۱۳۹۹ اردیبهشت ۱۶, سه‌شنبه

دەست بردنە گیرفان، داهات و بژیوی کۆمەڵگا وەک ڕێگاچارەی قەرەبووی کەمی داهاتی حکوومی لە ئێران

شاهۆ حوسێنی

شیعە وەک فۆرمێک لە خوێندنەوەی ئێرانیانە لە ئیسلام لەمێژووی خۆی دا دینێکی مەعزول بوە و لەترسی دەسەڵاتی سیاسی حاکم بەسەر کۆمەڵگادا کەمتر مەجالی خۆ نواندن و دەرکەوتنی هەبوە، بەڵام لەسەدەی بیستەم دا دەرکەوتنی دوو ئایدەی جیاواز کارتێکەریان لەسەر شیعەی ئەخباری لە ئێران هەبوە. واتە دەشێ بگوترێ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیکی لەسەر دوو کلتووری سیاسی بەرهەم هاتوە:

١- کلتووری ئایینی- سیاسی فۆندامێنتاڵ و تووندی بەرهەم هاتوو لەلایەن سەیید قوتب کە لە کتێبی "معالم فی الطریق" دا گەڵاڵەی کردوە.

٢- کلتووری لێنینستی کە لە باکووری ئێران و لە ئازەربایجان را دزەی کردە نێو ئێران و بەرهەم هێنی دوو ڕەوتی ناوداری مارکسیست-لێنینستی حیزبی تودە و چریکەکانی فیدائییانی خەڵق بوو. لەو ناوەدا بەتایبەتی ئەندێشەکانی بیژەنی جەزەنی و ئەمیرپەرویزی پوویان کە تێئۆریسیەنی شۆڕشی چەکدارانە بەدژ دەسەڵاتی حاکم بوون بەباوەڕی من زیاتر کارتێکەری لەسەر ڕادیکاڵیزە کردن و شۆڕشگێرکردنی شیعە وەک ئایدۆلۆژێکی سیاسی هەبوو.

لەلایەک ئەو دوو کلتوور و دیاردە سیاسیە بە تووندی دژە ئەمریکا و ڕۆژئاواستیز بوون، بەجۆرێ کە سەییدقوتب کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی و ئەمریکای وهک کۆمەڵگای جاهلی و لێنینیستەکان ئەویان وەک ناوەندی کاپیتالیسم، ئیستعمارگەر و بوڕژوازی پێناسە دەکرد و لەلایەکی تریش بەهۆی نزیکی دەسەڵاتی پالەوی لە ڕۆژئاوا و ئەمریکا تۆوی ئەمریکا ستیزیان لەناو هەناوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کردەوە. بەواتایەکی ڕوون تر ئەمریکاستیزی بوو بەبەشتێک لەجەوهەری مەعریفی و کردەیی کۆماری ئیسلامی. هەر ئەو ڕەوتەش بوو بەهۆکار کە کۆماری ئیسلامی لەپاش بەدەسڵات گەیشتن لەهیچ دوژمنایەتێک بەدژ ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا خۆی نەپاراست و هەر ئەوەش کەلێنی کیشەیەکی قوڵی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بەرهەم هێنا کە بەرهەمەکەی سەپاندنی سزاگەلێکی سیاسی و ئابووری بەسەر ئێران دا بوو، سزاگەلێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئابووری ئێرانی لاوازتر و لاوازتر کرد، دۆخێک کە لەپاش هاتنە سەرکاری مەحموود ئەحمەدی نژاد کەوتە ئاستێک کە ئیتر گەڕانەوەی بۆ نەبێت، ئەگەرچی هاتنە سەرکاری حەسەن ڕۆحانی و ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆباما لەسەر بەرنامەی ناوەکی دەیتوانی ئێران ببووژێنێتەوە، بەڵام لەلایەک پەرەی کردەوە تێرۆریستێکانی ئێران و حەول بۆ بڵاوکردنەوەی هێژمۆنی زیاتری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ولەلایەکی تر چوونەدەری دۆناڵد تڕامپ لە ڕێککەوتنی ناوەکی ئێرانی خستەدۆخێکی یەکجار دژوارەوە، بەجۆرێ کە لە دەورەی دووهەمی حەسەن ڕۆحانی دا بەکردەوە دەوڵەت دەستی بردە گیرفانی خەڵک، بۆ وێنە بێنزین بەیەک شەو سێ بەرابەر قیمەتی هەڵکشا و شتوومەکی تریش هەر بەو شێوەیە قیمتیان بەرزکرایەوە. لە تازەترین لێدوان دا وەزیری ئابووری ئێران ڕایگەیاندوە کە ئێران بۆ بووژاندنەوەی ئابووری خۆی(ئێوە بیخوێننەوە ڕاگرتنی دەسەڵات) لانیکەم پێویستی بەهەزار تڕلیون تمان هەیە کە پێویستە ئەو ڕێژەیەی لە کۆمەڵگا دابین بکات، واتە دەست بەرێتە بژیو، داهات و گیرفانی کۆمەڵانی خەڵک.

دوو دیاردەی ئەو لێدوانە دەتوانێ بە ڕوونی ئەمانە بێت:

١- ئاماژە بێت بە قوڵایی قەیرانی ئابووری حکوومەت.

٢- ڕەخساو بوونی بەستێن بۆ تێکهەلچوونی زیاتری کۆمەڵگا و دەسەڵات کە لە پاییزی ڕابڕدووڕا کەوتۆتە دۆخێکی قوڵ و ئیترگەڕانەوەی بۆ نیە.

ئاخۆ هاوینی پەسا کرۆنا بۆ دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێران دا دەبێتە بەستێنی دەرکەوتنی گەلاوێژی بەربەرەکانی قوڵتر و ڕادیکاڵتر؟ ئەگەرچی هێشتا گوتارێکی ئەڵترناتیو بۆ لێک گرێدانەوەی کۆمەڵان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا چرۆی نەکردوە وەک ئەڵتڕناتیوی گوتاری حاکمییەت، بەڵام بەستێنەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی ئەو ڕووبەڕوو بوونەوە ڕادیکاڵە لەبارە.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی