۱۳۹۶ دی ۸, جمعه

غیابی ئەڵترناتیڤێکی گوتاری و عەینی

شاهۆ حوسینی
ئەوەی لەشەقامەکانی ئێران دەگوزەرێت، ئەگەرچی حکوومەت حەول دەدا وای نیشان بدات کە بەدژ دەوڵەتە، واتە بەدژ کۆماری ئیسلامیە نەک شۆرشی ئیسلامی بە واتایەکی روونتر بە دژ دەسەڵاتی حەسەنی رۆحانیە، کە بێ گومان سیاسەتەکانی ریازەتی ئابووری حەسەنی رۆحانی و دابەزاندنی هێزی کریاری خەڵک بە هۆی کەم کردنەوەی پارەی نەغد لەناو بازاداردا بە بیانووی کۆنترۆڵ کردنی ئاوسان هۆکارێکی گرینگی ئەو خۆپێشاندانەیە، بەڵام بەگشتی ئەو خۆپێشاندانانە بەرهەمی فەشەڵی سیستمی حکوومەتی ئایینی لەئێران، دیکتاتۆرییەت و زوڵم و زۆریکی لەرادە بەدەر و گەندەڵی بەرفراوانە، گومان لەوەدا نیە کە ئەو خۆپێشاندانانە دەتوانێت بنەمای شۆرش و بزاڤێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر بێت و دەتوانێت ببێتە شۆرشێکی بەربەرین، بەڵام سرنجێک بە درووشمەکانی خۆپێشاندەران بە روونی ئاماژەیەکە بە سەرگەردانی ئەو نارزایەتیانە، درووشم بۆ نان و به دژ گرانی ناتوانێت بەرهەم هێنی شۆرشێکی گشتگیر و داڕمێن بێت، ئەوەش بەهۆی غیابی ئۆپۆزیسیونێکی بەهێزە هەم لە ئاستی گوتاری دا  هەم لە ئاستی رواڵەتی دا ، ئۆپۆزیسیونیکی کە بەرهەم هێنی گوتاریکی ئالترناتیو بێت و پاشەکشە بە هێژمۆنی گوتاری حکوومەتی بکات و بەو هۆیەشەوە ببێتە ئەڵترناتیوی رواڵەتی لە زەین و فکری کۆمەڵگادا، بەجۆرێک کە کۆمەڵگا بتوانێت پشتی پێ ببەستێت و وەک مەرجەع و ئەڵتراناتیو رێنوێنی لێ وەرگرێت لەو کاتە حەساس و گرینگەدا، بۆیەش شیمانەی بێ ئاکام بوونی ئەو خۆپێشاندانانە زۆر بەهێزە بە هۆی ئەوەکە خۆپێشاندان گەلێک کە نەتوانن ئاسۆیەکی گوتاری و رواڵەتی کۆنکرێتیان هەبێت و بەرەو ئەو ئاسۆیە هەڵسووکەوت و کردەوەکانیان رێک‌بخەن، ئەوا لەدرێژەدا تووشی سەرگەردانی و سەرلێشیواوی دەبێت و زۆر زوو لەلایەن دەسەڵاتەوە بەلارێ دا دەبردرێت.

ئێران بەرەو شۆرش؟ شۆرش بەرەو کوێ؟

شاهۆ حوسێنی

  درووشمی خۆپێشاندەران لە ئێران کە سەرەتا دەوڵەتی حەسەنی رۆحانی کردبوە ئامانج، لەوەدەچیت کە رادیکاڵتر بێتەوە و ئەگەر دەسەڵات نەتوانێت ئاراستەکەی لە بەرژەوەندی خۆی بگۆرێت و بەلارێی‌دا بەرێت، رەنگە رێک روو لە لووتکەی دەسەڵاتی سیاسی واتە رێبەری و نیزام بەگشتی بکات. بەڵام ئەوەی لەو نارەزایەتیانە گرینگ‌ترە ئەوەیە کە:
١_ لەغیابی گوتارێکی‌ریکخەروئاسۆیەکی‌سیاسی‌و نیزامیکی‌سیاسی‌ئەڵترناتیو                   
٢_ رێبەرێکی کاریزماتیک کە هێما و سیمای مەرجەعییەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بێت
 شۆرشیکی سیاسی لە ئێران چەندە چاوەروان کراوە کە سەربەکەوێت و لە ئەگەری سەرکەوتنی‌دا چەندە چاوەروان کراوە کە دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و گەلی بێتە سەرکارە و لە هەموو ئەوانەش گرینگ‌تر دەسکەوتی کورد چی دەبێت؟
 مێژووی نارەزایەتێکانی کۆمەڵگا لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی‌دا کە بەربڵاوترینیان بزاڤی سەوز بوو، نیشانی داوە کە بەستێن و بنەماکانی شۆرشێکی گشتگیر لە ئێران لە غیابی گوتارێکی رێکخەری گشتگیر کە بتوانێت هەموو چین و توێژەکان لە دەروی یەک کۆبکاتەوە غایبە، لە هەمان کات‌دا مەرجەعیکی کاریزما و رێکخەر کە بتوانێت وەک رێبەر جا چ کەسیک بێت یان رەوت و ریکخراوەیەکی سیاسی عەمەلەن غایبە و بۆشاییەکەی بەرچاوە، لەوەش نابێت غافڵ بین کە ئێران هێزیکی نیزامی و ئەرتەشێکی زەخیرەی بەربڵاوی بۆ لایەنگری لە ناو شیعەکانی ناوچەدا هەیە کە بۆ پارە و بە پاساوی ئایینی هەموو جینایەتێک دەکەن و هەروەک لە رەوتی بزاڤی سەوزدا دەرکەوت رێژەیەکی زۆری شیعەی لوبنانی، عێراقی بەشداری چالاکی سەرکووتی خەڵک بوون.
دیارە ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە دۆخی ناوخۆیی ئێستای ئێران لەگەڵ ساڵی ٨٨٨ ئاڵوگۆری بەسەرداهاتوە و دەسەڵاتی سیاسی ئێران لاوازتر و نامەشرووع‌تر بوە لەناوخۆ، بەتایبەتی لەپاش دەست پێ کردنی دەوری دووهەمی سەرۆک کۆماری حەسەنی رۆحانی کە بەگشتی نیشانی دا زەرفییەت و بەستێنەکانی ئاڵوگۆری و رێفۆرم لە ئێران زۆر بەرتەسک بوونەتەوە و بەشیکی زۆری دەنگدەران بە حەسەنی رۆحانی عەمەلەن پەشیمانن و پاشەکشەیان لیی کردوە.

ئەوەی راستی بێت لە ئەگەری هەرجۆرە ئاڵوگۆریکی شۆرشگێرانە و سوور لە ئێران بە هۆی ئامادە نەبوونی بنەماکانی هزری و گوتاری، رواڵەتی و عەینی، شیمانەیەکی زۆر بەهێزە کە ئێران دەسەڵاتێکی پاوانخواز و دیکتاتۆر ئەزموون بکاتەوە، لەوەها دۆخێک دا ئەگەر کورد وەک کەمینە نەتوانێت دۆست و لایەنگری سەراسەری دیموکرات بۆخۆی پەیدا بکات، ئەگەری زۆر جاریکی دیکە کورد ئەو ویستانەی کە ئێستا وەک ماف دیاری کردوون دەستەبەر نەبێت.

۱۳۹۶ دی ۴, دوشنبه

ئیسلامی توندئاژوێ، ئەمریکا، رووسیا

شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:
بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای ئەهەوەنی نەتەوەیی کۆشکی سپی لەسەردەمی سەرۆک کۆماری جیمی کارتێردا بوو. بەناوبانگترین پلان و ستراتژی بێرژنێسکی کەڵک وەرگرتن لە ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە ئیسلامێکان وەک کەرەسە بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ هێژمۆنی یەکێتی سۆڤییەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بوو، کە بەشیوەیەکی بەربڵاو لەلایەن دەسەڵاتە چەپەکان لە عێراق، سووریا، میسر، یەمەن  ئەو هێژمۆنیە بەروپێش دەچوو، بێرژنێسکی بە هاوکاری عەرەبستان و پاکستان دوو لە وڵاتە ئیسلامێ تووندئاژوێکان و ناوەندی هزری بەرهەم هێنی ئیسلامی سەلەفی و جەهادی ئەو سەردەم، پلانی پرچەک کردنی ریکخراوە ئیسلامێکانی بە دژ حکوومەتی سەربە سۆڤییەتی ئەفغانستانی دەست پی کرد. پاکستان لەو سەردەم‌دا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسلامێ بناژۆخوازەکان‌دا بوو کە بە کۆدەتای ژنراڵ موحەممەد زیائولحەق پەرەیان ئەستاندبوو، ژێنراڵ زیائولحەق ساڵی ١٩٧٧ کۆدەتای لە زولفەقار عەلی بۆتۆ کرد و ئامانجی خۆی ئەتۆمی کردنی پاکستان و پێکهێنانی وڵاتیکی ئیسلامی و حاکم کردنی ئیسلامی راستەقینە راگەیاندبوو، دیارە عەرەبستانیش کە ناوەندی هزری و فکری سەلەفییەت و بناژۆخوازی ئیسلامی بوو.
بناژۆخوازانی ئەفغانستانی:
ساڵی ١٩٧٨ نوورموحەممەد تەرەکی یەکێک لە رێبەرانی حیزبی دێموکراتیکی گەلی ئەفغاسنتان  بەهاوکاری ئەفسەرانی کۆمۆنیست بە کۆدەتایەکی سەربازی توانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و حکوومەتێکی چەپی سەر بە سۆڤییەت لە ئەفغاسنتان بێنێتە سەرکار، لەپاش ئەو کۆدەتایە بزاڤێک بەدژ ئەو دەسەڵاتە کۆمۆنیستە سەری هەڵدا لەژێر ناوی موجاهیدنی ئەفغانستان کە لەخۆگری هزر و شووناسیکی ئایینی ئیسلامی بوو، لەوەها دۆخێک‌دا کە تازە لە ئێران بەهۆی شۆرش، دەسەڵاتێکی ئایینی هاتبوە سەرکار و لەپاکستاینش هەر بەو شێوەیە بە هۆی کۆدەتای زیائولحەو دەسەڵاتێکی ئیسلامی لەسەر کار بوو، ئەو دوو وڵاتە هانی موجاهدینی ئەفغانستانیان دەدا بۆ بەربەرکانی بەدژ دەسەڵاتی کۆمۆنیستی حاکم بەسەر ئەفغانستان‌دا، لەوەها دۆخێک دا کە هێژمۆنی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین هەم بە هۆی دەسەڵاتەکانی نزیک لە یەکێتی سۆڤییەت و هەمیش بە هۆی کۆدەتای چەپەکان لە ئەفغانستان و لەدرێژەشدا بە هۆی دەسەڵاتی ئیسلامی تازە پێگەیشتوو لە ئێران لەژێر هەرەشە و لەناو چوون دا بوو، بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای جیمی کارتێر گەڵاڵەی پرچەک کردنی رێکخراوە ئیسلامێکانی ئەفغانستان دەخاتە بەردەم کۆشکی سپی و بەم شیوەیە، پشتیوانی بەربڵاوی ئەمریکا دەست پێ‌دەکات و لە کۆتایی دا ئەو رەوتە لەتەنیشت پلانەکانی تری ئەمریکا دەبنە هۆی لاواز بوونی یەکێتی سۆڤییەت و لەدرێژەش‌دا لەگەڵ گەڵاڵەکانی گۆرباچۆف دوایین سەرۆک کۆماری یەکێتی سۆڤییەت بۆ چاکسازی لە وڵاتەکەی، حکوومەت کۆمۆنیستی لە ئەفغانستان دەرووخێت و دکتۆر نەجیبوڵڵا وەک دوایین سەرۆک کۆماری کۆمۆنیست دەسەڵاتەکەی دەرووخێت و دیارە یەکێتی سۆڤییەتیش هەر لەناو دەچیت.
پەرەی هێژمنۆی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین و رۆژهەڵاتی ئورووپا:
لەپاش سەرهەڵدانی شۆرشەکانی بەناوی بەهاری عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، بەشیکی زۆر لەو دەسەڵاتانەی نزیک لە ئەمریکا بوون وەک تونس و میسر تووشی بشیوەی و ئاڵوگۆری هاتن لەوەها دۆخیک دا کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەوتبۆە دەست دیموکراتەکان، ئەوان هیچ گەڵاڵە و پلانیکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین نەبوو، بەجۆرێ کە ئەو ناوچەیە بەگشتی تووشی بۆشایی دەسەڵات هاتبوو، دەسەڵاتێکی نەزم‌دەر کە بتوانێت هاوسەنگی هێز و دەسەڵات بپارێزێت، لەو ناوەدا ئێران و رووسیا رۆژ بە رۆژ هێژمۆنتر دەبوون و هەر لە درێژەی ئەو رەوتەش‌دا رووسیا توانی پێش بە سەرکەوتنی شۆرشی گەلی لە سووریا بگرێت و بۆجاریکی دیکە دەسەڵاتی بەشارئەسەدی لە سووریا حاکم کردەوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە ماوەیەکی زۆرە  رووسیا خەریکە جێ پێی خۆی لە سنوورەکانی رۆژئاوایی و باشوری وڵاتەکەی مسۆگەرترو بەرفراوانتر دەکاتەوە، رووسیا توانی لەشەریکی نیزامی یەکلایەنە گورجستان و ئوکرایینی نزیک لە رۆژئاوا و ئەمریکا بە چۆک دابنێنێت و هێژمۆنی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە رووسیا ناراستەوخۆش خەریکی هەرەشە بۆسەر ژێئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناویە، بەجۆری کە سەرۆکی چەکدارانی دەریای ئەمریکا لەو ناوچەیە لە لێدوانێک‌دا بۆ چەکدارانی ئەمریکایی نۆروٶژ بەوانی راگەیاندوە کە خۆیان بۆشەریکی گەورە ئامادە بکەن.
لەوەها دۆخێک‌دا رێکخراوە تووندئاژۆکانی ناو ئەفغانستان خەریکن خۆ لە سنوورەکانی تاجیسکستان بەهێز دەکەن و لە هەمان کاتیش‌دا خەریکی خۆرێکخستن لە سنوورەکانی باشووری روسیان ئەوە لەکاتێک دایە کە بەشیکی زۆر لەو شەرکەرانەی ئێستا لە سورریان لە ناوچە قەوقاز و ئەبخازیا و کۆمارە خودموختارەکانی باشووری رووسیاوە هاتوون و شیمانەی وەی دەکرێت کە ئەمریکا پلانێکی تری هاوشیوەی پلانەکەی بێرژنێسکی هەبێت بۆ بڵاوە پێ کردنی چەکدارانی گرووپە ئیسلامێکان لە سنوورەکانی باشووری رووسیا و بەو شیوەیە رووسیا لە شەرێکی فەرسایشی لەگەڵ گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامێکان تێوەگەلێنێت،  تا هەم بتوانێت لە هێژمۆنی رووسیا لە رۆژهەلاتی ناوین کەم بکاتەوە، هەم هەرەشەیەک بۆسەر ئیران بێت و هەمیش پێش بگرێت بە زێدەرۆییەکانی روسیا لە سنوورەکانی ئوکرائین و ژیئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناوی.




 سەرچاوە: http://dengekan.ca/archives/5347

۱۳۹۶ دی ۳, یکشنبه

ئاڵمانی نوێ و رۆڵی ژنان.


شاهۆ حوسێنی

دەشی بە جەسارەتەوە بگوترێت کە مێژووی کۆمەلایەتی، کلتووری و سیاسی ئاڵمان لەخۆگری دوو قۆناغ و سەردەمی زۆر روون و ئاشکرایە، قۆناغی بەر لە شەری دووەمی جیهانی و قۆناغی پاش شەری دووهەمی جیهانی، قۆناغی یەکەم ئالمان وەک هەموو ئورووپا و جیهان کۆمەلگایەکی پیاو سالار لە هەموو بوارەکانی رواڵەتی و هزری دایە، رواڵەت و عەقلییەتێک کە پیاو بوونەوەریکی خاوەن پلەی یەکەم و بەرپرس و ژن بوونەوەریکی خاوەن پلەی دووەم و وڵامدەر.

بەڵام کۆتایی شەری دووەمی جیهانی بە واتای وێرانی و لەناوچوونی ئاڵمان بوو، ئاڵمانی رواڵەتی، ئاڵمانی هزری و ئاڵمانی کۆمەڵایەتی، ئالمانی هزری بە واتای نازسیسم تووشی داڕمانێکی گەورە هات، ئاڵمانی رواڵەتی جگە لە ویرانیەکی گەورە و تێکڕماو هیچی لێ نەمابۆوە، ئاڵمانی کۆمەڵایەتی کۆمەلگایەکی تارادەیەکی زۆر بەتاڵ لە رەگەزی پیاو بوو، بەشی هەرە زۆری یان کوژرا بوون، یان بریندار و زامدار بوون، یان تووشی کەم ئەندامی ببوون وە یان لە زیندان دا بوو.

لەوەها دۆخیک دابوو کە ژن هاتە گۆرەپانی رۆڵگێران و بوو بە بەرپرسی یەکەمی بووژاندنەوە، ئاوەدان کردنەوە و پێش‌کەوتی کۆمەلگا، بەشی هەرە زۆری ئەو سەنگەرانەی کە پیاوسالاری لێی داگیر کردبوون، وەدەستیان هێناو و ئاڵمانیکیان ساز کرد، سەبوور، تێکۆشەر و بەدیسیپلین. ژنی ئاڵمانی لەپاش شەری دووەمی جیهانی هەم ئالمانی هزری، هەم رواڵەتی و هەم ئالمانی کلتووری ساز کردەوە، لە راستی‌دا دەتوانین بڵیین کە ئاڵمانی نوێ دەست و نەقشی ژنانە.

بەڵام بۆچی ئاڵمانی پاش شەری دووهەمی جیهانیش ئەگەرچی دەست و نەخشی ژنانەی بەئاشکرا پێوە دیارە، لە درێژەدا نەیتوانی ببێتە کۆمەڵگایەکی بەرابەر و بەرەبەرە ژن پاشەکەشی کرد و پیاو بوونەوە کۆرگێری یەکەم و گەرانەوە ریزی پێشیی کۆرگێری کۆمەڵگا، ئەگەرچی لە زۆر بواران‌دا ئاڵمانی پاش شەری دووەمی جیهانی نەگەراوە دۆخی پێش شەر و ژن وەک هزر، کلتوور و چین توانی پاشەکشە بە هێژمۆنی لەرادەبەدەربە پیاو وەک کلتوور، هزر و چین بکات، بەڵام لە درێژەدا نەیتوانی بنیادنەری کۆمەلگایەکی بەرابەر بێت؟

ئەوەی راستی بێت، ئەو ژنەی کە لە نائامادەیی پیاوی رواڵەتی لەپاش شەری دووەمی جیهانی توانی ئاڵمان بنیاد بنێتەوە، پەروەردەی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارانەی هزری، کلتووری و کۆمەلایەتی بوو، واتە ژن لەسەر بنەمای هزری، فێرکاری و عەقڵی پلە دووهەم بوونی‌دا پەروەردە کرابوو، بۆیەش لە نائامادەیی پیاوی رواڵەتی‌دا بە هۆی بۆشایی هزری، بارهێنان و عەقڵانی لە چوارچیوەی پێکهاتەیەکی مەعریفی ژنانەدا، نەیتوانی لە درێژەدا بنیادنەری کۆمەلگایەکی بەرابەر بێت، بەواتایەکی تر ژنێکی کە لەسەر بنەمای هزری و مەعریفی پیاوانەدا پەروەردە بکرێت زۆربەی کات کۆرگێرێک دەبێت لە خزمەت پەرەی ئەو عەقڵانییەت و هزرەدا، واتە ئەو تەنیا لە بکەر بوون و کۆرگێر بووندا ئازادە نەک لە بنیادنانی هزر و مەعریفەیەکی ژنانەدا، واتە ئەگەر قەبوڵ بکەین کە هزر و عەقڵانییەت پێکهاتەیەکی ژێرخانین کە کردوە و پیکهاتە رواڵەتێکانیان وەک سەرخان لەسەر ساز دەکرێت، ئەوا، بە هۆی نائامادەیی ئەو ژێرخانە عەقڵی و مەعریفیە، ژن لە درێژەدا نەیتوانی ببێتە بنیانەری کۆمەلگایەکی ئازاد، هەرچەند لە زۆر بواراندا پێشکەوت و دەسکەوتی هەبوو.




سەرچاوە: http://www.emrro.com/almaniniweu.htm

مێژووی کورد

 جگە لە مێژووی کورد هیچ مێژوویەک لە ئێران بوونی نیە