۱۳۹۷ بهمن ۸, دوشنبه

فۆندامێنتالیسم وەک ژێرخانی کردەوە و دژکردەوەکان


 (خەسارناسی عەقڵیەتی فۆندامێنتالی کوردی)

شاهۆ حوسێنی

فۆندامێنتالیسم لەناو کۆمەڵگا نەریتێکان و یەک لەوان کورد، بە مانای بنەما سیر کردن و بە بنەما گرتنی چەمکە گشتێکانی نەتەنیا ئایینی، کە غەیری ئایینی و حەتتا ئایدۆلۆژیە دژە ئایینەکانی وەک کۆمۆنیسمیشە لە هەموو بوارەکانی ئەندێشە، ژیان، کۆمەڵگا و سیاسەت‌دا. واتە کردوە و دژکردەوە نیشان‌دا بە شێوەیەکی بنەڕەتی، حەول بۆ ڕووخاندنی لە بناغەڕا، تێکقرماندنی گشتی و بناغەیی بەبێ جیاوازی دانان لەنێوان لایەنە پۆزەتیڤ و نیگەتیڤەکان. دەشێ بگوترێ کە فۆندامێنتالیسم تەنیا فۆرم و دەرکەوتە کردەیەکی هاتۆتە ناو ئێمە کورد لە غیابی ناوەرۆکی هزری و مەعریفێکەی، بۆیەش فۆندامێنتالیسم ئەگەر لە ڕۆژئاوا کیشە و تێکهەڵچوونیکی هزری و ڕوانگەییە لە نێوان ئیماندارانی فۆندامێنتال و نوێ‌خوازی ئایینی ناو باڵی پرۆتێستان، ئەوا لەناو ئێمەی کوردا لە غیابی هەرجۆرە ناوەرۆک و موحتەوایەکی هزری، فۆندامێنتالیسم تەنیا دەرکەوتە و نموودیکی کردەیی و ڕواڵەتی هەیە، ئەویش تێکقرماندنی گشتی، ڕووخاندنی لە ڕیشە و ئەساس را و لەناو بردنی دەرکەوتەیەکی ڕواڵەتی لەبنەڕەت‌را بەبێ لەبەرچاو گرتن و جیاوازی دانان لەنێوان لایەنە پۆەزتیڤ و نێگەتیڤەکان، ڕەوتیکی کە هەمیشە ناچاری کردوین لە خاڵی سیفر را بەرەو سەد بڕوین و لەسەد ڕا بەرەو سیفر بگەڕێنەوە، چەرخەیەکی عەیب‌داری کلتووری کە لەناو کوردیشا سەری هەڵنداوە، بەڵکە بەرهەمی کلتوور و مێنتالیتەی ئۆرتۆدۆکسیە کە لەناو ئایدۆلۆژی لێنینیسم‌دا پەروەردە و بەهێز کراوە و وەک ڕەوتێکی شۆرشگێرانە دەرخواردی کۆمەڵگا و تاک دراوە. کۆمەڵگای کوردی بەشێوەیەکی فۆندامێنتال ڕووبەڕووی دەسەڵاتە حکوومێکان دەبێتەوە، بەشێوەیەکی فۆندامێنتاڵ لەگەڵ ڕەخنەگرانی ڕوبەڕوو دەبێتەوە و ڕەخنەگرانیشی بەشێوەیەکی فۆندامێنتاڵ ڕەخنە دەگرن، واتە هەم لەئاستی کردەوەدا و هەمیش لە ئاستی دژکردەوەدا فۆندامێنتالین.
ڕەخنەگران سێ ڕەخنە زۆر گەورە لە فۆندامێنتالیسم دەگرن، یەک لەوان: "دژەعەقڵانی" بوونە، بەجۆرێ کە لەسەر ئەو باوەرەن هیچ باوەڕ و ئیدعایەکی فۆندامێنتالەکان خاوەنی میسداق و نموونە نیە، دووهەمین ڕەخنەی گەورە کە لە فۆندامێنتالیسم دەگیرێت: " پلۆرالیزمی دوژمنایەتیە"، واتە فۆندامێنتالیسم ڕوانگەیەکی یەک دەست و گشتگیر نیە لەناو خۆشیان‌دا ڕوانگە و بۆچوونی جیاواز و دژ بەیەک هەیە و لەناو جەغزی فۆندامێنتالیسمیش‌دا دوژمنایەتێکان هێندی دوژمنایەتی لە دەرەوەی چەغزەکە بەهێزن. سێهەم ڕەخنەی گەورە کە لە فۆندامێنتالیسم دەگیرێت: "تەحەجور، دەمارگرژی و دژایەتی لەگەڵ عەقڵ خوازیە" واتە عەقڵییەت و ڕوانگەیەکی پۆزەتویستانەیان هەیە، بەجۆرێ کە فۆندامێنتالەکان پێ‌داگری لەسەر فۆرم و ڕواڵەتی کردەوەکان و دەرکەوتەکان دەکەن و ئەو ڕەوتەش وەک بەربەستێکی گەورە بەر بە فامی قوڵ، زانست و ناوەرۆک تەوەرەی دەرکەوتەکان دەگرێت و بەستێنێکی لەبار دەخوڵقێنێت بۆ هەڵە تێگەیشتن و لاڕێ بوون، بەجۆرێ کە ئەو ئاڵوگۆڕیانەی بەهۆی عەقڵییەتی فۆندامێنتال بەرهەم هاتون، هیچ کات ئاڵوگۆریکی لەخزمەت بەرژەونەدی تاک و کۆمەڵگا‌دا نەبوە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە فۆندامێنتالیسم بە عام دژایەتی لەگەڵ مرۆڤی ئازاد، عاقڵ و سەربەخۆی کردوە و دەکات.





مێژووی کورد

 جگە لە مێژووی کورد هیچ مێژوویەک لە ئێران بوونی نیە