۱۴۰۲ مرداد ۱۰, سه‌شنبه

کوردایەتی: نەتەوەخوازیەک لەغیابی پلاتفۆرم

 


شاهۆ حوسێنی

پلاتفۆرم وشەیەکی ئینگلیزیە، بەهۆی ئەوەکە مەکۆ و شوێنی دانیشتن، جێ‌گرتن و دابەزینە دەشێ پێی بگوترێ "سەکۆ"، ڕەنگە ریک مانای پلاتفۆرمیش نەگەیەنێت، بەڵام ئەمە لەبەر چاوبگرن کە بڕیارە شتێک لەسەر ئەم سەکۆیە دەربخرێت، دابنیشێت یان جێ‌بگرێت. دیارە پلاتفۆرم بەتەنیا سەکۆیەکی ویشک و ڕواڵەتی بۆ دانیشتن یان جێ‌گرتن نیە، بەڵکە سەکۆیەکی زیندوو و یاریدە دەریشە کە توانایی وەگەڕکەوتن، پشکووتن و دەرکەوتن بەو پڕۆگرامانە دەدات کە لەسەر ئەم سەکۆیە دادەنیشن و جێ‌دەگرن.

لەزانستی کامپیوتێر‌دا پلاتفۆرم یان بن‌پێکهاتە کە دەشێ وەک بەستێن‌و توێش پێناسە بکرێت، خاوەنی بنەمایەکی هاوچەشنە بۆ دابەزاندن، پەرە و نواندنی پڕۆگڕام‌گەلێکی دابەزاو و بەکاربراو. لەڕاستی‌دا پلاتفۆرم لەنێوان دوو بەشی سیستمی کۆمپیوتێر‌ واتە ڕەق ئامێر یان سازەی کۆمپیوتێر و پڕۆگرامەکان یان نەرم‌ئامێرەکان‌دا خانەخوێیە، پلاتفۆرم ئەم بەشەیە کە مەجالی ئەمە دەڕەخسێنێت تا هەر پڕۆگرامێک بەشێوەیەکی ڕێک‌وپێک، کەڵک لە کۆگشتیەک ڕێسای‌کار بە مەبەستی تایبەت و گەیشتن بە ئامانج وەربگرێت. کەوابێ پلاتفۆرم لەم ڕەوتەدا بنەمایەک دەڕەخسێنێت تا ئامانج سەرکەوتوانە دەستەبەر بکرێت. لەزانستی کۆمپیوتێر‌دا هێندێک لە نەرم‌ئامێرەکان  تەنیا بۆ یەک پلەتفۆرم داڕێژراون، بۆ وینە پڕۆگرام گەلێک هەن کە تەنیا لە سەر پلاتفۆرمی ویندۆز یان مەک دەشێ دابەزێندرێن و دەکار بکرێن. هێندێ پڕۆگرام و نەرم‌ئامیریش هەن کە چەند پلاتفۆڕمین cross-platform))، واتە دەشێ لەسەر پلاتفۆڕم‌گەلێکی جیاواز داببەزێندرێن.

 

نەتەوەخوازی لەگوێنەی مێتانەرم‌ئامێر:

نەرم‌ئامێر کۆگشتیەک لە پڕۆگرامەکان لەخۆدەگرێت، کە دیاری دەکات سیستمێکی لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدەێری‌دا چ‌کارێک بکات، چلۆن کاربکات و چلۆن ڕێک‌وپێکی و پێوەندی لە نێوان ڕەق‌ئامێرەکانی ئەو سیستمە بەرقەرار بێت. دەشێ بگوترێ کە هەر سیستمێک بە مانای کۆگشتیەک لەڕەق‌ئامێرەکان پێویستیان بە نەرم‌ئامێرەکان هەیە بۆ وەرگەڕکەوتن، زیندووبوون و دەرکەوتن. نەرم‌ئامێرەکان کۆگشتیەک لە داتاکان و ڕیسای‌کارەکان لەخۆدەگرن کە ئەرک و وەزیفەی ڕەق‌ئامێرەکان هەژمار دەکرێن.

ئەگەر کۆمەڵگا و ئەم پێکهاتەی کە تاکەکان تیا لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە وەک سیستمێک لە رەق‌ئامێرەکان بە مانای پێکهاتە ڕواڵەتێکان لەبەرچاو بگرین، دەشێ گوتار، ئایین، ئایدۆلۆژی، فەلسەفە و ئەندێشە گشتگیرەکانی کۆمەڵگا وەک نەرم‌ئامێر لەبەرچاو بگیرین کە لەخۆگری داتاگەلێک وریساگەلێکی ڕاپەڕاندنی ئەرک و وەزیفەن بۆ بەردەوام‌بوون، پەرەئەستاندن و زیندوومانەوەی کۆمەڵگا وەک سیستم. ئەمەی ئەم پڕۆگرامانە وەک نەرم‌ئامێر لەگەڵ کۆمەڵگا وەک سیستم و ڕەق‌ئامێر لێک‌گرێ‌دەداتەوە و ئەم بەستێنە دەڕەخسێنێت تا نەرم‌‌ئامێر توانای وەگەڕکەوتنی هەبێت لەناو سیستم‌دا پلاتفۆڕمە، واتە پڵاتفۆڕم ئەم ناوبژیوانەیە کە نێوندگیری دەکات لەنێوان پڕۆگرامەکان و سیستم‌دا بۆ وەگەڕکەوتن، ئاییسان و جێ‌بەجێ بوونی پڕۆگرامەکان و لەئاکام‌دا ئییسان و دەوامی پراکتیک و راپەڕاندنی ئەرکە دیاری‌کراوەکانی سیستم. کەواتە دەشێ بگوترێ کە لەغیابی پلاتفۆرم نە سیستم زیندوە و نە پڕۆگرامەکان، یانی پلاتفۆرم ئەو سەکۆ، بەستێن و بن‌پێکهاتەیە کە لەنێوان سیستم و نەرم‌ئامێردا مەجالی وەگەڕ‌کەوتنی داتاکانی نەرم ئامێر دەڕەخسێنێت تا سیستم مەبەست و ئامانجەکانی بپێکێت.

کلتوور،بەها و نۆرمە گشتگیرەکان لەڕاستی‌دا لەناو هەر کۆمەڵگایەک دەشێ وەک پلاتفۆرم لەبەرچاو بگیرین و چاویان لێ بکرێت، ئەوان بەستێن، سەکۆ و بن پێکهاتەیەکن کە وەک ناوبژیوان لەنێوان کۆمەڵگا وەک سیستم و ئایین، فەلسەفە و ئەندێشەکان وەک نەرم‌ئامێر پردی پێوەندین و مەجالی نواندنی ئەرک و وەزیفە دەدەن و گەیشتن بە ئامانج و مەبەست دەرەخسێنن.

نەتەوەخوازی وەک کۆگشتیەک لە داتاکانی وەک ئایین، ئایدۆلۆژی، فەلسەفە و ئەندێشە گشتگیرەکانی کۆمەڵگا دەشێ وەک مێتانەرم‌ئامیر سەیری بکرێت کە لەسەر کلتوور، بەها و نۆرمەکان وەک سەکۆ، بن‌پێکهاتە یان پلاتفۆرم‌دا دەردەکەوێت و مەجالی وەگەڕکەوتنی بۆ دەڕەخسێت، بە هەر ڕێژیەک کۆمەڵگا بتوانێ سەربەخۆ بێت لە بەرهەم‌هێنانی پلاتفۆرم‌دا و پلاتفۆرمەکانی ئەوەندە بەرفراوان بن بۆ لەخۆگرتنی پڕۆگرام و نەرم‌ئامێری جیاواز و دژبەیەک بە هەمان ڕێژەش نەتەوەخوازی لەم کۆمەڵگایەدا دەتوانێ سەربەخۆ‌تر، بەرفراوان‌تر، پلۆڕاڵ‌تر و خاوەنی جوغرافیایەکی بەربەرین‌تر بێت و لەئاکام‌دا یەکگرتووی زیاتر بەرهەم بهێنێت.

 

 نەتەوەخوازی لەغیابی پلاتفۆرم لە کوردستان‌

داگیرکراوی کوردستان هەم وەک ژێئۆپۆلەتیک و هەم وەک کۆمەڵگا لەلایەک بەستێن و مەجالەکانی دەرکەوتنی زمان، کلتوور، بەها، نۆرم و ئەندێشەی کوردانەی لە کۆمەڵگا زەوت کردوە و لەلایەکی تر زمان، بەها، نۆڕم و ئەندێشەی ئەوی‌تری بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوە، ئەم ڕەوتە گرینگ‌ترین و بنەمایی‌ترین دیاردە و هۆکارە لەمەر غیابی پلاتفۆڕمێکی کوردانە بۆ دەرکەوتن، جێ‌گرتن و پشکووتنی نەرم‌ئامیرە کوردانەکانی وەک ئایین، فەلسەفە و ئەندێشە گشتگیرکان، بەجۆرێ کە کورد لەلایەک لەژێر ڕکێفی پلاتفۆرمی داگیرکەری فارس، تورک و عەڕەب‌دا بوە و لەلایەکی‌تر نەرم‌ئامێرەکانی وەک ئایینی ئیسلامی، پان‌ئێڕانیزم، پان‌عەڕەبیزم و پان‌تورکیزم لەناو سیستمی کۆمەڵگادا ئەکتیڤ کراون، دابەزاون و کاریان پێ‌کراوە. ئەمە ئەم ڕەوتە بوە کە نەتەنیا کورد نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت، کە حەتتا دەشێ ڕادیکاڵ‌تر باس لەوە بکرێت، کە ئامانجەکانیشمان کوردانە نین و ئامانج‌گەلێکی داسەپاوی بەرهەمی پلاتفۆڕم و نەرم‌ئامیری داگیرکەرن. مێژوو، کۆمەڵناسی، فەلسەفە و ئایدەکان لەمەر مرۆڤ، کۆمەڵگا و تاک بەجەسارەتەوە دەشێ بگوترێ کە هیچ بەرهەمی ژینگەی کلتووری و کۆمەڵایەتی کوردستان نین، دەرەکین و هاوردە کراون، بۆیەش ئێمە نەمانتوانیوە لە غیابی پلاتفۆڕمێکی کوردانە جیاوازی ئایینی، کلتووری، ڕوانگەیی، زاراوەیی و..... لەدەوری یەک کۆ بکەینەوە و پردێک بەسەر دابڕاوێکان و جیاوازێکان‌دا لێ‌بدەین. لەغیابی پلاتفۆڕمێکی کوردانە دژوازەییەکان، جیاوازێکان، دژبەرێکان قەڵش و کەلێنی قەرەبوو نەکراوەی لە کۆمەڵگای کوردی‌دا ساز کردوە، لەغیابی پلاتفۆڕمێکی کوردانە، نەرم‌ئامێرەکان نەیان توانیوە ئێمە بە ئامانج و مەبەستی گشتی کوردی بگەیەنن.

گرینگ‌ترین هۆکاری تری دەرنەکەوتنی پلاتفۆڕمێکی کوردانە، بە سیاسی کردنی هەموو پرسە کۆمەڵایەتی، کلتووری و مرۆییەکانی ناو کۆمەڵگایە. نەتەوەخوازی بەر لەوەکە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ بەرهەم‌هێنانی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی یەکگرتوو بێت، وەک ئایدۆلۆژێکی سیاسی و کەرەسەیی سەیری کراوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی دەسەڵات، هێژمۆنی سیاسی و بەش‌خوازی سیاسی. نەتەوەخوازی بەرلەوەکە لە ئاستی ئەندێشە، ئایدە و گوتاردا بپشکوێت، لەداوێنی شەڕی سیاسی‌دا بە مەبەستی دەسەڵاتی سیاسی دەرکەوتوە.

ئەگەر کورد نەتوانێ نەتەوەخوازی بکاتە سووژەیەکی ئاکادیمیک، لەدەرەوەی گوتار، ڕوانگەو ئایدۆلۆژی سیاسی‌دا، لەناو بازنەی فەلسەفە و کۆمەڵناسی‌دا توێژنەوەی زانستی بۆ بکات‌و وەک سووژەیەکی کۆمەڵایەتی پەروەردەی بکات، ئەوە نەتەوەخوازی کوردی لە غیابی پلاتفۆڕمێکی کوردانە، لەخزمەت بەرژەوەندی ئەوی‌تری کورد کورد وەک کەرەسە دەکار دەکات، دەیکاتە سووتەمەنی بەرژەوەندی و هێژمۆنی ئەوی‌تری دژە کورد. بێ‌گومان نەتەوەخوازێکی کە لەسەر پلاتفۆڕمی کوردانەدا دابەزابێت، ئەکتیڤ کرابێت و وەرگەڕخرابێت، دەتوانێ مەبەست و ئامانجەکانی نەتەوەیی کورد بپێکێت. کورد لە باش‌ترین حاڵەت‌دا دەکارکەری پلاتفۆڕمی ئیسلامی، فارسی، عەڕەبی، توورکی و چەپی ئۆڕتۆدۆکسیە کە هیچ دیاردەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ دیاردەی نەتەوەیی کورد نیە.

۱۴۰۲ مرداد ۸, یکشنبه

لە پەراوێزی ڕاگەیندراوەکەی کاک مستەفا هیجری بەبۆنەی عاشووڕا

 




(با هەڵەکان ببیندرێن)

شاهۆ حوسێنی

هەموو دیاردەیەکی ئایینی ناشێ وەک بۆنەیەکی ئایینی گشتی سەیر بکرێت، بەهۆی ئەوەکە بۆنە ئایینێ گشتێکان ئیجماعیان لەسەر و هەموو بەهەر جیاوازیەکی ڕوانگەیی لەسەری کۆکن، بۆ وێنە دەشێ لەدایک بوونی موحەممەد پێغەمبەری موسوڵمانان، جێژنی قوربان‌و جێژنی ڕەمەزان ئاماژەیان پێ بکرێت کە موسوڵمانی شیعە و سووننە بەر هەر جیاوازیەک لەسەری کۆکن و ئیجماعیان لەسەری هەیە کە هاوبەشن ڕایەڵی لێک گرێدەرەوەن، بەڵام هێندێک دیاردە هەیە کە ناشێ وەک بۆنەی ئایینی گشتی سەریر بکرێت، بۆ وێنە کووژارانی عومەری کوری خەتتاب، عوسمانی کوڕی عەففان، عەلی کوڕی ئەبوو تالیب یان حەسەن و حوسێن کورەکانی عەلی، بەهۆی ئەوەکە هەرکام لەم بۆنانە لای لایەنگرانیان واتە سوونە یان شیعە گرینگایەتی هەیە و بۆیەکی گستی موسوڵمانان نیە.

عاشوڕا بۆنەیەکی ئایدۆلۆژیک

عاشووڕا دەرکەوتەکی مێژوویی نیە، بەڵکە دیاردەیەکی ئایدۆلۆژیکی ئایینیە کە بە مەبەستی شەرعییەتی شەڕ و بەرەنگاری بە مەبەستی دەست بە دەسەڵات ڕاگەیشتن داهێنراوە. بە وتەی بەشێکی زۆری عالمانی شیعە حوسێن بۆ دەسەڵات و بە مەبەستی گەیشتن بە خەلافگەتی موسوڵمانان بە دژ یەزیدی کوڕی موعاویە دەستی بە جمووجۆڵ کرد و هەر لەسەر ئەم هەڵسووکەوتەش کوژرا، ئەمە بوو بە بنەمایەکی ئایدۆلۆژیکی و دابڕانێکی قوڵ لە نێوان موسوڵمانان واتە لەنێوان ئەو بەشە کە خۆیان بە سوننە دەزانی وق ئەو بەشەی کە خۆیان بە شیعە پێناسە دەکرد و لەسەر ئەساسی ئەم ئایدۆلۆژیەش دەیان و سەدان شەڕ سەری هەڵدا و بە هەزاران مرۆڤ بە شەرعییەتی ئەم ڕوانگە ئایدۆلۆژیکیە لە هەر دوولا کوژران و تێ‌داچوون، کۆماری ئیسلامی وەک نوینەری ڕاستەقینەی ئەم ئایدۆلۆژیە، پەرە پێ‌دەر و هەڵگری ئەم ئایدۆلۆژیە بەرهەم هات. لەڕاستی‌دا ئەم ئایدۆلۆژیە بەرهەم قەڵش و کەلێنێکی قوڵ و ئەکتیڤی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگای ئیسلامی بوو کە بە هەزاران مرۆڤی بێ‌تاوان لەسەر لێواری ئەم قەڵشەدا کوژران.

 

هەڵەی پەیامەکەی لێپرسراوی گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران:

کێشەی سەرەکی ڕوانینی دەرکەری ئەم پەیامە لەوەدایە کە ئەم دیاردەیە وەک بۆنەیەکی ئایینی سەیر کردوە لە حاڵێک‌دا ئەمە بۆنەیەکی ئایینی ئیسلامی نیە و ڕوانگەیەکی ئایدۆلۆژیکە کە بەرهەم هێنی قەڵش و دووژمنایەتی و دابڕانێکی قوڵ لە ناو کۆمەڵگای موسوڵمانان دایە، حیزبێکی سێکۆلار- دێمۆکراتی نەتەوەخواز رەنگە لەبەر ڕوانگەی گشتی کۆمەڵگای کوردی وەک کۆمەڵگایەکی موسوڵمان، هەست بە بەرپرسیارێتی بکات لەحاند بۆنە گشتێکان و لێک‌گرێدەرەوەکان بۆ بەرهەم هێنانی هەستی پێوەندی نەتەوەیی و لێک‌گرێ‌دانەوەی گشتی کۆمەڵگا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پاساو هەڵگر نیە کە بۆنە ئایدۆلۆژیکەکانی دەرەوەی بۆنە گشتێکان کە بەرهەم هێنی لێک‌دابڕاویی و چەند بەرەکیە بە لێ‌دوانێک یان دەرکردنی بەیاننامەیەک شەرعییەتی پێ‌بدات، ڕاگەیەندراوەکەی سکرتێری حدکا لەڕاستی‌دا شەرعییەت دەدات بە قەڵشی کۆمەڵگای کوردی لەنێوان شیعە و سوونە، شەرعییەت دەدا بە ئایدۆلۆژێکی بەرهەم هێنی شەڕ و ناتەبایی، بەهۆی ئەوەکە حوسێنی کورێ عەلی وەک شەهید ناودەبات و ڕەوایەت و گێڕانەوەی ئایدۆلۆژیکی دەسەڵات‌خوازانەی بەشیک لە شیعەکان بەشەرعی دەزانێت. ئەمە ئەم مەترسێیە کە لەبەر چاو نەگیراوە، ئەوە لەکاتێک دایە کە حدکا دەبا پردی بەسەر هەموو جیاوازێ ڕوانگەیەکانی ئایینی‌دا لێ‌دابا و تاکی کوردی وەک بەشێک لە جەستەی گشتی نەتەوەی کورد  بە دەر لە هەر ڕوانگەیەکی جیاوازی ئایینی و غەیرە ئایینی لێک‌گرێ‌داباوە.

 

 

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی