۱۳۹۸ تیر ۸, شنبه

لەخەباتی سازەیی‌ڕا بەرەو خەباتی سوژەیی


شاهۆ حوسێنی
بێ گومان مێژووی مۆدێڕنیته هیچ شتێک نیە جگە لە مێژویی سۆبژکتیوتە، واتە بەحوکومی وەیکە سەدەکانی ناوەندی کە سەدەی دەسەڵاتی ئایینی کلیسا و هێژمۆنی گوتاری ئێسکۆلاستیک بوو، شتیک نیە جگە لەمێژووی ئۆبژکتویتە بە مانای بەرهەم هێنانی مرۆڤ وەک بوونێکی ملکەچ، گوێ‌ڕایەڵ و سترۆکتوراڵ لەسەر ئەساسی ئەندێشەی گوناه‌بار بوون، خەتابار بوون و ناباڵغ بوونی مرۆڤ، کە وەک بوونێکی لاواز  پێویستی بە گەورەیەک، باوکێک و باڵاسەرێک هەیە. ئاساییە کە  بەربەرەکانی بیرمەندان و خاوەن بیرانی مۆدێڕن بەدژ ئەو عەقڵییەت و گوتارە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی کەسایەتی، سەربەخۆیی و خۆسەری تاکە وەک بوونیکی خۆبنیادنەر کە بە چەمکی "سوژە" پیناسە دەکرێت، دەکرێ وەک مێژووی سۆبژکتویتە پێناسە بکرێت.
 لەئاستی کۆمەلایەتی‌دا کە باس لە مۆدێڕنتیه دەکرێت، باس لە سەربەخۆیی سوبژەکان دەکرێ کە بەئیرادە و ئاگایەکی سەربەخۆیانە، لەپێوەندیکی ئینتێرسۆبژکتیڤ‌دا بڕیاری پیکەوە ژیان و پێکهینانی فۆرماسیونێکی کۆمەڵایەتی دەدەن کە فەیلەسوفانی سیاسی وەک "پەیمانی کۆمەڵایەتی" پێناسەی دەکەن.
لەئاستی سیاسی‌دا کە باس لە مۆدێڕنیتە دەکرێت، واتە کە باس لە مۆدێڕنیتەی سیاسی دەکرێت، باسی ناسیونالیسم دێتە گۆڕی، هەستی پێوەندی بەکۆگشتیەک ئەرزش، بەها و نۆڕمی کۆمەڵایەتی هاوبەش کە بەرهەمی "پەیمانی کۆمەڵایەتی" سوبژەکانە، واتە ناسیونالیسم درێژەی ڕەوتی سۆبژێکتویتەیە، ڕەوتی پەرەی ئاگایی و سەربەخۆیی مرۆڤی تێگەیشتوو وەک ئەندێشەیەک بۆ بنیادنانی فۆرمێکی گەورەتر و بەربڵاوتر بەناوی نەتەوە بۆ گارانتی و پاراستنی بەردەوامی بوونە سەربەخۆکان و سەربەخۆیی و شووناسی تاک. واتە ئەو سوبژانەی کە بەپێی پەیمان و بڕیارێکی سەربەخۆ و ئاگایانە کۆمەڵگا پێک دێنن، لەڕەوتی کامڵ بوونا بۆ ئیدارە و گەرانتی بەردەوامی ئەو فۆرمە نوێیە (کۆمەڵگا) فۆرمەکانی تری مانایی و ڕوالەتی پێک‌دێنن، کە یەکێک لەو فۆرمانە نەتەەوەیە کە وەک تەواوکەری فۆرمی ژیانی کۆمەڵایەتی و لەسەر ئەساسی ئیرادە و سەربەخۆیی سوبژەی خۆبنیادنەر بەرهەم دێت، مێتا سوبژەیەک بەناوی نەتەوە بنیاد دەندرێت تا لەناو ئەوفۆرمە بەربڵاو و گەورەیەدا سوبژە پارێزراو بێت و زیاتر گەشە بستێنێت، لەدرێژەدا لەسەر ئەساسی ئەو ئەندێشە و فۆرمە ماناییەش، فۆرمی ڕواڵەتی سیاسی وەک دەوڵەتی مۆدێڕنی دیمۆکراتیک دادەمەزرێت کە لەخۆگری دوو تایبەت‌مەندی گرینگە: یەکەم دەوڵەت-نەتەوەیە، واتە دەوڵەتیکی کە لەهەناوی نەتەوە سەری هەڵداوە(دیارە نەتەوەش لەهەناوی سوبژە و تاکی سەربەخۆ و بەشیوەی پەیمانیکی ئیرادی بەرهەم هاتوە)، دووهەم ئەوەکە دیمۆکراتیکە واتە لەسەر ئەساسی شەرعییەت وباوەر بە سەربەخۆیی سوبژەکان، کۆمەلگا و نەتەوە سەری هەلداوە. بەو پێیە دەشێ بگوترێت کە ئەو فۆرمە کۆمەلایەتی و سیاسیە فۆرمیکی سوژەییە، واتە لەخزمەت پەرە و گەشەی سوژەکان دایە، ئەو سوژە سەربەخۆیانەی کە ئەساسی کۆمەلگا، نەتەوە و دەسەڵاتن.

ئانتۆلۆژی خەباتی کورد لە رۆژهەلات:
کوردی رۆژهەڵات بەحوکمی وەیکە لەناو ژێئۆپۆلەتیکی ئێران دا دەژیت، کارتێکەری کلتووری ئێرانی بەعام لە ئاستی سیاسی‌دا بەسەرەوە دیارە، واتە قەیران و  دژکردەوەکانی ئێران بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەل ئەو قەیرانانە و دژکردەوەی کوردان بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانانەی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ کوردی ساز کردوە دەشی بگوترێت کە وێکچوویەکی زۆریان هەیە، بۆ وینە رووبەڕوو بوونەوە ئێران لەگەل مۆدیڕنیته ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕواڵەتی و نیزامی بوو، کاتێ ئێران هاوکات لەگەڵ گەشەی مۆدێرنیته لە ڕوژئاوا دەکەوێتە بەر گوشار و پەرەی هێژمۆنی جیهانی مۆدێڕن کە لەژێر کارتیکەری ئەندێشەی کاپیتالیسم و وەک ئەمپریالیسم دەردەکەوێت بۆ پەرەی گەشە و پێش‌کەوتی خۆی، لە خەمووشی و خەویکی قوڵی نەریتی‌دابوو، بەناچاری و بەبێ ئامادیی مەعریفی و ئەندێشەیی لەگەڵ مۆدێڕنیته ڕووبەرووو دەبێتەوە بە مەبەستی قەرەبووی ئەو شکەستە گەورە نیزامیانەی کە لە ڕووسەکانی خواردوە، ئەو فۆرمە لە رووبەروو بوونەوەیە لە ئاکامدا دەوڵەتی میلیتاریستی، سەرەرو و پاوانخوازی پالەوەی لێ‌دەکەوێتەوە، دەسەڵاتێکی پەرە ئەستاندووی نیزامی کە حەولی بنیادنانی فۆرمێک لە خودی ئێرانی دەدات، خودیکی کە سەربەخۆ نیە و سترۆکتوراڵە، فۆرم، پیناسە و تایبەت مەندیکانی لەلایەن ئیدئۆلۆگەکانی حکوومەتێوە سنووربەندی کراوە و داڕێژراوە، واتە دەسەڵاتیکی کە بەناوی خودی ئێرانی ڕێک ئۆبژیەکی حکوومی بەرهەم دێنێت، دیارە بەحوکمی وەیکە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە کە وەک کۆمەڵگا بە زۆری هێزی نیزامی و شمشیری دەسەڵاتی ناوەندی فۆرم‌دراوە و ئیرادەی سوبژە سەربەخۆکان لەپێکهێنانی‌دا هیچ دەوریکی نەبوە، کورد وەک بوونێکی جیاواز بەشیوەی جیاواز دەکەوێتە بەربەرەکانی لەگەڵ سترۆکتورالیزە کردنی بوونەکان لەلایەن دەسەلاتی ناوەندێوە، دیارە شۆرشی جیاواز سەریان هەڵداوە کە بۆ وینە دەکرێ شۆرشی نەتەوەخوازانەی سمایل ئاغا سمکۆ و شۆرشی مەلاخەلیل بەدژ یەک دەست کردنی بەرگ و لیباس ئاماژەی پێ‌بکرێت.
چاوخشاندنێک بە مێژووی سیاسی نوێ کوردی ڕۆژهەلات دەرخەری ئەو ڕاستێیە کە ڕووبەڕوو بوونەوەی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەل مۆدێرنیتە ڕێک وەک ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێرانێکان ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی بەبی ئامادەیی و ئامادەکاری هزری و مەعریفی بوە، لەهەمان کاتیشا کورد ڕێک وەک ئێرانێکان ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕواڵەتیانەی لەگەڵ مۆدێڕنیتە هەبوە و بەناوەرۆکی مەعریفی و گوتاریکەی مۆدێڕنیتەدا دا ڕۆنەچوە، جگە لە کۆمەڵەی ژ-کاف دەشی بگوترێ کە کورد بۆ بەربەرەکانی بەدژ پەرەی دەسەڵاتی ئەمپریالیستی ناوەندی "تاران"، فۆرمێک لە مۆدێرنیتەی سیاسی و خەبات گەڵاڵە دەکات کە وەک خەباتی سازەیی دەکرێ پیناسە بکرێت. فۆرمێک لە مۆدێڕنیتەی سیاسی و خەباتی سیاسی کە حیزبی سیاسی وەک فۆرمی ڕواڵەتی و سازە لە ناوەندی ئەودا دەرکەوتوە، ئەوەش بێ‌گومان بەرهەمی هێژمۆنی کلتوری لێنینستیە.
حیزب وەک فۆرم و سازەیەکی ڕواڵەتی و مۆدێڕن لە جیهانی پەرە ئەستاندوو وەک کەرەسەیەک بۆ پەرەی خواست و ئیرادەی کۆمەڵگا و تاک، کەرەسەیەک لەخزمەت بەردەوامی سوبژکتویتە و پارێزەری هەرێمی سەربەخۆیی سوبژەکان بوە لەژێر ناوی ئازادی بیر و روا، ئازادی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران. حیزبی سیاسی هیچ کات کەرەسەیەکی نیزامی و فۆرم و سازەیەکی نیزامی نەبوە بۆ ساز کردنی ئاڵوگۆری دێمۆکراتیک، چون ئەساسەن ڕەوتی ئاڵوگۆڕی دیمۆکراتیک لە سوبژەکانەوە سەری هەلداوە و دەستی پێ‌کردوە، بەڵام لێنین بۆیەکەم جار بەرهەم هێنی هزری و عەمەلی حیزبی نیزامی و شۆرشگێر بوو بۆ گوزار. لەڕاستی‌دا حیزب بە لێنینیسمەوە بۆ یەکەم جار لەسازەیەکی پارێزەری هەریمی سوبژەوە بوو بە بەرهەم هێنی مرۆڤی ئۆبژە لەخزمەت ئایدۆلۆژی حیزب کە وەک ئیرادە و خواستی کۆمەلگا بە سەر کۆمەڵگادا دەسەپا، ئەو فۆرمە لە خەباتی سازەیی کە حیزبی سیاسی لەودا وەک سیستمیکی بۆرۆکراتیک هێژمۆنی بەسەر کۆمەڵگادا پەیدا دەکات، حیزب دەبێتە سازە و فۆرمیکی نیزامی و لەدرێژەدا دەبێتە ئۆلیگارشیەک.
 لەڕاستی‌دا ئامادە نەبوونی هزری و مەعریفی لەغیابی ئەندێشەیەکی سوژە تەوەرە کە بەرهەمی پیکەوە ژیانی بوونەکان و مرۆڤەکان لەناو سنووریکی ڕواڵەتی و زەینی‌دابێ، غیابی هەرجۆرە ئەندێشەیەک لەمەر مرۆڤ، کۆمەڵگا وجیهان و باوەرمەندیکی خۆمالی بە فۆرمێک پێوەندی لەنێوان ئەو کاراکتێرانەدا، بەرهەم هێنانی بوون و تاکی گوێ‌رایەڵ و ملکەچی حیزب لەسەر ئەساسی زەروورەتی ئینزیبات و یەکگرتوویی بۆ بەهێز بوون(لەژێر کارتێکەری خوێندنەوەیەکی سازەیی لە هێز)، بەرهەم هێنی ئۆبژەیەکی شۆڕشگێر بوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە هەموو ئاسۆ و ئامانجەکانمان ئەو ئامانجانەن کە مرۆڤ و کۆمەلگای رۆژئاوایی پێی‌گەیشتوە، واتە سەربەخۆیی، دێمۆکراسی و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی.
گومان لەوەدا نیە کە ئەمانە هیج کات لەغیابی سوژەیەکی سەربەخۆ بەرهەم نایەن، بۆیە کورد لەجیات بەرهەم هێنانی ئۆبژەیەکی شۆرشگێر(حیزبی)، پێویستی بە سوژەیەکی شۆرشگێر(نەتەوەیی) هەیە.حەتتا مێژویی هەموو دابڕان و ئاڵوگۆڕیکانی دوو دەیەی ڕابردووی ناو ماڵی کوردی رۆژهەڵات سازەیی و ڕواڵەتی بوون و هیچ کام مەعریفی و سوبژەیی نەبوون بۆیە هیچ کام لەو ئاڵوگۆڕیانە جگە لە زەرەر هیچ دەسکەوتێکی تریان نەبوە. کورد پێویستە ڕوو لەکلتووری ئۆرتۆدۆکسی ڕووس تەوەرە وەربگێڕیت و روو لە کلتووری پرۆتستانی و رۆژئاوایی تەوەرە بکات. واتە لە خەباتی سازەیی بەورەو خەباتی سوژەیی هەنگاو بنێت.
سەرچاوە: حەوتەنامەی وشە، ژومارە ٢٨٧

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی