۱۳۹۸ تیر ۲۹, شنبه

ڕیگا چارەی ئاشتیانە وەک پرەنسیپ لەخزمەت کێ و چیدا؟


شاهۆ حوسێنی
خوێندنەوە و ڕوانینی ئۆپۆزیسیونی کوردی رۆژهەڵات بۆ مۆدێڕنیتە بەگشتی و بۆ مۆدێڕنیتەی سیاسی بەتایبەتی، خوێندنەوەیەکی فۆرمالیتە و ڕواڵەتیە، خوێندنەوەیەک لەژێر کارتێکەریی کلتوور و هزری لێنینیستی کە بەداخەوە لەناو کوردا هێژمۆنیی پەیدا کردوە. ئەگەر ئاڵوگۆڕی لە  دیاردەی سۆبژیکتیڤی (عەقڵانییەت، شعور و هزری) مرۆڤی ڕۆژئاوایی بەرهەم هێنیی پرۆتێستانیزم، ئۆمانیسم، ڕەوشەنگەری و بەگشتی سوبژە تەوەرەیی و سەروەری تاک وەک سوبژەی سەربەخۆ و خۆبنیادنەر بوو کە لەدرێژەدا و لە ئاستی سیاسی‌دا بەرهەم هێنیی دیاردە ئۆبژیکتیڤەکانی وەک حکومەتی مۆدێڕنی دیمۆکراتیک، حیزبی سیاسی، پاڕڵمان، سیستمی هەڵبژاردن و...هتد بوو بۆ چارەسەری ئاشتیانە و بەدوور لە تێکهەڵچوونی نێوان ڕوانگە و ئایدە جیاوازەکان و بەگشتی هاوژینیێکی ئاشتیانەی دیاردە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، ئەوا لە کلتووری لینینیستی‌دا ئاڵوگۆڕ لە فۆرمە ئۆبژێکتیوەکاندا بوو بە بنەما و ڕەوتێک کە وەک کلیل و نەقشەڕیگای گەیشتن بە ئاشتی، عەداڵەت و یەکسانی چاوی لێدەکرا، بەڵام کێشەی ئەو عەقڵییەتە لەوەدا بوو کە پاوانخوازێتی، نایەکسانی و بێ عەداڵەتی تەنیا لە فۆرم و ڕواڵەت‌دا دەدیت، واتە ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤانەی هەبوو، ئەو عەقلییەتە نەیتوانی بە ناخی هزری و ناوەرۆکی مەعریفی مۆدێڕنیتەدا کە پاساوکەر و شەرعییەت دەری فۆرمە ئۆبژێکتیڤەکان بوون ڕۆبچیت، هەر بۆیەش هیج کات نەیتوانی بنیادنەری ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە بێت.
دیتنەوەی ڕیگاچارەی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد لە رۆژهەلات بەر لەوە کە لە فۆرمی ڕوالەتی دا بەشێوەی دانیشتن و دانووستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێت، پێویستە بەشێوەی ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە فۆرمی هزری و گوتاری واتە دیاردەی سۆبژیکتیڤی ڕەوایی دەر بە کردوە ئۆبژێکتیڤەکانی کۆمەلگا و حکوومەتدا بێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی وەک فۆرمی ئۆبژێکتیڤ و رواڵەتی بەرهەمهاتووی ئیسلامی سیاسی و خوێندنەوەیەک لە شەرعی ئایینی بەهیچ شیوەیەک قائیل بە گۆڕینی فۆرمی زەینی و سۆبژێکتیڤی خۆی نیە و  لەبنەڕەتدا کە دانووستانیش دەکات (ئەگەر مەبەستی ڕێککەوتنیش بێت) ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ستراتژیکی بنەمایی نیە، بەڵکە مەبەستی لە کۆتایی‌دا ڕیککەوتنیکی ڕواڵەتیە کە لەژێر ڕەوایی "تەقیە" وەک ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون لەقەیران ڕویی تێ‌دەکات، ئەگینا مادام ئەو لە دەلاقەی ئایدیا و مێنتالیتەی خۆی‌ڕا ئەوەی‌تر و غەیرییەتەکان وەک هەڵەی ڕەها  سەیر دەکات کە یان دەبێ ملکەچی دەسەڵاتی ئیلاهی و شەرعییەتی خوودای ئەو بن و یان دەبێ لەناو بچن، بەهیچ شێوەیەک باوەری بە هیچ رێگەچارەیەکی ئاشتیانە بەرەو چارەسەری کێشە و قەیرانەکان و یەک لەوان پرسی نەتەوەیی کورد نیە.
دەشێ ئەوەی وەک زەروورەتی دیتنەوەی ڕێگاچارەی ئاشتیانە باسی لێوە دەکرێت، لەلایەک بەمانای دانووستان لەگەڵ وەها دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر نەبێ، بەڵکە دەکرێ بەمانی دەرچوون لە مێتۆد و شێوازی لێنینیستی و ڕەچاو کردنی شێوازی ئاڵوگۆڕی هەنگاو بەهەنگاو بێت و لەلایەکی تریش  ئەگەر درووشمێکی ڕوالەتی  نیە، پێویستە  بەر لەوەکە وەک پرەنسیپ و پاساو بۆ دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕەچاو بکرێت، بۆ ڕیکخستنەوەی ناو مالی کورد و بنیادنانی ئاشتیەکی نەتەوەیی لەگەڵ جیابیرانی کورد ڕەچاو بکرێت، کە ئەگەرچی ڕەنگە ڕەخنەشیان لەسەر بێت، لانی کەم هێندەی کۆماری ئیسلامی دژە مرۆڤ، دژە کورد و دژە ئازادی نەبوون و نین. با دیتنەوەی ڕیگاچارەی ئاشتیانە لەناو ماڵی خۆمانا دەست پێ بکەین کە دەبێتە سەرچاوەی هێزیکی بەربڵاوی نەتەوەیی.


سەرچاوە: https://t.me/KomarChannel/52

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی