۱۴۰۱ تیر ۵, یکشنبه

دەرکەوتە ولێکەوتەکانی ناسیونالیزمی ئێرانی

 

شاهۆ حوسینی

لەبڕی پێشەکی



دوایین لێدوانەکانی ڕەزا پەهلەوی لەسەر ناڕزایەتێکانی ئێران لێدوان و دژکردەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، بێ‌گومان ئێمە وەک کورد دەکرێ ڕوانگەیەکی تایبەتمان هەبێت لەسەر ئەو لێدوانە. بۆ تێگەیشتن لە ناوەرۆکی ڕوانگە و ئەندێشەکانی ڕەزاپەهلەوی بێ‌گومان پێویستە سەرچاوەی هزری و ئایدۆلۆژیکی ئەو ڕوانگە و ئەندێشانە دەربخرێن‌، دەرکەوتنی سەرچاوەی هزری و ئایدۆلۆژیکی هەر مرۆڤ و ڕیکخراوەیەک دەتوانێ ببێتە بنەمایەکی شیاو و جێگای متمانە بۆ پێش‌بینی دەرکەوتە و لێکەوتەکانی سیاسی لە داهاتوودا. ئەوەی لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی ئێران‌دا دەبیندرێت سێ ئایدۆلۆژی و ڕوانگەی جیاوازن وەک تەوەرە و ڕێکخەڕی بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتێکان. یەکەم نەتەوەخوازی ئێرانی(سەڵتەنەت خوازەکان، مەشرووتەخوازەکان و کۆماری خوازەکان)، دووهەم مارکسیسم(تودە، مائۆئیستەکان، حێکمەتیستەکان و چریکەکانی فەدایی خەڵق)، ئیسلام( کۆماری ئیسلامی بە هەر دوو باڵی ڕێفۆرمخواز و بناژوێخواز، میللی-مەزهەبی). ئەم سێ ئایدۆلۆژیە لەگەڵ ئەودا لە ڕوانگە و ئامانج‌دا ڕەنگە جیاوازی زۆریان هەبێت، بەڵام وێک‌چوویەکی گرینگیان هەیە، ئەویش پاوەانخوازێتی کلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیە بە کەڵک وەرگرتن لە دیاردە کۆمەڵایەتی و کلتوورێکانی نەتەوەیەی فارس، واتە هەموویان خاوەنی جەوهەری نەتەوەخوازی ئێرانین.

 

ناسیونالیزمی ئێرانی:

ناسیونالیزمی ئێرانی لە ڕواڵەتی وشەدا چەمکێکی دەسکردی داهێنراو و داتاشراوە بە مەبەستی نیشان دانی یەک‌گرتوویی هەموو ئەو نەتەوانەی لەناو ژێئۆپۆلەتیکی ئێران‌دا دەژین کە وەک قەوم پێناسە دەکرێن لەخزمەت بەرژەوەندی و پاراستنی هێژمۆنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری نەتەوەی باڵادەستی فارس. لەڕاستی‌دا ئایدۆلۆژی دەسەڵات، پاشایەتی و سەرەوەری فارسە بەسەر نەتەوەکانی‌تردا. ناسیونالیزمی ئێرانی سەرەتا ئایدۆلۆژیک بوو بۆ دژایەتی هەڕەشەکان و هێرشەکانی هێزە دەرکێکانی وەک ڕووسیا و بەریتانیا بۆ سەر ئێران، بەڵام لەپاش دەرکەوتنی ڕەزاخان و دەسەڵاتی شێوە مۆدێڕن بوو بە ئایدۆلۆژی سڕینەوەی ئەوی‌تری غەیرە فارس لەناو فارس‌دا. بەم شێوەیە پان ئیرانیسم وەک ئایدۆلۆژی دەرکەوت. ئەم چەمکە یەکەم جار لەلایەن مەحموودی ئەفشاری یەزدی لە ساڵی ١٩٢٠ بە لاسایی کردنەوە لە پان عەرەبیسم و پان تورکیسم بە مەبەستی پاراستنی تەواوییەتی ئەرزی ئێران و بەربەرەکانی لەگەڵ هەڕەشەکان بۆ سەر دەسەڵات، پاوانخوازێتی و هێژمۆنی خودی فارس دەرکەوتوە. سەرنجێکی کوورت بۆ سەر پان‌عەڕەبیسم و پان تورکیسم دەری دەخات کە ئەم دوو ئایدۆلۆژیە بۆ دژایەتی لەگەڵ نەتەوەخوازی کوردی، پێش‌گرتن بە سەربەخۆیی کوردستان، ملکەچ کردن و تواندنەوەی کورد لەناو نەتەوەکانی عەڕەب و تورک لە عێڕاق، سووریا و تورکیا بەرهەم هاتوە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەکە ئێرانیش بەشێکی کوردستانی داگیرکردوە و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم‌ڕا بە تایبەتی بزاڤەگەلێکی نەتەوەخوازانە لەم پارچەیە لە کوردستان سەی هەڵداوە، پان ئێرانیسم دژکردەوەیەک بە دژ نەتەوەخوازی کوردی و نەتەوەخوازی کەمینەکانی‌تری ناو ژێئۆپۆلەتیکی ئێران بوە بە مەبەستی تواندنەوەی نەتەوەی کورد و ئەوانی‌تر لەناو شووناسێکی دەسکرد و جەعلی‌دا.

ناسیونالیزمی ئێرانی لەخۆگری چەند کۆڵەکەی گرینگە کە لەڕیی ئەوانەوە هێژمۆنی فارس دەسەپێنیت و پەرەی پێ دەدات. یەکێک لەم کۆڵەکانە زمانە، واتە فارسی کە زمانی نەتەوەی فارسە وەک زمانی نەتەوەیی ئێرانی مسۆگەر دەکات و پێش‌دەگرێت بە پەرە و دەرکەوتنی هیچ زمانێکی‌تر. دیارە زمان نتەنیا کەرەسەیکی ڕواڵەتی بۆ پێوەندی گرتن نیە، بەڵکە کارتێکەری هەیە لەسەر چلۆن بیرکردنەوەی مرۆڤ، واتە کاتێ مرۆڤ زمانی نەتەوەیی و دایکی فێر دەبێت، هاوکات لەگەڵ ئەو کردەوەگەلێکی هزری تایبەتیش کە زایەڵەی ژینگەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی خۆیەتی فیری دەبێت، بەجۆری کە ئەو کردەوەگەلە هزریە کارتێکەری گرینگ و قوڵیان هەیە لەسەر ئەزموونەکانی مرۆڤ لە مەر جیهانی دەورووبەر. کەواتە دەشێ بگوترێ کە زمان هەر لە مناڵێوە کارتێکەری هەیە لە سەر هزر، ڕوانگە، هەست، ئەزموون و بیرەوەرێکانی مرۆڤ. هەر بۆیەش پان ئێرانێکان لەڕیی سڕینەوەی زمانی نەتەوەکانی‌تر و سەپاندنی زمانی فارسی بەر نەتەوەکانی‌تر حەولی پێش‌گرتن بە پەرەی هەستی نەتەوەیی و جیاواز بوون لەگەڵ فارسەکان دەدەن، بەهۆی ئەوەکە زمان کارتێکەری قوڵی هەیە لەسەر بەرهەم هاتن و دەرکەوتنی باوەڕ، بەها، نۆرگەلێکی کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی لەناو مرۆڤ‌دا. یەکێکی‌تر لە کۆڵەکە گرینگەکان تەوەربوونی نەتەوەیی فارس‌و پەراوێز بوونی نەتەوەکانی‌ترە لەڕیی سەپاندنی زمانی فارسی، بەها، نۆرم و ئایدۆلۆژی نەتەوەی فارس لەلایەک و لەلایەکی‌تر لەباری ئابوورێوە پەراوێزخستنی نەتەوەغەیرە فارسەکان و حەول بۆ پەرەئەستاندوویی پارێزگاکانی سەر بە فارسەکانە، بۆ وێنە خوزستانی لەگەڵ ئەوەدا خەزینەی ئابووری ئێرانە بەڵام عەڕەبەکان لەو پەڕی هەژاری‌دا دەژین، یان کورستان و بەلووچستان لەگەڵ ئەوەدا پەرە نەستاندووترین پارێزگاکانی ئێرانن، بەڵام فارس، ئیسفەهان، تاران، مەشهەد و....هتد دەوڵەمەند‌ترین پارێزگاکانی ئێرانن. یەکێکی‌تر لە کۆڵەکە گرینگەکان هێژمۆنی سیاسی و حاکم بوونی نەتەوەی فارسە، واتە دەسەڵاتی سیاسی بەردەوام بۆ نەتەوەی فارس مسۆگەر بوە.

 

 

بنەما نەزەرێکانی ناسیونالیزمی ئێرانی:

ئاخۆ دەشێ ناسیونالیزمی ئێرانی وەک قوتابخانەیەکی هزری یان فۆڕمێک ئەندێشەی فەلسەفی پێناسە بکرێت؟ بۆ تێگەیشتن لەم مەسەلەیەو بۆ گەیشتن بە وڵامێکی گونجاو بەم پرسیارە پێویستە ڕەچەڵەکی هزری سیاسەت لە ئیران دیاری بکرێت، لەڕاستی‌دا ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێرانێکان لەگەڵ مۆدێڕنیتە و جیهانی ئەندێشەی مۆدێڕن ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕواڵەتی و فۆرمالیتانەیە، واتە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕواڵەت، فۆڕم و پێکهاتەی ڕواڵەتیە، بەبێ ئەوەکە سرنجیان دابێتە ناوەرۆک، فەلسەفە و ئەندێشەی بەرهەم هێنی ئەم فۆرم و ڕواڵەتانە. ناسیونالیزمی ئێرانی هەر بەو پێیە ڕەوانگەگەلێکی بەربڵاو و جیاواز لە دژە کەمینەتەوەییەکانی ناو ئێران، هەتا دژە بێگانە، دژە ئایین و دژ دێمۆکراسی لەخۆدەگرێت کە وێک‌چووی هەموویان حەول بۆ دەسەت بە دەسەڵات ڕاگەیشتن و پاوان کردنی دەسەڵاتە، لەڕاستی‌دا ناسیونالیزمی ئێرانی بەر لەوەکە لەخۆگری ڕوانگەیەکی هزری و بەرهەم‌هێنی زەینێک لەمەر مرۆڤ وەک خود، کۆمەڵگا وەک نەتەوە و ئەوی‌تر وەک غەیرییەت بێت، دژایەتی و دوژمنایەتێکە لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە وەک مەترسییەک بۆ سەر هێژمۆنی و دەسەڵاتی "من" دەبیندرێن. هەر بۆیەش بە هۆی ئەو ئاڵۆزی و بشێویە دیاری کردن و دەستنیشان کردنی بنەمای نەزەری و تێئۆریکی بۆ ناسیونالیزمی ئێران هەتا ئێستاش نەگونجاوە. ڕەوەو دەسەڵات حەول دان و ڕوو لە دەسەڵات هەنگاو نان وای کردوە کە ناسیونالیزمی ئێرانی تایبەت‌مەندی ئایدۆلۆژیک بەخۆیەوە بگرێت. ئەم ئایدۆلۆژیە لەگەڵ جیاوازی لە مانا و ڕوانگەدا بەڵام یەک تایبەت‌مەندی تەوەرەیی هەیە ئەویش گەوهەرخوازێتی، زات باوەڕی ئەم ئایدۆلۆژیە، بەجۆرێ کە ئەم ئایدۆلۆژیە تایبەت‌مەندێکانی مرۆیی و کۆمەڵایەتی نەک وەک دیاردەیەکی سترۆکتوڕاڵ کە وەک دیاردەگەلێک و تایبەت‌مەدنی گەلێکی گەوهەری و زاتی تاک و نەتەوەی ئێرانی فەڕز دەکات کە هەر لە کۆنەوە و لە مێژوودا ئەم زات و گەوهەرەی لەگەڵ دابوە، واتە ناسیونالیزمی ئێرانی دوو تایبەت‌مەندی گرینگی هەیە وەک ئایدۆلۆژی بۆ مسۆگەرکردن، پاراستنی هێژمۆنی و بەردەوامی دەسەڵاتەکەی کە بریتین لە گەوهەرخوازی و ئاراکائیسم. لەڕاستی‌دا ناسیونالیزمی ئێران لەڕێی گەوهەرخوازی حەولی سەپاندنی بەها، نۆرم و تایبەت‌مەندێکانی فارس وەک بەها، نۆرم و تایبەت‌مەندی نەتەوەیی هەموو بوونەکانی ناو ئیران دەدات بە مەبەستی یەکدەست و یەکپارچەکردنی هەمووان، دووهەم لەڕێی کۆنینە خوازی(ئارکائیسم) حەولی بە مێژووی کردنی ئەم ڕەوتەدات بە مەبەستی دژایەتی، بەرپەرچ‌دانەوە سڕینەوەی هەرجۆرە دژکردەوەیەک لەگەڵ سەروەری، هێژمۆنی و دەسەڵاتی خودی فارسی.

 

 

دەرکەوتەکان و لێکەوتەکانی ناسیونالیزمی ئێرانی:

تایبەت‌مەندی ئایدۆلۆژیکی ناسیونالیزمی ئێرانی وەک نیزامێک لە باوەڕ، ئاگایی، نۆڕم و ڕوانگەی بەرهەم هاتوو لە دەرەوەی ئێرادەی مرۆڤی سووژە لەلایەن دەسەڵات‌خوازەکان، دەسەڵاتەکان و ئیدئۆلۆگەکانی سەر بە دەسەڵات بەستێنیکی هزری و مەعریفی ڕەخساندوە بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتێکی شێوە مۆدیڕن لە ئێران کە لەخۆگری ئەو تایبەت‌مەندیانەیە: مۆنۆلۆگ، پاوانخواز، دژە پلۆرالیزم، دژە دێمۆکراسی و دژ مۆدیڕنیتە. ئەم ئایدۆلۆژیە لە ئێران بەرهەم‌هێنی حکوومەتی سەڕەڕۆۆ، دیکتاتۆڕ و پوانخواز بوو، بە بەردەوامی حەولی سڕینەوەی جیاوازێکان، فرەییەکان و ئەوی‌تری داوە، بە مەبەستی بەرهەم هێنانی کۆمەڵگا، کلتوور و نەتەوەیەکی یەک دەست لەڕیی دەسەڵاتێکی سانتراڵ و پاوانخواز. دەسەڵاتی پەهلەوەی وەک سەرچاوە و پەرە پێ‌دەری ئەم ئایدۆلۆژیە لەماوەی حکوومەتی ڕەزاشا و حەمەڕەزا شا بە بەردەوامی لەگەڵ هەرجۆرە دەرکەوتنی شووناسێکی جیاواز لەگەڵ شووناسی بەرهەم هاتوو لەلایەن ئایدۆلۆژی دەسەڵاتەوە بەربەرەکانی دەکرد، سیاسەتەکانی ئەم بنەماڵەیە لە ماوەی حووکمڕانی‌دا حەول بۆ سەپاندنی زمانی فارسی وەک زمانی نەتەوەیی و لەناو بردنی زمان و بە پێیەش ئەندێشە و هزرە جیاوازەکان، سەپاندنی شووناسێکی نەتەوەیی دەسکرد و حەول بۆ سرینەوە و لەناو بردنی شووناسە جیاوازەکان و بەرهەم هێنانی دەسەڵاتێکی سانترالیستی قەتیس‌کراو لەناو بازنەی نەتەوەی فارس‌دا بوو بەبێ شەرعییەتی دێمۆکراتیک لەڕیی هێزی نیزامی و جەبری سەرنێزە. ئەم کلتوورە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش‌دا دووپات و بەردەوام بۆتەوە.

 

کۆتا وتە:

ڕەزا پەهلەوەی لە وەهمی خۆی‌ و سەڵتەنەت‌خوازەکان‌دا  ئێستا خۆی بە میرات‌گری دەسەڵاتی پەهلەوی دەزانێت، ئەمڕۆکە وەک کەسایەتی بەرچاوی لایەنگرانی سەڵتەنەت‌خوازی و مەشرووتەخوازی لە دەلاقەی ئەم ئایدۆلۆژێوە واتە ناسیونالیزمی ئێرانی خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکانی ناوخۆی ئیران، داهاتووی سیاسی ئێران و تایبەت‌مەدنێکانی کۆمەڵایەتی و کلتووری ئێران دەکات. ڕەزا پەهلەوەی لە دەلاقەی پان‌ئێرانیزم‌دا حەول دەدات کە دەسەڵاتی پاشایەتی لەڕیی خۆسەپاندن بەسەر ناڕزایەتێکانی ئیران و مووسادەرەی ئەم ناڕزایەتیانە زیندوو بکاتەوە، تا بەم شێوەیە لەڕێی حکوومەتێکی پاشایەتی پاوانخواز گەشەی ئابووری بە ئێران بدات، یەکپارچەیی سەرزەوینی ئێران بپارێزێت و بە خەیاڵی خۆی شکۆی مێژوویی و نەتەوەیی لەدەست چوووی ئێران بگەڕێنەتەوە. ئەوەی بەراستی وەک مەترسییەک لە ئاسۆی سیاسی ئێران‌دا دەبیندرێت ئەوەیە کە هیچ‌کام لە هێزە سیاسی و سەرانسەرێکانی ئێران هیچ گوتار و ئایدەیەکیان بۆ دێمۆکراتیزەکردن و سەرخستنی ڕەوتی دێمۆکراتیزاسیون لە ئێران نیە، هەموویان بەگشتی بەبێ ئەوەکە پەرە بە کەسایەتی و زەینی تاکێتی و مەدەنی لە ناو تاک و کۆمەڵگادا بدەن بە مەبەستی بەرتەسک کردنەوەی بەستێنی سیاسی، دەرخستنی دەسەڵاتێکی وڵام‌دەر و دەروەست بە کۆمەڵگای مەدەنی، حەول دەدەن دەسەڵاتی خۆیان مسۆگەر بکەن و پاوانی بکەن تا بتوانن لە غیابی تاکێکی سوبژە و ئاگا، کۆمەڵگایەکی مەدەنی پەرە ئەستاندوو و بەهێز، هێزی بێ سنووری خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن، لەڕێی هێزی نیزامی و سەرنێزە لە داهاتوودا بەرنگاری هەر جۆرە شووناس‌خوازیەک، ماف‌خوازیەک و ئازادی‌خوازیەک ببنەوە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە ناسیونالیزمی ئێرانی لەڕەوتی میژوویی خۆی‌دا هەتا ئیستاش ئایدۆلۆژی دەسەڵات بە مەبەستی پەرە، هێژمۆنی و بەردەوامی خۆی بوە و هیج‌کات هیچ ڕوانگە، هەست و حەولێکی بۆ پەرەی فرەیی، ئازادی و دێمۆکراسی نەبوە، بۆیەش گرینگ‌ترین لێکەوتەی ئەم دەرکەوتەیە، کۆمەڵگایەکی لێک‌دابڕاو، قەڵش گەلێکی کۆمەڵایەتی ئەکتیڤ و بشێوێکی بەرفراوان لەناو کۆمەڵگادا بوە.

سەرچاوە ڕۆژنامەی کوردستان: ژمارە ٨٢٥

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی