۱۴۰۲ آبان ۱۷, چهارشنبه

فۆندامێنتالیزمی‌ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی‌ناوین و لێکەوتەکانی لەسەر کورد

 










(بە پێ‌داگری لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

شاهۆ حوسێنی

ڕەنگە هەڵەنەبێت ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوین وەک مێترۆپۆلی فۆندامێنتالیزمی ئایینی پیناسە بکرێت. لەلایەک فۆندامێنتالیزمی ئیسلامی و لەلایەکی‌تر فۆندامێنتالیزمی یەهوودی، خاڵی کێشە و قەیرانیش لەمەدایە کە هیچ دوو ئایین هێندی ئەم دوو ئایینە قەڵش و کەلێنی قەیراناویان لەناودا نیە، هەر بۆیەش لە هەر شوێنێک ئەم دوو ئایینە لەپاڵ یەک‌دا ژیا بن، کێشەو قەیرانی بەردەوام لەناویان دا هەبوە. لەڕاستی‌دا دەشێ بگوترێ کە کێشەی نێوان ئیسلام و یەهوود بەتایبەتی ئەمڕۆکە نەک وەک دوو ئایینی بان زەوینی و بە قەولی تێئۆلۆژیستە موسوڵمانەکان دوو ئایینی ئیبراهیمی، کە وەک دوو خوێندنەوە، ڕوانگە و تەفسیر لە ئایین لە تەنیشت کلتوور و بەها کۆمەڵایەتێکان کێشەیەکی سیاسی- ئایدۆلۆژیکە، نە شەڕ لەسەر خاکە، نە بنەمای نەتەوەیی و نەتەوەخوازانەی هەیە. ئەم کێشەیە لەڕاستی‌دا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای دەرکەوتنی ئیسلام و ئەمەش لەهەناوی ئایەتەکانی قورئانا سەرچاوەی گرتوە، بەهۆی ئەوەکە لەناو قورئان وەک دەقێکی سەرچاوەیی و پیرۆزی ئیسلامی، یەهوودێکان وەک قاتڵانی پێغەمبەرەکانیان، بووت پەرەست، مووشریک، سوودخۆر و.....هتد ناسێندراون و بەم شێوەیە سیمایەکی دزێو لەوان بەرهەم هاتوە. لەلایەکی‌تر لەناو باوەڕ و ئەندێشەی یەهوودە فۆندامێنتالەکان‌دا ئەوان قەومی هەڵبژێرداروی خوان و شایانی پاشایەتی و سەروەری لەسەر زەوین. ئەم کێشەیە بەتایبەتی لەپاش شەڕی یەکەمی جیهانی و دەرکەوتنی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ قوڵ‌تر، قەیراناوی‌تر و خوێناوی‌تر بۆتەوە.

.

 

کەلێنی فۆندامێنتالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین:

دەشێ سەدەی نۆزدەی زایینی بە چاخی زێڕینی پەرەی نەتەوەخوازی دابندرێت. لەئەمریکا نەتەوەخوازی ئەمریکی لەلایەن جێفێرسۆن و پین بنیادنرا، لە بەریتانیا بێنتام و گلادستۆن نەتەوەخوازیان گەیاندە لووتکە، لە ئیتالیا گاریباڵدی، لە فەڕانسا هۆگۆ و لە ئاڵمانیا بیسمارک ئاڵاهەڵگری نەتەوەخوازی بوون. شەڕەکانی یەکگرتوویی لەناو ئیتالیا و ئاڵمانیا و قەیرانەکانی ناوچەی باڵکان دەشێ وەک دەرکەوتەکانی پەرەی نەتەوەخوازی چاویان لێ‌بکرێت. درێژەی ئەم ڕەوتە، لە ئاکام‌دا لە سەدەی بیستەما شەڕی یەکەمی جیهانی وەک یەکەم لێکەوتەی جیهانی پەرەی نەتەوەخوازی دەردەکەوێت.

هەر لەم سەردەمەش‌دا واتە سەدەی نۆزدەهەم‌دایە کە نەتەوەخوازی یەهوودی لەلایەن دکتۆر هێرتسێلەوە تێئۆریزە وگەڵاڵە دەکرێت و دەکەوێتە بواری پراکتیکەوە. دکتۆر هێرتسێل وەک ڕۆژنامەوان لە رەوتی دادگای ئاڵفڕێد دریفۆس ئەفسەری یەهوودی ئەڕتەش فەڕانسا باش تێ‌دەگات کە هەستی دژە یەهوودی چەندە بەرزە و هەر ئەمەشي چەخماخەی بیرۆکەی نەتەوەخوازی یەهوودی و زەروورەتی بنیادنانی وڵاتێکی سەربەخۆی یەهوودی لەناو مێشکیا چەکەرە دەکات. بەم شێوەیە دەست بە پراکتیزە کردنی ئەندێشەکانی دەکات و کۆڕەوەی یەهوودێکان بەرەوە مەوتەنی وەعدە پێ‌دراو لەلایەن خواوە لە تەوراتا دەست پێ‌دەکات، ئەم کۆڕەوەیە لەڕاستی‌دا تووخمی قەیرانێکی قوڵی بناژوێخوازنە لەهەناوی‌ خۆی‌دا دەگەیەنێتە ڕۆژهەڵاتی ناوینی‌کە لەپاش شەڕی یەکەمی جیهانی لەسەر بنەمای نەتەوەخوازی عەڕبی لەدایک دەبێت. نەتەوەخوازی عەڕەبی لەسەر دوو بنەما و ئەساسی گرینگ بەرهەم دێت، یەکەمیان زمانی عەڕەبیە و ئەوی‌ترین ئایینی ئیسلامە، هەر ئەم ئایینەی کە لەهەناوی خوێ‌دا بە بەرهەم‌هێنانی سیمایەکی دزێو لە جوولەکەکان، ڕوانگە و زەینی موسوڵمانان فۆرم‌دەدات، ئەم فۆڕمە دیارە تا پێش دەرکەوتنی دەسەڵاتە عەڕەبەکان لەپاش کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی ڕەنگە خاوەنی پاڵنەرێکی زۆر بەهێز نەبوە بۆ خوێناوی‌کردنی بە شێوەیەکی بەربڵاو، بەڵام بە دەرکەوتنی دەسەڵاتی عەڕيبی، هێز و هێژمۆنی عەڕەبی، ئەم پاڵ‌پشت و پاڵنەرەش دەرکەوێت، هەر بەم جۆرەی بە دەرکەوتنی ئیسرائیل وەک پاڵ‌پشت و پاڵنەری بەهێزی ڕوانگە و زەینی فۆندامێنتالیزمی یەهوودی ئاڕاستەکان بەرەو دابڕان قووڵتر دەکاتەوە و بەستێنەکانی تێکهەڵچوون لەبار دەکات، ئەم لێکەوتەیی کە تا بەر لە دەرکەوتنی دەسەڵات و هێزی عەڕبی‌و یەهوودی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین مەجالی دەرکەوتنی نەبوو. کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی بەهۆی ئەو زوڵمە گەورەیەی کە لە یەهوودێکان‌کرابوو، پاڵپشتی گەورە و بەربڵاوی زلهێزەکان بەدوای خۆێ‌دا دێنێت و بەم شێوەیە خەونی نەتەوەخوازە یەهوودێکان وەدی دێنێت، بەڵام ئەم خەونە بەستێنی دەرکەوتنی ژێئۆپۆلەتیکێکی خوێناوی هەم لە درێژەی ئەم سەدەیەدا و هەم لە سەدەی بیست‌ویەک‌دا دەبێت.

تا بەر لە دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی و لە ڕاستی‌دا تا دەیەی هەشتای زایینی سەدەی بیستەم، دەشێ باس لە کێشەی نێوان فەلەستین و یەهوودی بکرێت، بەڵام پەرەی هێز و هێژمۆنی کۆماری ئیسلامی لەرێی بنیادنان و پەرەدان بە ڕیکخراوە شێوە نیزامێ- تێرۆریستێکانی، ئەم کێشەیە کۆنە ئایدۆلۆژیکیەی زیندوو کردوە، لەلایەک ڕیکخراوە فۆندامێنتالە ئیسلامێکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس و لەلایەکی‌تر بناژوێخوازە کۆنسێرواتەکانی یەهوودی و بەم شێوەیە کێشەکە گوازرایەوە ئاستی کێشەیەکی ئایینی و نێوان دوو دیسکۆرسی فۆندامێنتاڵ.

 

شەڕی فۆندامێنتالیزم و ڕۆژهەڵاتی‌کوردستان

یەکەم دەرکەوتنی کورد لە جیهانی سیاسەتی ناو ئەم ژێئۆپۆلەتیکانەی کوردی تیا پارچەکراوە و جیهانی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، دەشی بگوترێ لەژێر تیشکی خواستی نەتەوایەتی و نەتەوەخوازی کوردی‌دا بوە و ئەمەش کاتێک چڕتر دەبێتەوە کە ڕۆژهڵاتێکی ناوین خەریکە لەدایک دەبێت و ئیمپڕاتووری عووسمانی لێک‌بڵاو بێتەوە. واتە نەتەوەخوازی کوردی و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی کوردی بەهێزترین دیسکۆرس، پاڵنەر و بنەمای هزری بۆ ڕێکخستنی‌کورد و دەرکەوتنی پێکهاتە کوردێکانە. بێ‌گومان دوو لە بەهێزترین دژبەرەکانی نەتەوەخوازی کوردی کە لەناو کۆمەڵگای کوردی‌دا حەولی ڕێکخستنی کوردی داوە یەکەمیان فۆندامێنتالیزمی ئایینی بوە کە لەلایەن ئەحمەد موفتی‌زادە و ناسر سووبحانی ڕێبەڕایەتی دەکران و دووهەمیان لێنینیزم بوو کە لەسەرتا لەلایەن توودەوە و دوایی لەلایەن چریکەکانی فەدائیانی خەڵق ڕێبەڕایەتی دەکرا. لەپاش دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی هەر دوو دیسکۆرس کەوتنە ژێر هێرش و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی، توودە و چریکەکان زەبری کووشەندیان لێ‌درا و بەتایبەتی لەپاش ڕووخانی سوۆڤییەت وەک مێترۆپۆلی ئایدۆلۆژیکی ئیتر دەنگ و ڕەنگێکیان نەما. بناژوێخوازیی ئایینیش هەر بەم شێوەیە کەوتە بەر هێرش بەجۆرێ کە ئەحمەد موفتی‌زاد لەزیندان‌دا توایەوە و ماوەیەک پاش بەربوونی بە هۆی ئازار و تێکچوونی باری جەستەیی کۆچی‌دوایی کرد، ناسر سووبحانیش لەلایەن کۆماری ئیسلامێوە لە سێدارە درا. بەم شێوەیە تا ڕادیەکی‌ زۆر ئەم خوێندەوە لە ئایین و ئەم شێوە فۆندامێنتالیزمە تا ڕادەیەکی‌زۆر کەوتە پەراوێزەوە و نەتەوەخوازی کوردی وەک هێزی یەکەم و هێژمۆن لە مەیدانا مایەوە. هێرشەکانی یازدەی سێپتامبر بۆسەر ئەمریکا و دەرکەوتنی ئەلقاعیدە لەلایەک و پەرەی جیهادیسم لە باشووری کوردستان، بوو بەهۆکاری دەرکەوتنی فۆندامێنتالیزمێکی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات کە وەک جیهادیسم پێناسەدەکرێت، ئەم خوێندەوەیە بێ‌گومان لەلایەک کۆماری ئیسلامی پاڵنەری بوە لەلایەکی‌تر پاڵنەری دەرەکی هەبوو، ئەم ئایدۆلۆژیە بە دەرکەوتنی داعش ڕادیکاڵ‌تر بۆتەوە و هەڕەشەیەکی‌جیدیە بۆ سەر نەتەوەخوازی کوردی لە ڕۆژهەڵات، ئەوەیکە جیگای مەترسیە ئەمەیە کە کۆمەڵگای ئێران لەباری دابەشکاری چین و توێژ بە تەواوی بەتاڵ کراوە لە چینی مام‌ناوەندی وەک ئاڵاهەڵگری بەها و نۆرمەکانی وەک ئازادی، نەتەوەخوازی، پێشکەوت‌خوازی، سێکۆلاریزم و دیاردە مۆدێڕنەکانی‌تر، واتە بە حەولەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئیسلامی‌کردنی فێڕکاری و بار‌هێنان، زانستگەکان، سەپاندنی زۆرە ملی دیاردە ئایینێکان، پاکاوتەکردنی دیاردە زانستێکان، بەها زانستێکان و سیستمی زانستی لە کۆمەڵگا، بەستێنەکان بۆ پەرەی فۆندامێنتالیزم‌و ئایین‌خوازی لەبار کردوە.

  دەشێ بگوترێ لە تەنیشت حەولەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرتەسک کردنەوەی مەجالەکان بۆ پەرەی مۆدێڕنیتە لەناو کۆمەڵگای ئیران و هەر بەو پێیەش ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پەرەی ئایین‌خوازی و سەپاندنی فۆندامێنتالیزمی ئایینی، لەتەنیشت ئاڵوگۆڕێکان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە شێوەی پەرەی فۆندامێنتالیزم لەڕێی دەرکەوتنەوەی تالیبان لە ئەفغانستان، هەڵگیرسانەوەی شەڕی نیوان حەماس و ئیسرائیل وەک نوێنەرانی دوو بەرەی فۆندامێنتالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کارتێکەری نەرێنیان هەیە لە سەر نەتەوەخوازی کوردی و کارتێکەری ئەرێنیان هەیە لە سەر پەرە، هێژمۆنی و مسۆگەرتر بوونی فۆندامێنتالیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەکاتێك‌دا کورد پێویستی بە یەکگرتوویی چڕ هەیە بۆ بەگژداچوون بە دژ دیکتاتۆڕییەتی کۆماری ئیسلامی و دەستەبەر کردنی مافی نەتەوەیی، بەهێزتر بوون، پەرە و هێژمۆنی فۆندامێنتالیزم قەڵش، کەلێن و دابڕاوی کۆمەڵگای کوردی قەیراناوی‌تر دەکات و پێش‌دەگرێت بە دەرکەوتنی یەکگرتوویی، یەک ڕوانگەیی و یەک‌گوتاری لە حاند کۆماری ئیسلامی، ئەم ئایدۆلۆژی فۆندامێنتالە ئەوندە دژە مۆدێڕنیتە، نەتەوەخوازی و سێکۆلاریزمە کە لە هیچ شێوە بەگژداچوونێک بە دژ نەتەوەخوازی کوردی‌ سڵ‌ناکات.

 

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی