۱۳۹۸ تیر ۱۳, پنجشنبه

ئانتۆلۆژی ئۆبژە وەک بوونێک لەغیابی مێنتالیتە و ئەندێشەیەک لەمەر خود


(خەسارناسی کۆنگرەی مەشاهیری کورد لە ڕۆژهەڵات)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
کورد وەک بەشێک لەبوونەکانی ناو ئێران و کوردستان وەک بەشێک لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێران بەدرێژایی مێژوو جگە لە سەردەمیکی کۆن لە مێژوودا لەژێر هێژمۆنی و دەسەڵاتی حکوومی فارسەکان، عەرەبەکان و تورکەکان‌دا بوە، ئەو ژێر دەستیە تەنیا ژێردەستێکی ڕواڵەتی و پۆزەیتوویستی نەبوە، بەڵکە ژێردەستێکی مەعریفی و زەینیش بوە، بەتایبەت لە پاش پەرەی ئیسلام وەک ئایینیکی عەرەبی و فۆرماسیونیکی مانایی عەرەبی، کورد زۆر زیاتر کەوتە ژێر کارتێکەری و هێژمۆنی مەعریفی "ئەوێکی تر" کە بێ گومان ئەوەش بەهۆی بۆشایی مەعریفی و غیابی مێنتالیتەیەکی لۆکاڵی و کوردانە واتە هەژاری یان فەقری نەزەری بوە.

بوونی ئۆبژە و بوونی سوژە:
ئۆبژە (Object) وەک چەمکێکی گرینگی فەلسفە بە مانای بوونێکە کە لەژێر کارتێکەری و ڕکێفی سوژه (subject) دایە، سوژە لەڕاستی‌دا بوونیکی ئاگا، سەربەخۆ و خاوەنی هزر و مەعریفەیەکی لۆکاڵیە کە "خۆی"، "ئەوی‌تر" و "جیهان" وەک بوونێکی زەینی و مەعریفی دادەڕێژت و جۆرێک پێوەندی لە نێوان ئەو سێ توخمەدا لەخزمەت پەرە و هێژمۆنی خۆی‌ بنیاد دەنێت. ئۆبژە لەڕاستیدا بوونێکی دەروەست، کۆیلە و بنیادنراوە کە لەغیابی ئاگایی، سەربەخۆیی و ئیرادە بۆ بوونێکی خۆبنیادنراوی سەربەخۆ لەلایەن سوژەوە داڕشت‌ڕاوە و دادەڕێژرێت، ئەگەر سێ تایبەت مەندی گرینگی سوژە: ئاگایی، سەربەخۆیی و هێژمۆنی بێت ئەوا سێ تایبەت مەندی گرینگی ئۆبژە: نائاگایی، دەڕوەست بوون و کۆیلە بوونە. بەجۆری کە وەک بوون لەلایەک بەردەوام لەلایەن سوژەوە بەڕۆژ دەکرێتەوە و لەلایەکی تریش لەخزمەت پەرە، بەرەدەوامی و هێژمۆن بوونی سوژەدایە.
ئۆبژە و سوژە وەک دوو توخمی سەرەکی و بنەڕەتی فەلسەفەی مۆدێڕن بەتایبەت لەپاش دەرکەوتنی دێکارت وەک گەورە فەیلەسوفی مۆدێڕن هێژمۆنێکی زۆریان لەناو فەلسەفەدا پەیدا کرد و بەجەسارەتەوە دەشێ بگوترێ کە ئانتۆلۆژی فەلسەفەی مۆدێڕن شتێک نیە جگە لە تێڕوانی ئۆبژێکتیو یان سوبژێکتیو بۆسەر بوون، واتە بەشیکی هەرە زۆری مێژووی فەلسەفەی مۆدێڕن باس لە ئۆبژ و سوژەیە، حەول بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەو پرسیارە بنەرەتێ گرینگەیە کە ئاخۆ بوونەکان لە دەرەوەی زەین و شعوری منی مرۆڤەوە بون و شوناسیان هەیە یان ئەوە منی مرۆڤم کە بوون و شوناسیان پێ دەبەخشم.

ئێرانی وەک مێتا سوژەیەک:
ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێران و بیرمەندانی ئێرانی لەگەل مۆدێڕنیته بەهۆی هێرشەکانی سوپای ڕووسیا و شکەستە یەک لەداوی یەکەکانی ئێران لەگەڵ ئەو زلهێزە و پەنا بردنی ناچاری بۆبەر وڵاتانی پەرە ئەستاندووی رۆژهەڵاتی بوو، بۆ پێش گرتن و قەرەبوو کردنەوەی ئەو شکەستانە.
 لەڕاستیدا ڕۆژئاوای سەدەی پازدەهەمی زایینی بە هۆی ئاڵوگۆری زەینی و مەعریفی کە سەرەتا لەلایەن بیرمەندانی ئایینی وەک لوتر، کالون و زوئینگلێوە بەرهەم هات و لەپاشان بەهۆی ئاڵوگۆری زەینی لە فەلسەفەدا، توانی بەرهەم هێنی پێشکەوت و گەشە بێت، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە لەئێران ئایین و ئەندێشە ئایینێکان هێژمۆن بوون و غیابی ئاڵوگۆڕی مەعریفی، ئێرانی کردبوە خەویکی قورس و خەست‌، لەوەها دۆخێک‌دا رۆئاوا پەرە دەستێنێت و بەرە بەرە وەک دەرکەوتەیەکی ئەمپریالیستی بە جیهان‌دا بڵاو دەبێتەوە، لەڕاستی‌دا کلۆنیالیزم وەک دەرکەوتەیەکی زەینی و ڕواڵەتی ڕوون ترین سیمای ڕۆژئاوا بوو کە لە سەدەی شازدە بەولاوە بەجیهان‌دا بڵاو دەبێتەوە و لەسەدەی هەژدەش‌ڕا ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە. لەڕاستی‌دا ئێران لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و دەست پێکی سەدەی نۆزدەهەم‌ڕا لەگەڵ سیمای ئەمپریالیستی و نیزامی مۆدێڕنیتە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو شکەستانەش لەگەڵ ڕواڵەت و رەهەندی نیزامی مۆدێڕنیتە نزیک دەبێتەوە. ئەو ڕەوتە لە ئاکامدا دەگاتە بەدی هاتن و سەرهەلدانی دەسەڵاتی ئەمپریالیستی و میلیتاریستی بنەماڵەی پالەوەی لە ئێران کە بەهۆی هێژمۆنی و هێزی نیزامی لەلایەک و لەلایەکی تر هێژمۆنی ئایدۆلۆژی پان ئیرانیستی  بنیادنەری وڵات، تاک و کۆمەلگایەک دەبێت لەسەر ئەساس و بنەمای دیاردە پۆزەیتویستیکانی وەک زمان، ئاینن، کلتووری زۆرینە و خاوەن دەسەڵاتی فارس.
بنەماکانی شوناسی نەتەوەیی ئێرانی:
شوناس بەمانای هەستی پێوەندی و نزیکایەتی  بەهۆی توخم‌گەلێکی هاوبەش لەنێوان من و ئەوێکی‌تر لەناو جەغزی کۆمەڵگایەک یان کۆگشتیەک لەبوونەکانە و شوناسی نەتەوەییش بەمانی لەخۆگرتن و خاوەن‌دارێتی لە هەستی پیوەندی بە خاک، زمان، ئایین، مێژوو و دەسەڵاتی سیاسیە، هەڵبەت جۆری بەرهەم هاتنی شووناس و شوناسی نەتەوەیی دیارە جیاوازە، لە وڵاتانی پەرە ئەستاندووی دێمۆکراتیک ئەو ڕەوتە ئازادانە و ئیرادی بوە و لە وڵاتانی پەرە نەستاندوو وە دیکتاتۆری وەک ئێران بەهۆی هێزی نیزامی، خۆ و خدەی ئەمپریالیستی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوت بوە.
سێ توخمی سەرەکی شوناسی نەتەوەیی ئێران بریتین لە جوگرافیا، زمانی فارسی و ئایینی ئیسلام، دیارە بە حوکمی وەیکە ئێران ژێئۆپۆلەتیکێکی فرە نەتەوە، زمان، ئایین و کلتورە ئەو دیاردانە یەکەم بە هۆی هێژمۆنی زۆرینەی فارس و دووهەم بە زۆری هێزی نیزامی و تایبەت مەندی ئەمپریالیستی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر تاک و کۆمەلگای ئێرانی‌دا سەپاوە. دیارە لەپاش سەر هەڵدانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پالەوەی پان ئیرانیسم وەک توخمی مەعریفی و ئایدۆلۆژی فەرمی دەسەڵاتی پالەوەی نەخشە ڕێگا و شەرعییەت دەری کلۆنیالیزە کردنی تاکە غەیرە فارسەکانی وەک کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و...هتد بوو لە ئێران، بەجۆری کە لەژێر درووشمی پاراستنی نەتەوەیی، سەروەری نەتەوەیی و حاکمییەتی نەتەوەیی، هەموو دیاردە ئۆبژێکتیو و سۆبژێکتیوە کلتوورێکان و کۆمەلایەتێکانی فارس وەک دیاردەی نەتەوەیی بەسەر کۆمەلگادا حاکم و زال کران و رەوتی ئێلینە کردن و سڕینەوە ڕواڵەتی و زەینی تاکە غەیرە فارسەکان پەرەی ئەستاند، لەوەها دۆخێک‌دا کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و ئەوانی تر وەک غەیرییەتی فارسەکان، وەک بوونیکی ئۆبژە لەژێر کارتێکەری و هێژمۆنی خودی هیژمۆنی فارس، لەخۆگری کۆگشتیەک تایبەت مەندی کلتووری و کۆمەلایەتی لە خزمەت خودی فارس‌دا بەرهەم هاتن و بە بەردەامیش پەرە بەو بوونە ئۆبژەیە دەدرا و بۆنە لۆکاڵی و ناوچەییەکان، لە خزمەت بەرژەوەندی مێتاخودی فارس و قوڵتر بوونەوەی ئۆبژەی کوردی، تورکی، عەرەبی و بەلوچی لە ئێران بەڕێوە دەچوون.
سەرکەوتنی سۆرشی گەلانی ئێران و سەقام‌گیر بوونی دەسەڵاتی ئایینی کۆماری ئیسلامی هیچ‌شتێکی لە واقعی دەسەڵاتی پاوانخواز، سەرە ڕوو و چەوسێنەر لە ئێران نەگۆڕی، لەو سەردەمەش‌دا سێ کووچکەی ئایینی شیعە، زمانی فارسی و جوغرافیای ئێران پێک‌هێنەری توخمی بنەڕەتی شووناسی نەتەوەیی ئێرانی بوون و دەسەڵاتی ئایینی بەرپرسی کۆمەڵگر کردنی زۆرە ملی تاک و کۆمەلگای لەناو ئەو سێ کوچکەیەدا لە ئەستۆ بوو.
کورد وەک بوونیکی ئۆبژە و زەروورەتی خەبات بۆ بوونێکی سوبژە:
مێژوی کورد مێژووی غیابی ئەندێشە و مێنتالیتەیەکی لۆکاڵی و کوردانەیە، بەهۆی ئەوەکە کورد بەردەوام لەناو جەغزی زەینی و مەعریفی ئەوی‌تر دا خولاوەتەوە.کورد بە بەردەوامی لەغیابی بوونیکی زەینی و مەعریفی، یان بوونێکی بەرهەم هاتوو و ئوبژەی ئایینی ئیسلام بوە، یان بوونێکی بەرهەم هاتوو و ئۆبژەی ئەوێکی تری فارس کە وەک قەوم، مەرزداری بەغیرەت و موسوڵمانی ئێرانی لەخزمەت پەرە و مسۆگەر بوونی هێژمۆنی ئەوی‌تری فارس‌دا بوە، لەڕاستی‌دا فارس وەک توخمی سەرەکی و نوێنەری ئێرانی بوون چ لە سەردەمی پالەوەی و چ لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی‌دا هەموو کات لە دەلاقە و گۆشە نیگای ئایدۆلۆژی، گوتار و مێنتالیتەی خۆی‌ڕا خوێندنەوەی بۆ کورد کردوە، پێناسەی کردوە و هەڵسووکەوتی لەگەل کردوە، بە حوکمی ئەوەیکە دەسەڵاتی ئێران دەسەڵاتێکی مۆنۆلۆگ، پاوانخواز و سانترالیستە و بەهیچ شیوەیەک باوەری بە شەرعییەتی پۆلرالیزمی بوونەکان هاوتەریب لەگەڵ بوونی هێژمۆنی فارس نیە و بەردەوام وەک بوونێکی ژێر و دەرەجە دوو چاویان لێ‌دەکات، هەرجۆرە حەول بۆ ڕیزگرتن، پیناسەکردن و مەجال بۆ دەرکەوتن تەنیا لەدەلاقەی بەرژەوەندی خۆی‌را دەخوێنێتەوە، غیابی هەرجۆرە پلانێکی زەینی و مەعریفی کوردانە، مێنتالیتەیەکی کوردانە، خودێکی بەرهەم هاتووی سەربەخۆ و خۆبنیادنراو و مەبەسەتێکی نەتەوەیی کوردانە، بێ گومان خەساری گەورەی لێ‌دەکەوێتەوە و براوەی سەرەکی ئەو ڕەوتە دەسەڵاتی حاکمە و کورد دەبێتە کەرەسەی سەرەکی و خوراکی پڕوپاگاندەیی ڕژێم.
بەڕیوە چوونی کۆنگرەی مەشاهیری کورد لە سنەش بێ‌گومان لەغیابی هەر جۆرە فۆرمیکی لۆکاڵی و کوردانەی بەشدار بوان کە بەداخەوە لەخۆگری کۆگشتیەکی زۆر دژبەیەکن هەر لە بیژەنی زەنگەنەی وەزیری نەوتی دەوڵتی ڕوحانی را بگرە هەتا دەگاتە، بەشدار بوانی کوردی پارچەکانی تر هەمووی لە دەلاقەی عەقڵییەت و مێنتالیتەی حاکمییەتەوە دەست نیشان کراون بۆ خزمەت بە بەرژەوەندی و مەبەستی تایبەتی حاکمییەت. ئەوە لەکاتێک‌دایە کە خەباتێکی ڕەوای نەتەوەیی، دیمۆکراتیک و مەدەنی بەدژ دەسەلاتی پاوانخواز و دیکتاتۆری حاکم بەسەر ئێران دا چ لەناو خۆ و چ لەدەرەوە لەئارادایە، بۆیەش دەبێ کورد وشیارانەتر لەگەڵ وەها دۆخێک ڕووبەڕوو بێتەوە.




۱۳۹۸ تیر ۱۲, چهارشنبه

فۆرماسیونی گوتاری سیاسەتی دەرەوەی حکوومەتی هەریمی کوردستان


(خوێندنەوەیەک بۆ ڕێوڕەسمی سوێند خواردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئاوینەی باڵانوینی خواستی نەتەوەیی، ئیرادەیەکی کوردانە و بەرهەمی مێژوویەکی خوێناوی لەخەبات و قوربانی‌دانی نەتەوەیەکی ژێردەست و زوڵم لیکراو، لەسەر ئەساس و بنەمای ناوەرۆک و شوناسی ناوخۆیی، پێویست بوو تا لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەش‌دا هەڵگر و لەخۆگری فۆرمێک و چوراچێوەیەکی مەعریفی بێت تا لەژێر تیشکی ڕێنوێنێکانی ئەو فۆرمە مەعریفیە فۆرم بداتە پێوەندیە دەرکێکانی و تەعامولاتی نێونەتەوەیی خۆی رێک بخات، کە بێ گومان ئەویش شتێک نەبوو جگە لە ناورۆکی کوردانە و داڕشتنی فۆرمێک لەپێوەندیکانی نێونەتەوەیی لەسەر ئەساسی ناسیونالیسمی کوردی و دەستەبەر کردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ کورد و لە ئاکام‌دا دابین کردنی فۆرمێک و چوراچێوەیەکی ڕوانگەیی مەقبوڵ و مەشروعی کوردانە لەناو زەین و دەروونی لایەنەکانی بەرامبەر لەنیزامی نێونەتەوەیی‌دا.
 سیاسەتی دەرەوەلەڕوانگەی ریئالیسم دا:
گومان لەوەدا نیە کە رێئالیسم لەبەراورد لەگەڵ هەموو پارادایمەکانی ناو زانستی پێوەندیکانی نیونەتەوەیی، گرینگ‌ترین و هێژمۆن‌ترین پاردایمە کەلەپاش شەڕی دووهەمی جیهانی وەک پاردایمێکی گرینگ، دەورێکی سەرەکی هەیە بۆ شرۆڤەی ئاڵوگۆڕیکانی نێونەتەوەیی. ریئالیسم لەپێوەندێکانی نێونەتەویی‌دا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەوڵەت وەک نوێنەری کۆمەلگا  ئەرکی ڕینوێنی‌کردنی سیاسەتی دەرەوەی لەئەستۆیە وەک بکەریکی عەقڵانی کە لەخزمەت بەرژەوەندیکانی کۆمەلگادا دەوردەگێڕێت. سێ توخمی سەرەکی ریئالیسم لە سیاسەتی دەروەدا بریتین لە:
یەکەم: دەوڵەت نوینەری کۆمەڵگایە.
دووهەم: ئەرکی سەرەکی دەوڵەت لە پێوەندیکانی نێونەتەوەیی‌دا ڕینوینی کردنی سیاسەتی دەرەوەیە.
سێهەم:  لەچوارچێوەی نیزامی نێو‌نەتەوەیی‌دا بۆ دەستەبەر کردنی لانی زۆری بەرژەوەندێکانی نەتەوەیی حەول دەدات.
دەشی بگوترێت کە ئەساسی پارادایمی ریئالیسم لە پێوەندیکانی نێونەتەوەیی دا دابین کردنی لانی زۆری بەرژەوەندێکان، ئەهوەنی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لەلایەن دەوڵەتەکان بەکەڵک وەرگرتن لە کەرەسە مادێکانە لەچوارچیوەی شوناسی نەتەوەیی‌دایە. واتە دەوڵەتەکان وەک دەورگێڕی سەرەکی لە نیزامی نێونەتەوەیی‌دا بە پێ‌داگری لەسەر هاوسەنگی هێز و سیاسەتی بەرگێڕەوەیی، حەولی پاراستنی ئەهەوەنی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دەدەن.
سیاسەتی دەرەوە لە دەلاقەی پارادامی کۆنسترۆکتویسم‌دا:
کۆنسترۆکتیوسم وەک پاردایمێکی پێوەندێکانی نێونەتەوەیی  بەپێچەوانەی رێئالیسم کە پێ‌داگری دەکات لەسەر فۆرماسیونە مادی و ڕواڵەتێکان و شرۆڤەی ئەوەیکە چلۆن دابەش کردنی دەسەڵات و تواناییەکان کارتیکەریان لەسەر هەڵسوکەوتی دەوڵەتەکان لە سیاسەتی دەرەوەداهەیە، دەشێ بگوترێ کە پێ‌داگرە لەسەر فۆرماسیونە مانایی و مەعریفیکان، واتە شرۆڤەی چلۆنایەتی فۆرم گرتنی شوناسی دەوڵەتەکان، واتە ئەگەر رێئالیستەکان پێیان وایە کە دەوڵەتەکان بەپێ‌داگری لەسەر کەرەسە مادی و ڕواڵەتێکان ئامانجیان بەردەوامی بوون، دابین‌کردنی ئەهوەنی و هێژمۆنی هەرچی زیاتری دەسەڵاتە، ئەوا کۆنسترۆکتویستەکان باس لە سترۆکتوارل بوونی شوناسی دەوڵەتەکان لە ڕەوتی تەعامول لەگەڵ دەورگێڕانی تر و فرە دەرکەوتە بوونی سیاسەتی دەرەوە دەکەن.
هەرێمی کوردستان واقعێک لە نیزامی نێونەتەوەیی‌دا:
ئاڵوگۆڕیکانی خێرای کۆتاییەکانی دەیەی هەشتا لە رۆژهەڵاتی ناوین یەکێک لەگرینگ‌ترین دەرکەوتەکانی، دەرکەوتنی هەرێمێکی دۆفاکتۆی نەتەوەیی بوو بۆ کوردان، کوردانێک کە بەبەردەوامی لەخەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی  نەتەوەییان دابوون.
دەست‌پێکی دەیەی نەوەدی زایینی لە سەدەی بیستەم‌دا جیهان چەند ئاڵوگۆڕیکی گرینگی بەخۆیەوە بینی کە گرینگترینیان لە ئاستی جیهانی‌دا ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت و لەئاستی ناوچەییش دەرکەوتنی هەرێمی دۆفاکتۆی کوردستان بوو. ساڵی ١٩٩٠ لەپاش کۆتایی شەری هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، سەددام حوسێن بەهێرشێکی نیزامی وڵاتی کوەیتی داگیر کرد، دژکردەوەی وڵاتانی جیهان بەدژ ئەو کردەوەیەی سەددام هێرشی نیزامی زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی ١٩٩١ بوو کە وەک هێرشی گەردەلوولی سەحرا باسی لێوەدەکرێت. لەپاش شکەستی سەدامم لە هێرشی گەردەلوولی سەحرادا، دەرفەتیکی زێڕین بۆ کوردەکان بەدی هات و لەئاکام‌دا لەتەنیشت هێز و ئیرادەی شۆڕشگێرانەی کورد لە باشوور بە پێشنیاری جان مێجێر سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا، ناوچەی دژە فرێن داندرا و بەو شێوەیە هەریمی دۆفکاتۆ بۆ کوردەکان بەدی هات و دەسەڵاتی کوردی بەشێوەیەکی فەرمی لەنیزامی نێونەتەویی‌دا چرۆی کرد.
گوتاری سیاسەتی دەرەوەی هەریمی کوردستان:
ڕێورەسمی سوێندخواردنی ڕێزدار نێجێروان بارزانی وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆوە جێگای سرنجە و دەشی بگوترێ کە ئاوینەی گوتاری سیاسەتی دەرەوەی هەریمی کوردستانە. لەڕێورەسمی سوێندخواردنی بەڕێز نێچیروان بارزانی‌دا  پاڕلمانی هەریمی کوردستان و کوردستان وەک ژێئۆپۆلەتیکێکی کوردانە بوو بە مەکۆی لێک کۆبوونەوەی کۆگشتیەک لە کاراکتێرە دژبەرەکان. ئەمریکا-ئێران، ئۆپۆزیسیونی کوردی دژبەر ئێران-ئێران، ئێران-سعودیا، کوردانی رۆژئاوا و باکورد-تورکیا و.....هتد. دەشێ بگوترێ کە ئەو ڕیوڕەسمە  لەڕاستی‌دا لەژێر تیشکی گوتاری سیاسەتی دەرەوەی هەریمی کوردستان کە تیکەڵاویکە لە رێئالیسم و کۆنستروکتویسم بەڕێوە چوو.
ریئالیسم بە مانای گرینگی دان بەکەرەسە ڕواڵەتیکانی هێز و گرنگی دەوڵەت لە نیزامی نێونەتەوەیی و حەول بۆ مسۆگەرتر کردنی دەوری کورد لە پێوەندیکانی نێونەتەویی، ناوچەیی و جیهانی‌دا.
 کۆنسترۆکتویسم بەمانای پێ‌داگری لەسەر شوناسێکی کوردانەی بەرهەم هاتووی ئیرادی و خۆبنیادنەری کوردانە و پێوەندی گرتن و تەعامول کردن لەسەر ئەساسی ئەو شوناسە و  بنەما بوونی ئەو شوناسە وەک بنەمای گوتاری سیاسەتی دەرەوەی هەریمی کوردستان.
دیارە ئەو گوتارە لە سیاسەتی دەرەوەی هەریمی کوردستان بەرهەمی تەعامولی نەتەوەخوازانەی پارتی دێمۆکرات لەگەڵ هێزەکانی تری ناوخۆیی ناو هەریمی کوردستانە، تەعامولێک کە ئاکامی ئەو بەشداری هەموو هێز و لایەنە کوردستانێکان و دەرکەوتن وەک نەتەوەیەکی یەک‌گرتوو  لەبەر چاوی جیهانی دەرەوە بوو. هەرێمی کوردستان بە گوتاری سیاسەتی دەرەوەی خۆی بەگوێ جیهانی دادا کە کورد نەتەوەیەکە کە لەسەر ئەساسی شوناسێکی خۆبنیادنراو و دەورگێڕی کورد وەک "خود"ێکی سەربەخۆ ، کۆڕگێرێکی خاوەن هێزە لە نیزامی نێونتەوەیی‌دا ،کە حازر بە تەعامولە لەسەر ئەساسی ڕیزگرتنی دوولایەنە، حازر بە هاوژینی ئاشتی‌خوازانەیە لەسەر ئەساسی ڕێزگرتن و پاراستنی کەرامەت و سەربەخۆیی شوناس و بوونی کورد.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی