شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
کۆتایی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی سۆڤییەت وەک مێترۆپۆلی لینینیسم، بوو بەهۆی
دامرکانی کڵپەی ئایدیا و کلتووری لێنینیستی کە بنیادنەر و پراکتیزەکەری شۆرشی
ئۆرتۆدۆکسی بوو,(Lenin,1913.L,3-9) هەڵبەت لێرە مەبەست لە شۆرش، هەم شۆرشی کردوەییە و هەم ئایدولۆژیک، بەڵام
نەک لزوومەن شۆرشێکی فکری، لە شێوەی فکری فۆکۆیی بەمانای دابڕان لە رابردوو(Köppen.1974.L,20-21) کە بەمانای
دابڕان لە هزر و مێنتالیتەی رۆژئاوایی بوو. دیارە فکری رۆژئاوایی بنیادنەر و
پراکتیزەکەری رەوتێک بوو بەمانای زەروورەتی دابڕانی سووژە سەربەخۆ وخۆبنیادنەرەکان
لە ئایدیا و مێنتالیتەی کلاسیکو ئێسکۆلاستیکی (Müller,2005.L,102)،]سەردەمێک کە دەسەڵات و
زانستی ئایینی هەموو شتێک بە سەر مرۆڤەکانا دەسەپێنێت، سەردەمێک کە بەسەردەمی
دابەزاندنی سووژەکان بۆ ئاستی ئۆبژە و سەردەمی خوڵقێنەری ئۆبژەکان پیناسەکراوە[(درفشی،١٣٩٦) بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆری هەنگاو بە هەنگاو لە هەناو و زەینی تاک و کۆمەڵگا
بەرەو ئاگایی و مێنتالیتەی سووژە و عەقڵتەوەرە.
(Friedrich,2011.L,414,415) ئەو دامرکان و ئاڵوگۆریە زیاتر لە هەموو کات بەستێنی
رەخساندوە بۆ شۆرشێک، بەڵام شۆرش نەک لە پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی رواڵەتی و بەمانای
رووخاندنی رواڵەتی دەسەڵاتێک، یان پێکهێنانی دەسەڵاتێکیتر و بوون بە بەشێک لە
دەسەڵاتی ئەڵترناتیو، کە بەمانای دابڕان و ئازاد بوون لە ئایدیا و مێنتالیتەی
کلاسیک، بەمانای ئازاد بوون لە ئۆبژێکتویتە و سترۆکتۆراڵ بوون(حوسێنی،٢٠١٨)،
بەمانای بوون بە سووژە، بوون بە بکەرێکی
ناسینەر و خۆبنیادنەر.
ڕەچەڵەکی ناسیونالیزمی کوردی:
ئەگەر سەرچاوەی ناسیونالیزم لە رۆژئاوا ]وەک سەرچاوەی مەعریفی
و فکری ناسیونالیزم[، بوونی
ئایدیا و مێنتالیتە لەمەر مرۆڤ، کۆمەڵگا و جیهان و لەخۆگری فۆرماسیونێک لەپێوەندی
لەنێوان ئەو دیاردانەدا بوو، واتە بەرهەمی پێوەندی نێوان سوبژەکان(پێوەندی
ئینترسۆبژێکتیڤ) ، پێوەندی هزری و سەربەخۆیانەی سووژەکان وەک بکەری ناسینەر و
خوڵقینەری چەمک و مەعریفەکان بوو(Peter,2014.L,78)، ]جێگای ئاماژەیە کە سێ
تایبەت مەندی مرۆڤی رۆژئاوایی بریتین لە:یەکەم:
مرۆڤ سرچاوەی پێناسە و مانایە(سوژە)، دووهەم: مرۆڤ خاوەن جەوهەرێکی نەگۆر
نیە و لەگۆرانی بەردەوام دایە، سێهەم: مرۆڤ ئازادە و چۆنیەتی بوونی خۆی لەنێوان
هەلومەرجە جیاوازەکانداسەربەخۆیانە هەڵدەبژێرێت[.]کوروز،١٣٧٩. ل،٣١،٣٢[ ئەوا
ناسیونالیزمی کوردی هەم لەغیابی سووژەیەکی سەربەخۆ و هەم لە غیابی هەر جۆرە
ئایدەیەک و مێنتالیتەیەکی کە بەرهەمی پیوەندی نێوان سووژەکان بێت، هەرجۆرە
فۆرماسیونیکی هزری و مانایی لەمەر مرۆڤ، کۆمەڵگا و جەهان و لەخۆگری جۆرێک لە
پێوەندی لەنێوان ئەو دیاردانە لەناو زەین و هزری سووژەیەکی کوردی دا وە پەرەگرتنی
لەپێوەندیەکی ئینتێرسۆبژێکتیڤدا سەری هەڵدا، ئەو رەوتە تەنیا خۆی لە فۆرم و
قەبارەی هێندێک دروشم و رواڵەتدا دیتەوە، بۆیە دەکرێ وەک ناسیونالیزمێکی رواڵەتی
و کڕچ و کاڵ پێناسە بکرێت و پێی بگوترێت ناسیونالیزمی رووتین، واتە ناسیونالیزمێکی
کە لەسەر ئەساس و پایەی جیهان بینیەکی زەینی و دەروونی تاک لەمەر مرۆڤ، کۆمەڵگا،
جیهان و باوەر بە فۆرماسیونێک لە پێوەندی لەنێوان ئەو دیاردانەدا بنیادنەندراوە.
واتە ئەگەر فۆرمی دەسەڵاتی رواڵەتی، بەرهەمی فۆرمی فکر و ئەندیشەی کۆمەڵگای
رۆژئاوایی لەمەر مرۆڤ، کۆمەڵگا، جیهان و لەخۆگری فۆرماسیونیکی پیوەندی لەنێوان ئەو
دیاردانەدایە و ئاڵوگۆری لە فۆرمی دەسەڵاتی رواڵەتی بەرهەمی ئاڵوگۆری لە فکر و
ئەندێشەی تاکی رۆژئاواییدا وەک رەوتێکی مێژۆویی بەردەوام گەیشتۆتە ئەو سەردەمە،
ئەوا بێ گومان ئەساس و بنەماکەی فۆرماسیونێکی هزری و زەینیە لە دەروونی تاکی
رۆژئاواییدا وەک سووژەیەکی سەربەخۆ، واتە جیهان بینیەک کە وێناکەری مرۆڤ،
کۆمەڵگا، جیهان و لەخۆگری فۆرماسیونێکی پێوەندی لەنێوان ئەو دیاردانەدایە، ئەوەش
بەو مانایەیە کە لەغیابی ئەو فۆرماسیونە لە ئاگایی، هزر و زەینییەتە، ئەو جیهان
بینیە، ئەساسەن هیچ فۆرماسیونێکی رواڵەتی و هیچ ئاڵوگۆریک بەرهەم نەدەهات
(Anderson,1988.L,14-65).
فۆرماسیونی ناسیونالیزمی کوردی لەغیابی هەرجۆرە جیهان بینیەکی کوردانە و
رەوتێکی مێژووی هزر و ئەندێشە لەهەناوی تاک و کۆمەڵگای کوردیدا سەری هەڵداوە،
دیارە مەبەست لە کوردانە لێرەدا ئەوە نیە کە هەڵگری ئەو جیهان بینیە بە کوردی
بدوێت، بەرگی کوردی لەبەر بکات و لەناو کورداندا ژیان بکات، خۆبە فارس، تورک و
عەرەب نەزانێت
(Günter,1993.L,23-57)، بەڵکە کوردانە لێرە
بەمانای زەین و مەعریفەیەکی تایبەت بە تاک و کۆمەڵگایەکە، کە بەرهەمی رەوتی ژیانی
مێژوویی، تەعامولی مێژویی و پێکەوە ژیانی
زەینی و مەعریفی کۆگشتیەک لە مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکتر، لەگەڵ سرووشت و لەگەڵ ئەوێکیتر. واتە ناسیونالیسم وەک رواڵەت بەمانای دابڕان لە
عەشیرەت و فۆرماسیونی کۆمەڵایەتی نەریتی، دابڕان لە پێوەندی بەرهەم هاتوو لەسەر
ئەسڵ و نەسەب وخوێن، وەک هزر بە مانای دابڕان لە هەرجۆرە زەینییەت و شێوە
روانینێکی ئایینی و ئایدۆلۆژیکیە، بە
کورتی ناسیونالیزم یانی هزر و مینتالیتەیەکی کە بەرهەم هاتوو بەهۆی پیوەندی
ئینتێرسۆبژێکتیڤە، واتە بەرهەمی پێوەندی و تەعامولی سەربەخۆیانە و ئازادانەی زەینی
و رواڵەتی سووژەکانە، کە لەگەڵ ئەوەدا وەک
حەڵقەیەکی زنجیر دەبێتە هۆکار بۆ لێک گرێدانەوەی خودەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە،
لەهەمان کاتیشا وەک سنوورێک جیاکەرەوەی خود لەگەڵ ئەوەێکیتردەبێت(دیارە هەم
ئەوێکیتری زەینی و هەم رواڵەتی).
بۆیە دەشێ بگوترێت کە ناسیونالیزمی
کوردی جگە لە حەولێکی دەسەڵات خوازانە، بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات، یان بوون
بەبەشێک لەدەسەڵات، لەخۆگری ناوەرۆکیکی مەعریفی و زەینی نیە، واتە کورد بەر لەوەکە لە رواڵەتدا کۆلۆنیالیزە
کرابێت، خۆی لە زەین و هەناوی خۆیدا کۆلۆنیالیزە بوە، واتە لەغیابی هەرجۆرە
ناوەرۆکێکی لۆکاڵی و کوردانە کە سەرچاوەی سەربەخۆبوونە، بۆ بنیادنانی خودێکی
سەربەخۆی کۆمەلایەتی و سیاسی کە ئەمیش بنیانەری دەسەڵاتێکی رواڵەتی کوردانەیە،
کورد کەوتۆتە ژێر رکێفی دەسەڵات و هێژمۆنی ئەویتری زەینی کە بۆ نموونە دەشێ
ئاماژە بە ئیسلام(جەهادی، سەلەفی و ئسولگەرا) مارکسیسم(لێنینیسم، مائۆئیسم و..)،
ئانارشیسم و...هتد بکرێت. بە کورتی سەرچاوەی کۆلۆنیالیزە بوونی رواڵەتی کورد
لەلایەن ئەویترەوە، کۆلۆنیالیزە بوونی زەینی و مەعریفی کوردە لەغیابی هەرجۆرە
جیهان بینیەکی لۆکاڵی. کە وابێ بەر لەوەکە باس لە دەرچوون لەکۆلۆنیالیزمی رواڵەت و
پێکهێنانی دەسەڵاتێکی کوردی بکرێت، کە لەغیابی ناوەرۆکێکی زەینی و مەعریفی کوردانە
مەحکوومی بەشکەستە، کورد پێویستە لە کۆلۆنیالیزمی زەینی و مەعریفی رزگاری بێت،
واتە کورد بەر لەوەکە رووبەرووی دەسەڵاتی رواڵەتی شۆرش بکات و حەولی لەناو بردنی
بدات، پێویستە بەدژ دەسەڵاتی زەینی و مەعریفی ئەویتر کە لە دەروونیدا نەهادینە
بوە شۆرش بکات، دیارە شۆرش بەدژ ئەوێکیتری زەینی و مەعریفی لە هەناو و دەروونی
کوردا مەیسرو موومکین نابێت، مەگەر خودێکی کوردانە وەک بەرهەمی زەین و مەعریفەی
کوردانە بەرهەم هاتبێت و ببێتە نەخشە رێگای شۆرش بەدژ ئەوێکیتر لە دەروونی کوردا،
ئینجا کە ئەو خودە زەینی و مەعریفیە بەرهەم هات، پێویستە بۆ مسۆگەر کردن و پەرەی
ئەو لەکۆمەلگادا تێبکۆشرێت، دیارە مەبەست لە شۆرش و تێکۆشان و خەبات بەهیچ
شیوەیەک وێناکردن و لەخۆگری فۆرماسیونی کلتووری لێنینیستی نیە، بەڵکە رێک مەبەست
فۆرماسیونی مانایی و کردەوەیی رۆژئاواییە. واتە کورد ناتوانێت بە بەرهەم هێنانی
فۆرماسیونیکی مانایی و هزری پاوانخوازنە بەگژ پاوانخوازێتی ئەویتری پاوانخوازدا
بچێت، بۆیەش کورد پیویستی بە فۆرماسیونیکی مانایی و هزری سووژە تەوەرە هەیە کە
ئەساس و بنەمای پلۆرالیزمی هزری و رواڵەتیە.
ئاکام:
بە کورتی دەشی بگوترێت کە کورد پێویستی بە دابڕان و گوسەستێکی مێژویی هەیە
لە ئایدیا و مینتالیتەی ئۆرتۆدۆکسی. ئەمرۆکە لەهەموو کاتێک زیاتر هەست بە زەروورەتی
ئەو دابڕان و گوسەستە دەکرێت، دابڕان لە ناسیونالیزمی رووتین، دابڕان لە ئەوێکیتر،
خەباتی رواڵەتی، خەبات بەدژ دەسەڵات، ئۆبژەسازی و ئۆبژە پەروەری. ئەوەش مومکین
نابێت مەگەر بە رۆچوونیکی مەعریفیانە و بیرمەندانە بە ناخی ناسیونالیزما، بە شێوەی باوەر بە سەرچاوەی مانا
بوون و خوڵقینەری مانا بوونی مرۆڤ، واتە سووژە و ناسکار بوونی مرۆڤ، بنیادنانی
خودێکی زەینی و مەعریفی سەربەخۆ بۆ دابڕان لە ئەوێکیتر ]دیارە مەبەست
لەسەربەخۆ بوون، دوور بوون لەکارتێکەری دەرکەوتەکانیتر نیە، بەڵکە سەربەخۆ بوون
بەمانای رەخساندنی بەستێن بۆ هاتنە ئارای مەجالی ئەزموون و تەجرووبەیەکی سرووشتی و
بە دوور لە گوشار وهێژمۆنی ئایدۆلۆژیکانەیە لەنێوان سووژە و ئۆبژەدا کە بە هۆی
هێژمۆنی ئایدۆلۆژی لەناوکۆمەڵگادا، ئەو مەجال و بەستێنە لەناوچوە و ئە رەوتە
سرووشتیە لەناوچوە[، خەبات بەدژ
فۆرماسیونی زەینی و هزری دەسەڵاتی پاوانخواز بۆ
کارتێکردن لە رواڵەتی دەسەڵات، بنیادنانی فۆرماسیونێکی نوێ و مۆدێرنی زەینی
و مەعریفی بۆ لەناوچوونی رواڵەتی کۆن و کلاسیکی دەسەڵات.
بێ گومان دابڕان لە فۆرماسیونی عەقڵییەتی ئۆرتۆدۆکسی و لە فۆرماسیونی
رواڵەتی و پێکهاتەی عەینیئەو، کە وێناکەر و پێناسەکەری شێوەی پاوانخوازی دەسەڵاتە
بە هۆی ئایدۆلۆژیک بوونی کە دەبێتە هۆی ئیستیزاحی سووژە ، بەبێ رۆچوون بەناخی
ناوەرۆکی هزری و مەعریفی، دەسەڵات مسۆگەر نابێت، واتە لەغیابی جیهان بینی و
روانگەیەکی هزری بەرۆژ و نوێ لەمەر مرۆڤ، کۆمەلگا و جیهان و باوەرمەندی بەجۆر یان
فۆرماسیونێکی پێوەندی لەنێوان ئەو دیاردانەدا هەر جۆرە ئاڵوگۆریەک غەیری مومکینە،
چوون ئەوە ناوەرۆکی هزری و مەعریفیە کە بنیادنەری فۆرماسیونی رۆاڵەتی دەسەڵاتە.
هەر کۆمەڵگایەک هەتا نەبێتە خاوەی
مرۆڤ لە فۆرمی سووژەی سەربەخۆدا، فۆرماسیونی هزری و مەعریفی نەتەوە خوڵقێن، نابێتە
نەتەوە و ناتوانێ بنیادنەری دەسەڵاتێکی نەتەوەیی خۆسەروەر بێت، چون ئەگەر ئەو
فۆرماسیونە بەرهەمی پێوەندی خودە زەینێکان نەبێت، ئەوا ئەو دەسەڵاتەی کە بنیادی
دەنێت هیچکات ناتوانێت خودی بێت و لەخزمەت نەتەوەدابێت و خزمەت بە بەرژەوەندی
نەتەوەیی بکات.
سەرچاوەکان:
کوردی
-1 حوسێنی،
شاهۆ: کورد،بوونێکی سترۆکتوراڵ، ماڵپەری سیاسی، شیکاری بروسکە، ئاوریلی ٢٠١٨
فارسی
-2 درفشی،
فرید: فوکو و تبارشناسی سوژە مدرن، روزنامەشرق، بخش اندیشە، ٢٧ تیرماه ١٣٩٦
-3 کوروز،
موریس: فلسفە هایدگر، محمود نوالی، تهران، انتشارات حکمت، چاپ دوم، ١٣٧٩
ئاڵمانی
1-
Anderson,Benedict: Die Erfindung der Nation. Zur
Karriere eines erfolgreichen Konzepts, Frankfurt. 1988
2-
Friedrich,Carl: geschichte Des Rationalismus Und
Supernaturalismus Vornehmlich In Bezihung Auf Das Christenthum. Tyska. 2011
3-
Günter,Behrendt: Nationalismus in Kurdistan.
Hamburg. 1993
4-
Köppen,Ulrich:Die Ordnung der Dinge”Eine
Archäologie der Humanwissenschaften“. Michel Foucault . Frankfurt. 1966
5-
Müller, Gerhard Ludwing: Katolische Domatik für
Studium und Praxis der Theologie, freuburg. 2005
6-
Lenin, werke:Drei Quellen und drei Bestanteile des
Marxismus. Dietz Verlag Berlin. 1977
7-
Peter,Potthoff, Sabine Wollnil: Die Begegnung Der
Subjekte. Psychosozial Verla . 2014
سەرچاوە: http://brwska.org/content-100.html