۱۳۹۷ فروردین ۱۷, جمعه

پرۆتێستانیزمی سیاسی


شاهۆ حوسێنی

پرۆتێستانیزم بەرهەمی حەول‌وکۆششەکانی مارتین لوتێر وەک گەورە ڕێفۆرمخوازی ئایینی بوو کە یەکێک لە دژبەرانی گەورەی کلیسای کاتۆلیک بوو، کلیسای کاتۆلیک باڵی بەسەرهەموو ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگاد کێشا بوو وە پەرە پێدەری ئەوعەقڵییەتە بوو کە هەموو روانگە، کردەوە و دەرکەوتەیەکی ژیانی تاک و کۆمەڵگا دەبێت لە فیلتێری روانگەی کلیسا بگوزەرێت و ئەوە تەنیا کلیسایە کە دەتوانێ و مافی تەفسیر و شرۆڤەی دەقی ئایینی هەیە و هەموو کۆمەڵگا پێویستە گوێ لەمست و مل‌کەچی خوێندنەوە و جۆرێ بۆچوونی کلیسا بن، لووتێر ساڵی ۱٥۱۷ بە نووسینی ۹٥ تێز دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕوانگەیەی کلیسا کرد و ڕایەگەیاند، مادام تاکی ئایینی کاتۆلیک دەتوانێ شرۆڤەی دەقی ئایینی بکات کە وابێ هەموو تاکێکی پێگەیشتوو و خوێندەوار دەتوانێ و ئیزنی هەیە سەربەخۆیانە و بەبێ پێویستی بە کلیسا دەقی ئایینی بخوێنێتەوە و شرۆڤەی بکات، بەو پێیە پێویستە مەجالی خوێندن و پێگەیشتنی هەموو تاکێک بڕەخسێت، گرینگترین دەرکەوتەی ئەو ڕوانگەیەی لوتێر ڕەخساندنی مەجال بۆ سەرهەڵدانی تاکی سەربەخۆ کەلێن کەوتنە ناو کلیسا و کومەڵگا بوو کە لە درێژەدا سکۆلاریسم جیاوازی دەسەڵات و ئایینی لێ کەوتەوە.
 
بێ گومان کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە پرۆتێستانیزمی سیاسی هەیە، واتە پێویستە پاشەکشە بەو عەقڵییەتە بکرێت کە تاک و کۆمەڵگا بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەی دۆخی سیاسی وخواست و ویستی سیاسی پێوویستە ملکەچ و گوێ ڕایەڵی روانگەی حیزبی بن، مادام تاکی حیزبی بۆی هەیە کە خوێندنەوە وشرۆڤەی دۆخی سیاسی بکات، هەموو تاکێکی کۆمەڵگا دەتوانێ و ئازادە شرۆڤەی دۆخی سیاسی بکات‌و خوێندنەوەی بخاتە روو بە شەرتێک بەستێن و بنەما هزرێکانی هەبێت و بەشێوەیەکی ڵۆژیکی و زانستی پێگەیشتبێت، ئەو ڕەوتە لە ئاکام دا تاک و کۆمەڵگای سەربەخۆی سیاسی بەرهەم دێنێت کە بەستێن و بنەمای سەرەکی ئازادی و سەروەری تاک و کۆمەڵگایە.

۱۳۹۷ فروردین ۱۵, چهارشنبه

"ڕەعییەتی و دەروێشی جەوهەری کلتووری تاک و کۆمەڵگا"

شاهۆ حوسێنی
مرۆڤ و کۆمەڵگا وەک بوون، پێیەکی لە ڕابردوو و مێژوو دایە و پێیەکیشی لە ئەمرۆ دایە، لەراستی‌دا ناوەرۆکی نۆرم و کلتوورە کۆمەڵایەتی و سیاسێکان بەشیوەیەکی بەربڵاو دەگوازرێنەوە و دەگەنە دەست مرۆڤ و کۆمەڵگای داهاتوو، بۆ وینە ئەگەر لەرۆژئاوای سەردەمی فێئۆدالیسم دەسەڵاتی سیاسی بەرهەم و پێک‌هاتووی ئیرادە و خواستی فیئۆدالەکان بوو، واتە لەخۆگری دوو تایبەت مەندی پلۆرالیزم لە پێکهاتە و سەربەخۆنەبوو بوو لەبەرامبەر فێئۆدالەکان‌دا، یان ئەگەر لە رۆژئاوا لەجیات تاک خودایی چەند خودایی باو بوو بەجۆرێ کە هەر دیاردەیەکی سرووشتی و کۆمەلایەتی خودایەکی تایبەت بەخۆی هەبوو کە لەبەراورد لەگەڵ خوداکانی تر بوون و پیگەیەکی هاوتەریبیان هەبوو، هەر ئەو پلۆرالیزمە لەسەردەمی مۆدێرن وەک ناوەرۆک و جەوهەری کلتووری گوازرایەوە ناو پێکهاتە و دەسەڵاتی سیاسی مۆدێڕن و ئەو دێمۆکراسیەیی لێکەوتەوە کە ئێستا بۆتە ئۆلگو و نموونە بۆ زۆربەی کۆمەڵگا و وڵاتان.
بەڵام ئاوڕێک لە پێکهاتەی کۆمەلایەتی و کلتووری کۆمەڵگای کوردی لە ڕابردوو دەرخەری ئەو ڕاستێیە کە کۆمەڵگای کوردی بە عام لەخۆگر و هەڵگری دوو کلتووری هاوتەریب بوە، یەکیان کلتووری ڕەعییەتی و ئەوی تریش کلتووری دەروێشی، سیستمی ئاغا و ڕەعییەتی کە ئاغا خاوەنی بوون و ڕوح و گیان و ماڵ و ژیانی ڕەعیەت بوو وە ڕەعییەتیش لەهەناو و زەینی‌دا بوونێکی لە دەرەوەی جەغزی ڕەعییەتی بۆخۆی نەدەتوانی تەسەوور بکات، کلتووری ڕەعییەتی وەک جەوهەر و ناوەرۆکی کلتووری لەناو دەروونی نابەئاگای تاک و کۆمەڵگادا نەهادینە کرد، لەلایەکی تر بوون و پەرەی بەربڵاوی شێخ و شیخایەتی و خانەقاکان بەدی هێنەر و پەرە پێ‌دەری کلتووری موراد و موریدی بوو، لە پیکهاتەی شێخ و دەروێشی‌دا شێخ موراد و خاوەنی ڕوح و ڕەوانی مورید یان دەروێش بوو، دروێش یان مورید وابەستەی ڕوحی و ئیمانی شێخ بوو وە ئەساسەن لە دەرەوەی ئەو جەغزە و سەربەخۆ لە موراد هیچ بوونێک و ئیرادەیەک بۆخۆی قائیل نەبوو، ئەو کلتوورە واتە کلتووری رەعییەتی و دەروێشی وەک جەوهەر و ناورۆک ڕیک گوازرایەوە ناو هەناو و زەینی تاک و کۆمەڵگا، هەڵبەت سیستمی سیاسی پاوانخواز ودیکتاتۆریش بەردەوام ئەو کلتوورەی پەرە پێ دەدا و سەرلەنوێ دەکردەوە و دەکاتەوە، چاو خشاندنێک بە لایەنگرانی حیزب و لایەنی سیاسی کوردی ئەو ڕاستێیەمان بۆ دەردەخات کە لایەنگران و ئەندامان بە هەمان جەوهەری کلتووری و عەقڵی هەڵسوکەوت دەکەن و لە دەلاقەی هەمان عەقڵانییەت‌را دەرواننە ئەوی تر و بەرامبەریان. بەداخەوە پەرە و بەردەوام بوونەوەی ئەو کلتوورە ڕێگرە لە سەرهەڵدان و پەرەی تاکی سەربەخۆ، تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، ئەگەر کورد نەتوانێ عەقل و عەقلانییەتی دێکارتی کە پێک‌هێنەری تاک و کۆمەڵگای ڕەخنەگر، سەربەخۆ و بێ ئیمانە( لێرە ئیمان مەبەست دەروەست بوون بە ئایین و بێ ئیمان مەبەست دەروەست نەبوو بە ئایین نیە، بەڵکە عەقڵییەت و جۆری پێوەندی گرتن و هەڵسووکەوت کردنە، سیستم و مێتۆدی هەڵسووکەوت کردنی ئیماندارانە، چاو و گوێ لەمستانەیە و بێ ئیمانی مەبەست عەقلانی و ڕەخنەگرانە هەڵسووکەوت کردنە) بەرهەم بهێنێت، ئەوا کۆمەڵگا هیچ کات ئازادی و بوونێکی سەربەخۆ و رەها ئەزموون ناکات و پێی ناگات، عەقڵی دێکارتی عەقڵێکە کە تاک و کۆمەڵگا وەک سەغیر نابینێت کە پێویستی بەدەست گرتن و ڕێ‌بردنی هەبێت، بەڵکە تاک و مرۆڤ ئەو جۆرە پێناسە دەکات کە توانایی ناسین و دۆزینەوە ڕاستێکانی هەیە، عەقڵی دێکارتی تاک و مرۆڤی سووژە کە لە عەقی نەریتی و ئایینی‌دا ( ڕەعییەتی و دەروێشی‌) دابەزیبوە ئاستی ئۆبژە، دەگەڕێنێتە ئەو ئاست و پێگەیەی کە وەک سووژە دەربکەوێت، بەجۆرێک کە هەموو جیهان ئۆبژەی ئەو تاک و مرۆڤەیە و هەموو شتێک ئەو پێناسەی دەکات.
 ئەگەر مەبەست لە خەباتی کوردی ئازادی و سەربەخۆیی بێت، بەهۆی ئەوەکە لە غیابی عەقڵی دێکارتی تاک و کۆمەڵگا  لە جەغزێکی ڕەعییەتی و دەروێشەی را دەگوازرێتەوە جەغزیکی تر بەڵام بەهەمان شیوەی ڕەعییەتی و دەروێشی، ئەوە تەنیا جێ گۆڕکێی پێکهاتە و فۆرمی پێ دەکرێت‌و بەم شیوەیە هیچ کات تاک و کۆمەڵگای خاوەن زەین و جەوهەری سەربەخۆ پێک‌نایەت، بێ گومان یەکەم هەنگاو بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی، ڕەخساندنی بەستێن بۆ پیکهاتن و پەرەی زەینی و مەعریفی تاک و کۆمەڵگای سەربەخۆ لە هەڵوێست گرتن، کردوە و روانگە دایە، ئینجا ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی بەرهەم دێت، زەین و هزری تاک و کۆمەلگایەکی کە فۆرم دەدرێت بۆ چاو لەمستی، گوێ لەمستی، مل کەچی و بی ئیرادە بوون لە بەرامبەر حیزب و لایەنی سیاسی کوردی دا، ناتوانێ ببێتە بنەما و بنچینەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەربەخۆ، چوونکە ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی لە کاناڵ و هەناوی ئازادی و سەربەخۆیی هزری، مەعریفی و کردەوەیی تاک و کۆمەڵگادا دەگوزرێت.


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی