شاهۆ
حوسێنی
پرسیاری سەرەکی: بۆچی تاکی کورد
بەگشتی و ژنی کوردی بەتایبەتی نەیتوانیوە بنیادنەر و پەرەپێ دەری بزاڤێکی
کۆمەڵایەتی مۆدێرنی گشتگیر بێت؟
مەسیح عەلی نژاد لەو ژنە چالاک و
خاوەن هزرانەیە کە توانیوێتی لەپاش چونەدەر لەئێران، لە وڵاتی ئەمریکاڕا ببێتە بنیادنەر و ڕێبەری بزاڤێکی
کۆمەڵایەتی گشتگیری ژنان لە ئێرانێکی تەواو نەریتی، لە کۆمەڵگایەکدا کە حەتتا ئۆپۆزیسیونە
بەڕواڵەت مۆدێڕنەکان، هزر و ئەندێشەکانی وەک مارکسیزم، ناسیونالیزم، ئانارشیزم،
لیبرالیزم و.... هتد ژنیان وەک کەرەسەیەک بەخزمەت گرتوە و ڕوانگەی کەرەسەییان بەرامبەر
بەژن هەیە. بەڵام
مەسیح بەتەنیا وەک ڕۆژنامەوانێک توانی بنیادنەری ڕەوتێکی ژنانەبێت بەدژ دەسەڵاتی
حکوومی، بەدژ دەسەڵاتی پیاوسالاری و بەدژ ئەندێشەی پیاوسالارانە. ئەو وەک
ڕۆژنامەوانێک هەم باش دەزانێت چی دەوێ، هەم باش دەزانێ چی ناوێ و هەمیش باش دەزانێ
ئەوەی کە خواستێتی و دەی هەوێ چۆنی گەڵاڵە بکات. لەڕاستیدا مەسیح بەر لەوەکە
ژنێک، جەستەیەک یان تاکێک بێت، مەسیح ئایدە، شعور، مێنتالیتە و جەوهەرێکی هزری و
مەعریفیە، ئەو لەناو بەستێنێکی مەعریفیرا کە مانایەکی لە "خود"،
"ئەویتر" و"جەهان" هەیە، واتەبەستێنێکی مەعریفی لۆکالی کە بەهۆی
ئەندێشەو ڕوانگەیەکی گشتگیری فێمێنیستی بەهێز کراوە، دەجوڵێتەوە. بە کورتی
دەشێ بگوترێ کە کردوەکانی مەسیح و مەسیح وەک بزاڤێکی کۆمەڵایەتی بەهیچ شیوەیەک لە
غیابی هزر و ئەندێشەیەکی لۆکاڵی و جەهانی بەرهەم نایەت. مەسیح دەغدەغەی دەسەڵاتی
نیە، ئەو ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی نیە، ئەو بەتەمای سەدارەت و وەزارەت و ڕانتی
دەسەڵات نیە، ئەو ژنێکە کە خەبات دەکات بۆ پەرەی ژنێکی سوبژە، بۆ سوبژکتویتەیەکی
ژنانە، مەسیح باش دەزانێ کە تا ژن وەک سوبژە و تاکیکی ئاگا و مەعریفی بەرهەم نەیەت، ئازادی و بەرابەری بۆ ژن بەرهەم نایەت.
بەداخەوە لەناو ئێمەی کوردا نە
تەنیا خەباتێکی ژنانە بوونی نیە کە حەتتا ئەو ژنانەی وەک تاک لە چوارچێوەی
ئەندێشەکانی مارکسیستی، ناسیونالیستی، ئانارشیستی، ئاپۆئیستی و ....هتد خەبات
دەکەن، بە هیچ شیوەیەک هەڵگر و خاوەنی ئەندێشەیەکی ژنانە وەک جنس و ئەندێشەیەکی
کوردانە وەک بەشیک لە کۆمەڵگایەکی تایبەت لەسەر ئەساسی ئەندێشەیەکی ژنانە نین. لەڕاستیدا ژنی کورد لە غیای
ئەندێشەیەک بۆ پەرە و مسۆگەر بوونی وەک سوبژەیەک و لەدرێژەدا ئەندێشەیەکی لۆکاڵی
بۆ پەرەی مافەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک بەشیک لە کۆمەڵگایەکی مرۆیی و نەتەوەیی،
تەنیا و تەنیا کەرەسەیەکە لەخزمەت دەسەڵات، عەقڵییەت و ئەندێشەی پیاوسالارانەدا.
بەدەر لە ژن، تاکی کورد و
کۆمەلگای کوردی بەعام لەغیابی ئەندێشە و هزرێکی لۆکاڵیڕا خەبات دەکات، ئەو
ئەندێشە و هزرەی کورد خەباتی بۆ دەکات وەک ناسیونالیسم، مارکسیسم، ئانارشیسم،
ئیسلام و... هتد بەعام کوردیان وەک کەرەسەیەک بەخزمەت گرتوە. واتە خەباتی کوردی
کەرەسەیەک لەخزمەت تاک و کۆمەڵگای کوردی دانیە، بەڵکە کورد بەعام چۆتە خزمەت پەرەی
ئەو ئایدە و ئەندێشانەوە.