۱۴۰۲ آذر ۱۰, جمعه

کامە بڵاڤۆک کۆڵەکەی چوارەمی دێمۆکراسیە؟

 




شاهۆ حوسێنی

دیمۆکراسی بەرلەوەکە دیاردەیەکی ڕواڵەتی بێت بەمانای چالاکی چەند حیزبی سیاسی، هەڵبژاردن و مەجالی بەشداری کۆمەڵانی خەڵک وەک دەنگ‌دەر، دیاردەیەکی مەعریفی و زەینیە کە لەسەر بنەمای فەلەسەفەی‌سوبژێکتیڤیسم واتە باوەڕ و شەرعییەتی‌تاکی‌سوبژە بنیادنراوە، بەوپێیە دەشێ ‌بگوترێ کۆڵەکە زەینی و مەعریفێکانی دێمۆکراسی بریتین لە:

ئەلف: تەوەر بوونی تاک، بەمانای سەرچاوە بوونی مرۆڤ بۆ پێناسەکردن، شووناس بەخشین، ئاسۆ و خواست دیاریکردن لە دەرەوەی هەرجۆرە هێزیکی بان مرۆیی. تەوەرە بوونی تاک لەڕاستی‌دا لەهەناوی شەرعییەتی سەربەخۆبوونی تاک و متمانە بە عەقڵی مرۆڤە، وەک تاکە سەرچاوەی جێگای متمانە.

ب: بەرابەری، بەمانای شەرعییەتی مەجال و بەستێنی دەرکەوتنی تاکی جیاواز لە "من" بەپێی شەرعییەتی سەرچاوە بوونی مرۆڤ، واتە مەجالی بەرابەر بۆ دەرکەوتنی ئەوی‌تری "من" وەک تاک و مرۆڤ.

پ: ئازادی، بە مانای مەجالی دیاریکردنی خواست، دەرکەوتنی سەربەخۆیانەی تاک و خۆ پێناسەکردنی سەربەخۆیانەی تاک کە لە تەنیشت دوو کۆڵەکەکەی‌تر سێ‌کووچکەی نەزەری دیمۆکراسی بەرهەم دێنێت.

گرینگی ئەم سێ کۆڵەکەیە لەوەدایە کە سنووربەندێکی ڕوون و ئاشکرا دەردەخات لەنێوان ڕەوتە شێوە دێمۆکراتەکان کە لەڕێی دەرخستنی حیزبی دەسکرد، هەڵبژاردنی مۆهەندیسی‌کراو و پاوان‌کردنی دەرگا دیار و نادیارەکانی دەسەڵات و دەرخستنی ئاکامی دڵخوازی دەسەڵاتی حاکم لەگەڵ دێمۆکراسیە ڕاستەقینەکان کە تاک و کۆمەڵگا کۆڕگێڕی سەرەکی بەستێنی سیاسین.

 

 

دەسەڵاتە شێوە دێمۆکراتەکان

دێمۆکراسی تا ئەو ڕادەیە گرینگ‌و شوێن‌دانەرە کە حەتتا دەسەڵاتە دیکتاتۆر و پاوانخوازەکانیش حەول دەدەن خۆیان وەک دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک پێناسەبکەن و دەربخەن، ئەوان حەول دەدەن لەڕێی دەرخستنی حیزب و پێکاهتەی دەسکرد و بە ڕواڵەت جیاواز، هەڵبژرادنی شانۆیی و کۆنتڕۆڵ‌کراو کە پێش‌تر ئامانجەکەی و لێکەوتەکەی لەپشتی پەردەوە دیاری کراوە، کۆمەڵانی خەڵک بکێشنە ناو بەستێنی سیاسی داڕێژراو و بەمشێوەیە شەرعییەتی نەتەوەیی بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، تا بەم شێوەیە نرخی پاوان‌کردنی دەسەڵات و دەرکەوتنی ناڕزایەتی کەم دابەزێنن. جگە لە حیزب و نیزامی حیزبی وەک یەکێک لە کۆڵەکە ڕواڵەتێکانی دێمۆکراسی لە سیستمە شیوە دێمۆکراتیکەکان‌دا یاسای بنەڕەتی وەک کۆڵەکەیەکی‌تر بەرهەمی ئیرادە، خواست و ئامانجی دەسەڵاتی حاکمە و لەڕێی هێزی حکوومەتی بەسەر کۆمەڵگادا سپێندراوە، یاسای بنەڕەتی لەوەها دەسەڵات گەلێك‌دا بەرلەوەکە نوێنەرەی ئیرادەسی سەربەخۆیانەی تاک و کۆمەڵگا، لەخۆگری خواست و بەرژەوەندێکانی تاک و کۆمەڵگا بێت، نوێنەری ئیرادەی دەسەڵاتی حاکم و زایەڵەی خواست و بەرژەوەندێکانی دەسەڵاتی حاکمە، دیارە هەڵبژاردنیش وەک ڕەوتێک بۆ دیاریکردنی پاڕلمان وەک کۆڵەکەیەکی‌تری دیمۆکراسی لە نیزامە شێوە دیمۆکراتیکەکان‌دا بەهۆی جەعلی بوون و دەسکرد بوونی کۆڵەکەکانی‌تر دەرکەوتەیەکی‌ سەربەخۆ نیە و لەژێر کارتێکەری دەسەڵاتی حاکم دایە. لەوەها دەسەڵات‌گەلێك‌دا بڵاڤۆک وەک کۆڵەکەی چوارەم بە هۆی غیابی کۆڵەکە نەزەرێکانی دێمۆکراسی(تاک‌تەوەرەیی، بەرابەری و ئازادی) تەنیا ئاوێنەی باڵانوێنی دەسەڵاتی حاکم و شێوە کۆڵەکەیەکە بۆ سەپاندنی ڕوانگە مەعریفێکانی دەسەڵاتی حاکم.

 

دەسەڵاتە دێمۆکراتیکەکان

ساکارترین مانای دێمۆکراسی بریتیە لە دەسەڵاتی گەلی، بەڵام ئەم ڕوانگەیە لەهەناوی خۆێ‌دا ئاڵۆزی و ڵێڵی زۆری هەڵگرتوە، بەهۆی ئەوەکە دەسەڵاتە شیوە دێمۆکراتیکەکانیش خۆیان وەک دەسەڵاتی گەلی، نوێنەری زۆرینەی گەل و هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگا پێناسە دەکەن. ئا ڕێک‌لێرەدا پرسیار دێتەگۆڕێ کە چلۆن دەکرێ دەسەڵاتی گەلی و ناگەلی لێك جیابکرێتەوە؟ ئاخۆ لەنێوان ئەم دوو دەسەڵاتە هیچ جیاوازیەک هەیە؟

وڵام ئەرێنیە، بێ‌گومان لەڕێی دیاردە نەزەری و زەینێکان‌ڕا دەکرێت دەسەڵاتی گەلی و ناگەلی لێک جیا بکرێتەوە و جیاوازێکانیان دەربخرێت. دەسەڵاتی گەلی لەڕاستی‌دا بەرهەمی ئیرادە، خواست‌و ئامانجەکانی تاکە، واتە تاکی سوبژە لە سوبژێکتیسم‌دا وەک ژێرخان‌و تەوەرەی جیهان، بەرهەم هێنی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کۆمەڵگا، کلتوور و...هتدە وەک ڕووخان. ئاسۆی دەسەڵات، شێوازی دەسەڵات، ئامانجی دەسەڵات و بەرژەوەندی دەسەڵات لەناو دەسەڵاتی گەل‌سالار و گەلی‌دا هەمووی لەخزمەت پەرەی بەرژەوەندی و خواستی تاک و کۆمەڵگای مرۆیی‌دایە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە لەدەسەڵات ناگەلێکان‌دا ئەوە دەسەڵاتی حاکم و مسۆگەر کە داڕێژەر، بەرهەم‌هێن و پێشبەری هەموو دیاردەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووریە و تاک و کۆمەڵگا ناچار و بە زۆرە ملی ملکەچ و گوێێ‌ڕایەڵی دیاردە حکوومێکانن. 

لە دەسەڵاتە دێمۆکراتیکەکان‌دا حیزبی سیاسی بەر لەوەکە سیاسی بێت، مەدەنیە بەهۆی ئەوەکە زایەڵی کۆمەڵگای مەدەنیە، هەڵبژاردن بەرلەوەکە سیاسی بێت بەمەبەستی دیاری‌کردنی کۆڕگێڕانی سیاسی، مەدەنیە بەهۆی ئەوەکە لە ئاکامەکەی زایەڵەی خواستی کۆمەڵگای مەدەنیە.



بڵاڤۆکەکان وەک گرنیگ‌ترین کەرەسەی مەدەنی و کۆڵەکەی چوارەم، لە خزمەت بەرژەوەندی تاک‌و کۆمەڵگای مەدەنی‌دایە، بڵاڤۆک زایەڵەی تاک‌تەوەرەیی، بەرابەری و ئازادیە لەلایەک و لەلایەکی‌تر بەستێن و کەرەسەی سیروورەتی بەردەوامی تاک‌تەوەرەیی، بەرابەری و ئازادیە، لەڕاستی‌دا دەشێ بگوترێ کەگرینگ‌ترین جیاوازی دەسەڵاتی گەلی و ناگەلی لە غیابی کۆڵەکە زەینی و مەعریفێکانی دێمۆکراسی‌دایە، واتە بوونی سوبژتکیڤیسم، بەرابەری و ئازادی لە دەسەڵاتە گەلێکان پێش دەگرێت بە سەرەڕۆیی، پاوانخوازێتی و پۆپۆلیسم، لەوەها کۆمەڵگایەک‌دا بڵاڤۆک وەک کۆڵەکەی چوارەمی دیمۆکراسی لە ڕاستی‌دا بەر لەوەکە لەتەنیشت حیزب، نیزامی حیزبی و پەڕڵمانیسم دابنیشێت، لەپاڵ سوبژێکتیڤیسم، بەرابەری و ئازادی دادەنیشێت و بەرهەم هێنی کۆڵەکەی چوارمی زەینی دێموکراسیە.

۱۴۰۲ آذر ۷, سه‌شنبه

هوونەرمەند لەگوێن ڕووحی‌نەتەوە

 




(بەبیانووی‌کۆچی‌دوایی هوونەرمەند تاهیرخەلیلی)

شاهۆ حوسینی

ڕووح لە جیهانی ئەندێشە و فەلسەفەدا جیاواز لە جیهانی تێئۆلۆژی بە مانای هزر، عەقڵ، هەست‌و.... هتد بەکار دەبرێت. لەڕاستی‌دا ڕووح وەک چەمک و فۆڕماسیونێکی مانایی لەخۆگری ڕەوتی هەڵگێڕانەوەی گیان، ڕواڵەت و بوونی مرۆڤە بە مەبەستی پەرە و پێشکەوتی مرۆڤ، کۆمەڵگا و نەتەوە لە ئەندێشەی هێگل‌دا. ڕووح خوڵقێنەر، بزوێنەر، پاڵنەر و داڕێژەرە لەجیهانی فەلەسەفەدا، مانابەخش بە ژیانی تاک و کۆمەڵگا، دەرخەری وێنایەکی زەینی و لەمەر مرۆڤگەلێکی جیاواز و لێک‌گرێدراوی جیهانی نەتەوەیە. ئەگەر بیرمەند، فەیلەسووف و ژیرمەندەکان جیهانی زەینی هەڵدەگێڕنەوە و فۆنداسیونی جیهانێکی زەینی نوێ دادەڕێژن، ئەوا هوونەرمەندیش داڕێژەر و خوڵقێنەری جیهانێکی لێک‌گرێدراو لە تاکی کۆمەڵگا بە ڕایەڵی هوونەرێکە کە زایەڵە و ڕەنگدانەوەی کۆلکەزێڕینەی بەها، نۆڕم و کلتووری کۆمەڵگایە.

 

ئەو هوونەرمەندانەی خوڵقاندیانم:

لە کوردستان بەدەر وەک جیهانێکی‌کلتووری، زمانی‌و زەینی هیچ‌شوێنێکی‌ترم نەدیبوو، هەتا ساڵی پەنجاو هەشت وەک بنەماڵە تەبعیدکراین و ڕوومان لە عەجەمووستان کرد وەک جیهانێکی کلتووری، زمانی و زەینی نەتەنیا جیاواز کە دژبە. جیهانێک‌کە هەم بە ئەشکەنجەی‌جەستەیی لەڕێی لێدان حەولی سڕینەوە و پەراوێز خستنیان دەداین، و هەم به ئەشکەنجەی ڕووحی لەڕیی داسەپاندنی بەها، نۆڕم‌و کلتوووری‌خۆیان نەتەنیا حەولی سڕینەوەیان دەداین کە حەولی داڕشتنەوەی سەرلەنوێی بوونیکی ئۆبژ و دەسکردیان لەمە دەدا، بووکەڵەیەک کە جەستیەکی ئاخندراوی بە جیهانێکی زەینی جیاواز هەیە.

ڕێک لەوەها دۆخێك‌دا کە ئێمە ئیزن و مەجالی گەڕانەوەمان نەبوو، و ژیان و جیهانێکی بێگانەمان بەسەردا سەپابوو، لەڕێی هوونەری گۆرانی و موزیکی کوردی من خوڵقام، سەرەتا وەک بوونێکی فیزیکی و جەستەیی لە دایک و باوکێکی بایولۆژیکی خوڵقابووم، بەڵام ئەم جارە لەڕێی هوونەر و موزیک وەک بوونێکی زەینی، نەتەوەیی و کوردانە خوڵقامەوە، موزیک بۆ من بوو بە ڕووحی بەرنگاری دژ بە هەموو هێرش و هەڕەشەکانی ئەو جیهانە داگیرکەرە کە حەولی بەکلۆنی‌کردن و داگیرکردنی منی دەدا، موزیکی کوردی و دەنگی مامۆستایان ماملێ، زیرەک، خالەقی، هۆمەر دزەیی، ساڵح دیلان و شارووخ و شێعرەکانی مامۆستایان هێمن، هەژار، گۆران و ....هتد منیان وەک بوونێکی کورد خوڵقاند، منیان گرێ‌داوە بەو جوغرافیایەی کە لێی تاراندرابووم، من ئەو نەیە بووم کە لە نەیستان دابڕابووم و ناڵەم تێکەڵی نەی موزیکی کوردی کردبوو و ئەم لێك‌گێردانەوە زەینیە، بەربەستێکی قایم و پۆڵایین بوو لە بەتاڵ بوون و توانەوەم لە ناو شووناس و بوونی ئەوی‌ترێکی‌کە بێگانە بۆ منی داڕشتبوو. ئەم سەردەمە لە هەناوم‌دا سنووربەندیەک لەنێوان من و ئەوی‌تردا دەرکەوتبوو، ئەم کەلێن و قەڵشە لەنێوان من و ئەوی‌تردا ئەکتیڤ ببو، بەڵام هێشتا نەکەوتبوومە بەرەی بەربەرەکانی، بەرخۆدان و دژکردوە بە دژ ئەوی‌تری داگیرکەر، ساڵی شەست‌ویەک گەڕاینەوە مەهاباد، ئەمجارە منی زەینی و ڕووحی تێکەڵ دەگەڵ ئەم ژینگەیە بوومەوە کە بە شێعر و گۆرانی خوڵقاندبویانم، دیارە گەڕانەوەم تەنیا تێکەڵ بوونەوەیەک نەبوو، بەڵکە سەیروورەتی خوڵقاندنی لە هەناوی منه‌دا پەرە پێ‌دا، من نەگەڕامەوە ئەو کوردستانەی کە بەجێم هێشتبوو، کوردستانی ئێستا مەیدانی خەبات، پێشمەرگە، چەک و فیشەک بوو بە دژ داگیرکەر، تێگەیشتن لەو فەزا و کەشەش بۆ من هەر لەڕێی موزیک و هوونەری گۆرانێوە بوو، دەنگەکانی شۆڕشی کوردستان: ڕەزازی، جەزا، نەجمەی غوڵامی و دواتریش تاهیر خەلیلی ئەم بوونە کوردانە داڕێژراوەری لە هەناوی منا لەگەڵ شۆڕشی کوردستان گرێ داوە. هوونەر بوو بە ئامرازی خوڵقاندنی من و جیهانێک پڕ لەشۆڕش و نەتەوە، بوو بە ڕایەڵی تێگەیشتن و فامی جیهانێک کە وەک جیهانی شۆڕش، خەبات‌و کوردایەتی پێناسەدەکرا و دەکرێت. لەڕاستی‌دا هوونەری گۆرانی و مۆزیک ببوونە ڕوحی‌نەتەوەیی، خوڵقینەری دێمۆگرافیەکی کۆمەڵایەتی بوون لە هەناوی تاکی کوردا کە سنووربەندێکی پۆڵایین و قایمی هەبوو لەگەڵ ئەم فۆڕماسیونە جەعلی‌و دەسکردەی‌کە ئەوی‌تری دژەکورد دایڕشتبوو، مۆزیک و گۆرانی کوردی ڕێک بەرگێڕەوە، هەڵگێڕەوە، ڕاپەڕێنەر بوو، بەری‌گرتبوو بە پەرە و سنووربەزاندن و داگیرکارێکانی ئەویهتری دژەکورد و تاکی کوردی هەڵگێڕابوە لە فۆڕمێکی دەسکرد بەرەو فۆڕمێکی لۆکاڵی و ڕاپەڕینەر بوو بە دژ ئەو داگیرکەرەی حەولی پێش‌گرتن بە دەرکەوتنی خودێکی سەربەخۆی کوردانەی دەدا.

بێ‌گومان هوونەری کوردانە و هوونەرمەندی کورد لەوەها کەش و هەوایەک‌دا بەمانای بوونێکی ناو ژینگەیەکی ڕواڵەتی کە بە زمانی کوردی وەک دیاردەیەکی ڕواڵەتی گۆرانی دەکووت نیە، بەڵکە هوونەری کوردانە یانی نەخشاندنی جەوهەر و ڕوحی ژینگەیەک کە وەک کوردستان سنووربەندی دەکرا و چڕینی مێلۆدی و شێعرگەلێک کە جوغرافیای وینا و ڕووحی کوردانەی تیا نەخشاوە. ئا ڕێک لەو کات و بەستێنە دایە کە هوونەر و هوونەرمەند دەبنە ڕووحی نەتەوە و لەگوێن ڕووحی نەتەوە دەردەکەون.

سەرچاوە: هونەرمەند لەگوێن ڕووحی نەتەوە (بەبیانووی کۆچی دوایی هونەرمەند تاهیر خەلیلی) – ماڵپەڕی فەرمیی ماملێ (mamle.net)

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی