۱۳۹۶ خرداد ۱, دوشنبه

رەهەندی سێهەم ( کۆمەڵناسی جیاوزی روانگەی نێوان کۆمەڵگا و ئۆپۆزیسیون)

شاهۆ حوسینی
پێشەکی:
بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری خولی دوازدەهەم لە ئێران بوو بەهۆی زەق بوونەوەی هەرچی زیاتری کەلێن و قەڵشی نێوان روانگەی کۆمەڵگا لەناوخۆ و ئۆپۆزیسیونی کورد لە دەرەوەی کوردستان، کەلێن و قەڵشێک کە ئەگەر خوێندنەوە و خەسارناسێ نەکرێت لە درێژەدا دەتوانێ ئەو قەڵش و دابرانە قوڵتر و قەیراناوی‌تر بکاتەوە، دیارە ئەو دەرکەوتەیە دەکرێ لەزۆر لایەن و بوعدەوە ئاوری لێ بدرێتەوە و تیشکی بخرێتە سەر، بەڵام ئەو نووسراوەیە هەوڵ دەدا بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی ” دابرانی بەرەکان* وەک یەکێک لەگرینگترین و ئەکتیوترین کەلێنەکانی کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگادا، بەجەخت کردن لەسەر رەهەندی بەرەی میژوویی مانهایم ، تیشک بخاتە سەر ئەو جیاوازەیە. مانهایم لە رەهەندی بەرەی مێژویی‌دا لەسەر ئەو باوەرەیە کەلێنی نێوان بەرەکان و دابرانی بەرەکان ئاکامی حەتمی ئەزموونی جیاوازی بەرەکانە لە رەوتی مێژویی‌دا, ئەگەرچی توێژینەوەی کۆمەڵناسانە بەکەڵک وەرگرتن لەو چمکە زۆر کۆن نیە، بەڵام توانیوێتی ببێتە بنەمای توێژینەوەگەلێکی زانستی کە دەرئەنجام و ئاکامی باشیان لێ کەوتۆتەوە.
دابرانی بەرەکان:
دابرانی بەرەکان وەک چەمکێک نیشان دەر و ئاماژەیەکە بۆ جیاوازی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و جیاوازیکی مانادار لە هزر و باوەرەگەلی تاک کە رێگا پێشاندەر و نەقشە رێگای کردوەی تاکەکانە، خاوەن رایان لەسەر ئەو باوەرەن کە ئاڵوگۆری بەربڵاو و خێرا لەناو کۆمەڵگاکان و پێوەندی بەربەرین و بەردەوامی نێوان کۆمەڵگاکان بەتایبەتی لەپاش شۆرشی سەنعەتی و لەدرێژەدا شۆرشی تێکنۆلۆژیکی، دابرانی نێوان بەرەکان وەک قەڵش و کەلێنێکی کۆمەڵایەتی زەقتر و گرینگتر کردوە، ئەگەر لە کۆمەڵگا نەریتێکان‌دا ئەوا نەریتە کۆمەڵایەتێکانی سەرچاوە گرتوو لە پێوەندی هێرارشیکی بنەماڵەیی، گەورەسالاری و عەقڵانییەتی زەروورەتی ملەکەچ بوون بە نەریت و نۆرمەکان ئەرک و رۆڵی کۆمەڵ‌گر کردنی چین و بەرە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای لەئەستۆ بوو، ئەوا ئاڵوگۆری لە سیستمی پەروەردە و بارهێنان، پەرەی زانستگا و زانستی مۆدێرن، هاتنە ئارای کەرەسە و ئامێر گەلی تێکنۆلۆژیکی مۆدێرن، دەور و نەقشی گەورەکان و بنەماڵەی لە کۆمەڵ‌گر کردنی بەرەکان کەم‌رنگتر کردوە، بە جۆرێ کە پێکهاتەی پیوەندی مانایی و رواڵەتی تاکەکانی لەگەڵ بنەماڵە و کۆمەڵگا گوری و لەجیات عەقڵانییەتی ملکەچ کردن بۆ نۆرم و بەها کۆمەڵایەتێکان، عەقڵییەتی شک لە بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتێکان و روانگە گەلی جوارجۆر و جیاوازی لەمەر ئانتۆلۆژی و ئیپیستمۆلۆژی بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتێکان هێنایە ئاراوە. ئەو رەوتەش بێ‌گومان دەگەرێتەوە بۆ پەرەی زانیاری و زانست بەتایبەتی لەپاش پەرەی تۆری ئینترنێت، رایەڵەگشتێکان، سۆشیال میدیا و کەرەسەکانی تری راگەیاند کە وەک شۆرشی زانیاری پیناسە کراوە. ئەو ئاڵوگۆریانە بوونە هۆی جیاوازی لە فام، خوێندنەوە، بۆچوون و کردوەی نێوان بەرەکان لەبەرامبەر دەرکەوتەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابووری‌دا.
مانهایم لە رەهەندی بەرەی مێژوویی‌دا تیشک دەخاتە سەر ئەو دەرکەوتە گرینگە مێژووییانەی کە لە بازنەی جوغرافیایەک‌دا و لە دەورەیەکی مێژوویی دا هەل و دەرفەت دەرەخسێنن هەتا تاکەکان بەیەکەوە و لە تەعامول لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دەسەڵات، ئەزموون و تەجرەبەیەکی هزری و مەعریفی جیاوازیان دەست بکەوێت، بۆ وێنە لە پێکهاتەی نەزمی جیهانی‌دا دەتوانرێت ئاماژە بە رووخانی سیستمی دوو جەمسەری و عەقڵییەتی چەپی ئۆرتۆدۆکسی، پەرەی خەباتی مەدەنی و سەرکەوتنی رەوتی رێفۆرمخوازانەی دێموکراتیزسیون لە وڵاتانی جۆراوجۆر بکرین و لەناوخۆش ئێمە دەتوانین باس لە دەور و نەقشی خاتەمی بکەین کە لە ساڵی ٧٦ را هەتا ٨٤ وەک سەرۆک کۆمار، بە لابردنی سیستمی گوزینیش لە زانکۆکان مەجال و دەرفەتی رەخساند کە بەشیوەیەکی بەرین خوێندکاری کورد لە بەشەکانی زانستی سیاسی، فەلسەفە، یاسا، کۆمەڵناسی و لە ئاستەکانی ماستەر و دکتۆرا وەربگیرێن، لەهەمان کات‌دا بەستێن و زەمینەی رەخساند کە بڵاڤۆکە گشتێکانی وەک رۆژنامە، گۆڤار، حەوتەنامە، دووحەوتەنامە و بڵاڤۆکە خوێندکارێکان بەشیوەیەکی بەرین دەربچن، هەروەها مەجالی چاپ و بڵاو بوونەوەی رێژەیەکی زۆری کتێب رەخساند کە پێشتر هێڵی سوور و بڤە بوون، ئەو رەوتە لەناو کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و لەناو کۆمەڵگای کوردی بە تایبەتی بوو بە هۆی بەرهەم هاتنی بەرەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەو بەرەیەی کە هەڵگری عەقڵییەتی شۆرش و شەر و بەرخۆدان بوون، بە جۆرێک کە بەرەی تازە هەڵگری عەقڵییەتیک و فامێکی جیاواز بوون. ئەو بەرەیە ئەگەرچی دردوونگ و شل بوو لە پێوەندی و هەواهەنگی لەگەڵ هاوبەرەکانی تری لەناو زۆرینە، بەڵام وردە وردە بە تێکەڵاو بوونی نووخبەکان لەگەڵ بەرەی نوخبەی زۆرینە بەرە بەرە لێک نزیک بوونەوە، دیارە ئەو لێک نزیک بوونەوەیە بەمانای هاوئامانجی و هاو خواستی لە بیدایەتی خۆی‌دا نیە، بەڵام بە پێی سیگناڵەکانی پەرەی ئەو عەقڵییەتەیە، رێگای دەرباز بوون لە قەیرانی داپڵۆساندن و سرینەوە، سەرکەوتنی دێموکراسی لە کۆمەلگادایە و ئەو دێموکراسیەش بەرهەمی رەوتێکی هەنگاو بەهەنگاو لەلایەن کۆمەڵگای مەدەنی و ئۆرگانەکانێتی.
ئاکام:
مانهایم بەگشتی لە تێئۆری بەرەی مێژویی‌دا پێ‌داگری لە سەر چەند خاڵ دەکات:
یەکەم: روودانی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی لە کۆمەلگادا، ئاڵوگۆریکی کە بتوانێ هێژمۆنی عەقلییەت و گوتاری کەمینەیەکی زاڵ لەرزۆک بکات و گوتارە پەراوێز خراوەکان بێنێتەوە ناو کۆمەڵگا.
دووهەم: ئەزموون کردنی ئەو ئاڵوگۆریانە لەنێوان تاکەکانی هاوپۆل و هاو تەمەن، بەجۆرێ کە ببێتە ئەزموونیکی کۆمەڵایەتی هاوبەشی بەرەیی.
سێهەم: بەدی هاتنی عەقڵییەتێک و زەینییەتێکی هاوبەش کە جۆریک مەعریفەت، دەرک و فامی هاوبەش ساز بکات.
چوارەم: کارتێکردنی ئەو زەینییەت و مەعریفەتە لە سەر کردەوە و هەڵسووکەوتی بەرە.
بەو پێیەش دەرکەوتی ئەو رەوتە دەبێتە هۆی ئەوەکە ئاڵوگۆری لە بنەمای باوەری تاکەکان‌دا ساز ببێت، ئاڵوگۆری لە پێوەرەکانی ئەرزشی و مۆراڵی تاکەکان دا ساز ببێت، ئاڵوگۆری لە خواست و ویستەکانی تاکەکان‌دا ساز ببێت، ئالوگۆری لە شیوەی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ رووداوەکان لە هەناو و زەینی تاکەکان‌دا ساز ببێت.
ئاوردانەوەیەک لە مێژووی سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیونی کوردی دەرخەری ئەو راستێیە کە کاكڵی هزری و پێکهاتەیی ئەو ئۆپۆزیسیونە لەژێر هێژمۆنی چەپی ئۆرتۆدۆکس و نەزمی دووجەمسەری‌دا ساز بوە، هەر بەو پێیەش کردوە و خواست و ویستی ئەو ئۆپۆزیسیونەی کە لەخۆگری بەرەیەکی هزریە، سەرچاوە گرتووی ئەو سەردەمە میژوویەیە، دەکری ئەوە رەوتە وەک رەهەندی یەکەمی بزاڤی کۆمەڵگای کوردی چاوی لێ‌بکرێت. بەڵام لە درێژەدا و گۆرانی کەش و هەوای سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری هەم لە پیکهاتەی نەزمی جیهانی‌دا و هەم لەناوخۆ بەستێن و زەمینەی رەخساند بۆ سەرهەڵدانی بەرەیەکی تر کە هەم لە هزر و عەقڵییەت‌دا و هەم لە کردوەدا جیاواز لە رەهەندی یەکەم دەرکەوتوون، دەکرێت ئەمەش وەک رەهەندی دووهەمی بزاڤی کوردی پیناسە بکرێت.
باوەری نووسەری ئەو دێرانە ئەوەیە کە هیچ کام لەو بەرانە نەکۆڵیان لێ ناکرێت و ناشتوانرێت کە نەبیندرێت، هەر جۆرە حەولێک بۆ نەدیتن و پشت‌گوێ خستنی ئەو دوو رەهەندە ئاکامی پێچەوانەی هەیە، کەوابێ لێک تێگەیشتن و لێک نزیک بوونەوە بۆ زیاتر کارتێکەر بوون و زۆرتر دەسکەوت وەدەست خستن زەروورەتێکی حاشا هەڵنەگرە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کۆمەڵگای کوردی پێ‌داگری لەسەر گوتارێکی نەتەوەیی بکات کە داللی ناوەندی ئەو گوتارە دیموکراسی بێت و رەهەندی درەختی خەبات وەک مێتۆدیکی کۆن جێگای خۆی بداتە رەهەندی رایزۆماتیکی خەبات وەک مێتۆدیکی نوێی خەبات.


کوردستان لە گەوهەرەوە(substance) بەرەو هەستێەکی(Existence) کوردانە

شاهۆ حوسێنی ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بگوترێ کە هایدگێر لە سەدەی بیستەم‌دا جیهانێکی فەلسەفی‌تری بنیاد ناوە، ئەو بەسەر سەدان ساڵ فەلسەفەدا ب...