەکانی تر پێوەندی دەگرن، لەلایەک خواست و ئەندێشەکانی تر وەردەگرن و لەلایەکی تر خواست و ئەندێشەکانی خۆشیان دەگوازنەوە( فردينان دوسوسور، ۲۳- ٢٤، ١٣٩٢). ئەندێشە و بۆچوونەکانی دۆسۆسۆر دوایی لەلایەن پیکهاتەخوازانەوە پەرەی پێ‌درا و دەشێ بگوترێت کە بوو بە بنچینە و بنەمای پێکهاتەخوازی.
پێکهاتەخوازی یەکێک لە تێئۆرێ بڕەودارەکانی زانستی کۆمەڵایەتیە کە لەنیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم‌دا لەلایەن شرۆڤەکارانی زمان، فەلسەفە و کلتوور بەشێوەیەکی بەربڵاو کەڵکی لێ‌وەرگیرا. بێ‌گومان ئەندێشە و بۆچوونەکانی سۆسۆر دەکرێ وەک سەرەتا و دەست‌پێکی پێکهاتەخوازی پێناسەبکرێت(مکاریک، ١٧٣، ١٣٨٤). پیکهاتەخوازی بەشوێن ڕێگا و شوێنێک‌دا دەگرێت بۆ شرۆڤەی پێوەندی دەروونی کە بەهۆی ئەو پێوەندێ دەروونێوە ماناکان لەناو کلتووردا بەرهەم دێن(پیشگاهی فرد و قرەبیگی، ٥١، ١٣٩٢).
ئاکام:
هایدیگێر لەسەر ئەو باوەڕەبوو کە زمان ماڵ و بنکەی وجوودە(Sein) و وجوودیش تیشکێکە کە بەهۆی ڕووناکی ئەوە مرۆڤکان بە بوونی مرۆیی، خود و دزاین بوونیان ئاگایی و فام پەیدا دەکەن و مرۆڤەکان خۆیان دەناسن. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەبوو کە ئەرکی زمان درخستن و پردەلادانە، دەرخستن و پردەلادان لە وجوود و لە ئاستێکی بەرزتر دازاینە، بەباوەڕی هایدیگێر وجوود هەمان ئازادیە، ئازاد و ڕەها بوون لە نەمان کە وابێت دازاین(مرۆڤ) بوونێکی ئازادە، دیارە ئازادی لێرە بەمانای ئازادی سیاسی، ئابووری و...هتد نیە بەڵکە ئاماژەیەکە بە سوبژە بوونی مرۆڤ، لێرەدا هایدیگێر دوو تایبەت مەندی گرینگ بۆ دازاین دیاری دەکات یەکەم ئاگایی و دووهەم ئازادی، بۆ هایدیگێر فەلەسەفە بە مانای دەرخستن و پەرەدە لادان لە وجوودە و ئەوەش ئەرکی عەقڵ و ئاوزی مرۆڤەکانە، بۆیەش سێهەم تایبەت مەندی دازاین(مرۆڤ) بەلای هایدیگێرەوە عەقڵ‌خوازی و ئاوزەخوازیە(هایدگر، ٢٤-٧، ١٣٦٨).
زمان وەک فۆرم و بەستێنێک، لەخۆگری تایبەتمەندی سرووشتی و مەکۆیی مرۆڤەکانە و بەوپێیەش گونجاوترین بەستێن و تاکە بەستێنی گونجاو کە هزر و ئەندێشەی خۆماڵی تیا بەرهەم بێت، ئەو زمانەیە کە مرۆڤ خۆی لەپێوەندی لەگەڵ سرووشتی تایبەتی ژیانی خۆی بەرهەمی هێناوە، چوون ڕەنگدانەوەی مەکۆ و زەمانی تایبەتی خۆیەتی. بێ گومان زمان بەستێنێکە بۆ بەرهەم هێنانی ئەندێشە و ئەندێشەش بەستێنێکە بۆ بەرهەم هاتنی ئاگایی لەمەر خود و ئاگا بوونیش لەمەر خود شووناس دەخوڵقێنێت، واتە زمان ماڵ، بنکە و بەستێنی ئەندێشەیە، بەو پێیەش زمان وەک فۆڕم و ڕواڵەت(دیاردەی ئۆبژێکتیوڤ) نە شووناسە و نە شووناس دەبەخشێت، بەڵکە بەستێنێکە کە لە باوەش ئەودا هزر و ئەندێشە بەرهەم دێت و ئەوە ئەو هزر و ئەندێشەیەیە کە شووناس و کەسایەتی سەرەتا بە مرۆڤ و دوایی بە نەتەوەیەک دەبەخشێت. بە واتایەکی تر دیاردەی ئۆبژێکتیوی زمانی واتە فۆرمی ڕواڵەتی زمان ناتوانێ شووناسی نەتەوەیەک بێت، بەڵکە زمان بەستێنێکە کە لەودا شووناسی نەتەوەیی بەهۆی هزر و ئەندێشەی نەتەوەیی بەرهەم دێت. بەداخەوە هێژمۆنی ڕوانگەی پۆزەیتویستی وەهای کردوە کورد بە فۆرم و ڕواڵەت زۆر زیاتر لە ناوەرۆک و زەین گرینگی بدات، هەر ئەوەشە کە کاتێ باس لە زمان و زەروورەتی زمانی دایکی دەکرێت، بەردەوام فۆکوس دەکرێتە سەر فۆرم و ڕواڵەتی زمان، ئەوە لەکاتێکدایە کە فۆرمی ڕووت و ڕواڵەتی زمان لەغیابی ڕووی ئەندێشەیی و مانایی ناتوانێ بەرهەم هێنی شووناسی نەتەوەیی بێت.


   


سەرچاوەکان:
١_ پیشگاهی فرد، زهرا و مصیب قره بیگی.(١٣٩٢): جغرافیای پساساختارگرا، نشر زیتون سبز، تهران.
٢_ دانش‌نامهٔ نظریه‌های ادبی معاصر(١٣٨٤)، ویراستار ایرنا ریما مکاریک، ترجمه مهران مهاجر و محمد نبوی، انتشارات آگه، تهران.
٣_ دوسوسور، فردینان(١٣٩٢): دورە عمومی زبان شناسی، کوروش صفوی، هرمس، تهران.
٤_ رحمانی فیروزجاە، علی(١٣٨٣): پساساختارگرایی، نامە فرهنگ، شمارە ٥٤.
٥_ کریب،یان(١٣٨٧): نظریەهای مدرن در جامعەشناسی، محبوبە مهاجر، آگە، تهران.
٦_ هایدگر، مارتین(١٣٦٨): فلسفه چیست، مجید مددی، آرش، استکهلم.



سەرچاە: ڕۆژنامەی خەبات ٢٦.٠٤.٢٠١٩

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی