۱۴۰۱ تیر ۱۵, چهارشنبه

فێنۆمێنۆلۆژی ئەندێشەی قاسملوو

 




شاهۆ حوسێنی

 پێشەکی:

ڕەنگە هەڵە نەبێت ئەگەر بگوترێ کە لاوازی نەزەری و هزری گرینگ‌ترین دیاردەی خەباتی کورد بوە هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم‌ڕا کە وەک دەست‌پێکی ناسیونالیزمی کوردی و خەباتی مۆدێڕنی کوردی پێناسە دەکرێت، خەباتێک بە دەرکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کوردێکان دەست پێ دەکات، ئەم هەژاری و لاوازیە وەهای کردوە کە لە تەنیشت خەباتی نەتەوەیی، دوو ئایدۆلۆژی بەهێز وەک ئەزموون و ئاگایەکی دەرەکی بتوانن لەناو کۆمەڵگای کوردی‌دا هێژمۆنی پەیدا بکەن، یەکیان ڕوتی چەپی ئۆڕتۆدۆکسیە بە دوو تایبەت‌مەندی دژە نەتەوە و دژە دەوڵەت بوون کە لە سەر ژیرخانی سێ ڕەوتی لێنینیزم، مائۆئیزم و ئانارشیسم‌دا پەرەیان پەیدا کردوە، دووهەمیان ڕەوتی ئایین‌خوازایە کە لە ڕۆژهەڵات سەرەتا  خۆی لە دوو ڕەوتی موفتی‌زادە و ئیخوان‌دا دەدیتەوە بەڵام دوایی و لەپاش هێرشەکەی یازەی سێپتامبر و دەرکەوتنی فەرمی ئەلقاعیدە، ڕوتی جیهادیزم بە دوو باڵی ئەلقاعیدە و داعش لە کوردستان دەرکەوتن. ئەم ڕەوتانە هەڵگر و پەرە پێ‌دەری  ئایدۆلۆژی‌گەلێکن وەک ئاگایی و ئەزموونی دەرەکی کە بەرهەمی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کلتووری کوردستان نین. بەڵام کێشەکە ڕێک لێرەڕا زەق‌تر دەبێتەوە کە ڕەوتی نەتەوەخوازی کوردی خاوەنی هیچ گوتارێک وەک فۆڕمێک ئاگایی زەینی و مەعریفی کە لەخۆگری پێناسەیەک لەمەر مرۆڤ، کۆمەڵگا و جیهان بێت لەلایەک و لەلایەکی‌تر فۆڕمێک پێوندی لەنێوان ئەم دیاردانە دەربخات نەبوو. بۆ وێنە دیکارت فۆڕمێک پێناسە لەژێر ناوی سوبژە لە مرۆڤ دەردەخات، ئایینەکان پێناسەیەکی ئۆبژێکتیڤیان لەمەر مرۆڤ هەیە، یان هێگل کاتێ سۆبژێکتیڤیسم دەخاتە چوارچێوەی نەتەوەیی لەمەر فۆڕمی پیوەندی نێوان سووژەکان بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی دیالێکتیک بە مانای بوونە جیاواز و دژبەرەکان، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سووژەکان لە ڕیی پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤ یەکتر دەناسنەوە. ئەم ڕەوتە درێژی هەیە تا دەگاتە کورتە باسی شەهید دکتۆر قاسملوو، لەڕاستی‌دا کورتە باس یەکەم ڕیسالەی سیاسیە کە لەودا قاسملوو ڕوانگەکانی کەسی خۆی لەسەر مەسەلەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دەخاتە ڕوو. قاسملوو لە کورتە باس‌دا دەگەڕێتەوە سەرچاوە واتە مارکس و لە لق و پۆپەکان لادەدات، ئەو بە لەبەرچاو گرتنی تایبەت‌مەندی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کلتووری خۆی داڕێژەڕی فۆڕمێک لە ئەندێشە و ئایدەیە.

 

فێنۆمێنۆلۆژی:

فێنۆمێنۆلۆژی بزاڤێکی فەلسەفی مۆدێڕنە کە شرۆڤەی پێکهاتەی ئەزموون و ئاگایی دەکات. گرینگ‌ترین دیاردە لە ڕوانگەی فێنۆمێنۆلۆژیستەکان ئەو سووژە و بابەتانەن کە پەیوەندییان بە ئاگایی و ئەزموونی مرۆڤەوە هەیە، بە واتایەکی‌تر هەر شتێک کە مرۆڤ ئەزموونی دەکات. مەبەست لە توێژنەوەی فێنۆمێنۆلۆژیک شرۆڤە و ناسینی دەرکەوتەکانن ئەو جۆرەی کە لە لایەن مرۆڤەکانەوە ئەزموون دەکرێن. مۆدێڕن بوونی ئەم بزاڤە لەم ڕوەوەیە کە مرۆڤ وەک سووژە، ناسکاری سەربەخۆ، خۆبنیادنەر و خۆپێناسەکەری سەربەخۆ، تەوەرەی سەرەکی و بنەڕەتی فام و پێناسەی دیاردەکان و جیهانە. لە فێنۆمێنۆلۆژی‌دا شرۆڤەکار حەول دەدات بەبێ قەزاوەتی ئەرزشی و سەرنجی لایەنگرانە دەرکەوتەکان شرۆڤە بکات. لە ڕاستی‌دا لە چوارچێوەی شرۆڤەی فێنۆمێنۆلۆژیکدا شرۆڤەکار نیزام و جیهانێکی مانایی دەخوڵقێنێت، واتە حەول دەدات جیهانی ژیاوی مرۆڤ و ئەزموونی ژیانی مرۆڤ موتالا بکات و دەری بخات، بەم شێوەیە جیهانێکی مانایی دەخوڵقێنێت. بێ گومان مەبەستی شرۆڤەکار لە شرۆڤەی ئەزموونی ژیانی مرۆڤ لەم بزاڤەدا، دەرخستنی فام و دەرکی ماناکانی ئەزموونی ژیانی مرۆڤەکانە ئەو جۆرەی کە ژیاوەن. لەڕاستی‌دا لە شرۆڤەی فێنۆمێنۆلۆژیستانەدا گرینگی دەدرێت بە ئەزموون و ئاگاییەکانی مرۆڤ، ئەوانەی کە لە پێوەندی نێوان ژینگەی کۆمەڵایەتی و کلتووری خۆی‌دا بەرهەم هاتوە.

گرینگی توێژینەوە فێنۆمێنۆلۆژیستانە لەوەدایە کە بە پێچەوانەی دیاردەی باو و پۆزەیتۆڤیستانە لە کوردستان کە گرینگی دەدرێت بە ڕواڵتە و پێکهاتە رواڵەتێکان، گرینگی دەدات بە ناوەرۆکی هزری و مەعریفی، زەین، ئەزموون و ئاگایی مرۆڤ وەک ژێرخانی دەرکەوتنی دەرکەوتە ڕواڵەتێکان. لە توێژنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتێکان‌دا ئەمڕۆکە بە بەربڵاوی کەڵک لە شێوازی فێنۆمێنۆلۆژیک وەردەگیرێت و باسی پیکهاتەی زەینی، ئەزموون و ئاگایی مرۆڤەکان دەکرێت وەک بەستێن، بزوێنەر، پاڵنەر و دەرخەری فۆڕمە ڕواڵەتێکان. یەکێک لەو دیاردانەی بەم شیوازە خوێندەوەی بۆ دەکرێت چەپە، لە دەلاقەی ئەم چەمکەڕا، چەپ نە بە مانای ئەو پێکهاتە و ڕیکخراوە ڕواڵەتی و ئایدۆلۆژیکیانەی کە هەڵگری ئایدۆلۆژیکی رادیکاڵن کە بە مانای فۆرمێک حزووری زەینی و پێکهاتەیەک لە ئاگایی شرۆڤە دەکرێت.

 

سۆبژێکتیڤیسم لە ئەندێشەی قاسملوودا

دەست پێکی خەبات و دەرکەوتنی سیاسی قاسملوو لە چوارچێوەی چەپی ئۆرتۆتۆدکسی‌دا بوو، فۆڕمێک لە چەپ کە خاوەنی ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤیستانە بە نیسبەت مرۆڤ بوو، ئەگەر مارکس باسی لە گرینگی ئاگایی چینی پڕۆڵتێر وەک دەست پێکی خەبات و بەربەرەکانی بە دژ سەرمایەداری دەکرد، ئەوا لێنین ئاگایی بە سەر تاک و کۆمەڵگادا سەپاند. لەڕاستی‌دا هێژمۆنی نەزەری و سازمانی حیزبی تودە وەک نوێنەری بەرەی چەپ وەهای کردبوو کە بەشێکی زۆری چالاکانی سیاسی کورد پێوەندی ڕێکخراوەیی لەگەڵ بگرن و وەک کەرەسەیەک حەولیان دەدا بەکاری بێنن بۆ کەم کردنەوەی گوشارەکانی ناسیونالیزمی ئیرانی و دەسەڵاتی ئیستبدادی و پاوانخوازی پەهلەوی. لەڕاستی‌دا ئەم چەپە ئایدۆلۆژیکەی کە حیزبی تودە سەرەتا و دوایی چریکەکانی فەدائیانی خەڵق نوێنەرایەتیان دەکرد، وەک فۆڕمێک ئەزموون و ئاگایی، بەرهەمی ژینگەیەکی کلتووری و کۆمەڵایەتی دەرەکی بوو کە لانی‌کەم‌ترین وێکچووی لەگەڵ ئێران بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی هەبوو، واتە ئەو تاکانەی کە شوێن‌کەوتەی ئەم ئایدۆلۆژیە بوون وەک فۆرماسیونێک لە ئاگایی و ئەزموونی هزری و ڕواڵەتی تاک، لە کردەوەدا هیچ حەول و کۆششێکی نەزەریان نەبوو بەڵکە تەنیا شوێن کەوتە بوون، بۆیەش گرینگ‌ترین تایبەت‌مەندی ئەم بوونانە ئۆبژێکتیڤ بوونیان بوو.

بەهاری پڕاگ و هێرشی تانگەکانی سۆڤییەت بۆ چێکۆسڵاواکی بێ‌گومان چەخماخە و پاڵنەری ئاڵوگۆڕی لە ئەندێشەی قاسملوودا بوو. قاسملوو سێ دیاردەی گرینگ ئەزموون دەکات: یەکەم گرینگایەتی سەروەری نەتەوەیی ، دووهەم زەروورەتی سوبژە بوون(سەربەخۆ بوون)‌ و سێهەم فاشێل بوونی چەپی مەوجوود. قاسملوو دەرک بە زەروورەتی پەرەی کۆمەڵایەتی دەکات وەک ڕەهەندێک کە چەپ بەرپرسیارێتی و وەک ئەرک ڕای دەپەڕێنێت، بەڵام ئەم ئەرکە لە هەناوی سیاسەت‌ڕا دەگووزەرێت، بۆیەش قاسملوو باس لە حیزبێکی پێش‌ڕەوی نەتەوەیی دەکات کە خاوەنی دوو باڵی گرینگە یەکەم چەپ و دووهەم نەتەوەیی بوون. قاسملوو وەک مناڵی راستەقینەی سەردەم و کۆمەڵگای خۆی(کوردستان) لە چەپی ئۆڕتۆدۆکسی لادەدات و دەگەڕێتەوە بۆ سەڕچاوەی چەپ واتە مارکس، بەڵام لە هەمان کاتیشا نابێتە دواکەوتەی مارکس بەڵکە وەک سەرچاوە، لەسەر ئەساسی ئەندێشەکانی مارکس وەک گەوهەری چەپی سەردەم گوتارێک بەرهەم دەهێنێت کە دالی ناوەندێکەی عەداڵەتە و دالەکانی پەراوێزی ئەم گوتارە خودموختاری و دیمۆکراسین، ئەم وەرچەرخانەی قاسملوو لەڕاستی‌دا لادانێکە لە ئۆبژە بوونی وەک گوێ ڕایەڵ و ملکەچی ئایدۆلۆژیەک، قاسملوو سەربەخۆیی لە بڕیاردان دەکاتە گەوهەری گوتارەکەی، ئەم سەربەخۆییە لە تاک ڕا کە قاسملوو بێت دەست پێ‌دەکات بە لادان لە ئایدۆلۆژیەک و بەرهەم هێنانی ئایدەیەک بۆ کورد، واتە قاسملوو بەم ڕەوتە وەک مرۆڤێکی سوبژە، سەربەخۆ لە خۆپیناسەکردن، خۆدەرخستن و وەک بکەرێکی ناسکار دەردەکەوێت، بەم شێوەیە کورتە باس بەرهەم و دەست‌پێکی ڕەوتی نەزەری سوبژێکتیڤیسمە، ئەم سەربەخۆییە لە حیزب‌دا دەبێتە سەربەخۆ لە بڕیاڕدان و لە ئاستی نەتەوەیی‌دا دەبێتە خودموختاری، واتە دەشی بگوترێ کە کورتە باس لە هەناوی خۆی‌دا گوتارێکی نەتەوەییەشە بۆ کورد، کە لەسەر ئەساسی سوبژێکتیڤیسم بەرهەم هاتوە.

 

فێنۆمێنۆلۆژی چەپ لە ئەندێشەی قاسملوودا

وڵام بە پرسیار لە چیەتی چەپ لەگەڵ ئەوەدا کە ڕەنگە زۆر ساکار و سادە بێت، بەڵام دەشێ زۆریش دژوار بێت. کۆی گشتی وڵامەکان بەم پرسیارە دەکرێ دابەش بکرێت بە دوو دەستە وڵام، دەستەیەک لە وڵامەکان پۆزەیتۆڤیستانەن، واتە گرینگایەتی بە ڕواڵەت و فۆڕمی ڕواڵەتی دەرکەوتەکان دەدەن، دەستیەکی‌تر بە پێچەوانە گرینگی بە ناوەرۆک، زەین و هزری دەرکەوتەکان دەدن بۆ پێناسەکردن. چەپ بەگستی بە ڕوانگە گەلێک دەگوترێت کە خوازیاری عەداڵەتن لەڕێی ئاڵوگۆڕێکانی ڕادیکاڵ یان ئارام. لێنینیستەکان، مائۆئیستەکان و.....هتد خوازیاری ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵن و سۆسیال دیمۆکراتەکان و باوەڕمەندانی بە سۆسیالیسمی دێمۆکراتیک خوازیاری ئاڵوگۆڕی ئارام و هەنگاو بە هەنگاون. ویک‌چووی هەموو روانگەکانی چەپ عەداڵەتی کۆمەڵایەتیە، بەڵام تەنیا سۆسیال دیمۆکراتەکان و پەێرەوانی ئەندێشەی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک باوەڕیان بە عەداڵەتی سیاسی هەیە. لەڕاستی‌دا چەپی ئێرانی و ئەو چەپەی لە کوردستان دەرکەوتن بە هەموو باڵەکانێوە پەێرەوی لێنینیزم یان مائۆئیزم بوون، ئەوان بە پێچەوانەی ئەندێشەکانی مارکس کە لەخۆگڕی روانگەیەکی سۆبژێکتیڤیستانە بوو، واتە باوەڕی بە ئاگایی سەربەخۆیانەی چینی پڕۆڵتێر هەبوو، لەڕیی حیزبێکی پێک‌هاتوو لە سیاسێ پڕۆفێشناڵەکان فۆڕمێک ئاگایی بە سەر چینی پڕۆڵتێر و کۆمەڵگادا سەپاند، لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئایدۆلۆژێکەیان جیهان‌شموول بوو، واتە پێویست بوو بەبێ کەم و کۆڕی و بەبێ لەبەرچاو گرتنی جێاوازێ کلتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوریکانی کۆمەڵگەکان ڕەچاو بکرێت، کەواتە دەشێ بگوترێ کە ئەوان ڕادیکاڵ بوون و روانگەیەکی ئۆنژێکتیڤیان هەبوو.

قاسملوو لە کورتەباس‌دا وەک سووژەیەکی کوردی دەردەکەوێت، سەرەتای ئەم سووژە بوونە بە دابڕان لە بوونیکی ئۆبژەی چەپی ڕووسی دەست پێ‌دەکات، لە هەنگاوی دووهەم سەربەخۆیانە و وەک بکەرێکی ناسکار خوێندنەوە بۆ کۆمەڵگاکەی کە کوردستانە دەکات، لە هەنگاوی سێهەم‌دا سەربەخۆیانە ئەندێشە و گوتارێک بەرهەم دەهێنێت. لەڕاستی‌دا قاسملوو بە گەڕانەوە بۆ مارکس وەک سەرچاوە و بەتەوەرە گرتنی عەداڵەت وەک دالی ناوەندی گوتارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورێکەی وەک دژبەری پان‌ئێرانیزم دەردەکەوێت کە حەولی کوردسڕینەوە، بەرهەم‌هێنانی بوونێکی ئۆبژە و دەسکردی لە کورد دەدا، ئەم سبژە بوونە لە قاسملوویەکی خۆداڕێژەر و خۆپێناسە کەرەوە دەست پێ‌دەکات و بە داڕشتنی دیمۆکراسی و خودموختاری وەک دالی پەراوێزی گوتاری سیاسێکەی بەرهەم هێنی گوتاریکی ناسیونالیستیشە بۆ کورد لە سەر بنەما و ژێرخانی عەداڵەت، واتە ئەو عەداڵەتی ئابووری لە ئەندێشەی مارکس وەردەگرێت و پەرەی پێ‌دەدات بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، لە ئاستی سیاسی‌دا سوبژێکتیڤیسم لە ئەندێشەی قاسملوودا لە خودموختاری‌دا دەردەکەوێت، بە مانای شەرعییەت و سەربەخۆیی لە خۆ پێناسە کردنی نەتەوەیی و چارەی خۆ نووسین. کە وابێ دەشی بگوترێ کە قاسملوو ئەندازیاری چەپی کوردیە، چەپێکی کە لەژێر کارتێکەری تایبەت‌مەندی کۆمەڵایەتی، کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردی رێگاچارەیەکی کوردستانی دەخاتە ڕوو.

 

ئاکام:

ئەگەر چەپی ئۆرتۆدۆکسی و ڕادیکاڵ لە کوردستان بەرهەم‌هێنی بەرکارە، ئەوا قاسملوو بەرهەم‌هێنی بکەرە بە کورتەباس. قاسملوو لە کورتەباس‌دا بڕیاردەرە بە پێچەوانەی ئەو بوونانەی کە پەێرەوی چەپی ئۆرتۆدۆکسی و ڕادیکاڵن کە بڕیاریان بۆ دراوە و ئەوان تەنیا ڕەچاوی بڕیارەکە دەکەن. قاسملوو بە کورتە باس ئاسۆی حەرەکەت و چارەنووسی خۆی سەربەخۆیانە دیاری دەکات، ئەوە لە کاتێک‌دایە کە پەێڕەوانی چەپی ئۆرتۆدۆکسی و ڕادیکاڵ ئاسۆی حەڕەکەت و چارەنووسیان بۆ دیاری کراوە. قاسملوو بە مەفسەل‌بەندی کردنی گوتارەکەی لە دەوری دێمۆکراسی وەک دالی پەراوێزی لە ڕاستیەدا تەواوکەر سوبژەی تاک دادەهێنێت و لێرەدا تەواو لەژێر کارتێکەری هێگل‌دایە کە سوبژێکتیڤیسمی دێکارتی لە تاکەوە دەگوازێتەوە نەتەوە و ئەم پێوەندیەش کە سوبژەکان لێک گرێ‌دەداتەوە و بەرهەم‌هێنی نەتەوەیە وەک مێتا سوبژەیەک، پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤە کە هێگل بە ڕایەڵی دیالێکتیك بە مانای شەرعییەتی بوونە جیاواز و دژبەرەکان لێکیان گرێ دەداتەوە، لە گوتاری قاسملوودا دێمۆکراسی بە مانای پێوەندی ئینتێرسۆبژیکتیڤی سوبژە جیاوازەکان لەلایەک و لەلایەکی تر بە مانای پلۆرالیزمی بوونە جیاواز و دژبەرەکانە. چەپ بۆ قاسملوو بە مانای بوونێکی ڕواڵەتی و فۆرمالیتە نیە، بەڵکە بە مانای حزوورە، حزوورێکی سوبژێکتیڤ و مەعریفیانە.


سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨٢٦

مێژووی کورد

 جگە لە مێژووی کورد هیچ مێژوویەک لە ئێران بوونی نیە