۱۳۹۸ تیر ۱۳, پنجشنبه

ئانتۆلۆژی ئۆبژە وەک بوونێک لەغیابی مێنتالیتە و ئەندێشەیەک لەمەر خود


(خەسارناسی کۆنگرەی مەشاهیری کورد لە ڕۆژهەڵات)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
کورد وەک بەشێک لەبوونەکانی ناو ئێران و کوردستان وەک بەشێک لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێران بەدرێژایی مێژوو جگە لە سەردەمیکی کۆن لە مێژوودا لەژێر هێژمۆنی و دەسەڵاتی حکوومی فارسەکان، عەرەبەکان و تورکەکان‌دا بوە، ئەو ژێر دەستیە تەنیا ژێردەستێکی ڕواڵەتی و پۆزەیتوویستی نەبوە، بەڵکە ژێردەستێکی مەعریفی و زەینیش بوە، بەتایبەت لە پاش پەرەی ئیسلام وەک ئایینیکی عەرەبی و فۆرماسیونیکی مانایی عەرەبی، کورد زۆر زیاتر کەوتە ژێر کارتێکەری و هێژمۆنی مەعریفی "ئەوێکی تر" کە بێ گومان ئەوەش بەهۆی بۆشایی مەعریفی و غیابی مێنتالیتەیەکی لۆکاڵی و کوردانە واتە هەژاری یان فەقری نەزەری بوە.

بوونی ئۆبژە و بوونی سوژە:
ئۆبژە (Object) وەک چەمکێکی گرینگی فەلسفە بە مانای بوونێکە کە لەژێر کارتێکەری و ڕکێفی سوژه (subject) دایە، سوژە لەڕاستی‌دا بوونیکی ئاگا، سەربەخۆ و خاوەنی هزر و مەعریفەیەکی لۆکاڵیە کە "خۆی"، "ئەوی‌تر" و "جیهان" وەک بوونێکی زەینی و مەعریفی دادەڕێژت و جۆرێک پێوەندی لە نێوان ئەو سێ توخمەدا لەخزمەت پەرە و هێژمۆنی خۆی‌ بنیاد دەنێت. ئۆبژە لەڕاستیدا بوونێکی دەروەست، کۆیلە و بنیادنراوە کە لەغیابی ئاگایی، سەربەخۆیی و ئیرادە بۆ بوونێکی خۆبنیادنراوی سەربەخۆ لەلایەن سوژەوە داڕشت‌ڕاوە و دادەڕێژرێت، ئەگەر سێ تایبەت مەندی گرینگی سوژە: ئاگایی، سەربەخۆیی و هێژمۆنی بێت ئەوا سێ تایبەت مەندی گرینگی ئۆبژە: نائاگایی، دەڕوەست بوون و کۆیلە بوونە. بەجۆری کە وەک بوون لەلایەک بەردەوام لەلایەن سوژەوە بەڕۆژ دەکرێتەوە و لەلایەکی تریش لەخزمەت پەرە، بەرەدەوامی و هێژمۆن بوونی سوژەدایە.
ئۆبژە و سوژە وەک دوو توخمی سەرەکی و بنەڕەتی فەلسەفەی مۆدێڕن بەتایبەت لەپاش دەرکەوتنی دێکارت وەک گەورە فەیلەسوفی مۆدێڕن هێژمۆنێکی زۆریان لەناو فەلسەفەدا پەیدا کرد و بەجەسارەتەوە دەشێ بگوترێ کە ئانتۆلۆژی فەلسەفەی مۆدێڕن شتێک نیە جگە لە تێڕوانی ئۆبژێکتیو یان سوبژێکتیو بۆسەر بوون، واتە بەشیکی هەرە زۆری مێژووی فەلسەفەی مۆدێڕن باس لە ئۆبژ و سوژەیە، حەول بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەو پرسیارە بنەرەتێ گرینگەیە کە ئاخۆ بوونەکان لە دەرەوەی زەین و شعوری منی مرۆڤەوە بون و شوناسیان هەیە یان ئەوە منی مرۆڤم کە بوون و شوناسیان پێ دەبەخشم.

ئێرانی وەک مێتا سوژەیەک:
ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێران و بیرمەندانی ئێرانی لەگەل مۆدێڕنیته بەهۆی هێرشەکانی سوپای ڕووسیا و شکەستە یەک لەداوی یەکەکانی ئێران لەگەڵ ئەو زلهێزە و پەنا بردنی ناچاری بۆبەر وڵاتانی پەرە ئەستاندووی رۆژهەڵاتی بوو، بۆ پێش گرتن و قەرەبوو کردنەوەی ئەو شکەستانە.
 لەڕاستیدا ڕۆژئاوای سەدەی پازدەهەمی زایینی بە هۆی ئاڵوگۆری زەینی و مەعریفی کە سەرەتا لەلایەن بیرمەندانی ئایینی وەک لوتر، کالون و زوئینگلێوە بەرهەم هات و لەپاشان بەهۆی ئاڵوگۆری زەینی لە فەلسەفەدا، توانی بەرهەم هێنی پێشکەوت و گەشە بێت، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە لەئێران ئایین و ئەندێشە ئایینێکان هێژمۆن بوون و غیابی ئاڵوگۆڕی مەعریفی، ئێرانی کردبوە خەویکی قورس و خەست‌، لەوەها دۆخێک‌دا رۆئاوا پەرە دەستێنێت و بەرە بەرە وەک دەرکەوتەیەکی ئەمپریالیستی بە جیهان‌دا بڵاو دەبێتەوە، لەڕاستی‌دا کلۆنیالیزم وەک دەرکەوتەیەکی زەینی و ڕواڵەتی ڕوون ترین سیمای ڕۆژئاوا بوو کە لە سەدەی شازدە بەولاوە بەجیهان‌دا بڵاو دەبێتەوە و لەسەدەی هەژدەش‌ڕا ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە. لەڕاستی‌دا ئێران لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و دەست پێکی سەدەی نۆزدەهەم‌ڕا لەگەڵ سیمای ئەمپریالیستی و نیزامی مۆدێڕنیتە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو شکەستانەش لەگەڵ ڕواڵەت و رەهەندی نیزامی مۆدێڕنیتە نزیک دەبێتەوە. ئەو ڕەوتە لە ئاکامدا دەگاتە بەدی هاتن و سەرهەلدانی دەسەڵاتی ئەمپریالیستی و میلیتاریستی بنەماڵەی پالەوەی لە ئێران کە بەهۆی هێژمۆنی و هێزی نیزامی لەلایەک و لەلایەکی تر هێژمۆنی ئایدۆلۆژی پان ئیرانیستی  بنیادنەری وڵات، تاک و کۆمەلگایەک دەبێت لەسەر ئەساس و بنەمای دیاردە پۆزەیتویستیکانی وەک زمان، ئاینن، کلتووری زۆرینە و خاوەن دەسەڵاتی فارس.
بنەماکانی شوناسی نەتەوەیی ئێرانی:
شوناس بەمانای هەستی پێوەندی و نزیکایەتی  بەهۆی توخم‌گەلێکی هاوبەش لەنێوان من و ئەوێکی‌تر لەناو جەغزی کۆمەڵگایەک یان کۆگشتیەک لەبوونەکانە و شوناسی نەتەوەییش بەمانی لەخۆگرتن و خاوەن‌دارێتی لە هەستی پیوەندی بە خاک، زمان، ئایین، مێژوو و دەسەڵاتی سیاسیە، هەڵبەت جۆری بەرهەم هاتنی شووناس و شوناسی نەتەوەیی دیارە جیاوازە، لە وڵاتانی پەرە ئەستاندووی دێمۆکراتیک ئەو ڕەوتە ئازادانە و ئیرادی بوە و لە وڵاتانی پەرە نەستاندوو وە دیکتاتۆری وەک ئێران بەهۆی هێزی نیزامی، خۆ و خدەی ئەمپریالیستی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوت بوە.
سێ توخمی سەرەکی شوناسی نەتەوەیی ئێران بریتین لە جوگرافیا، زمانی فارسی و ئایینی ئیسلام، دیارە بە حوکمی وەیکە ئێران ژێئۆپۆلەتیکێکی فرە نەتەوە، زمان، ئایین و کلتورە ئەو دیاردانە یەکەم بە هۆی هێژمۆنی زۆرینەی فارس و دووهەم بە زۆری هێزی نیزامی و تایبەت مەندی ئەمپریالیستی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر تاک و کۆمەلگای ئێرانی‌دا سەپاوە. دیارە لەپاش سەر هەڵدانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پالەوەی پان ئیرانیسم وەک توخمی مەعریفی و ئایدۆلۆژی فەرمی دەسەڵاتی پالەوەی نەخشە ڕێگا و شەرعییەت دەری کلۆنیالیزە کردنی تاکە غەیرە فارسەکانی وەک کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و...هتد بوو لە ئێران، بەجۆری کە لەژێر درووشمی پاراستنی نەتەوەیی، سەروەری نەتەوەیی و حاکمییەتی نەتەوەیی، هەموو دیاردە ئۆبژێکتیو و سۆبژێکتیوە کلتوورێکان و کۆمەلایەتێکانی فارس وەک دیاردەی نەتەوەیی بەسەر کۆمەلگادا حاکم و زال کران و رەوتی ئێلینە کردن و سڕینەوە ڕواڵەتی و زەینی تاکە غەیرە فارسەکان پەرەی ئەستاند، لەوەها دۆخێک‌دا کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و ئەوانی تر وەک غەیرییەتی فارسەکان، وەک بوونیکی ئۆبژە لەژێر کارتێکەری و هێژمۆنی خودی هیژمۆنی فارس، لەخۆگری کۆگشتیەک تایبەت مەندی کلتووری و کۆمەلایەتی لە خزمەت خودی فارس‌دا بەرهەم هاتن و بە بەردەامیش پەرە بەو بوونە ئۆبژەیە دەدرا و بۆنە لۆکاڵی و ناوچەییەکان، لە خزمەت بەرژەوەندی مێتاخودی فارس و قوڵتر بوونەوەی ئۆبژەی کوردی، تورکی، عەرەبی و بەلوچی لە ئێران بەڕێوە دەچوون.
سەرکەوتنی سۆرشی گەلانی ئێران و سەقام‌گیر بوونی دەسەڵاتی ئایینی کۆماری ئیسلامی هیچ‌شتێکی لە واقعی دەسەڵاتی پاوانخواز، سەرە ڕوو و چەوسێنەر لە ئێران نەگۆڕی، لەو سەردەمەش‌دا سێ کووچکەی ئایینی شیعە، زمانی فارسی و جوغرافیای ئێران پێک‌هێنەری توخمی بنەڕەتی شووناسی نەتەوەیی ئێرانی بوون و دەسەڵاتی ئایینی بەرپرسی کۆمەڵگر کردنی زۆرە ملی تاک و کۆمەلگای لەناو ئەو سێ کوچکەیەدا لە ئەستۆ بوو.
کورد وەک بوونیکی ئۆبژە و زەروورەتی خەبات بۆ بوونێکی سوبژە:
مێژوی کورد مێژووی غیابی ئەندێشە و مێنتالیتەیەکی لۆکاڵی و کوردانەیە، بەهۆی ئەوەکە کورد بەردەوام لەناو جەغزی زەینی و مەعریفی ئەوی‌تر دا خولاوەتەوە.کورد بە بەردەوامی لەغیابی بوونیکی زەینی و مەعریفی، یان بوونێکی بەرهەم هاتوو و ئوبژەی ئایینی ئیسلام بوە، یان بوونێکی بەرهەم هاتوو و ئۆبژەی ئەوێکی تری فارس کە وەک قەوم، مەرزداری بەغیرەت و موسوڵمانی ئێرانی لەخزمەت پەرە و مسۆگەر بوونی هێژمۆنی ئەوی‌تری فارس‌دا بوە، لەڕاستی‌دا فارس وەک توخمی سەرەکی و نوێنەری ئێرانی بوون چ لە سەردەمی پالەوەی و چ لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی‌دا هەموو کات لە دەلاقە و گۆشە نیگای ئایدۆلۆژی، گوتار و مێنتالیتەی خۆی‌ڕا خوێندنەوەی بۆ کورد کردوە، پێناسەی کردوە و هەڵسووکەوتی لەگەل کردوە، بە حوکمی ئەوەیکە دەسەڵاتی ئێران دەسەڵاتێکی مۆنۆلۆگ، پاوانخواز و سانترالیستە و بەهیچ شیوەیەک باوەری بە شەرعییەتی پۆلرالیزمی بوونەکان هاوتەریب لەگەڵ بوونی هێژمۆنی فارس نیە و بەردەوام وەک بوونێکی ژێر و دەرەجە دوو چاویان لێ‌دەکات، هەرجۆرە حەول بۆ ڕیزگرتن، پیناسەکردن و مەجال بۆ دەرکەوتن تەنیا لەدەلاقەی بەرژەوەندی خۆی‌را دەخوێنێتەوە، غیابی هەرجۆرە پلانێکی زەینی و مەعریفی کوردانە، مێنتالیتەیەکی کوردانە، خودێکی بەرهەم هاتووی سەربەخۆ و خۆبنیادنراو و مەبەسەتێکی نەتەوەیی کوردانە، بێ گومان خەساری گەورەی لێ‌دەکەوێتەوە و براوەی سەرەکی ئەو ڕەوتە دەسەڵاتی حاکمە و کورد دەبێتە کەرەسەی سەرەکی و خوراکی پڕوپاگاندەیی ڕژێم.
بەڕیوە چوونی کۆنگرەی مەشاهیری کورد لە سنەش بێ‌گومان لەغیابی هەر جۆرە فۆرمیکی لۆکاڵی و کوردانەی بەشدار بوان کە بەداخەوە لەخۆگری کۆگشتیەکی زۆر دژبەیەکن هەر لە بیژەنی زەنگەنەی وەزیری نەوتی دەوڵتی ڕوحانی را بگرە هەتا دەگاتە، بەشدار بوانی کوردی پارچەکانی تر هەمووی لە دەلاقەی عەقڵییەت و مێنتالیتەی حاکمییەتەوە دەست نیشان کراون بۆ خزمەت بە بەرژەوەندی و مەبەستی تایبەتی حاکمییەت. ئەوە لەکاتێک‌دایە کە خەباتێکی ڕەوای نەتەوەیی، دیمۆکراتیک و مەدەنی بەدژ دەسەلاتی پاوانخواز و دیکتاتۆری حاکم بەسەر ئێران دا چ لەناو خۆ و چ لەدەرەوە لەئارادایە، بۆیەش دەبێ کورد وشیارانەتر لەگەڵ وەها دۆخێک ڕووبەڕوو بێتەوە.




ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی