۱۳۹۷ آبان ۳۰, چهارشنبه

"غیابی مۆدێڕن وەک ئێپیستمە لە غیابی نەریت وە ک ئیپیستمە"


شاهۆ حوسینی

دێرینەناسی بەمانای وەسفی هەلوومەرجەکانی مەجالی بەدی هاتنی نیزامە فکرێکانە، کە بە شرۆڤەی ئێپیستمەی نیزامی فکری هاوچەرخ لە مەجالەکانی سەرهەڵدانی ئێپیستمە دەکۆڵیتەوە. ڕووبەڕوو بوونەوەی کورد لەگەڵ مۆدێرنیتە دوو ڕەهەندی جیاوای هەبوو، ڕەهەندێک لە بەستێنی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سوژەی داگیرکەری بەرهەم هاتوو لە سەر ئەساسی موێڕنیتەدا بوو کە حەولی دەدا لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا کوردی وەک ئۆبژەی دەس‌کردی ئەوی‌تر  بەرهەم بێنێت ، ڕەهەندیکی تر لەبەستێنی دژکردوە نیشان دان و گواستنەوەی فۆرم گەلی هزری و رواڵەتی مۆدێرن‌دا بوو  بۆ پاشەکشە کردن بە سووژەی هێژمۆن و داگیرکەر و پاراستنی خود. پرسیاری گرینگ لەو ناوەدا ئەوەیە کە ئاخۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کورد لەگەل مۆدێڕنیتە، کوردی مۆدێڕنی بەرهەم هێنا؟ مۆدێرن وەک بوونێکی سەربەخۆی خۆبنیادنەر؟ ئاخۆ نیزامێکی زانایی کوردانەی بەرهەم هێنا؟ 
بەداخەوە هەر بەو جۆرەی کە مۆدێرن بوونەوەی داگیرکەر و ئەوی تر لە رۆژهەڵاتی ناوین لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم  دابڕان و بەش بوونی کوردی پێوە بوو، ڕووبەڕوو بوونەوەی کوردیش بۆ بەرپەرچ دانەوەی داگیرکەر و ئەوی‌تر هەر بەو شێوەیە دابڕان و پارچە بوونی کوردی لێکەوتەوە. ئەگەر مۆدێرن وەک ئێپیستمە بەدژ نەرێت وەک ئیپیستمەیەکی کۆنی ماوە بەسەر چوو لە ڕۆژئاوا سەری هەڵدا، ئەوا لەغیابی نەریت وەک ئێپیستمە "نیزامێکی زانایی کۆن"، مۆدێڕن وەک ئیپیستمە "  نیزامی زانایی نوێ" نەتەنیا هۆی نوژەن بوونەوە و نوێ بوونەوەی کورد نەبوو کە جاریکی تر کوردی لەناو کوردستانە پارچەکراوەکانا دابەش کردەوە. لەڕاستی دا ئەگەر کێشەیەکی هاوچەرخی کورد غیابی مۆدێرن وەک ئێپیستمەیە، واتە دەرکەوتن و وەرگرتنی مۆدێڕن تەنیا وەک فۆرم و ڕواڵەتە، ئەوا کێشەی بنەڕەتی تری کورد غیابی نەریت وەک ئێپیستمەیە، واتە غیابی زەروورەتەکانی دابڕان لە ئێپیستمەی نەریتی هۆکاری ڕوبەڕوو بوونەوەی کورد لگەڵ مۆدێڕن نەبوو، چوون ئەساسەن کورد خاوەنی ئێپیستمەی نەریتی نەبوو، بۆیەش کورد بەهیچ شێوەیەک لە نەریتەکانی کە داسەپاوی داگیرکەران و هێژمۆنی ئەوی تر بوو دانەبڕا، چون هەر بەجۆرەی مۆدێڕن وەک ئیپیستمە لاسایی و دووپات کراوەی ڕواڵەتەکانی دەرکەیە، ئەوا نەریتیش وەک ئێپیستمە بەهەمان شیوە بەرهەمی هێژمۆنی داگیرکەر و ئەوی تری غەیرە کورد( ئیسلام، ئێرانی، تورکی، عەرەبی)بوو. دەشێ بگوترێت کە ئێمەی حاڵ دەقیقەن بەوێنەی ئێمەی ڕابردووین، وێک چووی ئێمەی حاڵ و ئیمەی ڕابردوو غیابی ئێپیستمەیە. بەداخەوە مێژوو نووسی پۆزەیتویستی کە مێژوو بەتەنیا لەگێڕانەوەی ڕووداوە سیاسیکانا دەبینێت، مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا و بوونەکانی خستۆتە پەراوێزەوە، گەورەترین خەساری ئەو رەهەندە فامی مۆدێڕن و ڕوانین بۆ مۆدێڕن لە دەلاقەی مەعریفی نەریت‌ڕایە، نەریتێکی کە ئەویش بەرهەمێکی لۆکاڵی و خۆماڵی نیە و بەرهەم هاتووی ئەوی ترێکی هێژمۆنی داگیرکەرە.




ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی