۱۴۰۲ دی ۲۰, چهارشنبه

بریندار لەگوێن فۆڕمێک بوون

 









شاهۆ حوسێنی

(هۆکارناسیی ڕاپێچکردنی بریندار  بۆ گرتووخانە)

لە ماوەی یەک دەیەی ڕابڕدوو، مەودای سەرهەڵدان و دەرکەوتنی دژایەتییەکان لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی دژی دەسەڵاتی پێشێلکەر، سەرکوتکەر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژبەڕۆژ کورتتر بووەتەوە، بە جۆرێک کە ئیتر ئێستاکە ڕۆژ نییە دژایەتی و ناڕەزایەتییەک دژی کۆماری ئیسلامی لە گۆشەیەک لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێران سەرهەڵنەدات. دژکردەوەی کۆماری ئیسلامیش دژی ئەم ناڕزایەتییانە بێگومان یەکجار زۆر توند، بێشەرمانە، نامرۆڤانە و بە دوور لە هەر جۆرە پڕەنسیپێکی مرۆیی ‌و دێمۆکراتیکە. هەر بەتەنیا شەهیدانی شۆڕشەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بەپێی داتا نافەرمییەکان و لەگەڵ ئەوەدا گوشارێکی زۆری نیزامی و ئەمنی باڵی بەسەر هەرجۆرە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا کێشاوە، بەڵام باس لە شەهیدبوونی سەدان کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار کەس دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەکان لەژێر هەڕەشە و گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکاندان و هەرجۆرە هەواڵێک یان کردەوەیەک دژکردەوەیەکی توندی ئەمنیی بەدوادا دێت.

 


 برین پێناسەی جینایەت

برین دەشێ زۆر پێناسە و مانای جیاواز هەڵبگرێت، لە پزیشکیدا، لە ئەدەبیاتدا، لە کۆمەڵناسیدا و لە فەلسەفەدا پێناسە و وێناکانی برین و بریندار بێگومان جیاوازن. برین لە جیهانی شۆڕش و بەرخۆداندا پێناسە و هێمایەکی گرینگە. برین هێمای بەرخۆدان و پێناسەی جینایەتە دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و برینداریش برین وەک ئاڵایەک هەڵدەگرێت، واتە بریندار دەبێتە لەقاودەر، ئەوی‌ تری هێمای، سوبژەی سەربەخۆ و ئەڵترناتیڤی داپڵۆسێنەر، پاوانکەر و پاوانخواز، لە ڕاستیدا بریندار دەبێتە ئەوی‌ تری دیکتاتۆر، سەڕەڕۆ و پاوانخواز. لە ڕاستیدا هەر بریندارێک لەخۆگری چوار هێمایە: یەکەم، برین وەک ئاڵای جینایەت؛ دووەم، خەباتکار و شۆڕشگێڕێک کە دژ بە پاوانخواز و داگیرکەر ڕاساوە؛ سێهەم، ئەوی ‌تری زاڵمێک‌ کە ملکەچی داپڵۆسان و داگیرکردن نابێت؛ چوارم، ئاڵاهەڵگری جینایەتی زاڵمێک و زوڵمێک. لێرەوەیە کە شۆڕشگێڕێک کە بریندارە پێویستە بسڕدرێتەوە و وەک هێما لەنێو کۆمەڵگەدا نەمێنێت، دەسەڵاتە پاوانخواز و دیکتاتۆرەکان کە نەیانتوانیوە مرۆڤ وەک شۆڕشگێڕ بسڕنەوە و بە جەستە لەنێوی برن، لەڕێی ڕاپێچی ‌گرتووخانەکردن، بەندکردن و زیندانیکردنی، هەوڵی سڕینەوەی برین و بریندار دەدەن، واتە هەوڵی پێشگرتن بە سەیرووورەتی شۆڕش و بەرخۆدان دەدەن.

 

بریندار ئەوی ‌تری دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامییە، بریندار فۆڕمێک لە بوونە، جۆرێک ئەگزیستێنسە کە کۆدی شوناسی داسەپاو لەلایەن کۆماری ئیسلامی وەک ئەوی ‌تری شکاندووە. بریندار بووەتە فۆڕمێک شوناس، بووەتە ناسنامە و گوتارێک، بەگشتی بووەتە ڕێچکەیەک بۆ بەگژداچوونەوەی پاوانخوازێتی، سەرەڕۆیی و زۆرداری.


بریندار دازاینە، بوونێکی کە لەنێو جەرگەی تێگەیشتن، فام، خۆپێناسەکردن و خۆدەرخستندایە، بریندار کێشە و قەیرانێک لە بووندا نییە، بەڵکوو فۆڕمێک‌بوونە، برین بەشێک لە بوونی شۆڕشگێڕە، تایبەتمەندییەکی ڕواڵەتی کە لە تەنیشت تایبەتمەندییەکانی ‌تر "بوون" کامڵ دەکات. بریندار، ڕەخسیو و ڕزگار لە ئەوی ‌تر، خۆداڕێژراوی و خۆچارەنووسی تەوەرەی مرۆڤ بە مانای ئەگزیستێنسە. مرۆڤی بریندار بەڵام سەربەخۆیە لە هەڵبژاردن، هەڵوێستگرتن و بڕیاردان، ئەو سەربەخۆیانە بوونی خۆی بەسەر شووناسدا دەسەپێنێت، ئەو بوونی ملکەچی شوناس ناکات، واتە بوونی ئەگزیستێنس بوونێکە کە شوناس دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و سەربەخۆییی خۆی بەسەر شوناسدا دەسەپێنێت، ئەو خالقی شوناسە نە مەخلووقی شوناس، بۆیەش بە دژ هەر جۆرە شوناسێکی داڕێژراو لە دەرەوەی بوونی ئەو ڕادەوەستێتەوە، کەوابێ بریندار فۆڕمێکبوونی ڕاساو بە دژ شوناسە، ئەو بوونی سەربەخۆیانەی، شوناسی داڕێژراو لەلایەن خۆیەوە، بە هیچ بوون و شوناسێکی ‌تر ناگۆڕێتەوە.


سەرچاوە: https://kurdshop.net/ku/opinions/4074

۱۴۰۲ دی ۱۹, سه‌شنبه

لێدانی‌جەستە بەمەبەستی سڕینەوەی‌ڕووح

 



(بۆچی ژنێکی "کورد" لەسەر لابردنی زۆرەملی "حیجاب" بە قامچی لێی‌درا؟)

شاهۆ حوسێنی

لێدان لە جەستەی ژن ئامانجی جێندەری لەپشتە و مەبەستی سڕینەوەی ژن وەک ڕووحە لەڕێی سڕینەوەی جەستە، ڕووح لێرە مەبەست ڕوانینی هێگێلە بۆ ڕووح بە مانای هزر و ئەندێشەی مرۆڤی سوبژە، دیارە کەلتوور و سوژەی پیاو قائیل بەهیچ ڕکابەرێک نیە بۆ سنووردارکردنی هێژمۆنی و دەسەڵاتی ڕەهای پیاو وەک چوارچێوەیەکی هزری نەریتی. هەربۆیەش لەگەڵ هەرجۆرە دەرکەوتنێکی ژن وەک سوبژەی سەربەخۆ و لەدەرەوەی سنووری جوغرافیای دەسەڵات و هێژمۆنی پیاو، دەکەوێتە ناو بازنەی جورم و تانە. لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا ژن وەک جەستە و جێندەر کە چوارچێوەی شووناسی و ڕواڵەتی داسەپاوی پیاوانە بەجێ‌دێڵێت و هیچی‌تر ملکەچی ئەو دەسەڵاتە ڕەهایە نابێت و حەول دەدا چوارچێوەیەکی شووناسی سەربەخۆ بۆخۆی دابڕێژێت، ئەمە سنووری دەسەڵاتێکی ڕەکابەری پیاوسلاری دەردەخات و بەم شێوەیە دەکەوێتە بەر ڕقی پیاو، پیاو دەست‌دەکات بە تۆڵە سەندنەوە لەڕێی کووشتن واتە سڕینەوەی جەستەیی ژن، تەمێ‌کردنی جەستەیی لەڕیی زیندانی‌کردن و قامچی بەمەبەستی ملکەچ‌کردن و بەردەوامی گوێ‌ڕایەڵی ژن.



قامچی‌ لێ‌دان لە جەستەی ژن، دژکردەوەیەکی پیاوانەیە بەدژ هەڵوێستی سەربەخۆیانەی ژن وەک جێندەر و ڕووح.

۱۴۰۲ دی ۱۷, یکشنبه

ئازادی بەمانای دەربازبوون لەکۆیلەیی‌و ملکەچیە

 









شاهۆ حوسێنی

ڕەنگە هیچ حەزێک هێندی حەز و تاسەی ئازادی و هیچ چێژێک هێندی چێژی ئازادی بنەڕەتی و کۆن نەبێت لەناخی مرۆڤ و کۆمەڵگادا، ئازادی ئەوەندە چەمک و خواستێکی بنەڕەتی و چێژ بەخشە کە حەتا هزر و ئایدە کۆیلە پەروەرەکان، پاوانخوازەکان و داپڵۆسێنەرەکانیش هاواری ئازادی دەکەن و خۆیان وەک هەڵگری ئازادی و  داهێنەری ئازادیدەناسێنن، بەلای ئایینەوە ئازادی ڕاستەقینە لە ملکەچ بوون و کۆییلەبوونی خوا دایە، بەلای مارکسیزم لێنینیسمەوە ئازادی ڕاستەقینە لە دیکتاتۆڕییەتی پڕۆڵتاریادا تێ‌ئەپەڕێت و.... هەتەد. ڕەنگە هەتا ئەمڕۆ ماناگەل و ڕوانگەگەلی جیاواز لەمەر ئازادی هاتبێتە ئاراوە و ئەمەش جۆرێک لە سەرلێ‌شێواوی ساز کردبێت. بەڵام یەک خاڵی بنەڕەتی بۆ گەویشتن بە ئازادی و تێ‌ەیشتن لە ئازادی ئەمەیە کە پێویستە مرۆڤ سەرەتا لە کۆیلەیی دەرباز بێت، گەویشتن بە ئازادی نالوێت مەگەر دەرباز بوون لە کۆیەلەییە، بۆ دەرباز بوون لە کۆیلەییش پێویستە هەموو ئەم هزر و عەقلانەی مرۆڤ بە کۆیلەیی و ملکەچی گرێ دەداتەوە لە هەناو و زەینی مرۆڤ بڕەوێتەوە. دەشێ بەکورتی بگوترێ کە ئازادی بەمانای دەرچوون لە کۆیلەیی و ملکەچ بوونە.



زۆر ئایدە، کلتوور، بەها و ئەندێشە لەناو باوەڕ و زەینی مرۆڤ‌دان کە کۆیەلە پەروەرن، بە جۆرێ کە بەهەر رێژەیەک مرۆڤ حەولی ئازادیش بدات، ئەمانە وەک بەربەست و لەمپەر بەردەگرێت بە ئازادی و ئازاد بوونی مرۆڤ، هەتا ئەم کلتووr، بەها و ئەندێشانە لە باوەڕ و زەینا نەسڕدرێنەوە ئازادی مەحاڵە.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی