۱۳۹۸ مهر ۲, سه‌شنبه

ماملێ زایەڵەی کوردایەتێکی ڕادیکاڵ


(دیاردەناسی هونەری کوردانەی مامۆستا مەحەممەدی ماملێ)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
دیاردەناسی بریتیە لەناسین و شرۆڤەی دیاردەکان و دیاردەکانیش هەموو ئەو دەرکەوتانەن کە لەچوراچێوەی دەرک و ئاگایی مرۆڤەکان‌دا دەگوونجێت، بەواتایەکی تر بەمانای شرۆڤە و ناسینی فۆرم و پێکهاتەی ئەزموون و ئاگا بوونە. دیارە ناسی لەڕاستی‌دا ئاگا بوونی زەینی و دەروونی مرۆڤەکان شرۆڤە دەکات کە بەرهەمی ئەزموون کردنێکی ڕاستەوخۆیە ، درووشمی دیاردەناسی گەرانەوە بۆ گەوهەر و هەناوی دیاردەکانە. لە فەلسەفەی کانت‌دا دیاردە ناسی لەخۆگری هەموو ئەو دەرکەوتانە بوون کە پەیوەستی بە ئەزموون بوون، یانی هەر شتێکی زەمان و مەکان بۆ ئیمەی دەردەخەن. دیاردەکان لە ئەندێشەی هۆسرل‌دا ئەو ڕاستیانە لەخۆ دەگرێت کە لە چوارچێوەی ناسیاوی مرۆڤ‌دا دەگونجێت. بەو پێیەش دەشێ بگوترێ کەکوردایەتی و کورد بوون ئەو دیاردەیە کە لە هوونەری مامۆستا مەحمەممەدی ماملێ‌دا دەدرەوشێتەوە، یان دەشێ بگوترێ کە مامۆستا مەحەممەدی ماملێ زایەڵەی ئەو کوردایەتی و کورد بوونەیە کە لە هوونەردا دەرکەوت.

هوونەری ماملێ دیاردەیەکی کوردانەی ڕادیکاڵ:
بۆچی هوونەری ماملێ تا قوڵترین مەڵبەندی هەستی مرۆڤی کورد رۆچوە؟ چ شتێک لە هوونەری ماملێ‌دا هەیە کە دەشێ وەک ئاوێنەی باڵانوینی هوونەرێکی کوردانەی پێناسە بکەیت؟
هوونەری ماملێ سەفەری ئەزموون و ئاگابوونی دەروونی و زەینی مرۆڤەێکە لە  هەناوی کلتوور، نۆرم و هەستی کۆمەلگایەکی کوردانەدا. ئەگەر بیرمەند ناوەرۆکە هزرێکانی نادیاری ناو شادەمارەکانی زەینی و رواڵەتی کۆمەڵگەکەی دەخاتە ناو بازنەی ڕەستە و لەفۆرمی پاردایمێکی فەلسەفی، کۆمەلناسی و..... هتد دا دەیانخاتە بەردەم تاک و کۆمەلگا بۆ هۆشیار بوون و ناسیاوی پەیدا کردن لەمەر "خود"وەک تاک و "خود" وەک کۆمەلگا لە فۆرمی مێتا تاکێک‌دا، ئەگەر رێبەرێکی سیاسی وەک کاریزمایەکی نەتەوەیی بە ئاگایی پەیدا کردن و ناسینی ڕوحی نەتەوەیی دەبێتە پێشەوایەک و نەتەوەکەی بەرەو کەنارەکانی بەختەوەری، سەربەخۆیی و سەربەرزی دەبات، ئەگەر شاعیرێک بە ئاگایی پەیدا کردن، بیستنی ترپەی ڕوحی هەستی کۆمەڵگاکەی و مەلەوانی لەناو  زەریای ئەو هەستەدا وشەکان دەکاتە بەستێنی گەشانەوە و پەرەی عەشق وخۆشەویستی مرۆڤەکان و تاکەکانی ناو کۆمەلگا بەرامبەر بەیەک، ئەوا موزیسیەنێک ئەو زەین و هەستانەی کە موڵکی تاک و کۆمەلگایەکن دەکاتە هارمۆنیکی هەست بزوێنی دەنگەکان و گۆرانی بێژێکیش دەبێتە بێژەری  ئەو زەین و هەستە نادیارانەی کە تاکەکان لەناو جەغزێک‌دا بەناوی کۆمەلگا لێک گرێ دەداتەوە. واتە بیرمەندێک، ڕێبەریکی کاریزما، موزیسیەنێک و گۆرانی بێژێک ئەو کاتەی دەبێتە ئاوینەی باڵانوینی بیر، شعور، خواست و هەستی کۆمەلگا و نەتەوەیەک ئەوا دەبیتە کەسایەتێکی نەتەوەیی و درەوشاوە لەناو کۆمەلگا و نەتەوەکەی‌دا.
مامۆستا مەحەممەدی ماملێ یەک لەو هوونەرمەندانەیە کە وەک ئەستێرەیەک لە ئاسمانی هوونەری نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی کوردا دەدرەوشێتەوە، ماملێ لەو دەگمەن هوونەرمەندانەیە کە بە ئەزموون کردن و ئاگابوونێکی ڕادیکاڵی دەروونی و زەینی لە ڕوحی نەتەوەیی و نۆرم و کلتووری نەتەوەیی کورد، توانی ئەو ڕوحە نادیار و شاراوەیە لە دەنگ و گۆارانێکانی‌دا دەربخات و ببێتە سەرچاوەیەکی ئاگایی و ناسیاوی پەیدا کردنی تاک و کۆمەڵگەکەی لەگەڵ ئەو ڕوحە نادیارە. واتە چ ئەو کاتەی ماملێ عاشقانە دەبێژێت، چ ئەو دەمەی سیاسی دەبێژێت، لە هەر هەموو حاڵەتێک‌دا نەتەوەیی دەبێژێت، چوون ماملێ بەدەرکێکی زەینی و دەروونی کە لە ڕوحی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی پەیدای کردبوو، توانی بەرهەم هێنی ئەو گورانێ کوردانەیە بێت کە زۆربەی تاکەکانی کۆمەلگا دەتوانن خۆیانی تیا ببیننەوە. بێ‌گومان لەغیابی دەرک و فامێکی ڕادیکاڵ، غیابی ئەزموونێکی زەینی قوڵ ئەو هوونەرە بەرهەم نەدەهات و مامۆستا ماملێ هیچ کات نەدەبوو بە ڕووگەی هەست و کلتووری نەتەوەکەی. بەو شێوەیە هوونەری مامۆستا مەحەممەدی ماملێ سەرچاوەیەکی ڕەسەنی کوردانەیە کە ڕوح و هەستی کوردانە تیا قەڵبەزە دەدات و تیا دەردەکەوێت. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە مامۆستا ماملێ تاکی ڕەسەن و نابی مێژوو ، هوونەر، ڕوح و هەستی  نەتەوەی کوردە. سەرچاوەیەکی پاراوی هوونەری کە لەتەنیشت هەموو دیاردەکانی تری مێژویی،سیاسی، کۆمەڵایەتی دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی ئاگایی بەخشی نەتەوەیی لە ئاستی هوونەری‌دا چاوی لێ بکرێت و شوناسی و تێمای نەتەوەیی کوردانەی تیا بدۆزینەوە.


سەرچاوە: http://www.mamle.net/?p=10232


ئانتۆلۆژی ناسیونالیسمی کوردی


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
مێژووی هزری مۆدێڕن بە دێکارتەوە دەس پێ‌دەکات، مێژوویەک کە کاکڵ، ناوەرۆک و ماکە سەرەکێکی سۆبژێکتیو بوونە، سۆبژکتیو بوون بەمانای شەرعییەت و بەفەرمی ناسینی ناسین و شووناس بەخشین بە دیاردەکانی جیهانی دەرەوەی زەین و شعووری مرۆڤ وەک بەرهەمی زەینی مرۆڤ و جیهانی دەروونی مرۆڤ. لە دەلاقەی سۆبژکتیویتەڕا ناسین و مەعریفە پەیدا کردن بەنیسبەت جیهانی دەروە و ئۆبژەکان بەرهەمی کایەی ئازادانەی هێزی فام و زەینی مرۆڤەکانە وەک سوبژە. لەڕاستی‌دا مۆدێرنیتە جیهانێکی جیاواز لە جیهانی نەریتیە کە لەسەر ئەو ئەساس و بنەمایە دامەزراوە کە مرۆڤی بیرمەند خاوەن و سەروەری جیهانە (بیرمەند نەک بەو مانا کڵیشەیەی کە باوە، بەو مانایەی کە مرۆڤ ناسیاوی هەبێت لەسەر تاریف و مانای چەمکەکان، ئەندێشەکان و ئایدۆلۆژیکان، لە دەلاقەی وان ڕا چاو لە جیهان بکات، پێناسەی بکات و شرۆڤەی بکات، بەڵکە بیرمەند بەو مانایەی کە لەژێرکەریگەری پێوەندی راستەوخۆی زەین و شعوری لەگەڵ جیهانی دەرەوەی لۆکاڵی خۆی بە فام و دەرکێکی سەربەخۆ لە جیهانی دەرەوە بگات، بتوانێ پێناسەیەکی سەربەخۆ لە ئانتۆلۆژی و ئێپیستمۆلۆژی جیهانی دەرەوە بخاتە ڕوو). مرۆڤی بیرمەند دەتوانێ لەخزمەت ویست و خواستەکانی خۆی‌ ئاڵوگۆڕی لە جیهان‌دا بەدی بێنێت. لەڕاستی‌دا  جیهانی مۆدێڕن خاوەنی سێ بنەما و ئەسڵە: یەکەم سۆبژە بوونی مرۆڤ. دووهەم: ڕاسیونالیسم یان بیرمەندی کە بەرهەمی متمانە بە عەقڵی مرۆڤەکانە و سێهەم: هیومانیسم یان مرۆڤ تەوەرەیی. بێ گومان ئەو سێ دیاردەیە لەگەڵ یەکتر لە پێوەندیکی دیالێکتیکی‌دان.
سەرهەڵدانی ناسیونالیسم:
ناسیونالیسم وەک دیاردەیەکی مۆدێرن بەدژ دەسەڵاتی هزری، ڕواڵەتی و زمانی کلیسا(نوینەری نەریت) سەری هەڵدا، نووسین بە زمانی لۆکاڵی و زمانەکانی غەیرە ڕۆمی کە زمانی فەرمی کلیسا بوو، بوو بەهۆی بەرهەم هاتن و بڵاو بوونەوەی فۆرمە جیاوازە زەینیکان و ئەندێشە مرۆییەکانی ڕەخنەگر و دژبەری هێژمۆنی کلیساو ئەمەش بوو بە هۆی شکاندنی هێژمۆنی و شکۆی زمان، ئەندێشە ودەسەڵاتی ئیمپراتۆری ئایینی رومی، ئەم ڕەوتە زەینی و ڕواڵەتیە بەستێنی هەست بە پەیوەست بوون بە هێندی دیاردەی زەینی(ئەندێشەیی) و ڕواڵەتی(نۆرم، کلتوور،زمان، ئایین) ڕەخساند کە بە نەتەوە ناوی دەرکرد. لەڕاستیا ناسیونالیسم وەک بەهێزترین سیستمی باوەر و دیاردەیەکی ئیرادی لە رۆژئاوا کە سەرچاوە و بەستێنی سەرهەڵدانی نەتەوەخوازی وەک فۆرمێکی نوێ کۆمەڵایەتی-سیاسی لە پێوەندی نێوان تاکەکانا بوو، بەر لەوەکە لەفۆرمی ئۆبژێکتیڤ‌(ڕواڵەتی)دا دەرکەوێت، واتە فۆرمی ڕواڵەتی بدات بە تاکەکان لەناو کۆمەڵگادا، لەئاستی ئەندێشە و مەعریفەدا دەرکەوت، واتە سەرەتا دیاردە سۆبژێکتیڤ و ئەندێشەییەکەی بەرهەم هات، ئینجا لەسەر ئەساسی ئەو دیاردە  زەینیەی دیاردە ڕواڵەتێکەی دامەزرا. ئاکامی ئەو فۆرماسیونە مەعریفی و زەینیە لەناو کۆمەلگادا پلۆرالیزم و سیکۆلاریزم بوو کە لە ئاستی سیاسی‌دا و وەک بەرهەمی مۆدێڕنتیەی سیاسی بەرهەم هێنی ناسیونالیسم وەک مێتا سۆبژە و دەوڵەتی مۆدێڕنی دیمۆکراتیک وەک مێتا دەسەڵات بوو، واتە دەسەڵاتێکی بان تاکی کە سەرچاوەکەی و سەرچاوەی شەرعییەتەکەی سۆبژەکان بوون کە ئاگایانە و بەشیوەیەکی ئیرادی بەرهەمیان هێنا.
دیاردەکانی ناسیونالیسم:
بەگشتی دەشێ بگوترێت کە ناسیونالیسم خاوەنی دوو دیاردەی گرینگە:
یەکەم دیاردەی ئیجابی (من کێم)، دیاردە ئیجابێکەش خاوەنی فۆرمی زەینی و ڕواڵەتیە واتە سەرەتا منی زەینی و ئەندێشەیی سەرهەڵدەدات و دوایی منی ڕواڵەتی لەسەر ئەساسی ئەو فۆرمە زەینیە بەرهەم دێت و کۆمەڵگر دەکرێت.
دووهەم دیاردەی سەلبی (من کێ نیم)، دیاردەی سەلبەیش هەر بەو شیوەیە خاوەنی فۆرمی زەینی و ڕوالەتیە واتە سەرەتا لە زەین و ئەندێشەدا گەڵاڵەی مەعریفی من کێ نیم دادەڕێژرێت و دواییش بە کردەوە حەول دەدرێت بۆ سنووردانان لەنێوان  منی کێ نیم و ئەوی‌تر وەک غەیرییەت.
دەشی بگوترێت کە ناسیونالیسم بە منی ئیجابی دەست پێ‌دەکات و بە منی سەلبی بە ئاکام دەگات و کامڵ دەبێت لە ڕواڵەت‌دا، واتە نەتەوە و دەسەڵاتی نەتەوەیی سەربەخۆ بەرهەم دێت. بە کورتی دەکرێ بگوترێت کە ناسیونالیسم بەپرسیار لە مەر "خود" دەس پی‌دەکات و بە پرسیار لەمەر چلۆنایەتی گەیشتن بە ناسینی خود بە ئاکام دەگات، پرسیار لەوەکە "من کێم"، "خاوەنی چ پێناسە و تایبەتمەندیکی زەینی و ڕواڵەتیم"، "چلۆن دەتوانم خۆم بناسم و پێناسە بکەم".
ئانتۆلۆژی ناسیونالیسمی کوردی:
ناسیونالیسم وەک هەموو دیاردەکانی تری مۆدێڕنیتە(ئابووری، هزری و..هتد) تەنیا فۆرمی ڕواڵەتی لە دیاردە سەلبیکەی لە کوردستان‌دا بەرهەم هات و پەرەی ئەستاند. بە هۆی ئەوەکە ئەساسەن کوردایەتی لەکۆمەڵگای کوردی‌ لەغیابی بیرمەند و فەیلەسووفەکان‌ لەناو فەقێ و مەلای حوجرەکان‌دا یان لەناو  عوزلەتی خانەقاکان‌دا چەکەرەی کرد و پەرەی ئەستاند تەنیا خۆی لە فۆرمی ڕواڵەتی‌دا دیتەوە، ئەگەر لە رۆژئاوا گرینگ‌ترین دیاردە جیهانی زەینی، مسۆگەر بوون و گرینگی‌دان بە ئەندێشە و فەلسەفە بوو کە گەورە بیرمەندانی وەک دێکارت، کانت، رۆسۆ، هێگێل، شلینگ، لایبنیتز و..... هتدی لێکەوتەوە، ئەوا گرینگ‌ترین دیاردەی کۆمەڵگای کوردی شاعیر، مەلا و سۆفی پەروەری بوو کە نەیان توانی بەرهەم هێنی ئەندیشەیەکی لۆکاڵی بن. واتە لەلایەک بەهۆی هێژمۆنی زەینی و مەعریفی ئەوی‌تر لەناو زەینی مەلا و سۆفێکانی کوردستان وەک سەرچاوەی شەریعەت، تەریقەت، کەلام و فەلسەفە(بەهۆی ئەوەکە سەرچاوەی هەموو ئەوانە لە ئایینی ئیسلام‌دا بوو) وە لەلایەکی تر غیابی ئەندێشە و گوتارێکی لۆکاڵی کوردانە وەک ناوەرۆکی مەعریفی لەناو شێعری شاعیران(ئەگەر لەهێندی پێ‌داگری لە دیاردەی ڕواڵەتی و سەلبی وەک درووشم لەشێعری شاعیرانی ناسیونالیستی کورد بگوزەرێن) هیچ کات بەستێنی نەزەری بۆ بەرهەم هاتنی کوردێکی سوبژە لە ڕواڵەت‌دا نەخوڵقا.
بەداخەوە ناسیونالیسمی کوردی بە هۆی ئەوەکە نەیتوانی ئەو پرۆسەیە بەتایبەتی لایەنە زەینێکی ببڕێت لەژێر کارتێکەری کلتووری ئۆرتۆدۆکسی حەولی دا بە بەرهەم هێنانی فۆرمێکی پراگماتیستانە لە ناسیونالیسم ئەو بۆشاییە دابپۆشێت، قەیران و کێشەی ئەو فۆرمە لە ناسیونالیسم ئەوەیە کە بۆچوون و خوێندنەوەیەکە کە بەرهەمی تەفسیر بە رای کەسیە، دڵخوازانەیە، لەباری فۆرمی زەینی و مەعریفی وەک سەرچاوە بێ‌قاعیدەیە، ئایدۆلۆژیکە و لەخزمەت دەست بەسەر دەسەڵات‌دا داگرتن دایە، دەقێکی ئایدۆلۆژیکە کە ئاکامەکەی ڕێکخستن و لێک‌تێگەیشتن نیە، بەڵکە بەهۆی پاوانخواز و دەسەڵات خواز بوونی ئاکامەکەی لێک‌دابڕانی زیاتر مینیمالیزە کردنی لایەنگران و کۆمەڵگا و چەند بەرەکی پەروەریە. ناسیونالیسمی کوردی بەداخەوە لەو ئاستەدا چەقیوە، ئەوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکێکانی سەرهەڵدان و پەرەی کێشەی ناوچەگەراییە لەناو شەقامی سیاسی کوردی‌دا. لەهەر شارەی، هەر پارێزگایی بەهۆی هێژمۆنی حیزبیک و لایەنێکی سیاسی تایبەت کە فۆرمێک لە خوێندنەوە و شرۆڤە لە ناسیونالیسم دەخاتە ڕوو قەیرانی دابڕانی شار و ناوچەکانی قوڵتر  کردۆتەوە. بێ گومان ئەگەر حەول نەدرێت بە لەبەرچاو گرتنی بوونی خەباتێکی نەتەوەیی و زەروورەتی یەکگرتوویی، ناسیونالیسمی کوردی لایەنی گوتارێکەشی لە تەنیشت لایەنی ئایدۆلۆژیکەی بەهێز بکرێت، ئەوا خەباتی کورد بە تاقە باڵێک( ناسیونالیسمی ئایدۆلۆژیک) مەجالی مانوڕ و فڕینی زۆری نیە و لاواز دەبێت. لەڕاستی‌دا کێشەی ناسیونالیسمی کوردی ئەو نیە کە فێدرالیسم خوازە یان سەربەخۆیی خواز، بەڵکە کێشەی ناسیونالیسمی کوردی ئەوەیە کە لەغیابی فۆرم و ناوەرۆکی زەینی و ئیجابی تەنیا خۆی لە قەوارەی ڕوالەتی و سەلبی دا دیتۆتەوە و ئەمەش ناسیونالیسمێکی ئایدۆلۆژیکی بەرهەم هێناوە بۆ خزمەت بە دەوامی کردەوەی پراگماتیستی ئۆپۆزیسیونی کوردی.
سەرچاوە: حەوتەنامەی وشە
http://www.wishe.net/detailsWtar.aspx?NusarID=97&Jmare=1334

مێژووی کورد

 جگە لە مێژووی کورد هیچ مێژوویەک لە ئێران بوونی نیە