۱۴۰۱ مهر ۱۶, شنبه

شۆڕشیک لە ژنانەوە بۆ لاوان

 


شاهۆ حوسێنی

سەرەتا

شۆڕشیک کە لەلایەن ژنانەوە بەدژ کۆششەکان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی بە ئایینی کردنی جەستەی ژنان لەپاش شەهیدبوونی ژینا بە دەست مرۆڤ کوژەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ‌کردبوو، هەر ئەم جۆرەی چاوەڕوان دەکرا زۆر زوو تەشەنەی کردە ناو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و لە درێژەدا زانکۆکان و لەپاشان قوتابخانەکانی گرتەوە.

کۆمەڵناسی بزاڤی لاوان

بلومر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مەبەستی لاوان لە بەشداەری لە بزاڤە کۆمەڵایەتی و سیاسێکان، مەبەست گەلێکی گشتیە، ئەم جۆرە بزاڤانە بۆ هۆی ئەوەکە لاوان ڕادیکاڵ و ئارمان‌خوازن درێژ مەودا و بەردەوامن. دەرکەوتنی لاوان لە بزاڤەکان‌دا بە باوەڕی بلومر بەرهەمی ئاڵوگۆڕی بەردەوام، بەربڵاو و هێدی لە نەریتەکانی کۆمەڵگادایە. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لاوان تێگەیشتوانە و ئاگایانە بە مەبەستی ئاڵۆگۆڕی نەزمی کۆمەڵایەتی مەوجود دەردەکەون، ئەوان لەژێر کارتێکەری ئاڵوگۆڕی لە کلتوور و بەهاکان لە کۆمەڵگا و جیهان‌دا دەبنە خاوەن ڕوانگەیەکی نوێ لەمەر خۆیان، مافەکانیان و تێدەکۆشن بە ئاڕمان و ئامانجەکانیان بگەن، ئەمەش بێ‌گوەمان کاتێ دەردەکەوێت کە فۆرماسیونە نەریتێکان توانایی بەرهەم‌هێنانی خواستە مەشڕووعەکانی لاوانیان نیە و بەم شیوەیە بەر دەگەرن بە پەرەی لاوان. دەرکەوتنی لاوان لەناو بزاڤەکان‌دا بە تەنیا هەڵسووکەوتێکی ڕەمەکی و چاوەڕوان نەکراو نیە، بەڵکە دژکردەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بە دژ هێز و ڕووداوە مێژوییەکان. لەڕاستی‌دا بزاڤی  لاوان لەم کۆمەڵگا و وڵاتانەدا ڕووی دەدات کە ئاڵوۆگری خێرا بە خۆیانەوە دەبینن، ئەو کۆمەڵگایانەی کە تووشی لاوازی فۆرماسیونی سیاسی، داڕمانی شەرعییەتی دەسەڵات و نەزمی سیاسی مەوجوودن.

لاوان لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا

دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە ئاسۆی سیاسی ئێران وەک لێکەوتەی ئایدۆلۆژێکی فۆندامێنتاڵ لێکەوتە گەلێکی گرینگی نە تەنیا بۆ کۆمەڵگا بە گشتی کە بە تایبەتی بۆ لاوان لێ‌کەوتەوە. یەکەم دیاردەی کلتووری ئەم دەسەڵاتە حەول بۆ بە ئایینی کردنی عەقڵ. جەستە و کلتووری کۆمەڵگا بوو، بۆ ئەم مەبەستەش سەرتا هەموو سەرچاوەکانی بارهێنان و راهێنانی قوتابیان لە قوتابخانەکان بە وانە ئایینێکان ئاخندران، لە درێژەشدا لە ڕێی لێژنەی باڵای شۆڕشی کلتووری بەمەبەستی ئایینیزی کردنی زانکۆکان، پەرەی کلتووری ئایینی و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕۆژئاواخوازی و سێکۆلاریزم حەول درا لەڕێی ئایدۆلۆژی فەرمی حکوومی، لاوان و خوێندکاران لە خزمەت بەرژەوەندی ئایینی دەسەڵات کۆمەڵگر بکەن. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە لەڕێی شۆڕشی کلتووری لە زانکۆکان لە ساڵی ١٣٥٩ تا ١٣٦٢ بەشێکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایان لەسەر کار و خویندن لادران. بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی دژایەتی خۆی لەگەڵ زانست و لاوی تێگەیشتوو نیشان‌دا و حەولی‌دا لە رێی ئیسلامیزەکردنی خوێندن، زانکۆ و قوتابخانە تاکی ملکەچ، گوێ‌ڕایەڵ و دەستەمۆ پەروەردە بکات. بەڵام دژکردەوە جیاوازەکانی خوێندکاران لە درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سەلامندی کە کۆماری ئیسلامی هیچ‌کات نەی توانی لاوانی خوێندکار دەستەمۆ بکات. دیارە هەر لەسەرەتای هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، زانکۆکان و لاوانی خوێندکار گرینگ‌ترین پێگەی دژایەتی و ڕەخنەگرانەی دەسەڵاتی پاوانخواز و پاش کەوتووی ئایینی بوون. هەر بۆیەش زانکۆکان بە بەردەوامی کەوتوونەتە ژێر هێرشی هێزەکانی سەرکووت‌کەر و بە دەیان خویندکار، ئێعدام، بێ‌سەروشوێن و شەهید کراون.

تێکەڵ بوونی قوتابیان بە شۆڕش

شۆڕشی ئەم جارەی کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەنیشت هەموو جیاوازێکان و دیاردە نوێیەکانی کە بە خۆیەوە بینیوێتی، دیاردەکەی تەواو جیاواز لە ڕاپەڕینەکانی پێش‌خۆی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم دیاردە جیاوازە کە بەشێوەیەکی کوت و پڕ و بەربڵاو لێکەوتەی زۆر گرینگی لەگەڵ خۆی هێنا، تێکەڵ بوونی قوەتابیان کچی قوتابخانەکان لەگهەڵ شۆڕش بوو، ئەون بە لادانی حیجاب، داگرتنی وێنەی خومەینی و خامنەیی لە کلاسەکان و دڕاندنی وێنەی ئەوان لە سەرچاوە دەرسێکان دژکردەوەیان نیشان‌دا و بەم شێوەیە پەیوەست بوین فەرمی خۆیان بەم شۆڕشە ڕاگەیاند. قوتابیان بەم شێوەیە لاپەڕەی هەموو ملکەچی و جەستە بوون و جێندەری دووهەم بونیان دڕاند و وەک سوبژەیەکی سەربەخۆ بڕیاری سەربەخۆییان لە خۆ دەرخستن، خۆپێناسەکردن و خۆ بارهێنان‌دا، ئەوان بە لەچکە سووتاندن، هێرشێکی ڕادیکاڵیان بۆ بناغە و ئایدۆلۆژی دەسەڵاتی حاکم دەست‌پێ‌کرد. لەچکە تەنیا پەڕوویەک  یان بەشێک لە بەرگ و لیباسی ژن نیە بەڵکە کەرەسە و بەربەستێکە بۆ نەفی و نەهی ژن وەک جەستەیەک و بوونیکی کە حەول دەدرێت لەریی ساردنەوەی بە ئایینی بکرێت. ئەم شۆڕشە سەلماندی کە سیاسەتەکانی زێدە لە چڵ ساڵ دەسەڵاتی سەرکووت، پاوانخواز و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی هیچ‌کات نەیتوانیوە شەرعییەتێک لەناو زەین و هزری کۆمەڵگادا بۆخۆی مسۆگەر بکات، نیشانی داوە کە سیاسەتەکانی ئایینی و ئۆبژە پەروەری کۆماری ئیسلامی لەماوەی زێدە لە چل ساڵ دەسەڵاتی بەربڵاوی خۆی‌دا هیچ کات نەیتوانیوە مرۆڤ و بوونی ملکەچ و گوێ‌ڕایەڵ بەرهەم بهێنێت و ئەگەر زۆری دەسەڵات، پارە و هێزی نیزامی نەبێت حەتتا بۆ یەک چرکەش ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ حوکمی کۆمەڵگا بکات. ئەم دەسەڵاتە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک‌ لەلایەن ژنانەوە بە ژنانی گەورە ساڵ، خویندکاری زانکۆ و قوتابخانەکان لەمەترسی ڕووخان دایە و هیچ‌کات پایەکانی نەزەری، هزری و مەعریفی دەسەڵاتەکەی ئەوەندە لەرزۆک و هڵۆڵ نەبوە.

 سەرچاوە: رۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨٣٢

 

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی