۱۳۹۸ آذر ۹, شنبه

پرۆبلماتیزە کردنی شەهید


شاهۆ حوسێنی
شەهید وەک بوونێکی لە زەمان و لە مەکان‌دا نەک لە دەلاقەی حزووری جەستەیی کە وەک حزووریکی مەعریفی و فۆرمیکی  لەبوونی ئامانج‌دار و ئاگا لە ناو ئێمەی کوردا غایبە، شەهید لەناو ئێمەی کوردا بە مانای غیابی فۆرمیکی جەستەیی کەسەربار لەناو جەغزی جەستەدا قەتیس ماوە و دەرناچێت و ناتوانێ فۆرمیکی سەربەخۆ لە جەستە بەخۆیەوە بگرێت، بۆیەش لەناو ئیمەی کوردا بە هۆی غیابی ئێپیستمەیەکی نەتەوەیی مۆدێرنی سوژە تەوەرە، جەستە کە نەما هێز و ‌هێژمۆنی سەیروورەتی لە فۆرمیکی تریشدا نامێنێت، ئەوە لە کاتێک‌دایە کە مرۆڤ وەک فۆرمێک لە بوونی جەستەیی لە پاش نەمانی جەستە دەتوانێ لە سەیروورەتی بوون‌دا لە فۆرمی بوونیکی تردا درێژە بە کارتێکەری و مانی بدات لە خزمەت بە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەی و نەتەوەکەی. بیرمەندێک لە فۆرمی ئەندێشە و فەلسەفەیەک‌دا درێژە بە مان و خزمەت دەدا، ڕێبەرێکی کاریزماتیک لە فۆرمی جۆرێک لە کردە و ئەکتی نەتەوە تەوەرەدا وەک میرات کە لەپاش خۆی بەجێی دێڵێت درێژە بە مان دەدات. بە هەمان شیوەش شەهید وەک فۆرمێک کە بەرهەم هێنی چوارچیوەیەک لە بوون بە مانای ڕوڵەی نەتەوە، خۆبەخشی ئاگا و داڕشتنی نەقشە ڕێگایەک بۆ سەرفەرازی و بەرخۆدان لەپاش نەمانی جەستەش دەتوانێ درێژە بە مان و سەیروورەت بدات.
ئێمەی کورد لە غیابی عەقلییەت و گوتارێکی نەتەوەیی گشتگیر هیچ‌کات نەمانتوانیوە کێشەکانمان، دەسکەوتەکانمان و یەک لەوان شەهید پرۆبلماتیزە بکەین، واتە فۆرمێکی مەعریفی و نەتەوەیی پێ ببخەشین کە ڕیک‌خەر و هارمۆنی بەخشی جموجۆڵەکانی شەقامی کۆمەڵگا بێت. کورد بە بەردەوامی لە چل ساڵەی عومری کۆماری ئیسلامی‌دا بەدژ دیکتاتۆرییەت و بۆ ئازادی شەهیدی داوە بەڵام شەهیدەکان لە خزمەت بۆنە حیزبێکان دا قەیتس ماون و حیزبایەتی سنووری کردەی بنەماڵە و کۆمەڵگای خاوەنی شەهیدی سنووردار کردۆتەوە، ئەوەش دەگرێتەوە بۆ سنووردار کردنی سنووری کردە و ئەکتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی سیاسی لەلایەن حیزبەکانەوە، لەناو کۆمەلگای کوردی‌دا هەمووشتێک بە پێوانەی حیزبی دەپوێرێت، نەتەوەیی بوون، کوردایەتی، جاشایەتی، خیانەت و دەروەست بوون.
ئەگەر ئێمە نەتوانین وەک کورد کێشە و بوونەکانمان لەناو بەستێنی نەتەوەیی و لەخزمەت بەرژەوەندی نەتەوەیی‌دا پرۆبلماتیزە بکەین، ئەوا نەک سەدەی بیست و یەک کە دەیان سەدەی تریش نەک هەر لەسەر جێگای خۆمان کە لەپاشەکشەی زیاتر داین، زێدە لە دوو هەزار ساڵە ژێئۆپۆلەتیک و بوونی کورد لە پاشەکشەی بوون دایە و ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو پاشەکشەیە هەر بەردەوامە.

۱۳۹۸ آذر ۴, دوشنبه

لە ناڕزایەتی دەربڕین بۆ گۆرینی دۆخ بەروە ناڕزایەتی دەبرین بەمەبەستی گۆرینی ڕژێم


شاهۆ حوسێنی
سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ڕیبەندانی ساڵی ١٣٥٧ بەرهەمی هێژمۆنی و پەرەی عەقلییەتی زەروورەتی گۆرینی رژێمی پالەوی بوو کە لەناو کۆمەلگا و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران‌دا بە هەموو کەمینەکانەوە پەرەی ئەستاند و مسۆگەر بوو، واتە لەپاش ئەوەکە دوو حەولی سەرەکی کە یەکیان لە دەیەی سی لەلایەن مووسەدیق و ئەوی‌تر لە دەیەی چل لەلایەن عەلی ئەمینی بۆ پاشەکشە بە دەسەڵاتی سەرە‌ ڕۆ و پاوانخوازی حەمەڕەزاشا حەتتا بەشێوەیەکی لانی‌کەمی شکەستی هێنا، لە دەیەی چل و سەرەتاکانی دەیەی پەنجا ڕیکخراوە ڕادیکاڵ و چەکدارەکانی کە ئامانجیان ڕووخاندنی حکوومەتی پاشایەتی بوو کەوتنە جمووجۆڵ و هێرش کردنە سەر دەسەڵات بە شێوەی جۆراوجۆر، ئەو عەقلییەتە واتە عەقلییەتی ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی بەرەبەرە و لە نێوەراستی‌ دەیەی پەنجا را لەناو کۆمەڵگا هێژمۆنی پەیدا کرد و لە کۆتایی‌دا ساڵی ٥٧ بەڕژانە سەرشەقامەکانی خەڵک و بەردەوام بوونیان لەسەر ئیرادەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی، کۆتاییان بەو دەسەڵاتە هێنا.
 لە ساڵی ٥٨ ڕیکخراوە تووندئاژوێکان توانیان بە کۆدەتایەکی پۆلۆیستی شۆرشی گەلانی ئێران کە شۆرش بەدژ دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازێتی بوو، دەستی بەسەر‌دا بگرن و پاوانی بکەن، دیارە ئۆپۆزیسیونی کورد هەر لەسەرتاوە لەناوەرۆکی ئەو ڕژێمە گەیشتبوو بۆیەش دەنگی بە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی نەدا و هەر زوو ڕەێچکەی خەباتی دیمۆکراتیکی هەڵبژارد.
لەگەڵ پەرەگرتن و مسۆگەرتر بوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و لەپاش کۆتایی شەر بەرە بەرە ناڕزایەتی و دەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵک بەدژ هێندێ لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ‌کرد( هەلبەت ئەوە بەو مانایە نیە کە ڕیکخراوەکانی وەک موجاهیدن و چریک کەکان و بڕی ریکخراوەی تر خوازیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نەبوون، لێرە مەبەست کۆمەڵانی خەڵکە)، ئەم دەرکەوتنە ناڕزایەتیانەی کۆمەڵانی خەڵک بەتایبەتی لە کۆتایی بەهاری ساڵی ١٣٧١ لە شارەکانی مەشهەد، ئەراک، مۆبارەکە و تاران یەکەم دەرکەوتنی بەرین بوو بەدژ  ئاوسانی سەرووی ٥٠ لەسەد لە سەردەمی هاشمی رەفسەنجانی و لەپاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی کە بەشێوەیەکی تووند سەرکووت کرا. ساڵەکانی ١٣٧٣ و ١٣٧٤ ناڕزایەتێ کۆمەلایەتێکان بە دژ دۆخی نالەباری ئابووری و بەمەبەستی ناڕزایەتی دەربین بە دۆخی خراپی ژیان لە قەزوێن و ئیسلام شار سەری هەلداوە. بەڵام بەرە بەرە کە بەرەو پێشتر دەێین دەردەکەوێت کە ناڕزایەتێکان لە نیوەی دووهەمی دەیە حەفتا ڕا ئیتر رەنگ و بۆی سیاسی تۆخ بەخۆیەوە دەگرێت لە ناو زۆرینە خاوەن دەسەڵات واتە فارسەکان‌دا( دیارە کوردەکان هەر لە ساڵی ٥٨ ڕا بوونە دژبەری کۆماری ئیسلامی) کە دەکرێ ئاماژە بە ناڕزایەتێکانی ساڵەکانی ٧٨ و ٨٨ بکریت کە ئەگەرچی سیاسیش بوون بەڵام ئامانجیان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵکە ناڕزایەتی دەربرین بە دژ دۆخێک و گۆرینی ئەو دۆخە بوو.
بەڵام ناڕزایەتێکانی نیوەی دووهەمی دەیەی نەود بەرەبەرە ترووسکایی گوزار بەرەو عەقلییەتی گۆرینی دەسەڵات و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیان تیا دەرکەوت. بە تایبەت ناڕزایەتیکانی خەزەڵوەری ئەو ساڵ کە هەم لە بەرین بوونەوەی‌دا، هەم لە دەرکەوتنی کۆمەلگا دا و هەم لەشێوەی هەڵسووکەوت‌دا کە هێرش کرایە سەر حەوزەی پەروەردە کردنی ئاخوند، ماڵی ئیمام جوومعەکان کە نوێنەری خامنەیین و ناوەندەکانی پۆلیس و بسیج. بەم شێوەیە دەشێ بگوترێ کە ناڕزایەتێکان لە ئێران خەریکە بەرەو هیژمۆنی عەقڵییەت زەروورەتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەچێت، ئەگەر چی لەغیابی ئۆپۆزیسیونیکی رێک‌وپێک و گوتارێکی گشتگیر ئەمجارەش ناڕزایەتێکان سەرکووت کران، بەڵام زۆر لەوەدەچیت کە هەر لەو بزاڤانەڕا گوتارێکی گشتگیر و فۆرمێکی ڕواڵەتی کە بتوانێ پێشەنگایەتێکی لانی‌زۆری کۆمەڵگا بگرێتە ئەستۆ دەربکەوێت، هەرچێکی هەیە ئێران لەبەر دەم ئاڵوگۆرێکی جیدی دایە کە بەستێنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کلتووری ئێران دیاری کەری ئاسۆی ئەو ئاڵوگۆریە دەبێت.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی