۱۳۹۷ بهمن ۴, پنجشنبه

ئانتۆلۆژی شووناسی کوردی


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
پیكهاتنی ئەو دەڤەرە(موحیتە) جوغرافیانەی  کە توانای سەرهەڵدانی جڤاک گەلی(کۆمەڵە) مرۆییان هەبێت، بێ گومان لەژێر کارتێکەری پێگەی(موقعییەت) جوغرافیایی‌دان ، واتە فرەجۆری دەڤەرەکان کە بە هۆی جیاوازی پێگەیی بەدی دێن، هۆکاری پێکهاتن و سەرهەڵدانی کلتوورەکان و کۆمەڵگا جیاوازەکانی مرۆیین، بە هۆی ئەوەکە مرۆڤەکان تێکۆشاون و تێ‌دەکۆشن کە هاوئاهەنگ لەگەڵ تایبەتمەندێکانی دەڤەری ژیانیان جڤاکی گونجاو بخوڵقێنن. بۆیەش هەر کۆمەڵگایەکی مرۆیی کلتوورێکی تایبەتی هەیە کە لەژێر کارتێکەری ڕەهەندەکانی تایبەتی دەڤەری ژیانیان دایە. بۆیەش بۆ فام و شرۆڤەی شووناسی مرۆڤەکان پێویستە جواروجۆری و فرەییەکانی دەڤەرەکانی جوغرافیایی بناسرێت و شرۆڤە بکرێت.
پێگەی جوغرافیایی کوردستان:
جوغرافیای کوردستان دەشێ بگوترێت کە جوغرافیایەکی نا هاوخشتە(نامتقارن)، بەشێکی بەرچاو لە جوغرافیای کوردستان لە ڕۆژهەڵات، باکوور و بەشیکی باشوور شاخاوی و بەرزاییە و بەشیکی کەمی لە باشوور و لە ڕۆژئاوا دەشتاییە، بەڵام شاخاوی بوونی کوردستان تایبەت مەندی هێژمۆن و غاڵبی جوغرافیای کوردستانە، ئەو تایبەت مەندیەش کارتێکەرێکی قوڵی لەسەر سیمای سرووشتی دەڤەری کوردستان، جۆری ژیان و کاری کۆمەڵگای کوردی هەبوە، لەڕاستی‌دا شاخاوی بوونی کوردستان بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵگایی مرۆیی کۆچەر و دایم لەجوڵەدا کە بە هۆی ئاژەڵداری و بۆ دابین کردنی تفاق و گیای ئاژەڵەکان لە جموجۆڵ و کۆچەری دابوون، لەڕاستی‌دا کۆمەڵگای کوردی بەپێچەوانەی ئەو کۆمەڵگا مرۆییانە بوە کە لە پێ دەشتەکان پێک هاتوون و تایبەت مەندی گرینگیان نیشتەجێ بوون و کشت و کاڵ بوە، نیشتە جێ بوون و کشت و کاڵ چەند لێکەوتەی گرینگی لێکەوتۆتەوە، یەکەم پەرەی زانست بۆ موحاسبەی ئاو، کاتی ڕۆژانە بۆ ئیش و پشوودان، موعاملە و توجارەت، دووهەم پەرەی بوروکراسی بۆ مودیرییەت و وەک زەروورەتی کۆمەڵگای نیشتەجێ بۆ تەنزیمی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا، سێهەم هەستی  وابەستە بوون و دەروەست بوون بەو مەکۆ، دەڤەر و جێگایەی کە سابیت لێ دەژین، چوارەم پێکهاتنی کۆمەڵگای مرۆیی لە سەر ئەساسی چین و توێژ کە لەڕووی جۆری کار و ئیش سنوور بەندی دەکرا و پێنجەم پیکهاتنی ئەڕتەش و هێزی نیزامی دائیم بۆ بەرگری کردن لە شوێنی ژیان و ئەو نەزمە سابیتەی کە پێکیان هێنابوو. بەڵام کۆچەری بوون و ئاژەڵدار بوونی کۆمەڵگای کوردی هیچ کام لەو لێکەوتانەی لەگەڵدا نەبوو، کۆچەری بوونی کۆمەڵگای کورد هۆکارێکی سەرەکی بوو کە کورد هەستی وابەستە بوونی بە خاکی تیا بەدی نەیەت، ئاژەڵدار بوون و کۆچەر بوون گەورەترین ڕێگر بوو لە پەرەی زانست و خوێندن، هۆکارێکی گرینگ بوو بۆ مەفسەل بەندی مرۆڤەکان لەناو خێڵ و تایفەیەدا و گرینگی خوێن، بێ منەت بوونی کورد لە بوروکراسی و لە ئاکاما شاخاوی بوونی جوغرافیای کوردستان وەک هێزیکی بەرگرەوەی سرووشتی کە زۆر جار ئەوی لە هێرش و مەترسێکان دەپاراست، ئەوی بی منەت کردبوو لە بەدی هێنانی ئەڕتەشێکی مونەزەم و دائیمی و هەموو ئەوانەش کۆمەڵگای کوردی دوور خستبۆوە لە ڕکابەرێتی و کێشەی نیزامی، لە هاوکێشەکانی ئەو ناوچەیەیی کە کوردی تیا دەژیا، واتە کورد بوونێکی تەواو پەرواێزی بوو، هەر ئەوەش دیارە بەستێنی ڕەخساند کە بەرە بەرە جوغرافیای کورد بەرتەسک بێتەوە، کورد بکەوێتە ژێر رێکفی هێژمۆنی هێز و دەسەڵاتی زلهێزەکانی ناوچە و لە ئاکامیشا نە تەنیا هیچ گوتار و ئەندێشەیەکی کوردانە سەری هەڵنەدا کە کورد لە نێوان چوار کلتوور، هێز و ئایدەی جیاوازدا دابەش بوو.
بەڵام بەدەر لە هەموو ئەو مووسیبەتانەی کە بەسەر کوردا هاتوە، تاکی کورد بە هۆی ئەو شێوە لەژیانە و دەروەست نەبوون و وابەستە نەبوونی بە هێندێک دیاردە و دەرکەوتە کە تایبەتی ئەو کۆمەڵگا مرۆییانەیە کە نیشتەجێن، جۆرێک لە ئازادی و رەهایی سرووشتی لەناو تاک و کۆمەڵگای کوردی دا هەبوە، بۆیەش پێویستە کۆمەڵگای کوردی لە ئەگەری ڕچاو کردنی هەر ئایدە و دیسکۆرسێک ئەو تایبەت مەندیە لەبەر چاو بگرێت و حەول بدات تاک و کۆمەڵگای کوردی بەرەو ئازادی ڕێنوێن بێت، واتە ئەگەر بشێ دەست لەسەر تایبەت مەندێکی تاکی کوردی دابندرێت وەک تایبەت مەندێکی لۆکاڵی کە بەرهەمی پێگە و دەڤەر جوغرافیایی کوردستانە، ئەوا بێ گومان ئەو تایبەت مەندیە ئازادیە، بۆیەش پێوسیتە ئازادی تاک بپارێزرێت.


۱۳۹۷ بهمن ۱, دوشنبه

ئانتۆلۆژی کوردایەتی و کورد بوون

"لە پێوەندی سوژە-ئۆبژە ڕا بەرەو پێوەندی سوژە-سوژە 
"
شاهۆ حوسێنی

بەدرێژایی مێژوو دژ کردوەی جواروجۆر بەدژ دەسەڵاتی ناوەندی(ئەو دەسەڵاتە ناوەندیەی کە کۆرگێری سووژەی ناوەندە)، لە لایەن گەلان و یەک لەوان کورد و کۆر و کۆمەڵە ناڕازێکان لە عێراق و هەموو ئەو وڵاتانەی کوردیان تیا پارچە کراوە لەئارادا بوە بۆ گۆرینی فۆرماسیون و پێکهاتەی گوتاری ناوەند- پەراوێز. گوتاری ناوەند- پەراوێز ئەو گوتارە هێژمۆن و پاوانخوازانەیەی کە وزەی هزری و مەعیریفی بۆ ناوەند هەم وەک خاوەنی دەسەڵاتی رواڵەتی و هەم خاوەنی گوتاری زاڵ ڕەخساندوە بۆ پاکاوتە کردن، پاوان کردن و سڕینەوەی پەراوێز وەک ئەوی ترێکی بێگانە و لە ڕیشە بێگانە کردنی. ناوەند-پەراوێز لەراستی‌دا گوتارێکە کە لە دەوری دالی ناوەندی زۆرینە-کەمێنە داڕێژراوە، زۆرینە وەک ناوەند و دەقی بوون، دەسەڵات، هێژمۆنی و کەمینە وەک پەراوێزی بوون و دەسەڵات. ناوەند وەک سوبژەی تاقانە، خۆبنیادنەر و خۆو ئەوی تر پێناسەکەر و کەمینە وەک ئۆبژە، پیناسە کراو، داڕێژڕاوی سوبژە و ملکەچ، ئەگەر پارادایمی هێژمۆن و زاڵ لە بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتەکانی عێراق‌دا لە سەردەمی پاشایەتی‌ڕا هەتا دەسەڵاتەکەی سەددام حوسێن گوتاری عێراقی بوە بەناوەندێتی عەرەب(عەرەب هەم بەمانای ئیتنیک و هەم بەمانای کلتوور، زمان و ئەندێشەی زاڵ)،  ئەوا لە سەردەمی ئێستا و لەعێراقی پەسا سەددام کە  شیعە وەک کلتوور،ئایین و ئایدۆلۆژی بەرهەم هاتووی سیاسی-ئایینی زاڵە، هەمیسان بە ناوەندێتی عەرەب کە لەودا ناوەند وەک سوژەیەکی هێژمۆن، خەریکە پەراوێز دادەبەزێنتە ئاستی ئۆبژەیەکی دەسکرد، واتە پێوەندی و فۆرماسیونێکی سوژە-ئۆبژەی کە پێشتر خوڵقاوە، خەریکە دووپات و بەردەوام دەکاتەوە، پەراویزیش بەردەوام و بەشێوە گەلی جواروجۆر خەریکی گۆرینی ئەو موعادلەیە بۆ مسۆگەر کردنی جیا سوژەیی، واتە ساز کردنی پێوەندی و فۆرماسیونی سوژە-سوژە. بەڵام لەهەمان فۆرماسیونی عەقڵی ناوەند-پەراوێز دا، ئەوە لەکاتێک دایە کە گوتاری ناوەند- پەراوێز و پێوەندی سوژە-ئۆبژە نەک لە پێوەندی نێوان نەتەوەکان، کە لەپێوەندی نێوان ئایدۆلۆژێکان، ئایینەکان، هزرەکان و .... هتددا رەوتێکی بەردەوامی مێژووییە و حەول بۆ گۆرینی ئەو پێوەندیەش هەر بەردەوام و مێژووئیە، بەجۆرێ کە هەر سوژەیەک ئەوی تر دادەبەزێنێتە ئاستی ئۆبژە و لەنەهایەتیش دا خۆی دادەبەزێندرێتە ئاستی ئۆبژە، واتە مێژووی سیاسی-کۆمەڵایەتی عێراق دەشێ بگوترێت کە مێژووی ئاڵوگۆری و بەردەوامی گەڕیانی سوژە-ئۆبژەیە.
ئەوەی ڕاستی بێت، ئەو بەستێنە کلتووریە و ئەو دەلاقە هزریە پێویستە بگوردرێت و کورد وەک نەتەوەیەک لە دەلاقەی کلتوور و بەستێنی هزری سوژە-سوژە ڕا نەک زۆرینە-کەمینە یان ناوەند-پەراوێزرا، جۆری پێناسەکان و پێوەندیکان لەناو تاک و کۆمەڵەگادا دابڕێژێتەوە، خاوەن ماف بوون وەک تاک و کۆمەڵگا و داڕشتنی جۆری پێوەندێکان، هیچ پێوەندێکی بە کەمینە و زۆرینە نیە، بەڵکە پێوەندی بە بوون و بەردەوامی بوون هەیە، دیارە لە ئاستی سیاسی‌دا بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێک، ڕەچاوی یاسای زۆرینە-کەمینە بەشێوەیەکی ڕێژەیی و کاتی دەکرێت، بەڵام  نەک وەک دەلاقە و کلتوورێکی بەردەوام بۆ پەراوێز خستن، سڕینەوە و تواندنەوە. بەو هۆکارەی کە باسی ماف، باسێکی کەیفیە نەک باسێکی کەممی، هەڵەیە لەدەلاقەی زۆرینە-کەمینەرا بە نەتەوەیەک بگوترێت کە بە هۆی کەمینە بوونی، کەمێ مافی خۆ دەرخستن، خۆ پێناسەکردن و کەمێ مافی سوژە بوونی هەیە. کورد بەهۆی بوون و بەردەوام بوونی، مافی سوژە بوون، خۆپێناسە کردن، خۆدەرخستن و خۆبنیادنانی هەیە و وەک هەموو بوونەکانی تر جیا لە ڕێژەی حەشیمەت و خاک، مافی دیاری کردنی چارەنووسی هەیە، مافی دیاری کردنی چارەنووس باسێکی ناوەرۆکی و کەیفیە، لەهیچ بڕیارنامەیەک دا نەهاتوە کە نەتەوەیەک بەڕێژەیەکی دیاری کراوی حەشیمەت مافی دیاری کردنی چارەنووسی هەیە، بەڵکە نەتەوەکان بە سیرفی بوون و بەردەوام بوونیان مافی چارەنووسیان هەیە.
لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ئایین، چەپ و بڕێ ئایدۆلۆژی تر هەبوون کە لە کوردستان تەشەنەیان کردوە و کوردیان بەخزمەت گرتوە، ئەم ئایدۆلۆژیانە لە دەلاقەی بەرژەوەندی و مەعریفی خۆیانەوە کوردیان پیناسە کردوە، دایان ڕشتوە و بوونێکایان لێ بەرهەمێناوە کە بتوانێت خزمەت بە ئامانجەکانی ئەو ئایدۆلۆژیە بکات، واتە کورد بۆتە ئۆبژە و کەرەسەی ئەو ئایدۆلۆژیانە، بەڵام بەداخەوە هیچ کام لەو ئایدۆلۆژیانە هیچ خزمەتێکیان بە کورد وەک کورد، وەک بوونێکی خۆداڕێژراوی خۆپێناسەکەر نەکردوە و ئەساسەن نەتەنیا هیچ باوەڕیکان بە بوونێکی سوبژانە نەبوە کە هیچ مەجالێکیشیان بۆ دەرکەوتنی کورد وەک سوبژەیەک نەداوە، چ لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتی لە عێراق، چ لەسەردەمی دەسەڵاتی قاسمی کۆمۆنیست، چ لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسی فاشیست و بێ گومان لە سەردەمی دەسەڵاتی شیعەی پەسا سەددامیش هەر بەو شێوەیەبوە و دەبێت.
هەڵبەت ئەوە تەنیا ڕوویەکی کێشەی کورد نەک لەعێراق کە لەهەر چوارپارچەی کوردستان بوە، ڕوویەکی تری کە بەباوەری نووسەری ئەو دێڕانە دەتوانێ گرینگ‌تر و جێگای سرنج‌تر بێت ئەوەیە، کە تا ئەمرۆکە هیچ حەولێک بۆ داڕشتنی کوردایەتی و کورد بوون وەک گوتارێک لەخۆگری ئینتیما، تایبەتمەندێکان، بەها و نۆرمەکانی لۆکاڵی، بۆ بەرهەم هێنانی وێنایەکی هاوبەشی زەینی وەک ڕایەڵێکی هارمۆنی بەخش و لێک گرێدەرەوە کە لەو چوارچێوەیەدا هەموو هزر و ئایدەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی، هەموو تاک و بوونەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بتوانن وەک جوگرافیایەکی هاوبەش تیا بژین و یەکتر بەفەرمی بناسن نەدراوە، دەشی ئاوا بگوترێت کە کوردایەتی و کورد بوونی ئێستاکەی کورد بوونێکی سەلبی و ڕواڵەتیە، سەلبی بەو مانایەی کە عەرەب، تورک و فارس نین و ڕواڵەتی بەو مانایەی کە ئاماژە دەکات بە ئاخافتن، بەرگ و لیباس و جوگرافیا، ئەوە لەحاڵێک دایە کە بۆ کورد بوون، کوردایەتی و یەکگرتوو بوون لەناو جەغزی ئینتما و شووناسیکی هاوبەش پێویستێکان زیاترن و پێویستیمان بە کەرەسەی زیاتر و بەستێنێکی بەرفراوانتری هزری و مەعریفی هەیە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی