۱۳۹۸ تیر ۲۴, دوشنبه

دانووستان یا دانووشتان؟


شاهۆ حوسێنی
کۆماری ئیسلامی بە تەنیا فۆرمێکی حکوومی ڕووت و بێ ناوەرۆک نیەو لەغیاب و بۆشایی ئایدۆلۆژیەک یان ناوەرۆکێکی مەعریفی  سەری نەهەڵنەداوە. لەراستی‌دا ئەو دەسەڵاتە حکوومیە بەرهەمی جۆرێک خوێندنەوە، ڕوانگەیەکی ئایدۆلۆژیکی تایبەت لە ئیسلام و شیعە و کلتوورێکی ئۆرتۆدۆکسیە کە وەک نەقشە ڕیگا فۆرم دەر بە کردوەکانی ئەو حکوومەتەیە، بۆیەش ناکرێت لەبۆشایی ئایدۆلۆژی فۆرم دەر بەو حکوومەتە خوێندنەوە و شرۆڤەی بۆ بکرێت و هەر جۆرە شرۆڤە و خوێندنەوەیەک بۆ کردەوە و دژکردەوەکانی ئەو دەسەڵاتە ئایینیە بەشیوەیەکی ئینتزاعی و بە ئینزاع کردنەوەیان لە ئایدۆلۆژی، فۆرمی مانایی و ناوەرۆکی مەعریفی هەڵەیە.
ئۆرتۆدۆکس بەمانای "لەخۆگری حەقی راستەقینە"، "تاکە ئایینی ڕاست" و" خاوەنی تاکە ڕوانگەی درووست"ە، کە  لە جیهانی کۆن و کۆمەڵگای نەرەیتی و ئایینی‌ کۆن‌دا پیناسەکەر و دەرخەری کلتوور و عەقڵییەتێکی ئایینی فۆندامێنتاڵ، ویشک و کۆنسێروات بوو کە بە هەموو هێز و وزەوە لەبەرامبەر هەرجۆرە ئاڵوگۆڕیەک، خوێندنەوە و ڕوانگەیەکی جیاواز لەگەڵ "خۆی"‌دا وەک سەرچاوە، تاکە نوینەر و ڕێڕەوەی بەرهەق دەوەستێتەوە. لەجیهانی مۆدێرن و هاوچەرخیش‌دا بوو بەبنەمای دوو ئایدۆلۆژی تەواو جیاواز و دژ بەیەک نازیسم و فاشیسم وەک ئادیۆلۆژیکی فۆرم‌دەر و پێناسەکەری نەتەوە لە بەرەی ڕاست و لێنینیسم وەک ئایدۆلۆژیکی ئەنترناسیونال لەبەرەی چەپ، ئەزموونی ڕاست و چەپی ئەو کلتوور و عەقڵییەتە بەڵام لە هەر دوو بەرە ئاکامەکەی فاجعە و دارمان بوو.
کلتوور و عەقڵییەتی ئۆرتۆدۆکسی لەناو کۆمەڵگا ئیسلامێکانیش‌دا بەڵام ڕەنگی دایەوە و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم‌را بەرهەم هێنی ئیسلامی ئایدۆلۆژیک و سیاسی وەک ئایدە و ئەندیشەیەکی دۆگم بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی حکوومی بوو، کە لە نموونە حکوومێکەی وەک ئەزموون دەشی ئاماژە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئیران، تالیبان لە ئەفغانستان و داعش لە بەشیک لە سووریا و عێراق بکرێت.
تالیبان و داعش وەک دوو نموونەی حکوومی کلتوور و عەقلییەتی ئۆرتۆدۆکسی هەتا دواهەناسەو تێک‌ڕامانی دەسەڵاتی حکومیان بەردەوام بوون لەسەر پەیڕەو کردن و ڕەچاو کردنی ئەو کلتوور و عەقڵییەتە و کۆماری ئیسلامیش ئەوە بۆ چوار دەیە دەچێت کە لەدەلاقەی هەمان کلتوور و عەقڵییەت ‌ڕا خۆی وەک تاکە حەقی مەوجود و ئەوی‌تر وەک باتڵ پیناسە دەکات.
هەر لەگەڵ یەکەم هەنگاوەکانی دەست بەسەر شۆرشی کۆمەلان و گەلانی ئازادی خوازی ئێران‌دا گرتن لەلایەن ئەو رەوتەی کە بنیادنەری حکوومەتی ئیسلامی ئاخۆندی بوو، کورد وەک تەنیا نەتەوە و کەمینەی نەتەوەیی بەدژ ئەو ڕەوتە ڕاسایەوە و ڕووبەڕووی دیکتاتۆڕییەتی ئاخۆندیسم بۆوە، بۆیەش وەک لایەنی باتڵ کە بەدژ لایەنی حەق کە کۆماری ئیسلامی بێت(لەدەلاقەی کاربەدەستانی حکوومی‌ ئێران) ڕووبەڕووی دژکردەوی قورس و توڵەئەستێنانە بۆوە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی بەرهەمی دەست بەسەر دەسەڵات داگرتنی ڕەوتێکە کە موتڵەقی دەسەڵات و حکوومەت‌کردن بە مافی خۆی دەزانێت و هیج پێگە و جێگایەک بۆ "ئەوی‌تر" وەک غەییریەتی باتڵ بەڕەوا نازانێت، ئاساییە کە هەرجۆرە بەربەرەکانی و خەباتێک بەدژ ئەو دەسەڵاتە تەنیا و تەنیا یەک مەبەست دەبێت بپێکێت، ئەویش لەناو بردن و شکەست پێهێنان بە کۆماری ئیسلامی و خەبات بۆ بنیادنانی دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیکە چ لە ئاستی سەراسەری و چ لەئاستی لۆکاڵی و هەرێمی‌دا لە رۆژهەلات.
بەڵام ڕووخاندن و دێمۆکراتیزە کردنی کۆمەلگاش بەڕەچاو کردنی هەمان کلتووری ئۆرتۆدۆکسی و بە پەیرەو کردنی ئۆبژەی شۆرشگێر لەژێر کارتیکەری عەقڵییەت لیننینیستی دا بە هیچ شیوەیەک ناتوانێ ئەو ئامانجە مرۆییە بپیکێت، بەلکە ئەوەی شەقامی سیاسی کوردی پێویستە ڕەچاوی بکات بەرهەم هێنانی سوبژەی شۆرشگێرە، تاکێکی فەهیم، ئاگا و پێگەیشتووی خاوەن ئەندێشە کە لەهەناوی کۆمەڵگاڕا بەر لەوەکە فۆرمی ڕواڵەتی دەسەڵات، فۆرمی ئۆبژێکتیڤی حکوومەت بروخێنێت، پاشەکشە بە فۆرمی زەینی دیکتاتۆرییەت بکات و فۆرمی سوبژێکتیڤی دیمۆکرات بەرهەم بهێنێت. ئینجا ببنە سەرچاوەی شەرعییەت دەر بە دەسەڵاتی حیزبی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی داهاتوو.
بێ‌گومان و بەو لێکدانەوەیە ئۆپۆزیسیونی کوردی دانوستانەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەرهەمی دۆخی قەیراناوی، لاوازی و سەرلێ‌شیواویە، ئەو دانووستانە بە فەرمی ناسینی کۆماری ئیسلامیە وەک حکوومەتیکی دیکتاتۆر، ئادیۆلۆژیکی دژە مرۆڤ و پاوانخواز، لەڕاستی‌دا ئەو دانووستانە دانوشتاننەوەی ئامانجێکی ستراتژیکی هەموو تاکێکی دیمۆکرات و مافخوازە کە ئەویش شتێک نیە جگە لە لەناو بردنی کۆماری ئیسلامی.
سەرچاوە: https://t.me/KomarChannel


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی