۱۳۹۸ فروردین ۳, شنبه

ئاوانگاردیسمی سیاسی لە غیابی پۆیتیکا


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
ئاوانگارد بە مانای پێشەڕەو، پێشەنگ و داهێنەر، بە هوونەرمەند، نووسەر و ئەدیبانێک دەگوترا کە لەچاخێکی مێژویی‌دا بەدی هێنەر، داهێنەر و پێشەنگی شیوە و فۆرمێکی نوێ بوون، لەپاش هوونەر و ئەدەبیات بەڵام ئاوانگارد خزایە ناو فەلسەفە، کۆمەڵناسی و سیاسەت. ئاوانگارد وەک پێشەنگ و ریبەری سیاسی لەپاش ڕاگەیندراوی کۆمۆنیستی کارڵ مارکس کە دەوری ئاوانگاردی بۆ حیزبی کۆمۆنیست بەکار برد، بەشێوەیەکی بەربڵاو بوو بەهێمای ئەو بزاڤانەی کە دژبەری بورژوازی و دێمۆکراسی بورژوازی بوون و لایەنگریان لەچینی کرێکار و هەژاری کۆمەلگا دەکرد.
پۆیتیکا ئەگەرچی لە شێعر و ئەدەبییاتا بەکار دەبرا و ئەڕستوو سەچاوەیەکی لەمەر شێعر بە ناوی پۆیتیکا(بوتیقا) نووسی، بەڵام لە ئەسڵ‌دا پۆیتیکا بە مانای سەناعەت و سازکردنە و لەتەنیشت فەلسەفەی نەزەی و فەلسەفەی عەمەلی ئەڕەستوو، لقی سێهەمی حیکمەتە بەناوی حیکمەتی داهێنان و نوێکاری کە بەرهەم و دەرکەوتەکەی ئافراندنە.
ئاوانگاردیسمی سیاسی:
ئاڵوگۆڕیکانی رۆژهەڵاتی ناوینی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و لاگیرێکانی پاش ئەو ئاڵوگۆڕیە، شەقامی سیاسی کوردی  لەغیابی هەرجۆرە ناوەرۆکیکی مەعریفی و هزری مۆدێڕن، لەگەل مۆدێرنیسم ڕووبەڕوو کردەوە. لەکاتێکا مۆدێڕنیسم لە رۆژئاوا بەرهەمی مۆدێڕنیتە واتا شووناس و ڕوحی مەعریفی و لایەنی دەروونی و ئەندێشەیی بوو، مۆدێڕنیسمی کوردی فۆرمی ڕووتین و ڕواڵەتی بوو، واتە کورد لە غیابی مۆدێڕنیتە لەگەڵ مۆدێڕینسم ڕوبەڕوو بۆوە. لەڕاستی‌دا ئەو رەوتە بەرهەم هێنی تایبەت مەندی دیونیزۆسی زەینی کوردی بوو، زەینێک کە لە فۆڕم و ڕواڵەت‌دا پیکهاتە و فۆرمی نوێی لەخۆ دەگرت، بەڵام لە زەین و ناوەرۆک‌دا پێکهاتەی مانایی و مێنتالیتەیی کۆن و نەریتی بەردەوام دەکردوە، واتە ئەگەر لە رۆژئاوا دەرون و پێکهاتەی مانایی و زەینی تاک تووشی ئاڵوگۆڕی دەبێت و ئەو ئاڵوگۆڕیە لە فۆرم و ڕواڵەتی دەرەوەش‌دا ڕەنگ دەداتەوە، ئەوا لەناو کورددا فۆرم و پێکهاتەی ڕواڵەتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و دەچتە خزمەت ئەندێشە و دەروونی کۆن و نەریتی، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە ئەگەر ئەمری ئاوانگارد و لیبرۆ لە دەروون و هزری دانەرا ڕووی دەدات، ئەمری ئاوانگارد و لیبرۆ لەناو کوردا لە دەرەوە و لەڕواڵەتی کوردا ڕویی دەدات.
ئەگەر دوو تایبەت مەندی شەقامی سیاسی ڕۆژئاوایی "چی کردن" و "چلۆن کردن" بێت کە هاوتەریب و کۆک لەگەڵ یەکترا بەرەو پێش دەچن، ئەوا لە ناو شەقامی سیاسی کوردا "چی کردن" فیدای "چلۆن کردن "کراوە. بە کورتی دەشی بگوترێت کە شەقامی سیاسی کوردی لە غیابی پۆیتیکا ڕەنج دەبات، پۆیتیکا بە مانای ناوەرۆکیکی ئەندێشەی و هزری نوێ و مۆدێڕن کە لە ناوەرۆکی کۆن و نەریتی دابرابێت.  ئافرێنەر، داهێنەر و فۆرم دەر بێت بە فۆرمی ڕواڵەتی و ئەو ئافراندنەش ببێتە هۆی ئاوانگارد بوون و پێشەنگ بوونی. چون پێشەنگ بوون بەدابڕان لە فۆرم، مێتۆد و ناوەرۆکی کۆن و نەریتیا دەردەکەوێت، نەک بە لەخۆگرتنی ڕواڵەتی فۆرم و پێکهاتە ڕواڵەتێکان.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی