۱۳۹۷ بهمن ۹, سه‌شنبه

سەربەخۆیی فەزیلەتی کورد


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
ئەخلاق وەک بەشێکی گرینگ لە فەلسەفە حەول دەدات وڵامی پرسیار لە فەزیلەت، خێر و ئەمری شیاوی مرۆڤ بداتەوە، واتە دەشێ بگوترێت کە ناسین، فام کردن و دەرخستنی فەزیلەت، ئەمری خێر و شیاو ئانتۆلۆژی ئەخلاقە. دیارە مەبەست لە ئەخلاق لێرەدا نەک وەک گریمانەیەکی پێشینی، کە باس و شرۆڤەی لۆژیکی حاکم بەسەر دەرکەوتە سیاسێکان ‌دایە، کۆگشتیەک لە یاسا گەلێک کە لە ئەزموونەکانی سیاسی‌دا بەرهەم دێت و دەبنە خواست و ئامانجی کۆمەڵگایەک.
ئەڕەستوو وەک یەکێک لە گەورە فەیلەسووفانی ئەخلاق لەسەر ئەو باوەرەیە، کە هەر کارێکی مرۆڤ هەر ئەنجامی دەدات بۆ مەبەستێک، گەیشتن بە بەرژەوەندی و خێریکە، واتە هیچ کردار و کردەوەیەکی مرۆڤەکان لە بۆشایی ئامانج، بەرژەوەندی و گەیشتن بە خێرێک ئەنجام نادرێت، ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئامانجی نەهایی و خواستی کۆتایی مرۆڤەکان لە کردار و کردەوەکانیان گەیشتن بە خێر و بەختەوەرەیە، ئەڕەستوو لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات گەورەترین و باشترین جۆری بەختەوەری و خێر بۆ مرۆڤەکان فەزیلەتە، لەڕاستی‌دا فەزیلەت یەکێک لە بنەمایی‌ترین چەمکەکانی فەلسەفەی ئەخلاقی ئەڕەستوویە، بەڵام ئەڕەستوو جیاوازی دادەنێت لەنێوان فەزیلەتەکان و هەموو فەزیلەتەکان وەک یەک سەیر ناکات، ئەو پێی وایە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا بە پێی دۆخێکی کۆمەلایەتی و ئاستێکی مەعریفی کە هەیەتی، فەزیلەتێک بۆخۆی دیاری دەکات. لەڕوانگەی ئەڕەستوو دا سیاسەت کەرەسیەکە بۆ گەیشتنی مرۆڤ بە بەختەوەری، بۆیەش لە کتێبی ئەخلاقی نیکۆماخۆس‌دا، ئەخلاقی وەک دەروازەیەک بۆ گەیشتن بە سیاسەت پیناسە دەکات و لێک گرێدانەوەی ئەو دوو چەمکە دەبنە بنەمای فەلسەفی ئەڕەستوو، بەجۆرێ کە سیاسەت وەک زانستی بەرز دەناسێنێت کە ئامانجی نەهایی ئەو خێر و بەختەوەری مرۆڤەکانە.
سەربەخۆیی فەزیلەتی کورد:
بێ گومان کە باس لە فەزیلەت دەکرێت لە هەر زانستێک، لە هەر بەستێنێک‌دا و لە دەلاقەی هەر دیسکۆرسێک و ئایدۆلۆژیەک‌ڕا، فەزیلەت جۆرێک پێناسە دەکرێت، لە دەلاقەی دێموکراسی و دیسکۆرسی ڕۆژئاواییەکان: ئازادی تاک و سوبژە بوونی تاک گەورەترین فەزیلەتە، لە دەلاقەی کۆمۆنیستێک: عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورەترین فەزیلەتە، لە دەلاقەی ئاناڕشیسمێک: لەناو بردنی نیزامی دەسەڵات لەسەر تاک کۆمەڵگا و گەڕاندنەوەی کۆمەڵگا بۆ دۆخی سرووشتی گەورەترین فەزیلەتە، لە دەلاقەی ئایینەکان‌ڕا: ئیماندار بوون و ڕزگاری مرۆڤ لە جیهانی مادی گەورەترین فەزیلەتە و ...هتد.
بێ گومان بۆ ئیمەی کورد کە بەدرێژایی مێژوو(ئێستاشی لەگەڵ بێت) لەگەڵ شاڵاوی موستەحیل کردن، لەناو بردن، شووناس سڕینەوە، بەر بەخۆپێناسەکردن و بەرهەم هێنانی کوردێکی ئۆبژە لەلایەن داگیرکەران وەک سوبژەی گشتی و هێژمۆن ڕووبەڕوو بوین و هەین، گەورەترین خێر و فەزیلەت دەتوانێ سەربەخۆیی بێت. سەربەخۆیی بەمانای سەربەخۆ بوون لە خۆپیناسە کردن، خۆ فۆرم بەخشی و خۆبنیادنان، خۆبنیادنان لە ئاست کۆمەڵایەتی‌دا بەمانای کۆمەڵگایەکی کوردانەی بەرهەم هاتوو لەسەر دەستی تاکە سەربەخۆکان بەشیوەی بڕیاڕێکی کۆمەڵایەتی و فۆرمۆلە کردنی بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتێکان، لە ئاستی سیاسی‌دا بەمانای بنیادنانی دەسەڵات و فۆرمێک لە حکوومەتی هەڵقوڵاوی نۆرم و بەها کۆمەڵایەتێکانی کە بەرهەمی پیکەوە ژیانی تاکە سەربەخۆکانە بەپێی بڕیارێکی کۆمەڵایەتی، بۆیە سەربەخۆیی بۆ کورد لەگەڵ ئەوەدا ئەمرێکی سیاسی وەک خواستێک و ئامانجێکی ستراتژیکە، لەهەمان کاتیشا ئەمرێکی ئەخلاقی و گەورەترین فەزیلەتە کە دەتوانێ بنیادنەر و بەرهەم هێنی خێر و بەختەوەری بۆ کورد بێت.
هەڵبەت کە مێتۆدەکانی دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی وەک خواستێکی نەهایی و ستراتژیکی کورد،  دەتوانێ لە هەر سەردەم و چاخێکی مێژوویی‌دا شیوازی جوراوجۆر بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێک‌دا سەربەخۆیی وەک فۆرمێک لە دەسەڵات لە بۆشایی و غیبابی سوبژەکان، تاکە خۆبنیانەرەکان، تاکە سەربەخۆکان، لە خۆپێناسە کردن و خۆ فۆرمولە کردنی سەربەخۆیانەدا بەرهەم نایەت و تاکی سوبژە و سەربەخۆش کە توانای خۆبنیادنان و خۆپێناسە کردنی هەبێت، بێ گومان بەرهەمی فۆرمێکی هزری و زەینیە، فۆرماسیونێکی دەروونی کە بەرهەمی جۆری تەعاموولی تاک لەگەڵ خۆ، ئەوەی تر و جیهانە، تەعاموولێک کە فۆرمێکی زەینی لەخۆ، ئەوەی تر و جیهان دادەڕێژێت و لەسەر ئەساسی ئەو فۆرمە زەینی و مەعریفیە لە جیهانی دەرەوە بەرهەمی دەهێنێت. دەشێ بە کورتی بگوترێت،  سەربەخۆیی سیاسی وەک فۆرمێکی سیاسی لە سوبژە و دەرکەوتنی سوبژە لە بەستێنی سیاسی‌دا، بەرهەمی کۆمەڵگایەکی سەربەخۆ و سوبژەیە کە لە تاکەکانی سەربەخۆی وەک سوبژە پێک هاتوە و تاکەکانیش کاتێک دەتوان وەک سوبژە دەرکەون کە خاوەنی فۆرمێک لە هزر و ئەندێشەی سەربەخۆ بن، ئەندێشە و فۆرمێک لە مەعریفە کە بەرهەمی تەعامولی سەربەخۆیانەی و ڕاستەوخۆیانەی تاک لەگەڵ جیهانی دەرەو بێت و ئەو تەعاموولە جۆرێک لە فام و تێگەیشتن لە دەروون و هەناوی تاک بەرهەم دێنێ کە بە هزر و ئایدە پیناسە دەکرێت. لەوەها دۆخێک دایە کە بنەڕەتی‌ترین ویست و خواستی مرۆڤ و دوایی کۆمەڵگا و پیکهاتەی سیاسی دەبێتە سەربەخۆیی و سەربەخۆیی دەبێتە ئەو بەستێن و فەزایە کە بەختەوەری و خێری مرۆڤەکانی تیا دەردەکەوێت و بەگشتی دەبێتە فەزیلەت بۆ مرۆڤەکان، بۆیەش دەشێ بگوترێت کە سەربەخۆیی وەک گەرینگترین و گەورەترین فەزیلەت بۆ کورد ئەخلاقیە و بگرە بنەڕەتی ترین و گرینگ ترین ئەمری ئەخلاقی کۆمەڵگای کورد دەکرێ پیناسە بکرێت.

سەرچاوە: رۆژنامەی خەبات

۱۳۹۷ بهمن ۸, دوشنبه

فۆندامێنتالیسم وەک ژێرخانی کردەوە و دژکردەوەکان


 (خەسارناسی عەقڵیەتی فۆندامێنتالی کوردی)

شاهۆ حوسێنی

فۆندامێنتالیسم لەناو کۆمەڵگا نەریتێکان و یەک لەوان کورد، بە مانای بنەما سیر کردن و بە بنەما گرتنی چەمکە گشتێکانی نەتەنیا ئایینی، کە غەیری ئایینی و حەتتا ئایدۆلۆژیە دژە ئایینەکانی وەک کۆمۆنیسمیشە لە هەموو بوارەکانی ئەندێشە، ژیان، کۆمەڵگا و سیاسەت‌دا. واتە کردوە و دژکردەوە نیشان‌دا بە شێوەیەکی بنەڕەتی، حەول بۆ ڕووخاندنی لە بناغەڕا، تێکقرماندنی گشتی و بناغەیی بەبێ جیاوازی دانان لەنێوان لایەنە پۆزەتیڤ و نیگەتیڤەکان. دەشێ بگوترێ کە فۆندامێنتالیسم تەنیا فۆرم و دەرکەوتە کردەیەکی هاتۆتە ناو ئێمە کورد لە غیابی ناوەرۆکی هزری و مەعریفێکەی، بۆیەش فۆندامێنتالیسم ئەگەر لە ڕۆژئاوا کیشە و تێکهەڵچوونیکی هزری و ڕوانگەییە لە نێوان ئیماندارانی فۆندامێنتال و نوێ‌خوازی ئایینی ناو باڵی پرۆتێستان، ئەوا لەناو ئێمەی کوردا لە غیابی هەرجۆرە ناوەرۆک و موحتەوایەکی هزری، فۆندامێنتالیسم تەنیا دەرکەوتە و نموودیکی کردەیی و ڕواڵەتی هەیە، ئەویش تێکقرماندنی گشتی، ڕووخاندنی لە ڕیشە و ئەساس را و لەناو بردنی دەرکەوتەیەکی ڕواڵەتی لەبنەڕەت‌را بەبێ لەبەرچاو گرتن و جیاوازی دانان لەنێوان لایەنە پۆەزتیڤ و نێگەتیڤەکان، ڕەوتیکی کە هەمیشە ناچاری کردوین لە خاڵی سیفر را بەرەو سەد بڕوین و لەسەد ڕا بەرەو سیفر بگەڕێنەوە، چەرخەیەکی عەیب‌داری کلتووری کە لەناو کوردیشا سەری هەڵنداوە، بەڵکە بەرهەمی کلتوور و مێنتالیتەی ئۆرتۆدۆکسیە کە لەناو ئایدۆلۆژی لێنینیسم‌دا پەروەردە و بەهێز کراوە و وەک ڕەوتێکی شۆرشگێرانە دەرخواردی کۆمەڵگا و تاک دراوە. کۆمەڵگای کوردی بەشێوەیەکی فۆندامێنتال ڕووبەڕووی دەسەڵاتە حکوومێکان دەبێتەوە، بەشێوەیەکی فۆندامێنتاڵ لەگەڵ ڕەخنەگرانی ڕوبەڕوو دەبێتەوە و ڕەخنەگرانیشی بەشێوەیەکی فۆندامێنتاڵ ڕەخنە دەگرن، واتە هەم لەئاستی کردەوەدا و هەمیش لە ئاستی دژکردەوەدا فۆندامێنتالین.
ڕەخنەگران سێ ڕەخنە زۆر گەورە لە فۆندامێنتالیسم دەگرن، یەک لەوان: "دژەعەقڵانی" بوونە، بەجۆرێ کە لەسەر ئەو باوەرەن هیچ باوەڕ و ئیدعایەکی فۆندامێنتالەکان خاوەنی میسداق و نموونە نیە، دووهەمین ڕەخنەی گەورە کە لە فۆندامێنتالیسم دەگیرێت: " پلۆرالیزمی دوژمنایەتیە"، واتە فۆندامێنتالیسم ڕوانگەیەکی یەک دەست و گشتگیر نیە لەناو خۆشیان‌دا ڕوانگە و بۆچوونی جیاواز و دژ بەیەک هەیە و لەناو جەغزی فۆندامێنتالیسمیش‌دا دوژمنایەتێکان هێندی دوژمنایەتی لە دەرەوەی چەغزەکە بەهێزن. سێهەم ڕەخنەی گەورە کە لە فۆندامێنتالیسم دەگیرێت: "تەحەجور، دەمارگرژی و دژایەتی لەگەڵ عەقڵ خوازیە" واتە عەقڵییەت و ڕوانگەیەکی پۆزەتویستانەیان هەیە، بەجۆرێ کە فۆندامێنتالەکان پێ‌داگری لەسەر فۆرم و ڕواڵەتی کردەوەکان و دەرکەوتەکان دەکەن و ئەو ڕەوتەش وەک بەربەستێکی گەورە بەر بە فامی قوڵ، زانست و ناوەرۆک تەوەرەی دەرکەوتەکان دەگرێت و بەستێنێکی لەبار دەخوڵقێنێت بۆ هەڵە تێگەیشتن و لاڕێ بوون، بەجۆرێ کە ئەو ئاڵوگۆڕیانەی بەهۆی عەقڵییەتی فۆندامێنتال بەرهەم هاتون، هیچ کات ئاڵوگۆریکی لەخزمەت بەرژەونەدی تاک و کۆمەڵگا‌دا نەبوە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە فۆندامێنتالیسم بە عام دژایەتی لەگەڵ مرۆڤی ئازاد، عاقڵ و سەربەخۆی کردوە و دەکات.





ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی