۱۴۰۲ مرداد ۲۴, سه‌شنبه

ژینگە مێتاپاڕادایمێکی نەتەوەیی

 

شاهۆ حوسێنی







مێتاپاڕادایم چەمکێکە بۆ پێناسەکردنی‌پاڕادایمێک کە سووژەی توێژینەوەکانی ئەو پاڕادایمێکی‌تر یان کۆگشتیەک لە پاڕادایمەکانی‌ترە. واتە مێتاپاڕادایم خۆی پاڕادایمێکە کە شرۆڤەی کۆگشتی پاڕادایمە مومکینەکان دەکات. مێتاپاڕادایم مەجالی کردنەوەی دەلاقە بۆ توێژینەوەی جیاواز و نوێ لەمەر سووژەکان و دیاردەکان دەڕەخسێنێت، بۆشاییەکان دەردەخات و شێوازێکی نوێ شرۆڤە و تیشک خستنە سەر کێشە و چالشەکان دەردەخات. گرنیگ‌ترین جیاوازی مێتاپاڕادایم وەک پاڕادایم لەگەڵ پاڕادایمکان لەوەدایە کە شرۆڤەیەکی بێ‌لایەن لە دیاردەکان و پاڕدایمەکان دەخاتەڕوو. مێتاپاڕدایم لەڕاستی‌دا بە پێچەوانەی پاڕادایمەکانی‌تر کە دیاردەکان، کێشەکان و سووژەکان پاژەکی دەبینن، پاژەکی پێناسە و شرۆڤەیان دەکەن، ئەوا مێتاپاڕادایم بەشێوەیەکی بەربڵاو و گشتگیر دیاردەکان و سووژەکان دەبینێت، پێناسە و شرۆڤەیان دەکات. ئەم کێشەیەی پاڕادایمەکان گریگن‌ترین هۆکار و بەستێنە بۆ لێک‌دابڕاوی پاڕدایمەکان، قوڵتربوونەوەی کەلێن و قەڵشی نێوان پاڕادایمەکان و لە ئاکام‌دا کەلێنی کۆمەڵایەتی و لێک‌دابڕاوی کۆمەڵگا، چین و توێژەکان.

 

پاڕادایمەکانی نەتەوەیی لە کوردستان:

پاڕادایمەکانی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگشتی دەشێ دابەش بکرێن بەسەر سێ‌ڕوانگەی گشتی‌دا کە ئەگەرچی ئەم ڕوانگانە لە ڕواڵەتی نەتەوەیی بوون‌دا هاوبەشن بەڵام لە بەرە، لا و ئاسۆی مەبەست‌دا جیاوازیان هەیە و بەم شێوەیە دەشێ باس لە باڵی ڕاست بە تایبەت‌مەندی گرینگی‌دان بە زمان، ڕواڵەتەکانی کلتووری وەک بەرگ، کلتوور، بەها و نۆڕمە لۆکاڵیکان، باڵی چەپ بە گرینگی‌دان بە دیاردە گشتگیرە جیهانبێکان بەتایبەتی دیاردەی ئابووری و دیاردە زەینێکانی وەک عەداڵەت و بەرابەری و هەروەها باڵی ئایینی بە پێ‌داگری لەسەر دیاردەی هاوبەشی ئایینی بکرێت.

باڵی ڕاستی نەتەوەخواز: دەرکەوتنی ڕەوتە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان لە باکوور لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم کارتێکەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش‌ دانا، بەجۆرێ کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە لایەن سمکۆوە دەرکرا و بەم شێوەیە حەولەکان بۆ پەرەی هەستی نەتەوەیی دەستی پێ‌کرد، ئەم ڕەوتە لە کۆمەڵەی ژ-ک‌دا دەگاتە لووتکە، کۆمەڵەی ژ-ک بەرهەمی ئاڵوگۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری ڕادیکاڵ لە ئێران بوو کە ڕەزاشا بەرهەمی هێنابوو، بۆیەش دەشێ بگوترێ کە کۆمەڵە سەرەتای حەولی نەتەوەخوازی سوبژێکتیڤیستانە و رووناک‌بیرانە لە ڕۆژهەڵات بوو بە مەبەستی پەرەی ئاگایی و وشیاری نەتەوەیی کە لە تەنیشت فۆڕماسیونێکی کۆمەڵایەتی، بڵاڤۆکێکی بە ناوی نیشتیمان هەبوو، بەم شێوەیە یەکەم حەولی ڕوناک‌بیرانە لە ڕۆژهەڵات ڕەوتێکی نەتەوەخوازنەی هەبوو، ئەندامانی کۆمەڵەی ژ-ک هەڵقوڵاوی چینی مام‌ناوەندی کۆمەڵگا، خاوەنی هزر و ئەندێشەی نەتەویی و خوازیاری پەرەی کۆمەڵگای کوردی بوون. لە ڕاستی‌دا کۆمەڵەی ژ-ک دەژکردەوەیەکی نەتەوەخوازانە و مەدەنیانە بوو بە مەبەستی پەرەی وشیاری نەتەوەیی، بەربەرەکانی لەگەڵ هێژمۆنی پان‌ئێرانیزم و تواندنەوەیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات.

باڵی چەپی نەتەوەخواز: چەمکی چەپ لەخۆگری ڕوانگە و مانای جیاوازە، بەربڵاوترین مانای چەپ دژایەتی لەگەڵ کۆنسێرڤاتیسم و نەزمی مەوجوودی پەسیوە، لەهەمان کات‌دا سۆسیالیستەکان، لێنینیستەکان، ترۆتێسکیستەکان و بە گشتی ڕەوتە جیاوازەکانی کە سەرچاوەی ڕوانگەکانیان لە ئەندێشەی مارکس‌ڕا ئاوی دەخواردەوە خۆیان وەک چەپ پێناسە دەکرد. مەبەست لە چەپ لە ڕۆژهەڵات دیارە بە گشتی خوێندنەوە و مانای دووهەمە کە هێژمۆنترین ئایدلۆژی لەو ناوەدا لێنینیسم و مائۆئیسم بوو. چەپ لە ڕۆژهەڵات لە ژێر کارتێکەرتی چەپی ئێرانی‌دا و بەگشتی وەک بەشێکی پێکهاتەیی لە چەپی ئێرانی دەرکەوت. تێک‌چوونی کۆماری کوردستان، غیابی نەتەوەخوازێکی بیرمەندانە و مەعریفیانە لە کوردستان، پەرەی چینی مام‌ناوەندی، پەرەی خوێندکارە کوردەکان لە زانکۆکانی ئێران و هێژمۆنی چەپ لە ئێران‌دا بەگشتی، بەستێنەکانی لاوازبوونی نەتەوەخوازی ڕاستیان لە ڕۆژهەڵات خوڵقاند و بەم شێوەیە چینێکی خوێندکاری لاوی زانکۆکان دەرکەوتن کە لە ژێر کارتێکەری ئەم فاکتەرە ناوخۆییانە و هێندێک فاکتەری دەرەکی وەک شکستی ئەمریکا لە ڤیەتنام، سەرکەوتنەکانی چەپ لە ئەمریکای لاتین و... کەوتنە ژێرکارتێکەری ئەو فۆڕم لە فام و ئاگاییە. ئەوان وەک بەشێک لە بەدەنەی نەزەری و پێکهاتەیی چەپ بە تایبەتی حیزبی تودە و چریکەکانی فەدائیانی خەڵق کەوتنە ژێر ڕکێفی ئایدۆلۆژیای مارکسیسم-لێنینیسم کە ئایدۆلۆژێکی دەسەڵات‌خواز و دەرەکی بوو. لە ڕاستی‌دا ئەم ڕەوتە لەپاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و کەوتنە ژێر ڕکێفی ڕواڵەتی حیزبی دێمۆکرات بۆ خۆسازکردنەوە و خۆتەیارکردنەوە لەلایەک و پارێزراوبوون لە هێرشەکانی دەسەڵاتی محەمەدڕەزاشای پەهلەوی لە ڕۆژهەڵات لە ناو کۆمەڵگای کوردی‌دا و بەتایبەت لە ناو خوێندکاران‌دا پەرەی ئەستاند، دیارە حیزبی تودە ئەو کات حیزبێکی خاوەن هێژمۆنی سەراسەری و بەربڵاو لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران‌ بوو. لە پاش پەسیوبوونی حیزبی تودە و دەرکەوتنی ڕوانگە فۆندامێنتاڵ و ڕادیکاڵەکان لە ناو لاوانی چەپ لە ئیران و دەرکەوتنی چریکەکانی فەدائیانی خەلق کە بەپێچەوانەی حیزبی تودە دەستیان بۆ چەک و بەربەرەکانی چەکداری لە دژی ڕژێمی پەهلەوی برد، بەشێکی زیاتری خوێندکارانی لاوی کورد تێکەڵاوی بیرۆکەی چەپ بەگشتی بوون.  دیارە لەناو حیزبی دێمۆکراتیش‌دا لەژێر خوێندنەوەی جیاوازی دکتۆر قاسملوو ڕوانگەی چەپ دیاردەیەکی تەواو جیاوازی بەخۆیەوە بینی، قاسملوو لەژێر کارتێکەری ڕەهەند و دیاردە مۆدێڕنەکانی چەپی ڕۆژئاوایی، بەرەی کلتووری هزری خۆی لەگەڵ چەپی ئۆرتۆدۆکسی ئێرانی جیا کردەوە و چەپی وەک جیهانێکی زەینی پێشڕەو لە خزمەت نەتەوەخوازی کوردی بە مەبەستی تەیارترکردن، کۆک‌تر کردن و گشتگیرکردنی نەتەوەخوازی کوردی تێکەڵاوی بزاڤی نەتەوەخوازی کوردی کرد.

نەتەوەخوازی ئایینی: بێ‌گومان ئایینی بوون تایبەت‌مەندیەکی گرینگی کۆمەڵگای کوردییە و ئایین‌خوازی و کلتووری ئایینی لەناو کوردستان‌دا ڕەوت و دیاردەیەکی جێگرتوو بووە. بەڵام ئایینی ئایدۆلۆژیک و سیاسی وەک ناوەرۆکی بزاوتێکی سیاسی بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتێک و بەشداری لە دەسەڵاتی تازە سەقامگرتوو ڕەنگە مێژووەکەی زۆر کۆن نەبێت و ڕەنگە هێژمۆن‌ترین ناو لەو ناوەدا ئەحمەدی موفتی‌زادە بێت، ڕەوتی ئایینی لە ڕۆژهەڵات تا بەر لە سەر کەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ژێر کارتێکەری ڕەوتی ناسیونالیستی و چەپ‌دا کاریگەری و نفوزێکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و مسۆگەر بوونی دەسەڵاتێکی فۆندامێنتالی ئایینی بۆ دژایەتی و سەرکووتی ڕەوتی نەتەوەخواز و چەپ بەستێنەکانی بۆ پەرەی ڕەوتی ئایینی لە خزمەت بەرژەوەندی دەسەڵاتی ئایینی تازە پێگەیشتوو لە تاران لەبارتر کرد. مەکتەب قورئان و ڕەوتی ئیخوان (جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح) دەشێ وەک دوو بەرەی بەهێز و هێژمۆنی ئایینی لە کوردستان ئاماژەیان پێ بکرێت. ڕەوتی نەتەوەخوازی ئایینی تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕووی مەعریفییەوە لە ژێر کارتێکەری ڕەوتێکی هێژمۆنی ناوخۆیی کە ناوەند و تەوەرەی مەعریفییەکەی عەلی شەریعەتییە و ڕەوتێکی دەرەکی کە ناوەند و تەوەرە مەعریفییەکەی سەیید قوتبە، دەرکەوتوون. گرینگ‌ترین دیاردەی مەکتب قورئان وەک ڕەوتێکی ئایینی لایەنگری مەکتب قورئان له بەشداری چالاکانەی سیاسی بە مەبەستی پشتیوانی لە نەزمی سیاسی تازە دەرکەوتووی ئیسلامی‌ و بەشداربوون لە دەسەڵاتی سیاسی بوو. لەکاتێک‌دا گرینگ‌ترین دیاردەی ئیخوانیەکان پێ‌گەیاندنی کلتووری، ئایینی و هزری‌ بوو، ئەگەر چی لەپاش دەرکەوتنی ڕەوتی ڕێفۆرمخواز لە ئێران حەولیان دا بە چوونە ژێر باڵی سیاسی ئەم ڕەوتە بگەنە ناوەندەکانی سیاسی وەک پاڕلمان و بەشداری سیاسیش بن، بەم شێوەیە دووهەم جیاوازی گرینگی ئەم دوو ڕەوتە ئایینیە لە کوردستان لایەنگری مەکتەب قورئان لە شێوازی شۆڕشگێڕانە بوو بۆ ئاڵوگؤری، بەجۆرێ کە گەوهەرێکی ئایدۆلۆژیکی بەهێز لە ناو ڕوانگەکانیان‌دا هەبوو، بەڵام ئیخوانییەکان ڕێفۆمخواز دەرکەوتن و حەولیان‌دا لەڕێی ناوەندەکانی حکوومی خواستەکانیان بەرەو پێش بەرن. دیارە تەنیا دیاردەی نەتەوەیی لەنێو رەوتی ئایینی‌دا بەرگی کوردی، زمانی کوردی و هێندێک دیاردەی کلتووری کوردیە، واتە ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤیستانەیان لەمەر خود وەک کورد هەیە، ئەوان بەهۆی هێژمۆنی باوەڕی ئایینی و ئیسلامی‌ بەسەریان‌دا و کەوتنە ژێرڕکێفی ڕوانگەی ئیسلامی هیچ‌کات توانایی دەرکەوتنیان وەک بوونێکی هزری و مەعریفی جیاواز لە تاران وەک مێترۆپۆلی دەسەڵاتی شیعە و ژێئۆپۆلەتیکی عەڕەبی وەک مێترۆپۆلی نەزەری سووننە نەبوە. بۆیەش نەتەوەخوازی ئایینی لە کوردستان تەنیا لە فۆڕم‌ و ڕواڵەت‌دا ماوە و نەیتوانی بەرهەم‌هێنی ڕوانگەیەکی سۆبژێکتیڤیستانەی لەخۆگری دیاردە هزری و مەعریفێکانی هەڵقوڵاوی ژینگی کۆمەڵایەتی و کلتووری کوردستان بێت، ئەوان هەموو کات هەڵگری کلتووری ئایینی و هزری ئیسلامی بەرهەم هاتووی دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان بوون، بۆیەش هیچ‌کات نەیانتوانی خزمەت بەنەتەوەخوازی کوردی وەک بوونێکی هزری، شووناسی و ڕوانگەیی جیاواز بکەن. بەواتایەکی‌تر ئاگایی و وشیاری ئەوان بەرهەمی ژینگەیەکی دەرەکی و دژبەری کوردستان بوو، بۆیەش کورد، کوردستان و کوردایەتیان وەک کلتوور و کۆمەڵگایان وەک کەرەسەیەک بۆ خزمەت بەو وشیاری و ئاگای دەرەکی دەکار دەکرد.

 وێکچووی ئەم سێ روانگەیە دەشێ بگوترێ بە سیاسی کردنی نەتەوەخوازی، نەتەوە و پاڕادایمەکانی نەتەوەییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئاسۆی مەبەستی ئەم سێ پاڕادایمە دەست بە دەسەڵات ڕاگەیشتن لەڕێی پاڵنان بە هەستی نەتەوەیی و دەستەبەر کردنی دەسەڵات لەلایەن لایەنێکی کوردستانیە بە مەبەستی پشکواندنی کورد و کوردستان وەک بوونێکی جیاواز لەوەی‌تری کوردی.

 

ژینگە پاڕادایمێک بان پاڕادایمەکانی‌تر:

ژینگە وەک پاڕادایم بێ‌گومان جیاوازە لەگەڵ ژینگە وەک ناسێنەری شوێن، لەڕاستی‌دا ژینگە وەک پاڕادایم ئاماژە بە بوونێکی هزری و مەعریفی خاوەن پێوەندی هۆدارە لەگەڵ مرۆڤ. ئەگەر ژینگەی ئۆبژێکتیڤ وەک شوین، جێگە و مەکان، بەستێنێکە بۆ دەرکەوتنی، پەرە و دەوامی ژیانی بوونەوەرەکان و یەک لەوان مرۆڤ بە مانای بوونەوەرێک لە جیهانی تاکێتی‌دا، ئەوا ژینگە وەک پاڕادایم بوونێکی سوبژێکتیڤە بە مانای بەستێنێکی زەینی و مەعریفی هەڵگری مانا، سیمبۆل و هێما گشتێکان بۆ دەرکەوتن، پەرە و دەوامی ژیانی مانایی و سێمبۆلێکی مرۆڤەکان بەمانای بوونەوەرگەلێک لێک‌گرێدراو و لێک‌هاڵاو. ژینگە وەک پاڕادایم ئاماژە بە کۆگشتیەک یان سیستمێکی ڕوانگەییە بۆ کارتێکەری لەسەر زەینەکان و بگرە سەردەمێکی مێژوویی بەشێوەیەکی ئاگایانە. دەوری ژینگە وەک بەستێن و بوونێکی ئۆبژێکتیڤ لە ژینگەدا وەک پاڕادایم، دەوری ڕیکخەری ئاگایی و بەستێنی خوڵقاندنی مانای گشتی و نەتەوەییە. ژینگە وەک پاڕادایم لەڕاستی‌دا بە مانای چوارچێوەیەکی مانایی و سەمبۆلیکە کە ڕەوایەت‌گێڕەوەی هاوبەشێکان، خواستەکان، ڕایەڵەکان و ئارەزۆکانی کۆمەڵگایەکی مرۆییە بە مەبەستی کارتێکەری لەسەر پێکهاتەی زەین بۆ وەدەست‌گرتنی کۆنتڕۆڵ‌و وشیاری‌ نەتەوەیی.



ئەگەر پاڕادایمەکانی‌تری نەتەوەیی لە کوردستان ڕەنگدانەوەی ژینگەی کلتووری و کۆمەڵایەتین، لێکەوتەی فۆڕمێک ئاگایی و تێگەیشتووین، ئەوا ژینگە وەک مێتاپاڕادایم فۆنداسیون، چەق و تەوەرەی ژیانی مرۆڤەکانە، ژیان بەبێ ئازادی، بەبێ ڕوانگەیک لەمەر بەهەست و جەهەننەم، بەبێ عەداڵەتی کۆمەڵایەتیش درێژە پەیدا دەکات، بەڵام ژیان بەبێ ژینگە، بەبێ شووێنێک بۆ لێک‌کۆبوونەوە و دەرکەوتنی ڕوانگەکان لەمەر ئازادی، خوا و بەرابەری غەیری موومکینە، لەناو چوونی ژینگە، بە مانای لەناو چوونی هەموو لۆژیکە مەعریفێکانە بۆ لێک کۆبوونەوە، پێکەوە ژیان و بیرکردنەوە لە ئازادی، خوا و بەرابەری، ئا لێرەیە کە ژینگە دەبێتە مێتاپارادایم و بان هەموو پاڕادایمەکانی کە مرۆڤی کەرت کردوە، لێک‌دابڕاندوە و قەڵش و کەلێنی خستۆتە نێوانیان، دەبێتە پرد، دەبێتە ڕایەڵ و لێکیان گرێ دەداتەوە، لەدەوری یەکیان کۆدەکاتەوە، جیاوازێ هزری و مەعریفێکان کاڵ دەکاتەوە، کوردستان لەناو ژینگەدا دەبێتە یەک کوردستان، لە هەناوی ژینگەڕا کوردستانێک دەردەکەوێت، لەناو ژینگەدا کوردێک، کوردایەتیەک دەردەکەوێت، کە بان ڕوانگە جیاوازەکانە لەمەر کورد و کوردایەتی، کاتێ ژینگە دەبێتە چوراچێوەیەکی مەعریفی، هزری و تەوەرەی مێنتالیتەی مرۆڤی کوردی، بۆ هۆی ئەوەکە ژینگە یەک خوێندنەوە، یەک مانا و یەک شووناس پەیدا دەکات بۆ مرۆڤی کورد، ئەوا کوردایەتیەک، نەتەوەخوازیەک و کوردستانێکی جیاواز لە پاڕادایمەکانی‌تر دەردەکەوێت. کێشەی ژینگە کێشەیەکی بان چینایەتی، ئایینی و روانگەییە، کێشەیەکی بان مرۆیی و کۆمەڵایەتیە، ژینگە هەموو جیهانی زەینی و ڕواڵەتی مرۆڤە، ژینگە یانی هەموو یان هیچی ژیانی مرۆڤ، بۆیەش تا ئەو رادیە هێز و ئاوز بەرهەم دەهێنێت کە بە تووندی لێکمان گرێ بداتەوە. کوردستان وەک ژینگە و ژینگە وەک مێتاپاڕادایم بان هەموو پاژەکێکان وەک گشت و کەلان بوونێک، کورد لێک گرێ دەداتەوە، ئەوەیە ڕەمزی ئاگری ژینگە، یەکگرتوویی تاکی کورد و پاراستنی ژینگە وەک کوردستان.


سەرچاوەی وێنە: ماڵپەڕی کوردستان‌و کورد

 


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی