۱۴۰۱ اردیبهشت ۳, شنبه

فێنۆمێنۆلۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی

 

شاهۆ حوسێنی 

چەخماخەی ئاڵوگۆڕی و تێپەڕین لە جیهانی کۆن و کلاسیک بەرەو جیهانی مۆدێڕن و نوێ بەرهەمی گەڕانەوەی مرۆڤ بوو وەک تەوەرە بۆ ناو جیهان واتە دەرکەوتنی سۆبژکتیڤیسم بوو، مرۆڤێکی خۆبنیادنەری، جیهان پێناسەکەر و مانا بەخش بە ژیان کە لە جەغزی ملکەچی و کۆیلە بوونی ئایین ڕەخسی بوو. سۆبژێکتیڤیسم لەڕێی دەرکەوتنی تاکی سەربەخۆ دەگاتە کۆمەڵگای مەدەنی، چین و سینفی سەربەخۆ ولە درێژەدا نەتەوە وەک کۆگشتی تاک و چینی سەربەخۆ و دەسەڵاتی مۆدێڕنی دێمۆکراتیک. بۆ کورد بەڵام لە غیابی دەسەڵاتێکی پاڵنەر و پشتیوانی کەری ئاڵوگۆڕی و ڕەخسێنەری بەستێن بۆ دەرکەوتنی تاکی سەربەخۆ، "ڕۆژنامە" ڕەخسێنەری بەستێنی نەزەری  سۆبژێکتیڤیسم بوو لە کوردستان. لە ڕاستی دا ڕۆژنامە تاکە کەرەسە و بەستێنی دەرکەوتنی کورد وەک سوبژەیەکی سەربەخۆ بوو، ڕۆژنامە پەرەپێدەری جیهانی زەینی کوردی و بەستێنی ئەکتی نەتەوەخوازی کوردی بوو لە غیابی دەسەڵاتێکی حکوومی و سیاسی. لە ڕاستی دا بە ڕۆژنامەگەری سۆبژێکتیڤیسم، ئەزموون و ئاگایی سەربەخۆیانە، واتە حەول بۆ دەرخستنی پێناسەیەکی کوردانە لە کورد دەستی پێ کرد، رۆژنامەگەری کوردی سەرەتای دەرکەوتنی فام و ئاگاییەکی کوردانە و سەربەخۆیانە لە خودی کوردی بوو بە دژ ئەو شووناس، ئاگایی و فامەی کە ئەوی تری داگیرکەری لە کورد و بۆ کوردی بەرهەم هێنابوو، بۆیەش دەشێ بگوترێ کە نەتەوەخوازی نەزەری بە مانای فام و ئاگاییەکی کوردانە و حەول بۆ دەرخستنی زەین و جیهانێکی زەینی کوردانە لە کورد لەڕێی ڕۆژنامەگەری کوردی لە تەنیشت نەتەوەخوازیی عەمەلی لەچوارچێوەی کۆڕ و کۆمەڵە کوردێکاندا، سنووربەندێکی شووناس خوازانە و بوون خوازانەی سازکرد. واتە ڕۆژنامەگەڕی کوردی دەست پێکی نەتەوەخوازی نەزەری و چەخماخەی تێپەڕین لە کوردێکی ئۆبژە بوو.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی