۱۴۰۳ تیر ۸, جمعه
۱۴۰۳ تیر ۷, پنجشنبه
لە خەباتی ئامانجخواز بەروو خەباتی ئارمانخواز
شاهۆ حوسێنی
خەبات خاوەنی گەوهەرێک و هەستییەکە،
گەوهەری خەبات ئەو ڕەوت، کارەسات و ڕووداوانەن کەخوڵقاونو ڕوویان
داوە، بەڵام هەستیی خەبات بەمانای ئاگایی پەیداکردن بەو هزر، ئەندێشە و ئایدەیانەن
کە ڕووداو، کارەسات و ڕەوتەکانیان خوڵقاندو، بەو پێێە دەشێ بگوترێ کە جیهانی خەبات
جیهانی ئایدە و هزر و ئەندێشەکانە. ئەگەر بەکورتی بەشێ پێناسەیەک لەمەر خەبات
بخرێتە روو دەتوانم بڵێم کە خەبات ئاڕمانخوازە نەک ئامانجخواز. ئامانج لەخۆگری
ئەو دیاردە ئۆبژێکتیڤ و کورتخایەنانە کە بەشێوەیەکی ڕەها مرۆڤ دەشێ و دەتوانێ
پێیان بگات و مسۆگەریان بکات، بۆ وێنە ئامانجی پارتێکی سیاسی بردنەوەی هەڵبژاردنی
سەرۆكکۆماری یان پاڕڵمانیە، واتە دەستەبەرکردنی دەسەڵات، پەرەپێدانی و دەوام
بەخشین بەو دەسەڵاتەیە، ئەم ئامانجە بە گەڵاڵەیەک و کاری کۆنکرێت لە نزیکترین
هەڵبژاردندا مسۆگەر دەبێت، بەڵام ئازادی، دیمۆکراسی یان سەربەخۆیی ناشێ ئامانج
بێت چوون نالوێت بەڕەهاییو کۆنکرێتی لە ڕەوتێکی دیاریکراودا دەستەبەر بکرێت،
بەڵکە ڕەوتێکی درێژخایەن، مێژوویی و و کاری بەردەوامە و چوارچێوەیەکی سنووردار و
دیاریکراوی نیە. ئازادی، دێمۆکراسی یان سەربەخۆیی دەست پێک و کۆتاییەکی نیە،
بەڵکە سیروورەتێکی بەردەوامە.
فەلسەفەی خەبات
لەمەر فەلسەفەی خەبات دەشێ ڕوانگەی
جیاواز بێتە ئاراوە، دەشێ بگوترێ کە مەبەست لە فەلسەفەی خەبات، دیاریکردن و
دەرخستنی مەبەستی خەباتە، یان دیاری کردنی ئامانجی خەباتە، یان دۆزینەوەی هۆکاری
خەباتە. بەڵام لەحەقیقەتدا فەلسەفەی خەبات یانی بیرکردنەوە، ئەندێشەکردن و
هزرمەندانە ڕوانین لە شووناس و مانای خەباتە، واتەحەولی بیرمەندانە و هزرمەندانە
بۆ تێگەیشتن لە لۆژیک و سازوکاری خەباتە هەڵبەتە دەشێ خەبات وەک ڕووداو، کارەسات و
تێکهەڵچوون لە کات و شوێنی تایبەتدا بەشێوەی گێڕانەوەی کردەوە و دژکردەوەکان
بگێڕدرێتەوە، بەڵام فەلسەفەی خەبات یانی فام و تێگەیشتن لەمانای ئەو ڕووداو و
کارەساتانەی کە ڕوویان داوە، ئەو کردەوە و دژکردەوانەی دەرکەوتوون. ئەگەر بشێت کە
بەکوورتی پێناسەیەک لە خەبات بکرێت، دەشێ بگوترێ کە خەبات ڕەوتێکی ئاڕمانخوازانەیە.
ڕەنگە بەلای زۆرانەوە خەبات ئامانجخواز بێت، بەڵام خەبات حەول و کۆششێکی کوورت
خایەن و سنووردار نیە، بۆیە ناشێت کە ئامانجخواز بێت. ئاڕمان بە پێچەوانەی ئامانج
مرۆڤ دەتوانێ لێی نزیک بێتەوە، بەڵام هیچکات بەشێوەیەکی ڕەها و دائیمی ناتوانێ
پێی بگات. لەڕاستیدا ئاڕمانەکان کۆگشتیەک لە ئیدەئالەکانن کە لە ئاسۆ دوورەدەستەکانن
کە دەشێ لێیان نزیک بینەوە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و تەواو هیچکات نالوێت کە
دەستەبەر بکرێن. ئێستا کە دیاریکرا خەبات ئاڕمانخوازە، پرسیارێکی گرینگ لەم
ناوەدا دێتە گۆڕێ، ئەمیش ئەوەیە کە ئاڕمانی خەبات چیە؟
وڵامی ئەم پرسیارە دەکرێ بەزۆر
شێوازی جۆراوجۆر بدرێتەوە، بەڵام بە کۆنکرێتی دەشێ بگوترێ کە ئامانجی خەبات
پشکووتن و پەرەی هزر و ئەندێشەیە بەمانای پەرەی عەقڵانییەت، طیگەیستنی عەقڵانی و
ئاگاهیە. ئەم ڕەوتە سەرەتا لە زەین و دەرووندا ڕوودەدات و لەدەرەوە دەبێتە بەستێن
و هۆکاری باشتربوونی دۆخی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا. بۆ وێنە لیبرالیسمی سیاسی سەرەتا
وەک ئەندێشە لە زەین و دەروونی جۆن لاکدا دەرکەوت و دوایی لە دەرەوەی زەین و و
دەروونی لاک و لەناو کۆمەڵگادا و لەناو ژیانی ڕواڵەتی کۆمەڵگا دێمۆکراسی لێکەوتەوە.
کەوابێ دەشێ وەک ئیدەئالیستیک بگوترێ کە ئەوە ئایدەکان و ئەندێشەکانن کە
واقعییەتەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکان سازدەکەن. واتە ئایدەکان و ئەندێشەکان بەر لە
کردەوە و دژکردەوەکان، حەڕەکەتی ڕواڵەتی مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان دەردەکەون، ئەوان
نەقشەڕیگا و پلانی حەڕەکەتن.
مێژووی خەباتی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان و
مێژووی پێشکەوت وەک بەرهەمی خەبات لەڕاستیدا شتێک نیە جگە لەمێژووی هزر و ئایدە و
ئەندێشە، کەوابێ دەشێ بگوترێ کە بۆ پێشکەوت و بەرەوپێش چوون و نزیک بوونەوە لە
ئاڕمان مرۆڤ و کۆمەڵگا مرۆییەکان پێویستیان بە پێشکەوت و ئاڵوگۆڕی هزر و ئایدە و
ئەندێشە هەیە.
خەبات لە ڕۆژهەڵاتیکوردستان
تا بەر لە دەرکەوتنی کۆمەڵەی ژ-ک
بۆ وێنە شۆڕشی سمکۆ و شۆڕشەکانیتر لە کوردستان ئامانج تەوەرە بوون، شۆڕش بۆ وەدستهێنانی
دەسەڵات و مسۆگەرکردنی پاشایەتی. بەڵام دەرکەوتنی کۆمەڵەی ژ-ک یەکەم چەخماخەی
شۆڕشی ئاڕمانخواز لە کوردستان بوو کە لەسەر ئەساسی دوو ئایدەی ئازادی و سەربەخۆیی
نەتەوەیی کورد بنیادنرابوو، ئەندامانی ژ-ک و کۆمەڵەی وەک چوارچێوەیەک کە تاکی کورد
لەودا کۆکرابوە، چوارچێوە، مانیفێست یان ڕیکخراوەیەکی بۆ دەستەبەرکردنی حکوومەت،
پاشایەتی یان دەسەڵاتی سیاسی نەبوو، لەڕاستی بنەما و ئەساسی ئاگایی بەخشی و
مەعریفەتبەخشی بە تاک و کۆمەڵگای کورد بوو کە بەو زەین و ئاگاییە بگەن کە کوردیش
نەتەوەیە و وەک هەموو نەتەوەکانیتر مافی ئازادی و سەربەخۆییە هەیە، ئەوان هیچکات
لەسەر ئەو باوەڕە نەبوون لەڕێی دەستەبەرکردنی دەسەڵات و بەشداربوون لە دەسەڵاتی
سیاسیدا سەربەخۆیی، ئازادی یان مەجالی چارەخۆنووین دەستەبەر و مسۆگەر دەبێت،
بەڵکە ئەوان لەوە تێگەیشتبوون کە سەرەتا ئایدە و ئەندێشەیەک لەمەر ئازادی و
سەربەخۆیی پێویستە کە وەک زەین و مێنتالیتە ببێتە بەستێنی پەروەردەکردنی تاکی کورد
و بەرهەمهێنانی سووژەی کورد، کە سوژەی کوردی و تاکی ئاگایی کورد بەرهەمهات و
مرۆڤی کوردی بەو ئاگاییە گەیشت کە جوغرافیایەکی زەینی و مەعریفی جیاواز لەویتری
فارسی هەیە، ئینجا ئایدە و ئەندێشەی کوردانە دەبێتە ڕایەڵی لێكگرێدەرەوەی تاکەکان
و بەم شێوەیە نەتەوەی کورد بان تایفە و عەشیرە دەردەکەوێت. لەڕوانگەی کۆمەڵەی ژ-ک
دا دەشێ بگوترێ کە کورد بوون و کوردستانی بوون پرۆسەیەکی درێژخایەن و دوورمەودایە
بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و سەربەخۆیی و ئازادی و سەربەخۆییش سەیروورەتێکە لە زەمان
و ئەندێشەدا.
۱۴۰۳ تیر ۳, یکشنبه
کوردستان لە گەوهەرەوە(substance) بەرەو هەستێەکی(Existence) کوردانە
شاهۆ حوسێنی
ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بگوترێ
کە هایدگێر لە سەدەی بیستەمدا جیهانێکی فەلسەفیتری بنیاد ناوە، ئەو بەسەر سەدان
ساڵ فەلسەفەدا بازیدا و گەڕاوە بۆ جیهانی فەلسەفی بەر لە سوقڕاتی، ئەو لەسەر ئەو باوەڕە
بوو کە فەلسەفە لەپاش ئاوا بوونی خۆری ئانتۆلۆژی بەلاڕێدا چوو. ئەگەرچی هەستی
هایدگێریش باس لە هەستی دەکات، بەڵام جیاوازی بنەڕەتی و گەوهەری ئەو لەگەڵ
ئانتۆلۆژیستەکانی بەر لە ئەفلاتوون و ئەڕەستوو لەوەدا بوو، کە ئەگەر
ئانتۆلۆژیستەکانی کۆن باس لە تووخمەکانی پێکهاتن و بەرهەمهێنی هەستی دەکەن، بۆ
وینە یەکێک تووخمی سەرەکی هەستی ئاو پێناسە دەکات، یەکیکیتر خۆڵ، یەکێکی ئاگر و
یەکێکیتر هەوا، ئەوا پرسیاری سەرەکی و بنەمای فەلسەفەی هایدیگێر پرسیار لە چی
بوون و چیەتی هەستیە، واتە هەستی چیە؟ هایدگێر بۆ گەیشتن بە مەبەست و دەرخستنی
کاکڵی ئەندێشەکەی کەڵک لە دوو چەمک وەردەگرێت. یەکیان گەوهەر(substance) و ئەویتر هەستی(Existence)، لە ئەندێشەی هادیگێردا
گەوهەر دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤە، واتە نموودی بۆ هەموو مرۆڤێک وەکیەکە، بۆ وێنە شمشێر
وەک فۆڕم و گەوهەر(substance ) لە دیدی هەر بینەرێکدا شمشێرە، بەڵام هەر ئەم
شمشێرە وەک هەستی(Existence) بوونێکی سوبژێکتیڤە و لە ڕوانگە هەر بینەرێکدا دەتوانێ هەستێکی
جیاوازی هەبێت. بۆ سەربازێک شمشێر کەرەسەیەکی شەڕ و بەربەرەکانیە، بۆ چەتە یان ڕێگرێک
کەرەسەیەکی چەتیی و ڕێگریە، بۆ وەرزشوانێک کەرەسەیەکی وەرزشی و ......هتدە.
کوردستان وەک گەوهەر(substance ) و
هەستی(Existence)
کوردستان وەک گەوهەر ئاماژە بە
ژێئۆپۆلەتیک، چوغرافیا، شوێن و ژینگەیەکی سرووشتیە کە لەخۆگری شاخ، چۆم، زەریا و
زەوی و باغ و....هتدە. چ بۆ کورد، چ بۆ ئەویتری فارس،تورک و عەڕەب کوردستان وەک
گەوهەر یەک دیاردەیە و هەموو وەک دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤ بەیەک فۆڕمی ڕواڵەتی
دەیبینن، بەڵام کوردستان وەک هەستی(Existence) ئیتر بۆ کورد، فارس، عەڕەب و
تورک دیاردەیەکی هاوشێوە و فۆڕمێکی هاوشێوە نیە، کوردستان بۆ کورد نیشتمان، خاک،
جیهان و ژینگەیەکی بۆ دەرکەوتنی کورد وەک سوبژە و نەتەوەی کورد وەک مێتا سوبژە.
کوردستان بەڵام لەتەنیشت بوونێکی
گەوهەری(substance)، بۆ فارسەکان، توورکەکان و عەڕەبەکان خاوەن هەستیەکە، ئەوان
کوردستان بە بەشێک لە جیهانی دانەبڕاوی دەسەڵات، هێژمۆنی، شووناسو بەرژەوەندی خۆیانی
ئەژمار دەکەن، ئەوان هەستیەک بە کوردستان دەبەخشن کە ئەم هەستیە داڕێژڕاو و
داهێنراوی خۆیانە لە دەرەوەی ئیرادە و خواستی کورد وەک سەرچاوە و بەرهەمهێنی ئەم
گەوهەرەیە و لەخزمەت سەروەری و باڵادەستی خۆیان دایە. لەڕاستیدا کوردستان وەک
هەستیەک بۆ فارس، تورک و عەڕەب لەپێوەندی لەگەڵ جیهانی زەینی، شووناس و عەقڵییەتی
وان بوون و مانا پەیدا دەکات. فارس کوردستان وەک هەستیەک لە درێژەی جیهانی
ئێرانیستی و هێژمۆنی عەقڵی پان ئێرانی خۆیدا مانا دەکاتەوە، توورکێک کوردستان لە
درێژەی جیهانی تورکی جۆیدا و وەک بەشێک لە عەقڵی پانتورکی خۆیدا مانا دەکاتەوە،
بۆ عەڕەبێک کوردستان درێژی بوونی عەرەبی و جیهانی پانعەڕەبیە.
هەستی کوردستان و کورد بۆ ئەویتری
کورد لەڕاستیدا لە دەلاقەی هەستی فارس، تورک و عەڕبرا پێناسە دەکرێت، بۆیەش
بەهیچ شیوەیەک قائیل بە هەستیەکی جیاواز لە خودی فارسی، تورکی یان عەڕەبی نین و
لەهەر شوێن و کاتێکیشدا کە هەستی کوردستان و کورد شیمانە ئەوی لێدەکرێت کە
دابەڕاو و جیاواز لە خودی فارسی، تورکی و عەڕەبی بێت، بەهەموو شێوەیەک حەولی لەناو
بردن، پاکتاوکردن و سڕینەوەی ئەم هەستیە دەدەن. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە کێشەی کورد
لەگەڵ ئەویتری فارس، تورک و عەڕەب کێشەی هەستیە، کورد لە پێوەندی لەگەڵ ژینگەی
سرووشتی کوردستان پێناسە، شووناس و فۆڕمێکی مانایی و زەینی لەخۆی دەردەخات لە
دەرەوەی ژینگەی سرووشتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا وەک گەوهەریفارس، تورک و
عەڕەب کە فۆڕمێک پێناسە، شووناس، مانا و مێنتالیتە لەخۆدەگرێ لەدەرەوەی ئیرادە و
ئەکتی کورد. هەستی کوردستان بەرهەمی پێوەندی کوردە لە گەڵ کوردستان وەک گەوهەر کە
تەواو جیاوازە لەگەڵ هەستی کوردستان وەک بەشێک لە گەهوەری ئێران، تورکیا، عێڕاق
یان سووریا، جیاوازێکەش لەمە دایە کە هەستی کوردستان بەرهەم و ڕەنگدانەوەی هەستی
کوردە کە بەرهەمی ئاگایی و تێگەیشتووی تاکی کوردە، واتە تاکی کورد لەڕێی ئاگایی و وشیاری
هەستیەک لە کورد و خود وەک کورد دەردەخات و لەدرێژەشدا هەستیەک لە کوردستان
دەخاتە ڕوو، بەڵام تاکی فارس، تاکی تورک و تاکی عەڕەب وەک ناکورد، هەستیەک لەخۆیان
دەردەخەن و لەسەر ئەساسی ئەم هەستیە فارسیە، تورکیە و عەڕەبە هەستیەک لە کوردستان
دەردەخەن و ئەم هەستیە لە کوردستان بەهیچ شێوازێک ناتوانێ هەستیەکی ڕەسەن بێت،
بەڵکە هەستیەکی جەعلی و چەواشەیە، بۆ هۆی ئەوەکە تاکی فارس، تورک و عەڕەب وەک
گەوهەر هیچ پێوەندێکی ڕووحیان لەگەڵ کوردستان وەک گەوهەر نیە، یانی هیچ پێوەندێکی
گەەوهەریان بەیەکەوە نیە، بۆیەش دەرکەوتی زەینی وان لە کوردستان وەک هەستی چەواشە
و جەعلیە، بەڵام تاکی کورد وەک گەوهەر لە پێوەندی ڕووحی و گەهوەری لەگەڵ کوردستان
وەک گەوهەردایە، بۆیەش دەرکەوتی زەینی تاکی کورد لە کوردستان وەک هەستی دەتوانێ
ڕەسەن و ئەسیل بێت.
مێژووی کورد
جگە لە مێژووی کورد هیچ مێژوویەک لە ئێران بوونی نیە
-
(چرایی خشونت، ترور و توتالیتاریسم در خاورمیانە) شاهو حسینی مارتین هایدگر معتقد است که: پرسش، فضیلت فلسفه است، زیرا پرسشگری ساحت اندی...
-
(بە پێداگری لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان) شاهۆ حوسێنی ڕەنگە هەڵەنەبێت ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوین وەک مێترۆپۆلی فۆندامێنتالیزمی ئایینی پیناسە ب...
-
شاهۆ حوسینی دێرینەناسی بەمانای وەسفی هەلوومەرجەکانی مەجالی بەدی هاتنی نیزامە فکرێکانە، کە بە شرۆڤەی ئێپیستمەی نیزامی فکری هاوچەرخ لە ...