۱۳۹۸ خرداد ۱۴, سه‌شنبه

ڕەچەڵەکناسی ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی ئێران


ڕەچەڵەکناسی ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی ئێران
(شرۆڤەی تایبەتی قەیرانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
شەر، کێشەو قەیرانی نێوان دەسەڵاتەکانی سیاسی تەوەرەی ناوەندی و سەرەکی پێوەندیکانی نێونتەوەییە کە بۆ شرۆڤەی ئەوانە لە پێوەندیکانی نێونەتەوەیی‌دا  پارادایم گەلەکێک و ئەندێشەگەلێکی وەک ریئالیسم، ئیدەئالیسم، کۆنسترۆکتیویسم، قوتابخانەی ئینتگلیسی، پۆست مۆدێرنیزم، پارادایمی سیستمی و.... هتد سەریان هەڵداوە، لەڕاستی‌دا بناغەی سەرەکی و مەبەستی سەرەکی بەدی هاتنی پێوەندێکانی نیونەتەوەیی پێشگرتن بەشەر و دامرکاندنی قەیرانی نێوان دەسەڵاتە سیاسێکان و وڵاتانە.
گومان لەوەدا نیە کە پێوەندیکانی نێوان وڵاتان و دەسەڵاتە سیاسێکان لەبۆشایی گوتار و ئەندێشەدا بەدی نایەت، بەواتایەکی تر پێوەندی نێوان وڵاتان و دەسەڵاتە سیاسێکان لەناو بەستێنێک و جەغزێک‌دا بەناوی نیزامی نێوەنتەوەیی‌ بەرهەمی شوناس، فۆرمێکی مانایی، کەسایەتێکی هزری و مەعریفیە کە هەر دەسەڵاتێک لەمەر خۆی و ئەوی‌تر هەیەتی، واتە ئەو فۆرماسیونە مانایی و شوناسیەیی کە خۆی تیا پێناسە دەکات لەلایەک و لەلایەکی‌تریش ئەو شوناسەی بە لایەنی بەرامبەری دەبەخشێت و ئەو پێناسە و فۆرمە مانایەی کە لەدەلاقەی گوتار و ئەندێشەی خۆی‌را دەیبەخشێتە لایەنی بەرامبەر بەرهەم هێنی جۆری ماملە و پێوەندی نێوان دەسەڵاتەکانە. بۆ وینە لەسەردەمی جیهانی دوو جەمسەری یەکێتی سۆڤییەت وەک مێترۆپۆلی جیهانی سۆسیالیستی و لەچوارچیوەی ئایدۆلۆژی مارکسیسم-لێنینیسم‌دا کە خۆی وەک دژبەری کاپیتالیسم، بۆرژوازی و چەوساندنەوەی چینی پرۆڵتێر پێناسە دەکرد و ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواییشی وەک سەرچاوەی کاپیتالیسم، بۆرژوازی و چەوسێنەری پرڵتێر پێناسە دەکرد، پیوەندیکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی رٶژئاوایی و ئەمریکا لەژێر کارتێکەری ئەو فۆرم لە پێناسەیە لەخۆی و ئەوی‌تر دەبردە پێش. هەڵبەت فۆرمی ئەندێشە و  پارادایمی کە هەر دەسەڵاتێکی سیاسی لەو ڕا خۆی و لایەنی بەرامبەری پیناسە دەکات بێ‌گومان کارتیکەری تایبەت مەندێکانی ژێئۆپۆلەتیکی، ژیئۆئابوری و باقی دیاردە ڕواڵەتێکانی بەسەروە دیارە، بۆ وینە کاتێ لە سەردەمی پێتری کەبیر ڕوسیکان ستراتژی دەست ڕاگەیشتن بە ئاوەکانی گەرم و پەرەی هیژمۆنی خۆیان لە رۆژهەلاتی ناوین دەست پێ دەکرد بەو هۆکارە بوو کە روسیە وڵاتێکی سارد و سەرمایی بوو وە جگە لە باکوری رووسیا کە ئاوەکانی لە زۆربەی کاتەکانی ساڵ‌دا بەهۆی سەرما و سەهەۆڵبەندان هیچ سوودیکی نەبوو وە بەهیچ شێوەیەک بۆ کەڵ وەرگرتن نەدەبوون، (بەپێچەوانەی ژاپۆن و ئۆروپای ئەو سەردەم) هیج مەجالیکی  بۆ بازرگانی دەریایی نەبوو. واتە گوشار و زەختی ژێئۆپۆلەتیکی ڕوسیای هاندا پەرە بە هێژمۆنی خۆی بدات لە ڕۆژهەلاتی ناوین.

دۆخی ژیئۆپۆلەتیکی ئیران لە رۆژهەڵاتی ناوین:
کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی بوو بەهۆی لەدایک بوونی رۆژهەڵاتێکی ناوین کە لەودا شوناس و ئینتمای عەرەبی هیژمۆن بوو، بەجۆرێ کە ١٢ وڵات لە ١٧ ولاتی لەخۆگری رۆژهەلاتی ناوین عەرەبن یان هێژمۆنی شوناسی عەرەبیان بەسەردا زاڵە و دەسەڵات و سەروەری لەدەست عەرەبەکان‌دایە. لەو ناوەدا  تەنیا  ئێران و ئیسرائیل کە لەڕووی زمانی، ئایینی و ڕەچەڵەک تەواو لەگەل ئەوانی تر جیاوازن دیارە تورکیاش هەرچەند لەباری زمان و ڕەچەڵەک لەگەڵ عەرەبەکان جیاوازە بەڵام سوننی بوونی ئەو خاڵی هاوبەش و لێک گرێدەرەوەی تورکیایە لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی. ئێران لە رۆژهەلاتی ناوین ژیئۆپۆلەتیک و بوونیکی تەواو قەیراناویە بەجۆری کە لگەڵ ئەوەدا فرە ئایین، فرەزمان، فرە کلتوور و فرە ڕەچەڵەکە بەڵام دەسەڵاتیکی سانترالیستی دیکتاتۆری هەڵقوڵا لە ئیتنیکی فارس بەردەوام حەولی تواندنەوە و لەناو بردنی ئەوانی تری داوە و ئەوەش وەهای کردوە کە ئێران بەردەوام لە سازکردنی شوناسێکی نەتەوەیی یەک دەست و یەکگرتوویەکی بەهێزی ناوخۆیی‌دا شکەست خواردوو بێت. هەر ئەو تایبەت مەندیانەش فۆرمدەری جۆری پێوەندیکانی نێونەتەوەیی ئێران و ستراتژێکانی ئێران لەو بەستێنەدا بوون و هەن.
ستراتژی سیاستەی دەرەوەی ئێران لەسەردەمی پالەوەی دووهەم:
دەسەڵاتی پالەوەی و بەتایبەتی پالەوەی دووهەم لەسەر ئەساس و بنەمای پەرە وهێژمۆنی ئەندێشە و ئایدۆلۆژی پان ئێرانیستی بە مەبەستی بنیادنانی ئیمپراتووریەکی کلتووری، سیاسی و ئابووری ئیرانی لە ناوخۆ و رۆژهەلاتی ناوین، فۆرمێک لە شوناسی لەمەرخۆی و لەمەر وڵاتانی تر وەک ئەوی تر و غەیرییەتی ئێرانی هێنایە ئاوراوە و لەسەر ئەساسی ئەو ئەندێشە و ئایدۆلۆژیە پیوەندێکانی خۆی لە ناوچەکە بەریوە دەبرد. ستراتژی نێوەنەتەوەیی ئێران لە سەردەمی پالەوەی دووهەم بۆ کەم کردنەوەی کارتێکەری  خاڵە لاوازە ژێئۆپۆلەتیکەکانی و قورساییەکانی ئەو کەم و کوڕیانە، پەرەی هێژمۆنی خۆی لە رۆژهەلات ناوین بوو کە بە نزیک بوونەوەی بەربڵاو و پیوەندی نزیک و ستراتژیک لەگەل ئەمریکا و رۆژئاوا توانی مسۆگەری بکات، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە ئێران لەتەنیشت تورکیا و پاکستان زۆرترین دەوری هەبوو لە ستراتژی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی ناوین بۆ پێشگرتن لە پەرە و هێژمۆنی یەکێتی سۆڤییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەجۆری کە ئێران دەوری سەرەکی هەبوو لە بڕیارنامەکانی سیتۆ و سینتۆدا ، لەهەمان کاتا ئێران لە قەیرانی زۆفار و بۆ سەرکووت کردنی بزاڤی چریکی ئەو وڵاتە راستەوخۆ هیزی نیزامی نارد و بەشداری ڕاستەوخۆی شەڕ بوو. هەر ئەو نزیکایەتیە بەربڵاوەش بوو کە وەهای کرد لە دۆکتۆرینی نیکسۆن کە ساڵی ١٩٦٩ دەری‌کرد، ئێران دەوریکی گرینگی پێ‌دارا و وەک ڕیبەری ناوچەی کەنداو بەرزکرایەوە.
ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی:
کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتیکی حکوومی بەرهەمی ئایدۆلۆژی حکوومەتی ئیسلامیە کە لەکۆتاییەکانی دەیەی ٤٠ هەتاوی خومەینی لە کتێبی حکوومەتی ئیسلامی‌دا گەڵاڵەی کرد، لە دەلاقەی ئەو یادۆلۆژیەڕا جیهان و مرۆڤەکان بە دوو تاقم و دەستەی حەق و باتڵ دابەش دەبن، بەرەی حەق موسوڵمان و بەرەی باتڵ ناموسوڵمان، ئامانجی سەرەکی حکوومەت و دەسەڵات لەو ئایدۆلۆژیەدا ڕەخساندنی بەستێن و دۆخ بۆ سەرلەنوێ هاتنەوەی ئیمامی زەمان و ریبەری ڕوحی و ئیمانی هەموو موسوڵمانانە بۆ بەدی هێنانی جیهانێکی پڕ لە عەدڵ و  یەکسانی لەژێر تیشکی ڕینماییەکانی ئایینی ئیسلامە، ئەو ئایدۆلۆژیە لە پێوەندیکانی نیونەتەوەییش‌دا ڕەنگی داوە و لەڕاستی‌دا لەژێر تیشکی ئەو فۆرمە مانایی و مەعریفیە کە بنیادنەری فۆرمێک لە شوناس لە"خود" و "لەوەی"ترە و پیشان‌دەر و ڕێنوێنی‌کەری جۆری پێوەندی لەگەڵ ئەوانی‌ترە، کۆماری ئیسلامی ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی خۆی گەڵاڵە کرد، لەو سیاستە‌دا ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دوو دوژمنی سەرەکی و دژبەر لە بەرەی باتڵ دەوری سەرەکیان هەبوو لە کردوە و کردارەکانی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامی.
بێ‌گومان ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی زۆر لەژێر کارتێکەری ئەندێشە ڕادیکاڵەکانی سەیید قوتب‌دا بوون، بەجۆری کە بەشێکی زۆری بەرهەم و نووسراوەکانی لەلایەن کەسانی وەک ڕیبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی وەڕگێڕدرانەوە سەر فارسی و بەو شێوەیە بەشێک لە ئەندێشەکانی سەیید قوتب ڕەچاو کران بەتایبەت بۆچوونەکانی لە کتێبی"مەعالم فی الطریق"دا، هەر لەژێر ڕینماییەکانی ئەندێشەی قوتبیش‌دا بیرۆکەی "ام القری اسلامی" فەرز کردنی ئێران و دەست نیشان کردنی خومەینی وەک ڕیبەری جیهانی ئیسلام بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی و بەربەرەکانی لەگەڵ تاغوت کە لە ئەندێشەکانی خومەینی‌دا ئەمریکا وەک لوتکەی تاغوت دەبیندرا، هاتە ناو ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی و ئەو رەوتە مەعریفیە بۆ بەهۆی ئەوەکە کۆماری ئیسلامی خۆی بە بەرپرس لەمەر چارەنووسی موسوڵمانانی جیهان بزانێت، لەژێر تیشکی ئەو عەقڵییەتە، وڵاتانی جیهان و دەسەڵاتەکانی ناوچە پێناسە کرانەوە، بەعام بەشی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچەی کەنداو بە نۆکەری تاغوت و ئەمپریالیسم پێناسەکران و ئەمریکا وەک تاغوت و ئیسرائیل وەک مناڵی نامەشروعی ئەمریکا و ......هتد خرایە ناو ئەندێشە و ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و بوو بە ڕینونێ جۆری پێوەندی لە سیاسەتی دەرەوەدا، هەر لەیەکەم رۆژەکانی سەرکەوتنی شۆرش‌دا دەست‌کرا بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و ڕیکخستنی شیعەکان بەدژ دەسەڵاتی سەدام کە شەرێکی خوێناوی هەشت ساڵەی لێکەوتەوە، لە لوبنان حیزبوڵلا بەرهەم هێنرا و بەگژ ئیسرائیل‌دا ڕۆکرا، ئیران دەستی کرد بە ئاژاوە نانەوە لە کویت، بەحرەین و بەرەبەرە عەرەبستان و تا گەیشتە یەمەن و ڕێکخستنی گروپە شیعەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوین لەخزمەت بەرژەوەندێکانی خۆی‌دا، جەند هێرشی تێرۆریستی بەدژ ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێکخست کە تەقاندنەوەی ناوەندی چەکدارانی دەریای ئەمریکا لە بەیرووت یەکێک لەوانە بوو.
ئیتر لەژێر ڕینمایی ئەو ئایدۆلۆژیە، ئەمریکا دژومنی جەوهەری و سەرەکی ئیسلام و بەو پێیەش کۆماری ئیسلامی وەک ئاڵاهەڵگری ئیسلامی خالسی موحەممەدیە و هەرجۆرە هەڵسووکەوتێک لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دەس‌تێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەش هەر لەژێر ڕێنماییەکانی ئەو ئایدۆلۆژیە بەرهەم دێن. لەگەڵ ئەوەدا چەند جارێک حەولی لێک نزیک کردنەوەی ئێران و ئەمریکا درا بەڵام هەموو حەولەکان بەهۆی دژایەتی بناژوێخوازانی ناو هەر دوو دەسەڵات سەری نەگرت، ئەگەر ئێران ئەمریکای بە تاغوت و دژە ئیسلام و شەیتانی گەورە وەسف دەکرد ئەوا بەشێک لە بناژۆخوازانی ئەمریکاش ئێرانی بە تەوەرە و ناوەندی شەڕاڕەت و تێرۆریسم لە رۆژهەڵاتی ناوین پیناسە دەکرد و دەکات، ئەو رەوتەی کە ئەمرۆکە گەیشتۆتە دۆخیکی ئاستم کە هەر کات ئەگەری تیکهەڵچوونی ڕاستەوخۆی نیزامی لەگەڵ‌دایە.


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی