۱۳۹۷ بهمن ۴, پنجشنبه

ئانتۆلۆژی شووناسی کوردی


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
پیكهاتنی ئەو دەڤەرە(موحیتە) جوغرافیانەی  کە توانای سەرهەڵدانی جڤاک گەلی(کۆمەڵە) مرۆییان هەبێت، بێ گومان لەژێر کارتێکەری پێگەی(موقعییەت) جوغرافیایی‌دان ، واتە فرەجۆری دەڤەرەکان کە بە هۆی جیاوازی پێگەیی بەدی دێن، هۆکاری پێکهاتن و سەرهەڵدانی کلتوورەکان و کۆمەڵگا جیاوازەکانی مرۆیین، بە هۆی ئەوەکە مرۆڤەکان تێکۆشاون و تێ‌دەکۆشن کە هاوئاهەنگ لەگەڵ تایبەتمەندێکانی دەڤەری ژیانیان جڤاکی گونجاو بخوڵقێنن. بۆیەش هەر کۆمەڵگایەکی مرۆیی کلتوورێکی تایبەتی هەیە کە لەژێر کارتێکەری ڕەهەندەکانی تایبەتی دەڤەری ژیانیان دایە. بۆیەش بۆ فام و شرۆڤەی شووناسی مرۆڤەکان پێویستە جواروجۆری و فرەییەکانی دەڤەرەکانی جوغرافیایی بناسرێت و شرۆڤە بکرێت.
پێگەی جوغرافیایی کوردستان:
جوغرافیای کوردستان دەشێ بگوترێت کە جوغرافیایەکی نا هاوخشتە(نامتقارن)، بەشێکی بەرچاو لە جوغرافیای کوردستان لە ڕۆژهەڵات، باکوور و بەشیکی باشوور شاخاوی و بەرزاییە و بەشیکی کەمی لە باشوور و لە ڕۆژئاوا دەشتاییە، بەڵام شاخاوی بوونی کوردستان تایبەت مەندی هێژمۆن و غاڵبی جوغرافیای کوردستانە، ئەو تایبەت مەندیەش کارتێکەرێکی قوڵی لەسەر سیمای سرووشتی دەڤەری کوردستان، جۆری ژیان و کاری کۆمەڵگای کوردی هەبوە، لەڕاستی‌دا شاخاوی بوونی کوردستان بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵگایی مرۆیی کۆچەر و دایم لەجوڵەدا کە بە هۆی ئاژەڵداری و بۆ دابین کردنی تفاق و گیای ئاژەڵەکان لە جموجۆڵ و کۆچەری دابوون، لەڕاستی‌دا کۆمەڵگای کوردی بەپێچەوانەی ئەو کۆمەڵگا مرۆییانە بوە کە لە پێ دەشتەکان پێک هاتوون و تایبەت مەندی گرینگیان نیشتەجێ بوون و کشت و کاڵ بوە، نیشتە جێ بوون و کشت و کاڵ چەند لێکەوتەی گرینگی لێکەوتۆتەوە، یەکەم پەرەی زانست بۆ موحاسبەی ئاو، کاتی ڕۆژانە بۆ ئیش و پشوودان، موعاملە و توجارەت، دووهەم پەرەی بوروکراسی بۆ مودیرییەت و وەک زەروورەتی کۆمەڵگای نیشتەجێ بۆ تەنزیمی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا، سێهەم هەستی  وابەستە بوون و دەروەست بوون بەو مەکۆ، دەڤەر و جێگایەی کە سابیت لێ دەژین، چوارەم پێکهاتنی کۆمەڵگای مرۆیی لە سەر ئەساسی چین و توێژ کە لەڕووی جۆری کار و ئیش سنوور بەندی دەکرا و پێنجەم پیکهاتنی ئەڕتەش و هێزی نیزامی دائیم بۆ بەرگری کردن لە شوێنی ژیان و ئەو نەزمە سابیتەی کە پێکیان هێنابوو. بەڵام کۆچەری بوون و ئاژەڵدار بوونی کۆمەڵگای کوردی هیچ کام لەو لێکەوتانەی لەگەڵدا نەبوو، کۆچەری بوونی کۆمەڵگای کورد هۆکارێکی سەرەکی بوو کە کورد هەستی وابەستە بوونی بە خاکی تیا بەدی نەیەت، ئاژەڵدار بوون و کۆچەر بوون گەورەترین ڕێگر بوو لە پەرەی زانست و خوێندن، هۆکارێکی گرینگ بوو بۆ مەفسەل بەندی مرۆڤەکان لەناو خێڵ و تایفەیەدا و گرینگی خوێن، بێ منەت بوونی کورد لە بوروکراسی و لە ئاکاما شاخاوی بوونی جوغرافیای کوردستان وەک هێزیکی بەرگرەوەی سرووشتی کە زۆر جار ئەوی لە هێرش و مەترسێکان دەپاراست، ئەوی بی منەت کردبوو لە بەدی هێنانی ئەڕتەشێکی مونەزەم و دائیمی و هەموو ئەوانەش کۆمەڵگای کوردی دوور خستبۆوە لە ڕکابەرێتی و کێشەی نیزامی، لە هاوکێشەکانی ئەو ناوچەیەیی کە کوردی تیا دەژیا، واتە کورد بوونێکی تەواو پەرواێزی بوو، هەر ئەوەش دیارە بەستێنی ڕەخساند کە بەرە بەرە جوغرافیای کورد بەرتەسک بێتەوە، کورد بکەوێتە ژێر رێکفی هێژمۆنی هێز و دەسەڵاتی زلهێزەکانی ناوچە و لە ئاکامیشا نە تەنیا هیچ گوتار و ئەندێشەیەکی کوردانە سەری هەڵنەدا کە کورد لە نێوان چوار کلتوور، هێز و ئایدەی جیاوازدا دابەش بوو.
بەڵام بەدەر لە هەموو ئەو مووسیبەتانەی کە بەسەر کوردا هاتوە، تاکی کورد بە هۆی ئەو شێوە لەژیانە و دەروەست نەبوون و وابەستە نەبوونی بە هێندێک دیاردە و دەرکەوتە کە تایبەتی ئەو کۆمەڵگا مرۆییانەیە کە نیشتەجێن، جۆرێک لە ئازادی و رەهایی سرووشتی لەناو تاک و کۆمەڵگای کوردی دا هەبوە، بۆیەش پێویستە کۆمەڵگای کوردی لە ئەگەری ڕچاو کردنی هەر ئایدە و دیسکۆرسێک ئەو تایبەت مەندیە لەبەر چاو بگرێت و حەول بدات تاک و کۆمەڵگای کوردی بەرەو ئازادی ڕێنوێن بێت، واتە ئەگەر بشێ دەست لەسەر تایبەت مەندێکی تاکی کوردی دابندرێت وەک تایبەت مەندێکی لۆکاڵی کە بەرهەمی پێگە و دەڤەر جوغرافیایی کوردستانە، ئەوا بێ گومان ئەو تایبەت مەندیە ئازادیە، بۆیەش پێوسیتە ئازادی تاک بپارێزرێت.


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی