۱۳۹۵ فروردین ۲۸, شنبه

" دوانەی خەبات لەگەڵ رێژیم و خەبات لەناو رێژیمدا"

شاهۆ حوسێنی
بەربەرەكانی و شێوازەكانی بەرهەڵستی لەگەڵ رێژیمە دیكتاتۆر و پاوانخوازەكان لە دنیادا، بەپێی هەلومەرجی كۆمەڵگەكان و دەسەڵاتەكان جیاوازییان هەیە و بەگشتی دابەش دەبن بەسەر سێ شێواز و مێتۆددا.
یەكەم: خەبات و بەربەرەكانی لەگەڵ رێژیم بەشێوەی كەڵكوەرگرتن لە توندوتیژی و چەك بۆ رووخاندن و لەناوبردنی حكوومەتی دیكتاتۆری. ئەم شێوازە بەتایبەتی لە پاش پێكهاتنی یەكەم حزبی كۆمۆنیستی لە رووسیا و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن كۆمۆنیستەكانی رووسی پەرەی سەند، لە ئاستی نێودەوڵەتیش لەگەڵ بەكۆتاهاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و هاتنە ‌ئارای سیستمی هاوسەنگی هێز و دەسەڵاتی دوو‌جەمسەری، جیهانی بوو.
دووەم: خەبات و بەرهەڵستی لەناو رێژیمدا. ئەم شێوازە كەڵك لە دۆخەكانی لایەنی‌ كەمی ناو رێژیمەكان وەردەگرێ و باوەڕی بە دوورگرتن لە توندوتیژی هەیە، بەشی زۆری وڵاتانی رەوتی سێیەمی بە دیموكراتبوونی كۆمەڵگەكان، رەوتی دیموكراتیزاسیونیان تێپەڕ‌اند لە ساڵەكانی حەفتا تا ئێستەیش سوودیان لەو مێتۆدە وەرگرتووە.
سێیەم: ئەم شێوازە تێكەڵاوێكە لە شێوازەی یەكەم و دووەم، لەم مێتۆدەدا چالاكان و خەباتكاران لەسەر ئەو باوەڕەن كە بۆ بەربەرەكانێ لەگەڵ دەسەڵاتی پاوانخواز، هەم دەبێ كەڵك لە دۆخی مەدەنی ناوخۆ وەربگیرێ و هەم دەبێ كەڵك لە خەباتی چەكداری، ئەم شێوازە دەكرێ سێ ئاراستە بەخۆیەوە ببینێ، یەكەم هەژموونی لایەنی چەكداری بەسەر لایەنی مەدەنیدا كە وەك نموونەی بەرچاو دەتوانین ئاماژه بە خەباتی باكور بكرێ، ئاراستەی دووەم هەژموونی لایەنی مەدەنی و ئاراستەی سێیەم بوونی هاوسەنگی لە نێوان لایەنی چالاك لە ناوخۆی رێژیم و لایەنی چالاك دژی رێژیم (ئاراستەی دووەم و سێیەم تەنیا بەراوردێكی تیۆرییە و رەنگە نموونەی بەرچاو نەبێ)

دوانەی خەبات:
دوانەی خەبات لەسەر بنەمای جیاوازی و تاكبوونی میتۆد و شێوازەكانی خەبات بۆ سازكردنی ئاڵوگۆڕی بەسەر دوو مانای خەبات لەناو رێژیمدا بەشێوەی پێڕەوكردنی چالاكی مەدەنی، پارادایمەكانی رێفۆرمخوازانە و بەهێزكردن و پەرەپێدانی ناوەند و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی وەك تاكە رێگەی گونجاو بۆ سازكردنی ئاڵوگۆڕی و سەرخستنی رەوتی دیموكراتی بەبێ بەهرە وەرگرتن لە پاڵەپەستۆی هێزی چەكدار و ئەویتریان بە مانای خەبات لەگەڵ رێژیمی سیاسی حاكم بەسەر كۆمەڵگەدا بە شێوەی پێڕەوكردنی بە تەنیای خەباتی چەكداری بۆ رووخاندنی راستەوخۆی رێژیم، بەبێ بەهرە وەرگرتن لە دەرفەتەكانی خەباتی مەدەنی هەڵەیە. ئەم دوانەیە لە ‌كۆمەڵگەی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان پێنج خەساری گرینگی لێ كەوتووەتەوە.
 یەكەم: بێبەریكردنی بەشێكی زۆر لە چالاكان، چ ئەوانەی باوەڕیان بە خەباتی مەدەنی هەیە و چ ئەوانەی باوەڕیان بە خەباتی چەكداری هەیە.
دووەم: درزخستنە نێو چالاكانی كۆمەڵگە و دابڕانی كۆمەڵگە.
 سێەم: لاوازبوونی بەرەی دژ بە دەسەڵاتی پاوانخواز بەهۆی دابڕانی چالاكان.
 چوارەم: پێشگرتن بە سەرهەڵدان و بەهێزكردنی گۆمەڵگەی مەدەنی كە پێشگیری دەكات لە سەرهەڵدانی دەسەڵاتێكی پاوانخوازی تر.
 پێنجەم: لاوازبوونی كورد وەك كەمینە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندی و پاوانخوازێتی دەسەڵاتی ناوەندی لە غیابی هێزێكی چەكدار و بەرگیركاری كوردی.

ئاكام:
هەڵسەنگاندنی دۆخی خەباتی كورد و داڕشتنی هەر جۆرە گەڵاڵەیەك بۆ بەربەرەكانێ لەگەڵ دەسەڵاتی دیكتاتۆرەی حاكم بەسەر ئێراندا بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەكانی ئەو رێژیمەی لە ئێستە و لە داهاتوویشدا هەڵەیە، ئەگەر مێتۆدی بەرهەڵستی لەناو رێژیمدا و بەربەرەكانی لەگەڵ رێژیمدا وەك دووانە و دژ بەیەك چاو لێ بكرێ، بەڵكو دروست وایە ئەمانە وەك مێتۆدی گشتی خەبات و تەواوكەری یەكتر بەپێی هەلومەرج چاویان لێ بكرێ و كەڵكیان لێ وەربگیرێ. لە هە‌مان كاتدا نابێ لەبیر بكرێ لەناوبردنی ئەم دوانەیە هەر تەنیا لە فۆرم و رواڵەتدا نەیە، بەڵكو هەر جۆرە هەوڵێك بۆ لەناوبردنی ئەو دوانەیە بەبێ پێشگرتن لە هەژموونی لایەنێك بەسەر لایەنێكی تردا، دەتوانێ خەساری لێ بكەوێتەوە.


دەرکەوتنی بناژوێخوازی ئایینی لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران

 وتوو وێژێک لەتەک کوردکاناڵ شۆڕشی گەلانی ئێرانی ئەگەرچی لەسەرتادا، شۆڕسێک بۆ ئازادی، دیمکراسی و مافی مرۆڤ بوو، بەڵام هەر زوو ئاخووندەکان و ب...