۱۳۹۷ دی ۱۳, پنجشنبه

گەڕانەوە لە پەراوێزەوە بۆ دەق


(پرۆسەی مێژووی سەرهەڵدانی نەتەوە و دەوڵەت)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
زێدە لە سەدەیەک دبێت کەناسیونالیزمی کوردی وەک ئایدۆلۆژێکی سیاسی هارمۆنی بەخشی بزاڤەکانی کوردە، سەرەتا کۆڕ و کۆمەڵە کوردێکان و دوایی حیزبەکانی کوردی. دەشێ بگوترێت کە ناسیونالیزم یەکەم دەسکەوتی کورد لە تەماس لەگەڵ مۆدێرنیتەی سیاسیە بۆ بنیادنانی خودێکی سەربەخۆ و پاراستنی ئەو، بەڵام بەبێ ناسین و شرۆڤەی ناسیونالیزمی سەرچاوە کە ناسیونالیزمی رۆژئاواییە تیشک خستنە سەر ناسیونالیزمی کوردی و شرۆڤەی ئانتۆلۆژی ئەو کارێکی ئەستەمە.
پرۆسەی مێژویی نەتەوەسازی لە رۆژئاوا:
توێژەرانی بواری هزر و فەلسەفە دێکارت وەک خاڵی دەس‌پێکی هزری فەلسەفی مۆدێڕن پێناسە دەکەن بەو هۆیەی کە بەپێچەوانەی فەلسەفەی ئێسکۆلاستیکی کە مرۆڤ ئۆبژەی ئایین و بنیادنراو و پێناسەکەر لەلایەن ئایینەوە بوو، لە فەلسەفەی مۆدێڕن و بە دێکارتەوە مرۆڤ بوو بە تەوەرە و ناوەندی هزر و ئەندێشەی فەلسەفی، واتە مرۆڤ بوو بە سوبژە و بکەری سەربەخۆ و خۆبنیادنەر و ئەوەش لەتەنیشت راسیونالیزم کە شەرعییەت دەری متمانە بە عەقڵی مرۆڤ بوو بۆ پێناسەکردنی خود و جیهانی دەرەوەی خۆی، مرۆڤی گەراندەوە ناوەندی زانست و هزر و ئەندێشە، بەجۆرێ کە ڕەنگدانەوەی ئەو ئاڵوگۆریە لە ئاستی ئابووری بۆ وێنە بەرهەم هێنی دوو ئەندێشەی لیبرالیزم و مارکسیسزم بوو کە ئەگەرچی دژ بەیەک بوون بەڵام شەرعییەتی سوبژە و ڕەوتی سۆبژێکتویزم خاڵی هاوبەشیان بوو، بەجۆرێ کە هەر دوو ئایدە پێداگریان دەکرد لە سەر سوبژە بوونی مرۆڤ ولەئاستی سیاسیش‌‌دا بەدی هاتنی نەتەوە بەمانای کۆگشتییەک لە تاکەکان کە بەپێی بڕیارێکی کۆمەڵایەتی، ئیرادی و ئگایانە لەلایەن سوبژە سەربەخۆکانەوە بۆ پەرەی بەختەوەری و پێشکەوتی سوبژەکان سەری هەڵدا و لەدرێژەشدا سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێڕنی دێمۆکراتیک، فۆرماسیونێکی حکوومی نوێی پێکهاتوو لە پێکهاتە جوراوجۆرەکان بەمانای شەرعییەتی پلۆرالیزم، دێموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی کە کاکڵ و ناوەرۆکی هەموویان شەرعییەتی تاک وەک سوبژەی سەربەخۆ و خۆبنیادنەر بوو، بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر خستە خزمەتی پەرە و گەشەی سۆبژێکتویزم. بێ گومان ئەساس و بنەمای هەموو ئەوانەش بوونی مرۆڤی ئاگای خاوەن هزر و مەعریفە بوو، مرۆڤێک کە لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ خۆ، سروشت و جیهان، دەستی کرد بە ناسین، پێناسەکردن و فام کردن، بۆیەش ئانتۆلۆژی دەس پێک و سەرەتای هزر و ئەندێشەی فەلسەفیە کە ئاماژەیەکە بە حەول و کۆششی سەرەتایی مرۆڤ بۆ فام کردنی خۆ، سرووشت و جیهان و داڕشتنی فۆرمێک و جۆرێک لەپێوەندی لەنیوان ئەو کاراکتێرانەدا. بە کورتی دەشێ بگوترێت کە کۆششی ئانتۆلۆژیکی مرۆڤ لەمەر فام و ناسینی خۆی، سرووشت و جیهان، لەگەڵ ئەوەدا بنیادنەری فۆرمێک لە پێوەنی وتەعامولی تاکەکان لەگەڵ یەکتر لەچوارچێوەی بنەماڵە و دوایی عەشیرە و کۆمەڵگا بچوکەکان و لەسەردەمی مۆدێڕنیش لەچوارچێوەی نەتەوەدا بوو، لەهەمان کاتیشا بەمانای شەرعییەت و قەبوڵی سوبژە، خوبنیادنەر و سەربەخۆ بوونی مرۆڤەکان بوو، ئیتر دوایی لەدرێژەدا بەرەبەرە کە کۆمەڵگاکان زیاتر کۆنکرێت دەکرێن لەلایەن ئەندامەکانێوە، بۆ پاراستنی نەزم و یەکگرتووی زیاتر بۆ وێنە هێزی نیزامی پارێزەر، ئاڵا وەک ڕەنگدانەوەی هێمای زەینی و رواڵەتی سوبژەکانی پێک هێنەری کۆمەڵگا لەتەنیشت نۆرم و بەهاکانی کۆمەڵایەتی وەک کەرەسەی پاراستنی یەکگرتووی و لێک گرێدەرەوەی سوبژەکان بنیاددەندرێن.
کورد و ڕەوتی نەتەوەیی بوون:
جوغرافیای شاخاوی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا تایبەت مەندێکی سرووشتی گرینگ بوە بۆ دابڕاندنی سرووشتی کوردەکان و ئەستەم کردنی پێوەندی نێوان کوردەکان بۆ لێک نزیک بوونەوە و کۆبوونەوە وەک کۆگشتیەکی گەورە، لەهەمان کاتا بەربەستێکی گرینگ بوو بۆ بەدی هاتنی ژیان مسۆگەر و نیشتەجیی، پەرە گرتنی کشت و کاڵ، بازرگانی، نیشتەجێ بوون لە فۆرمی کلاسیک لەناو قەڵای فێئۆدالەکان و دوایی شارنشینی، پەرە گرتنی خوێندەواری، زانست و ئەندێشە، سیستمی حوکمرانی دائیمی و بوروکراسی حکومی و ئیداری ئەو جۆرەی لەکۆمەڵگاکانی نیشتەجێی دەشتەکان دەبنیدرا.
لەراستی‌دا جوغرافیای کوردستان بەرهەم هێنی کۆمەڵگای عەشیرەیی و بچوک بوو کە دوو تایبەت مەندی گرینگی ئەو جۆرە کۆمەڵگایە ئاژەڵداری و کۆچەری بوون بوو، هەر ئەوەش وەهای کرد کە هیچ کات ئەو جۆرەی لەناو کۆمەڵگاکانی تری نیشتەجێی دەشەتەکان زانست و ئەندێشە و پێشکەوت وەک زەروورەتی ژیان بەدی نەیەت، لەوەها دۆخێک دا کورد ڕوو بەڕووی بەردەوامی هێرشی ئیمپراتۆرێکان و دەسەڵاتە هێژمۆنەکان دەبێتەوە بەرە بەرە دەکەوێتە ژێر دەسەڵات و حوکمی ئەوی ترێکی غەیرە کورد، کە هەم سیستمی حوکمرانی و ئەرتەشی دائیمی هەیە و هەم سیستم و نیزامی فکری و ئەندێشەیی تایبەت واتە ئێپیستمە کە وەک سوبژەیەکی هێژمۆن کورد دەکات ئۆبژەی خۆی، واتە کورد لە ناوەرۆکێکی لۆکاڵی بەتاڵ دەکات، ئەو سوبژی هێژمۆنە هەم ئیمپراتورەکانی ئیتنیکی وەک فارس، تورک و عەرەب بوون و هەم ئیمپراتوری ئیسلامی کە هەر کامە لە دەلاقەی ئێپیستمە و ئایدەی خۆیان را  پێناسەی خۆیان لەمەر کورد وەک ئەوی تری خۆیان بەسەر کوردا دەسەپاند، هەر بەو دۆخ و وەزعەشەوە کورد بەسەر ئاڵوگۆڕێکانی جیهان لە سەدەی بیستا دەکەوێت و لەکاتێکا خاوەنی هیچ نیزامێکی هزری و مەعریفی لۆکاڵی و کوردانە واتە ئێپیستمە نیە، دەکەوێتە ناو گەمەی سیاسی و نیزامی زلهێزەکان. لە وەها دۆخێک دا و لە پاش شەری یەکەمی جیهانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەغیابی نیشتیمانێک بۆ کوردان دادەڕێژرێت.
 کورد لەکاتیکا هیچ ئامادەکاریکی هزری و مەعریفی نەکردوە هەر لەو سەردەمەش‌دا لەگەڵ مۆدێرنیتە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیەش تەنیا خۆی لە قەوارەی فۆرمێکی نیزامی‌دا دەبینیتەوە بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەمپریالیزمی نیزامی ئەو دەسەڵاتانەی کە بەسەر کوردا حکوومەت دەکەن، بۆیەش لەژێر کارتێکەری کلتووری ئۆرتۆدۆکسی کە لە سۆڤییەت لەناو ئایدۆلۆژی لێنینیزم‌دا مەفسەل بەندی کرابوو، کورد دوور دەبێتەوە لەڕەوت و نۆرمی ڕۆژئاوایی نەتەوە سازی.
بێ گومان ئەرکی بیرمەند و ڕوناک بیری کور لەتەنیشت داڕشتنی تەرحێکی زەینی و لۆکاڵی لە سوبژەی کورد وەک دەقی خەباتی سیاسی و کاکڵی پرۆسەی نەتەوە سازی، پەرەی ئاگایی زەینی و ئەندێشەیی تاک و کۆمەڵگای کوردی و بەرهەم هێنانی نیزامێکی هزری و مەعریفی واتە ئێپیستمەیەکی لۆکاڵی لەسەر ئەساسی تایبەت مەندێکانی سرووشتی، کۆمەڵایەتی و کلتووری کۆمەڵگای کوردیە، تا لەسەر ئەساسی ئەو هزر و مەعریفە لۆکاڵیە تاک و کۆمەڵگای کوردی نەخشە ڕێگایەک بۆ ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری خۆی لەداهاتوو دابڕێژێت و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسێکان لەسەر بنەمای ئەو هزر و مەعریفە لۆکاڵیە وەک سەرخان دابڕێژێت و هێماکان کە ڕەنگدانەوەی ئەو هزر و ئەندێشە لۆکاڵیانەیە وەک ویست و خواستی راستەقینە و نەتەوەیی کۆمەڵگای کوردی، وەک ڕایەڵێکی لێک گرێ دەرەوە و هارمۆنی بەخش بێنە ئاراوەو لەهەمان کاتیشا جۆری پێوەندێکانی خۆی لەگەڵ ئەوی تری غەیرە کورد فۆرمولە بکات. بە کورتی دەشێ بگوترێت کە هەتا ئێپیستمەیەکی لۆکاڵی و کوردانە لە ناو کۆمەڵگای کوردی وەک نیزامی هزری و مەعریفی تاکەکان سەر هەڵنەدات، ڕەوتی نەتەوە سازێکی خۆبنیادنەرانە لەلایەن کۆگشتی سوبژەی کوردی و جێگای متمانە و ڕەزامەندی هەموو کۆمەڵگا ئەستەمە بتوانێت لێک گرێ دەرەوەی کۆمەڵگای کوردی بێت.

سەرچاوە: ڕۆژنامە خەبات


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی