۱۳۹۷ فروردین ۳۰, پنجشنبه

"تورکیاهەڵبژاردنی پێش وەختی پارڵمانی و یەکگرتوویی کۆنسێرواتیسمی ئایینی و نەتەوەیی"

شاهۆ حوسێنی

رەوتی مووتڵەقی دەست بەسەر  دەسەڵات داگرتن لە دوایین هەڵبژاردنی پارڵمانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ بە هاتنی ه.د.پ تووشێ کێشە و قیران بوو، هەرچەند لە دەوری دووهەم دیسان بە هۆی هێژمۆنی دەسەڵات، ساختەچێتی، گوشار خستنە سەر لایەنە سەربەخۆکان و دەست بردن لەئاکامی هەڵبژاردن، ئاکەپە توانی ببێتەوە بە زۆرینەی پارڵمان. بەڵام ئەو جارە ئاڵوگۆڕێکانی تورکیای پاش شێوە کۆدەتا و هێرشی نیزامی-داگیرکارانە بۆسەر عەفرین بەستێنێکی بەرفراوانی بۆ ئەردۆغان رەخساند تا بەرەو مووتڵەق کردنی دەسەڵات هەنگاو بنێت، ئەردۆغان ئەمجارە بەڵام لەگەڵ دەوڵەت باغچەلی کە نوێنەری رەوتی ناسیونال-کۆنسێرواتی تورکیایە لەچوارچێوەی بەرەیەکی سیاسی بەرەو هەڵبژاردن دەچن، لە راستی دا ئەردۆغان وەک نوێنەری بەرەی ئایینی- کۆنسێروات و باغچەلی وەک نوێنەری بەرەی ناسیونال- کۆنسێروات بەتەمای کۆدەتای یەکجارین لە دەسەڵاتی سیاسی دا و وێدەچێت لە دواییش دا بە لە مەیدان بەدەر کردنی رەوتی دەوڵەت باغچەلی، ئەردۆغان خۆی ببێتە نوێنەری گشتی سێ کووچکەی ئایین، ناسیونالیسم و کۆنسێرواتیسمی تورکیا و دەسەڵاتی مووتڵەق بەدەستەوە بگرێت. بێ گومان ئەردۆغان باش تێ‌گەیوە کە رەوتی ناسیونال- کۆنسیرواتی باخچەلی ناتوانێ هەرەشەیەکی ئەوتۆ بێت بۆ رەوتی بەمووتڵەق کردنی دەسەڵات لەلایەن ئەردۆغانەوە، بەڵام جەهەپە و هەدەپە دەتوانن هەرەشەیەکی گەورە بن و بەشی هەرە زۆری دەنگی خاکستری کۆمەڵگا بۆلای خۆیان رابکێشن، بەڵام لەمەیدان بەدەر کردن یان سڕ کردنی ئەو دوو رەوتە دەتوانێت خێرایی تانکەکانی ئەردۆغان بەرەو کاخی دەسەڵاتی مووتڵەق زیاتر بکات، بێ گومان ئەدرۆغان بە لەمەیدان بەدەر کردنی رەوتی گوڵەن وەک گەورەترین هەڕەشەی ئاشکرا وشاراوە بە دژ دەسەڵاتەکەی، کاری  بۆ ڕوبەڕوو بوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی تر ئاسان‌تر بۆتەوە. ئەوەی حاشا هەڵنەگرە، تایبەتی مەدنی کۆنسێرواتی کۆمەڵگای تورکیایە، تورکیا لەگەڵ ئەوەدا ماوەیەکی زۆرە لە پێوەندێکی راستەوخۆ لەگەڵ رۆژئاوا دایە و لە هەڵبژاردنی پێشوو سیگناڵی بەهێزی دەنگی خاکستری دەرکەوت، بەڵام بەو حاڵەش توێخێکی سەخت و بەردینی هەیە کە ئەو دەپارێزێت لەهەرجۆرە ئاڵوگۆرێکی بەرۆژ، رادیکاڵ و بەردەوام،  بەوپێیەش کۆمەڵگای تورکیا کۆمەڵگایەکی تەواو کۆنسێرواتە. کە بەربەرەکانی دەکات لەگەڵ هەرجۆرە رەوتێکی ئاڵوگورخوازانە.

۱۳۹۷ فروردین ۲۹, چهارشنبه

بۆچی ناڕزایەتێکانی ناوخۆی ئێران نەیانتوانیوە هەڕەشەیەکی جیددی بن بۆ کۆماری ئیسلامی؟


شاهۆ حوسێنی

نارزایەتێکانی ماوەی رابردوو لەئێران ئەگەرچی بەشێوەیەکی بەربڵاو و فراوان بەردەوام بوە، هەر لە نارزایەتێکان لەهەمبەر هەژاری کە بە دەنگ هەڵبڕینی کرێکارانی کارخانە جۆراوجۆرەکانی ئێران وخاوەن حیسابانی ناوەندەکان و سندووقەکانی بەرواڵەت ناحکوومی پاشەکەوتی پوڵ کە پووڵی خەڵکیان خواردبوو  دەستی پی کرد و  پەرەی کێشایە شارەگەلیکی ئێران، هەتا نارزایەتێکانی کەشاوەرزانی ئیسفەهان بە بۆنەی کەم ئاوی و راکێشانی ئاوی ئەو ناوچەیە بەرەو شاری یەزد و لە ماوەی چەند رۆژی رابردووش نارزایەتێکانی شاری کازروون بە دژ سیاسەتی دابەش کردنی ئەو شارە. ئەگەرچی هەموی زۆر بە روونی دژ بە سیاسەتەکانی ئەو رژێمە و بەگشتی دژ بە رژێم بوە بەڵام هیچ کام لەو نارزایەتیانە نەیانتوانی ببنە هەڕەشە بۆسەر کوللیەتی نیزام سیاسی حاکم، ئەوەی لەو ناوەدا پرسیارە ئەوەیە کە بۆچی ئەو نارزایەتیانە هەتا ئێرە نەیانتوانیوە ببنە هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر رژێم؟ کەی و چلۆن ئەو نارزایەتیانە دەبنە هەرەشە بۆسەر رژێم؟

نارزایەتێکانی ماوەی رابردووی ئێران لەخۆگری تایبەت مەندی لۆکاڵی واتە مەحەلی بوونە، واتە هەموو قەتیس مابوونەوە و مانەوە بە کێشە و قەیرانێکی ناوچەیەکی تایبەت و کێشەکە لە جەغز و بەستێنی کێشەیەکی لۆکاڵی‌دا مانەوە و دەمێننەوە، واتە ئەو کێشە و قەیرانانە نەیانتوانی پەرە بستێننە ناو بەستێن و جەغزێکی سەراسەری وەک کێشەیەکی گشتگیر و عامی کۆمەڵگا، بۆ وێنە کێشە و نارزایەتێکانی کاسبکارانی کورد بە دژ داخرانی دەروازە سنوورێکان لە بانە و شارەکانی تری کوردستان، کێشە و ناڕزایەتی بەدژ کووشتنی کۆڵبەران لەناوچە سنووریکانی کوردستان، کووشتنی کاسبکاران لە سنوورەکانی بەلووچستان وەیان کێشەکانی خەڵکی ئەهواز نەیتوانیوە لە پارێزگاکانی کوردستان، بەلووچستان یان خوزستان تێپەڕیت، یان کێشە و قەیرانی خەڵکی پارێزگای ئیسفەهان یان شاری کازروون نەیتوانیوە پێوەندیکی هارموونێک لەگەڵ کێشە و قەیرانەکانی تری ناوچەکانی ئێران بگرێت. هەر بەجۆرەی کە کێشە و قەیرانی مامۆستایان، ماڵخوراوانی سندووقەکانی پاشەکەوتی پووڵی ناحکوومی و کریکاران نەیان‌توانیوە لەگەڵ یەکتر پێوەندێکی هارموونیک ساز بکەن و لێک گرێ بدرێنەوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە  سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانە دەسەڵاتی ناوەندی و پاوانخوازێتی حکوومەتی ئێرانە. ئەگەرچی چاوەروان دەکرێت کە کۆمەڵگای ئێران نارزایەتی تریش بەخۆیەوە ببینێت. بەڵام مانەوەی ئەو کێشە و قەیرانانە لەناو بازنە و جەغزیکی لۆکاڵی و ناوچەیی‌دا ناتوانێ ببێتە خاوەن دەسکەوتێکی ئەوتۆ، هۆکاری سەرکی ئەو دۆخەش فرە نەتەوە، فرە کلتوور و فرە خواست بوونی ئێرانە، ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە، کلتوور و ئایینە کە هەموو ئەو فرەییانە بەجۆرێ لە جۆرەکان لەگەل یەکتر لە کێشە و قەیران‌دان و نەیان‌توانیوە لە دەوری کێشەیەکی سەرەکی بە دژ حاکمییەت کۆ ببنەوە، بە واتایەکی‌تر لەغەیابی گوتاریکی هاوبەشی گشتگیر کە هەموو کێشە ناوچەیی و لۆکاڵیکانی ئێران لەناو بازنە و جەغزی پارادایمێکی سەراسەری و گشتگیردا مەفسەل‌بەندی بکات وە ببێتە ڕایەڵێکی لێک کۆکەرەوەی هەموو کێشەکان و هارمۆنی بەخشی بە کێشە و قەیرانە لێک جیاجیا و لێک‌دابڕاوەکان، ئەوا گوتار و دیسکۆرسی حکوومەت هەروا هێژمۆن و زاڵ دەمێنیتەوە و ئەو قەیرانانەش ناتوانن ببنە سەرچاوەی هیچ هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر دەسەڵات، دیارە سەرهەڵدانی ئەو گوتارە هاوبەشە، دەتوانێ رێبەرێکی یەکگرتوو بۆ بڕیار‌دان و داڕشتنی میتۆد و جۆری رووبەروو بوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێران‌دا گەڵاڵە بکات. پێس مەرجی ئەو گوتارە هاوبەشەش خوێندنەوەی درووست و وەک خۆی ئۆپۆزیسیونە لە کێشە و قەیرانەکانی ناوخۆی ئێران، واتە ئۆپۆزیسیون لەجیات ئەوەکە کێشە و قەیرانەکان لە دەلاقەی ئایدۆلۆژی خۆیدا بخوێنێتەوە و کێسە و قەیرانەکان وەک ئۆبژە ببینێت، حەول بدات کێشە و قەیرانەکان وەک خۆی ببینێت، واتە قەیرانەکان وەک سووژە ببینێت، کە سەربەخۆ لەمنی ئۆپۆزیسیون و جۆری پێناسە کردنی من بوونی هەیە و ئەوە ئەرکی منە خۆ لەگەڵ ئەو رێک‌بخەم و بتوانم رێگاچارەی گونجاوی بۆ بدۆزمەوە.

.

ڕۆژەڤ بابەت: ئەگەری گۆڕینی دوکتورینی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ناوکی

 لەم ووتووێژەدا بەکورتی تیشکم ختۆتە سەر پرسی ناوەکی ئیران لێکەوتە و دیاردەکانی