۱۳۹۷ شهریور ۶, سه‌شنبه

"کلتووری ئۆرتۆدۆکسی و خەسارەکانی"

شاهۆ حوسێنی
ئۆرتۆدۆکس وەک چەمک و ئایین سەرچاوەی یۆنانی هەیە بە مانای: "راست ئایین"، " ئایینی حەق" و " خاوەنی ئایینی درووست"، ئەو چەمکە بنیادنەری کلتوورێکی  سیاسی بناژۆخواز و ڕادیکاڵ بوە لە بەشیکی زۆری رۆژهەڵاتی ئوروپا، رووسیا و رۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت و لەناو کۆمەلگا و شەقامی سیاسی کوردیا بە تایبەتی. ئۆرتۆدۆکس نەتەنیا لەناو ئایین و کۆمەلگا مەسیحێکان‌دا کە لەناو ئایینی یەهودیشا بوونی هەیە و بە مانای کۆگشتیەکە کە هەڵگری نەریتە کۆن و قەدیمیکانن و بەتەواوی دژبەری یەهودێ مۆدێرن و رێفۆرمخوازەکانن. لە ئایینی ئیسلامیشا چەمکی ئۆرتۆدۆکسی بۆ سنووردانان لەنێوان باوەرمەندانی موعتەزلە وەک رەوتی باوەرمەندی بە عەقڵ و عەقڵ باوەران لەگەڵ دژبەرانیان کەڵکی لێ وەرگیراوە. لە دەلاقەی دەرەوەی ئایینیشا  چەمکی ئۆرتۆدۆکسی ئاماژە بە ڕەوت گەلێک دەکات کە مۆنۆلگن، خۆیان بە حەق دەزانن، خۆیان پێ پێوانە و مەحەکە.
دۆخی ژێئۆپۆلەتیکی کوردو جیرانەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردی تیا پارچە کراوە لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەت، نزیکایەتی حاکمانی خاوەن دەسەڵات لەگەڵ رۆژئاوا و سەرکووتی خوێنینی شۆرش و بزاڤە کوردێکان بەشێوەیەکی دڕندانە لەتەنیشت دیاردە نەریتێکانی کۆمەلگای کوردی، باشترین بەستێنی ڕەخساند بۆ پەرەی کلتووری ئۆرتۆدۆکسی کە لە ئایدۆلۆژیای لێنینیستی‌دا بە بەربڵاوی تێئۆریزە کرابوو، ئەوە هەڵبەت بەو مانایەی نیە کە شەقامی سیاسی کوردی بەعام هەڵگر و ڕێڕەوی ئایدۆلۆژی لێنینیستیە، بەڵکە بەو مانایەیە کە کلتووری مۆنۆلۆگ بوون، خۆ بە حەق و محەکی موتڵەق زانین و شەرعییەت قایل نەبوون بە بوون و شوناسی ئەوی تر، خزایە ناو شەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی، گەورەترین خەسار و دیاردەی دزێوی ئەو رەوتە سەرکوت کردن و حەول بۆ لەناو بردنی ڕەخنەگر، ئەوی تر و هەرجۆرە بوونێکی سەربەخۆ لەژێر ناو و ناتۆرەی جواروجۆر و بەشێوەیەکی پاوانخوازنە بوو. هێرش و بێ رێزی بێ بەزیانە و بێ سنوور بۆسەر ئەوی تر گەورەترین خەساری کلتووری ئۆرتۆدۆکسی بوو کە تەنیا مافی بوونی بۆ من وەک خودی حەق و مەحەک دەدا و هەموو غەیرتییەتێکی دەسڕێوە. ئاساییە لەوەها دۆخێک دا و لەدرێژەی ئەو کلتوورەدا و بەکەڵک وەرگرتن لەهەمان کلتوور دژکردەوەی رادیکاڵ سەرهەڵبدات و بتکاتە ئامانج، واتە خنکاندن و لەمەیدان بەدەر کردنی ڕەخنەگری سەربەخۆ و لۆژیکی لەئاکام‌دا دەبێتە هۆی رادیکاڵ بوونی فەزای رەخنە و رەخنەگر، واتە رەخنەگر دەبێتە هێرشکارێکی ناو و ناتۆرە فرۆشی وەک خۆتان و رەخنە دادەبەزێتە ئاستی شەرە قسە و قسەڵۆک، لەوەها دۆخێک دا ئەوەی سرنجی نەدرێتێ؛ پلۆرالیزم، ئەندێشە و گوتارە کە غیابی خەسارباری شەقامی سیاسی و کۆمەلایەتی کوردیە.
دەتوانین بڵیین کە ئەوجۆرە هێرشە تێکدەرانەیەی کە لەخۆگری جنێو و ناتۆرەی ناحەز و دوور لە پرەنسیپی گوتاری و هزریە، لەلایەک دەکرێت وەک دژکردوەی چاوەروان کراو بەدژ کردەوەی ئەو لایەن و حیزبانە چاوی لێ بکرێت کە بەهۆی جۆرێک لە جێگیر بوون لەناو ڕایەڵێکی گشتی لە پێوەندی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیدا، پێناسە بۆ بوونەکان دەکەن، بوونەکان وەک سوژە و ئۆبژە سنووربەندی دەکەن و شەرعییەت بەهیچ بوونێک و پیناسەیەکی خۆبنیادنەر و سەربەخۆ نادەن و حەولی تواندنەوە و سڕینەوەیان داوە و دەدەن، لەلایەکی تر دەشکرێ وەک بەرهەمی پەرە و هێژمۆنی کلتووری ئۆرتۆدۆکسی  لەناو لایەنی بەرامبەر واتە ڕەخنەگرانیشا چاوی لێ بکرێت.
بێ گومان ئەو رەوتە بەهەرمی هەرچیەک کەبێت، دەشێ بگوترێت کە پەرە و هێژمۆنی کلتووری ئۆرتۆدۆکسی لەناو شەقامی سیاسی کوردیدا لەلایەک بنیادنەر و پەرەپێ دەری پاوانخوازێتی، مۆنۆلۆگ بوون و خۆ بە حەق و مەحەک زانینە و ئەمەش لەکاتێکا کورد خەباتێکی میللی-دێموکراتیکی لەپێش‌دایە و کاکڵ و ناوەرۆکی سەرکی ئەو خەباتەش زەروورەتی بوونی ئایدە و باوەری راستەقینە بە پلۆرالیزم و شەرعییەت دان بە بوونەکانی تر و حەولی مودارایە، بەرهەم هێنی دابڕان و چەند بەرەکی و قوڵ بوونەوەی کەلینە ناوخۆییەکانە کە لەئەگەری هەرجۆرە ئالوگۆریەک لە ئێرانی داهاتوو نەتەنیا بەرهەم هێنی دێموکراسی و ئازادی نابێت کە رێک بنیادنەری دەسەڵاتێکی پاوانخواز و پەرەی دژایەتی ناوخۆیی و چەند پات بوونەوەی شەری براکووژی و خوێن ڕشتنە نەک لزوومەن لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی کە لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی و ریکخراوەیی‌دا کە وەک نموونە دەکرێ ئاماژە بە ئەزموونی باشور و رۆژئاوا بکرێت. لەلایەکی تریش ئەو رەوتە بەلارێ‌دابەری شێوازی ڕەخنەگرانەی سەربەخۆ و زانست تەورە دەبێت و بەرهەم هێنی بەرەیەک لە ڕەخنەگران دەبێت کە لەژێر کارتێکەری و هێژمۆنی کلتووری ئۆرتۆدۆکسی جگە لە بەگژ رواڵەت داچوون و رواڵەت رووخاندن هیچ گرینگیەک بەناوەرۆک و ئەندێشە نادەن و لەئاکامیشا خۆیان بنیادنەر و پەرەپێ دەری جۆرێک لە مۆنۆلگ بوون و پاونخوازێتی لەبەستێن و جوغرافیای ڕەخنەدا دەبن، واتە ئەگەر حیزب و ریکخراوە سیاسێکان لەژێر کارتێکەری ئەو کلتوورە حەولی سڕینەوەی هەرجۆرە غەیرییەتێک و ئەوی ترێک دەدات و بنیادنەری پاوانخوازێتی و دیکتاتۆرییەت دەبێت، ڕەخنەگرانیش لەژێر کارتێکەری ئەو کلتوور بەهەمان شێوە بنیادنەر و پەرە پێ‌دەری پاوانخوازێتی و دیکتاتۆرییەت لە ڕەخنەدا دەبن، ئەوە لەکاتێک دا کە جەوهەر و کاکڵی سەرەکی رەخنە شەرعییەت، باوەر و خەبات بۆ پلۆرالیزم و فەرەییە.

بە کورتی ئەوەی ئێستا چ لەفەزای سیاسی و چ لەفەزای رەخنەی کوردیدا دەگوزەرێت فۆرمێک لە دابەزاندن و تەقلیل‌گەراییە لەژێر کارتێکەری کلتووری ئۆرتۆدۆکسی، هەموو خواستەکانی وەک بەرژەوەندی نەتەوەیی، دێموکراسی، سەربەخۆیی، مافی گەلی، مافی مرۆڤ و .... لەوەها دۆخێکا بونەتە و دەبنە  هۆی کەلکی کەرەسەیی لەپێناو بەرژەوەندی لایەن و گرووپەکان.

"کورد؛ بوونێکی خێڵەکی"

شاهۆ حوسێنی
هەڵە نیە ئەگەر بگوترێت کە گرینگ ترین تایبەت مەندی سەردەم و ئەو چاخەی ئێمە تیا دەژین؛ سەیرەورەت و ئاڵوگۆری بەردەوام و خێرایە، بەجۆرێ کە دیاردەکان هەر بەو خێرایی کە سەرهەڵدەدەن و بەدی دێن، ئاڵوگۆریان بەسەردادێت و لەناو دەچن، ئەو دینامیسمە کۆمەڵایەتیە بێ گومان هەم زەین لەخۆدەگرێت و هەمیش رواڵەت، لەو دەلاقەیەرا دەشێ بگوترێت کە کۆمەڵگا پێش‌کەوتۆکان و سەرکەوتۆکان ئەو کۆمەڵگایانەن کە هەم ئاڵوگۆری زەینییان بەسەردا دێت و هەمیش ئاڵوگۆری رواڵەتی واتە هەم لەفۆرماسیونی هزری، مانایی و کردەوەیی واتە فۆرمی پێوەندی و پێناسەکردنی خۆد و ئەوی‌ترا ئاڵوگۆریان بەسەردا دێت و هەمیش ئەو ئاڵوگۆریە دەبێتە هۆی ئاڵوگۆری لە فۆرماسیونی رواڵەتی و پێکهاتەی رواڵەتی کۆمەڵگا.
دوو چەمک و دەستەواژەی کە لەو بوارەدا زۆر گرینگن و زۆریش بەکار دەبرێن بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگاکان، یەکیان نەریتیە و ئەوی تریان مۆدێرن. هەر کام لەو دوو چەمکە لەراستی‌دا لەخۆگری زۆردیاردەی جیاواز لەگەڵ یەکترن هەر لەدیاردەی مانایی، زەینی، کلتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی‌را بگرە هەتا دیاردەی سیاسی، لەراستی‌دا لەگەڵ ئاڵوگۆر بوونی پیکهاتە و فۆرماسیونی زەینی و مانایی مرۆڤ و کۆمەڵگا، بێ گومان فۆرمی پێوەندی و پێناسەکردنی خود و ئەوی تریش ئاڵوگۆری بەسەردادێت و ئەمانەش دەبنە هۆی ئاڵوگۆری لە سیستمی کۆمەڵایەتی- سیاسی، روانگەی مرۆڤ و کۆمەلگا بۆ مرۆڤ، کۆمەڵگا و سیاسەت و بەعام شیوازێکی تەواو جیاواز لەپێشووتر لە هەموو رەهەندەکانی پیوەندی دار بە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا. یەکێک لەتایبەت مەندێکانی کۆمەڵگای نەریتی خێڵەکی بوونە، مەبەست لە خێڵەکی بێ گومان جۆری پێوەندی، مێنتالیتە و شێوەی پێناسەکردنە نەک لزوومەن فۆرماسیونی ڕۆاڵەتی، لێرە زۆرتر مەبەست ڕەچەڵەکناسی خێڵەکی بوونە، واتە دەرخستنی ئەوەیکە چلۆن مرۆڤەکان بەهۆی جێگیر بوون لەناو ڕایەڵێکی گشتی لە پێوەندی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیدا، پێناسە بۆ بوونەکان دەکەن و بوونەکان وەک سوژە و ئۆبژە سنووربەندی دەکەن.

جاری وایە بیردەکەمەوە لە چارەنووسی خۆمان وەک کورد، خۆمان لەگەڵ ئەو نەتەوانەی بەسەربەستی گەیشتوون هەڵدەسەنگێنم، بەو ئاکامە دەگەم سەبەرستی بەمانای سەربەخۆیی و سەربەخۆیی بەمانای ئازادی لە و ئازادی بۆ، ڕێژەیەکی گونجاوی پێگەیشتوویی مەعریفی و شعووری، حەول و تێکۆشانی گونجاو و ئیرادەیەکی مەعتووف بە تێگەیشتوویی و پێ گەیشتوویی دەوێت کە لەناو ئیمەی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردی بەداخەوە غایبە، ئەمە هێشتاش خەێڵەکین، خێڵەکی نە لەمانای فۆرمی نەریتێکەی دا  وەک رواڵەت و فۆرمێک کە سەرۆک عەشیرەیەک و خێڵێکی موتیع و فەرمانبەر لەخۆدەگرێت، کە لەجۆری پێوەندی لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ کۆمەلگا و شێوازی روانین لەخود و ئەوی‌تر و کۆمەڵگا کە خۆی لە فۆرمی پێوەندێک و هارمۆنیکی سەرو و خوار، حاکم و مەحکوم و ئەرباب رەعیەتی‌دا دەبینێتەوە،  حەتتا پێکهاتە بەڕواڵەت مۆدێڕنەکانیشمان خێڵەکین، ڕەخنەگرەکانیشمان خێڵەکین، دیارە خێڵەکی نەبەمانەی فۆرمێکەی و پێکهاتەیەکی وەک جۆری پێناسەکردنی ڕۆاڵەتی مرۆڤەکان، کە بەمانای جۆری ڕوانینی زەینی بەنیسبەت ئەوی تر و داڕشتی جۆری پێوەندی لەدەلاقەی مێنتالیتە وجیهان بینیمانا، بەمانای ئەو هارمۆنیە و سنوورەی کە جیهانی زەینی مە لەدەلاقەی ڕوانینی مەعریفیانە بۆ خۆمان و ئەوی تری دادەڕێژێت. بۆ وینە هێشتا لەمنی تاک را بگرە هەتا بەشێکی زۆر لە پیکهاتە بەرواڵەت مۆدێرنەکان، بەشیکی زۆر لە رەخنەگران، لەدەلاقەی عەقڵییەتی هێرارشیکەوە وەک خود دەڕواننە ئەوی تر و لەدەلاقەی پێوەندی و کۆنتاکتێکی توولی دا حەولی داڕشتنی پیوەندێکان دەدەن. واتە لەناو رایەڵێکی بەرتەسکی ئایدۆلۆژیک‌را پێناسەیەک بۆخۆمان و ئەوی تر دەکەین و حەول دەدەین لەچوارچێوەی دەسەڵات و هێژمۆنی خۆمان را ئەو فۆرمە لە پیناسە و پێوەندیە لەخۆمان و لەوی تر، بەسەر ئەوی تردا بسەپێنن و ئەوی تر وادار بکەین لەناو ئەو جەغز و پێناسەیە کە ئیمە بۆی دیاری دەکەین کایە بکات و ئەو شێوازە و مێتۆدە پێوەندیەی کە ئێمە دیاریمان کردوە و بێ گومان پێوەندێکی تولی و هێرارشیکە قەبوڵ بکات. 

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی