۱۳۹۷ دی ۱۹, چهارشنبه

"لەهەناسە کەوتنی بەهاری عەرەبی لە سووریا و دەسکەوتی ئیران"


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
ڕۆژهەڵاتی ناوین وەک ناوەندیکی ژێئۆپۆلەتیکی، بەرهەمی کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی و تێکقرمانی ئیمپراتوری عوسمانی بوو بەپێی بڕیاری دوو زلهێزی جیهانی بریتانیا و فەرانسا کە دەسەڵاتی هیژمۆنیان هەبوو لە رۆژهەڵاتی ناوین و بەپێی بەرژەوەندیکانی خۆیان ئەو وڵاتانەیان سنووربەندی کرد، بەڵام دەرکەوتنی یەکێتی سۆڤییەت وەک جەمسەرێکی نەزمی دوو جەمسەری و لێ‌کەوتەی پاش شەری دووهەمی جەهانی، بوو بەهۆی بڵاو بوونەوەی کلتوور و ئایدۆلۆژی لێنینیستی و لەئاکامدا لە میسر، عێراق، سووریا و یەمەن بزاڤگەلێکی چەپ سەریان هەڵدا کە بەرهەمەکەی دەسەڵات گەلێکی نزیک لە یەکێتی سۆڤییەت و دژبەری جیهانی رۆژئاوایی بوو، بەڵام ئەوەی هیچ ئاڵوگۆرێکی بەسەردا نەهات، گەڕانی جۆری دەسەڵات بوو کە هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەشێوەی پاوانخوازنە و دیکتاتۆرانە لەلایەن دەسەڵاتە حاکمەکانەوە دەستی بەسەردا گیراو و مەجالەکانی ئازادی سیاسی زەوت کران، دیارە سەرتا و دەس پیکی خەباتی دژ بە دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازێتی لەلایەن نەتەوەی کوردەوە بوو کە لەنێوان چوار وڵاتا پارچە کرابوو، لەهەمان کاتیشا لەناو نەتەوە باڵادەستەکانیش بەدژ ڕەوتی دیکتاتۆرییەت بزاڤی کۆمەڵاتی- سیاسی بەشێوەگەلی جوراوجۆر سەری هەڵدا، یەکێک لەو دژکردەوە بەربڵاو و گرینگانەی کە پەرەی گرت بەهاری عەرەبی بوو.
بەهاری عەرەبی:
بەهاری عەرەبی لەراستی‌دا نارزایەتی و شۆرش گەلێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی بوو کە لەباکووری ئەفریقا و لەساڵی ٢٠١٠ سەری هەڵدا و بەشیکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی گرتەوە، ئەو نارزایەتی و شۆرشانە توانیان دەسەڵاتەکانی تۆنێس، میسر، لیبی و یەمەنی لەسەر کار لابەرن و بۆ ماوەی هەشت ساڵ شەرێکی خوێناویشی لە سووریا بەرهەم هێنا، ئەو نارزایەتیانە ئەگەرچی بەبیانووی ئازادی و دێموکراسی سەریان هەڵدا، بەڵام ئازادی و  دێموکراسی بەرهەم نەهینا، لەگرینگ ترین هۆکارەکانیشی لەتەنیشت هۆکار گەلی دەرەکی وەک بەشداری نیزامی و پشتیوانی سەربازی دەرەکی، ئەوە بوو کە هیچ هزر و ئەندێشەیەکی دێموکراتیک و بەستینێکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر ئەساسی ئەو دێموکراسی بەرهەم بێت بوونی نەبوو.
سوریا یەک لەو وڵاتە عەرەبیانە بوو کە کەوتە بەر شاڵاوی بەهاری عەرەبی، نارزایەتێکان ئەگەرچی بەبیانووی ئازادی و دێموکراسی دەستی پێ کرد، بەڵام لەغیابی هەرجۆرە ئەندێشەیەکی دیموکراتیک و بەستێنەکانی پێویست، بەهۆی دەست تێوەردانە دەرەکێکان بوو بەهۆی ئاڵوز بوون و چەند پارچە بوونی نارزایەتێکان لە سووریا، لەکاتێکا بەشێک لە نارزایەتێکان لەلایەن ناسیونالیستەکانەوە ڕیبەری دەکرا بەڵام ڕەنگ و بۆی ئایینی و هێژمۆنی هزری ئیخوانی زیاتر باڵی بەسەردا کێشاو و لەدرێژەشدا ڕێکخراوە جیهادیکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش توانیان ئەو نارزایەتیانە لە دوانەی دیکتاتۆرییەت و دێموکراسی خوازی بگوازنەوە بۆ دوانەی شەڕی جیهادێکان بە تایبەت داعش و دژە جیهادی، ئەوە بەستێنێکی لەباری ڕەخساند بۆ دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد کە بتوانێت لەدرێژەدا و بەرەبەرە ناوەرۆکی ئەسڵی نارزایەتێکان بەرێتە پەراوێزەوە، ئەوە لەکاتێکا بوو کە بەهاری عەرەبی لە میسر هەر زوو لە هەناسە کەوت، دەسەڵاتی ئیخوانێکان کە بەرەبەرە خەرێک بوو دیاردە ئایینێکانی زەقتر دەکردەوە و حەولی پاوان کردنی بەردەوامی دەسەڵاتی دەدا بەڵام بە کۆدەتای نیزامی لە دەسەڵات کەوت،  لە لیبی ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتی قەززافی و بۆشایی دەسەڵاتێکی حکوومی بەهێز، بەستێنی رەخساند بۆ پەرەی بناژوێخوازی ئایینی و دەسەڵات گرتنی داعش و ئەلقاعیدە و دەسکەوتەکەی شەری ناوخۆیی و دوو دەسەڵاتی بوو،  لەتونێسیش ڕووخاندنی دەسەڵاتی بێن عەلی نەیتوانی بەرهەم هێنی دێموکراسی و ژیانیکی ئاسوودە بێت.
ئاکامی بەهاری عەرەبی لە سووریا و دەسکەوتی ئێران:
لە سوریا لەپاش هەشت ساڵ شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی و ماڵوێرانکەر، لەکاتێکا لەسەرەتا ڕەوتەکان ئاماژەیان بە ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد و سەرکەوتنی بەهارەکەی عەرەبی دەکرد، بەڵام لەپشت دەرگاکانی دەسەڵاتی سووریا، بەهاری عەرەبی دەگەڵ زەربەی کاریگەری کە لەمیسر وێی کەوتبوو، لە هەناسە کەوت. لەپاش هەشت ساڵ شەڕ لە سووریا و تێچوویەکی مادی و مرۆییەکی زۆر، بۆ جارێکی تر دەسەڵاتەکەی ئەسەد خەریکە مسۆگەر دەکرێتەوە،  ئەمریکا ڕایگەیاندوە کە هێزەکانی لە سووریا دەباتە دەر، وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداو خەریکن باڵوێزخانەکانیان دەکەنەوە و بەگشتی هەر لەسەرتای سەر هەڵدانی نارزایەتێکان، ڕۆژئاواییەکان هیچ گەڵاڵەیەکی تۆکمە و کار بۆ کراویان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو دۆخە نەبوو، دۆخی ناوخۆیی سووریا وەک برینێکی ئاواڵا لەلایەن رۆژئاواییەکانەوە وێڵ کرا، ئەوان لەجیات ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی تۆکمە، دەرگاکانیان کردوە بۆ هاتنی سوورێکان وەک پەنابەر بۆ ڕۆژئاوا، بێ گومان دەوری دەسەڵاتە ناوچەییەکانی وەک ئێران، تورکیا و عەرەبستانیش لەئاکامدا لەخزمەت بەرژەوەندی دەسەڵاتی ئەسەد تەواو بوو، ئیران و رووسیا بەرەی لایەنگران و پارێزەرانی  دەسەڵاتی ئەسەد بوون، تورکیا بەرەی دژبەرانی کورد بوو، تورکیا هیچ گەڵاڵەیەکی بۆ ڕووخان یان مانەوە ئەسەد نەبوو، بەپێچەوانە دەسەڵاتی مسۆگەری بەبێ کورد، دۆخی دڵخوازی تورکیا بوو، عەرەبستان و وڵاتانی عەرەبی کەنداویش لە قەیران و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی قوڵدا لەگەڵ ئێران لە یەمەن بوون و مەجالی بوون لە سووریایان زۆر پێ نەدرا، بە واتایەکی تر سێ کووچکەی ڕووسیا، ئێران و سووریا، بەهاری عەرەبیان لەپشت سنوورەکانی دەسەڵاتی سووریا چاڵ کرد، ئەو سەرکەوتنەی ڕووسیا، ئێران و سووریا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هۆکاریکی گرینگ بوو کە پێشی بە هێژمۆنتر بوونەوەی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوین گرت، لە لایەکی تریش داڕمانی ئاواتەکانی کوردی لە ڕۆژئاوا و هێژمۆنتر  بوونەوەی تورکیایی لی کەوتەوە، ئەوە لەکاتێکا بوو کە پارتی کریکارانی حاکم لە ڕۆژئاوا جگە لە بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیکی و حاکم کردنی سیستمی سیاسی حاکم بەسەر جوغرافیای ئەندێشەی خۆی‌دا، مەجالی دەرکەوتنی هیچ بیرۆکەیەکی نەتەوەیی و تری نەدا، بێ گومان پڕ دەسکەوتترین دەسەڵات لەوناودا ئێران بوو، شکەستی پڕۆژەی ئاڵوگۆڕی لەوڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینی و جیرانی ئێران بەهۆی دەست تێوەردانی زلهێزەکانی جەهانی و ناوچەیی کە بە هێرشی ئەمریکا  لەپاش هێرشە تێرۆریستێکەی ١١ سیپتامبر بۆ سەر دەسەڵاتی تالیبان لە ئەفغانستان دەستی پێکرد و لەدرێژەش‌دا ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەددام حوسێنی لیکەوتەوە ، بەر لەهەموو حکوومەتێک، کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی لەرزۆکی ئەوی خۆشحاڵ کرد، چوون بێ گومان لەپاش ڕووخانی سووریا، پرۆژەی دوایی بۆ ئاڵوگۆری دەی توانی  ئێران بێت، بەڵام ئەو گەڵاڵەیە لەپشت سنوورەکانی سووریا لەهەناسە کەوت. شکەستی ئەو ڕەوتە دەتوانێ کارتێکەری نەگەتیوی ڕەوانی لەسەر نارزایەتێ ناوخۆییەکانی ئێران هەبێت و خوڵقێنەری کەشیکی ڕەوانی ئەهوەن بۆ دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێرانا بێت کە وزەی شەپولی ئاڵوگرێکانی کە لە ٢٠١٠ را دەستی پێ کردبوو، ئیتر کەوتوە و ناگاتە سنوورەکانی ئێران.  ئەوەیکە ئاخۆ چ گەڵاڵەیەکی تر دێتە ئاراواە و ئاڵوگۆڕێکانی ناوخۆیی چەندە دەتوانن کۆماری ئیسلامی بەچۆک دا بێنن یان نا باسێکی ترە، بەڵام ئەزموونێکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە بەهاوکاری ڕووسیا و بە پشتیوانی کردن لە سووریا، توانیان شکەست بەو ڕەوتە بێنن و ئێران جارێ بۆی دەربچێت  .
سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی