۱۳۹۸ اردیبهشت ۲۵, چهارشنبه

کۆمەڵناسی گوتاری پیاوسالاری


(ڕەچەڵەک‌ناسی کوشتنی ژنان بە پاساوی ناموسی)
شاهۆ حوسینی
پێشەکی:
گومان لەوەدا نیە کە ئەندێشە و گوتارەکان لە بۆشایی و غیابی نیاز بەدی نایەن، واتە دەشێ بگوترێت کە ئەوە نیاز و خواستێکە کە وەک بنەما و بەستێن گوتار و ئەندێشەی لەسەر بنیاد دەندرێت و لەسەر بنەما و ئەساسی نەدێشە و گوتاریش کردوە وەک دەرکەوتە و فۆرماسیونی عەینی و ڕواڵەتی دەردەکەوەێت. ئەگەر قەبوڵ بکەین کە دەرکەوتنی ژن کوشتنی نامووسی وەک دەرکەوتە، فۆرماسیونێکی ڕواڵەتی و کردەوەیەکی ڕاستەوخۆ و خۆکوشتن و خۆلەناو بردنی ژن وەک دەکەوتەیەکی ناراستەوخۆ، لە بۆشایی ئەندێشە و گوتار‌دا بەدی نایەت و سەهەڵنادات، ئەوە بەو قەناعەتە دەگەین کە لەژێر کارتێکەری ئەندێشە و گوتارێک‌دا فۆرم دەگرێت و دەردەکەوێت، بەواتایەکی روون‌تر ئەندێشە و گوتاریک ناوەرۆکی مەعریفی، زەینی، شەرعییەت دەر و بزوینەری دەروونی ئەو فۆرماسیونە ڕواڵەتێیە، دەشی بگوترێت کە ئەو گوتارەش شتێک نیە جگە لە گوتاری پیاوسالاری.
بەر لەوەکە گوتاری پیاوسالاری شی بکرێتەوە و تیشک بخرێتە سەر ئانتۆلۆژی ئەو، پێویستە گوتار شی بکرێتەوە ڕوون بکرێتەوە کە مەبەست لە گوتار چیە؟ مەبەست لە گوتار لەو نووسراوەیەدا کۆگشتیەک یان فۆرماسیونێکی ڕوانگەیی و هزریە وەک بزوێنەر، پاساودەر و شەرعییەت دەری کردەکانی مرۆڤ کە کار دەکاتە سەر زەینەکان و باڵ دەکێشێتە سەر چاخیکی مێژوویی و لەنێوان ڕابردوو و داهاتوو سنورێک دەکێشێت، بەجۆرێ کە دەبێتە تایبەت مەندێکی تایبەتی مێژوویی، بۆ وینە لێرەدا باس لە چەند گوتار دەکەین بە کورتی:
١_ گوتاری ئەرباب – رەعییەتی، بە مانای ئەو پاساوە هزری و مەعریفیەی کە شەرعییەتی هزری و لە ئاکاما ڕواڵەتی دەبخشیتە دابەش کردنی کۆمەڵگا بەسەر کەمینەیەکی ئاغا و سەروەر و دەست ڕۆیشتوو و زۆرینەیەکی ملکەچ و ڕەعییەت و هەژار.
٢_ گوتاری موراد- موریدی، بەمانای ئەو پاساوە شەرعی و ئایینیە کە جێگە و مەرتەبەی باڵا و سەروو دەبخشێتە کەسێک و باقی کەسەکان وەک مورید و ملکەچ گوێ ڕایەڵی کەسی باڵادەست دەکات
٣_ گوتاری پیاو- ژن، بە مانای دابەش کردنی بوونەکان لەسەر ئەساس و لەچوارچێوەی شووناسیکی جیاواز و هیرارشیک‌دا.
تایبەت مەندی هەموو ئەو گوتارانە دانانی پێوەندی و جۆری تەعامولی هیرارشیک، بەردەوامی دەسەڵاتی کەمینەیەک بە سەر زۆرینەیەک‌دا و چەوساندنەوەی زۆرینە لەلایەن کەمینە بە مەبەستی بەرژەوەندی و لەخزمەت بەرژەوەندی خۆی‌دا لە دەلاقەی پاساودەرێکی مەعریفی و زەینی‌ڕا.
لەئاکام‌دا دەشی بگوترێ کە هەمووی ئەوانە بە مەبەستی داهێنان و بەردەوام کردنی جۆرێک لە پێوەندێکانی دەسەڵاتی ناسیاسی و کۆمەڵایەتیە.
کۆمەڵناسی گوتاری پیاوسالاری:
ژیانی کۆچەری، ئاژەڵداری و زەروورەتی تووند و توڵ بوونی پێوەندی خوێنی و بنەماڵەیی لەنێوان تاکەکان بە هۆی دژواری و سەختی ژیان و دابین کردنی بژێو بەهۆی کەمی ئیمکانات لە ژیئۆپۆلەتیکی شاخاوی و سارد و سڕی کوردستان‌دا، پێوسیتی بە هێز و وزەی بوون و مرۆڤیکی بەهێز و خاون هێزی جەستەیی هەبوو،  لەوەها دۆخێک‌دا ژن بەهۆی تایبەت مەندیکانی تایبەتی خۆی  بەداخەوە لەژێر هێژمۆنی پیاوسالاری و حەول بۆ ژیان وەک خاڵی لاواز و تایبەت مەندی لاوازی ژن کرایە پیناسەی بوون و تاکێک کە لەسەر ئەساسی ئەو مرۆڤێکی سترۆکتوراڵی دەروەست بە هێز و وزەی پیاو بەرهەم هات، بوونیکی کە بوو بە حەڵقەی جۆرێک لە پێوەندی دەسەڵات کە وەک جۆری هیرارشێک باسی لێوەدەکرێت و بەو شیوەیە ژن بوو بە تاک و بوونی پەراوێز و خزمەتکار لە خزمەت پێداویستی و خواستەکانی پیاو.
دوایی ئەو گوتارە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینەکان بە هۆی پیاوانە بوونی ئایینەکان و هەڵقوڵان لەناخی پیاوسالاری، کە بوونە کەرەسەی شەرعییەت دەر و پاساوکەری زەینی و هزری پیاوسالاری پەرەی زیاتری ئەستاند، واتە ئەمجارە پیاوسالاری پاساوێکی بان زەوینیشی بۆ پەیدا بوو. واتە ئەو گوتارە لە خزمەت دەسەڵاتی پیاو وەک کەلان سوبژە و دالی ناوەندی، ژن وەک ئۆبژە و بوونیکی سترۆکتورال و دەسەڵاتی هیرارشیک بەهێزتر کرا، گوتارێک کە لەودا پیاو سوبژەیەکی سەربەخۆ و هێژمۆن بوو وە ژن بوونیکی ئۆبژە و دەروەستی پیاو کە شووناس، کەسایەتی، فۆرمی مانایی و ئەرکەکانی لەلایەن ئەو سوبژە هێژمۆنەوە داڕێژرابوو، دیارە ملکەچ بوون و گوێ رایەڵ بوونی ژنیش بە مانای بەردەوام بوونی ئەو فۆرم لە پیوەندی دەسەڵاتەیە کە لە خزمەت بەرژەوەندی و هێژمۆنی پیاودایە و هەرجۆرە سنوور بەزاندنێک لەگەڵ ئەو فۆرماسیونە شووناسی، مانایی و بوونە، بە مانای هەڕەشە بۆ سەر هێژمۆنی پیاوسالاری، دەسەڵاتی پیاو و تێک‌دانی نەزمی مەوجود ، لەدەلاقەی گوتاری پیاوسالارێوە پێویستە پیاو بە دژ کردەوەی تووند و بەشێوەیەکی تووند بەرپەرچی بداتەوە و لە بەرامبەری‌دا ڕابوەستێت.
ژن وەک بوونیکی سترۆکتورال، ئۆبژەیەکی بەرهەم هاتوو لەلایەن سۆبژەیەک بەناوی پیاو، چوارچیوە و فۆرمی جواروجۆری بۆ دیاری کراوە وەک سنوور، یەکێک لەو فۆرمە مانایانە "دایکە"، لەدەلاقەی ئەو فۆرمە ماناییەرا ژن کەرەسەیەکی زا و زێ و بەخێو کردی مناڵە، یەکێکی تر لەو فۆرمە مانایانە "ناموسە" لە دەلاقەی ئەو فۆرمە مانییەرا کە لەژێر کارتێکەری فۆرمی مانایی "خاوەندارێتی" بەرهەم هاتوە ژن تەنیا و تەنیا موڵکی جەبری پیاوێکە کە لە هەڵبژاردن و جۆری پێوەندی لەگەڵ ئەودا هیچ مافێکی نیە و ئەوە پیاو و گەورەی پیاوی ماڵ، تایفە و عەشیرەتە کە هەموو شتێک بۆ ژن دیاری دەکات، دەرکەوتەکانی وەک ژن بە ژنە، پێش‌کیش کردن، ژن دۆڕاندن لەسەر قومار، بەرخوێن‌دان لە کێشە کۆمەڵایەتێکان‌دا، بەژن دان بۆ بەرهەم هێنانی هێزی پشتیوان و لایەنگر و گەورە کردنەوە جەغزی هێژمۆنی پیاوی بنەماڵە، تایفە و عەشیرە. هەمووی ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ هێز و هێژمۆنی پیاوسالاری وەک گوتارێکی نەریتی کە لەودا ژن کەرەسەیەک و بوونیکی سترۆکتوراڵە لە خزمەت بەردەوامی هێز، دەسەڵات و هێژمۆنی پیاو و خواستی لەبن نەهاتووی حەز و ئارەزۆکانی سێکسی پیاو.
ئاکام:
بێ گومان تایبەت مەندێکانی جەستەیی و ڕوحی ژن پێویستە وەک تایبەت مەندی ببیندرێت نەک وەک خاڵی لاواز و بکرێنە ئامانج و کەرەسەیەک بۆ بەردەوامی و پەرەی دەسەڵات و هێژمۆنی پیاو، ژن پێوسیتە وەک بوونێکی سەربەخۆی خۆپیناسەکەر مەجالی دەرکەوتن و خۆپیگەیاندنی هەبێت، لەوەها دۆخێک‌دا ئەرکی حکوومەت وەک تاکە فۆرماسیونی مەشروعی هێزی سیاسی  کە بەڕێو بەری کۆمەڵگایە ئەوەیە کە لەیەکەم هەنگاودا باڵ بکێشێ بەسەر ژنی تاراندراو لە کۆمەڵگا و بنەماڵە و ژیان، دووهەم کۆمەڵگا و پیاو لەناو جەغزی ئەندێشەیەکی پێشکەوتوو و مۆدێڕن‌دا کە مافی بەرمابەر بە ژن دەبەخشیت و ڕێز لە بوون و کەرامەتی ژن وەک سوبژە دەگرێت، کۆمەڵگر بکات. سێهەم کاربکات بۆ هەموار کردنی یاسایی دەرکەوتنی ژن وەک بوونێکی سەربەخۆ و سوبژەیەکی خۆپیناسە کەر.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات ۱٥/۰٥/۲۰۱۹


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی