۱۳۹۷ خرداد ۱۰, پنجشنبه

پرۆبلێماتیزە کردنی فیکر


شاهۆ حوسێنی
یەکێک لە پرسیار و كه‌ڵكه‌ڵه‌ گرینگەکانی فۆکۆ ئەوە بوو کە ئاخۆ دەکرێت مێژووی فیکر جیاواز لە مێژووی ئایدیا و مێنتالیتە دەربخرێت؟ ئەوە بەو مانایەیە کە فۆکۆ جیاوازی دادەنێت لەنێوان مانای فیکر لەگەڵ مانای ئایدۆلۆژی(ئایدیاکان) و مێنتالیتە( سۆز و لایەنگری و کردەوە) ، بەباوەڕی ئەو تووخمێک لەناو فیکردایە کە وەک پرۆبلێم پێناسەی دەکات، بە واتایەکی روونتر پرۆبلێماتیزەی دەکا، بەلای فۆکۆوە ئەگەر ئایدیا و مێنتالیتە بەمانای روانگە، لایەنگری و سۆزی جیاواز بۆ ئایدیایەکە کە ژێرخانی کردەوەیە و ئامانج و شوێنی کردەوەکان دیاری دەکات بەرەو ئاسۆیەکی دیاری‌کراو، ئەوا فکر ئەو تووخمەیە کە مەجال و ئیزن دەدات بە مرۆڤ کە لەو جۆرە کردەوە و دژکردەوانەی کە ئایدیا و مێنتالیتە دەیخوڵقێنن داببڕێت. واتە فیکر بەلای فۆکۆوە بە هۆی ئەوەکە ئایدیا و مێنتالیتەکان بەرهەمی پێکهاتەی زەمانی، کۆمەڵایەتی و مانایی دەروەست بە زەمان و مەکانن، فیکر بەمانای دابڕان و گۆسەستە لەو رێگا و ئامانجانەی کە ئایدەکان و مێنتالیتەکان بۆ مرۆڤ دیاری دەکەن، کەوابێ، فیکر بەلای فۆکۆوە ئازادیە، مرۆڤ لەو کرده وانەی کە ئەنجامیان دەدات جیا دەبێتەوە و دادەبڕێت، لێیان دوور دەبێتەوە و لێیان دەڕوانێت، تێان دەفکرێت، دەیانکاتە ئۆبژەیەک و وەک پرۆبلمێک بیریان لێ‌دەکاتەوە. بەکورتی شرۆڤەی فیکر بۆ فۆکۆ شرۆڤەی ئازادیە، ئازاد بوون و دابڕان لەو کردەوە و سۆز و لایەنگریانەی کە ئاسایی و رواڵەتیی دەنوێنن.
بەباوەڕی فۆکۆ بۆ ئه‌وەیکە کردەوە و کردارەکانی مرۆڤ بێتە ناو چوارچێوەی فیکر، پیویستە کە بڕێ هۆکار ئەو کردەوە و کردارانە ڵێل بکەن و مه‌عریفه‌ی لێ بسڕنەوە، ئەو هۆکارانە دەتوانن کۆمەڵایەتی، سیاسی یان ئابووری بن، ئەو هۆکارانە لەراستیدا هاندەرێکی گرینگن بۆ پرۆبلماتیزە کردنی فیکر، چوون ئەو هۆکارانە گومان دەخنە سەر کردەوە و لایەنگرییه‌کانی مرۆڤ و مرۆڤ تووشی داڵغه‌ دەکەن‌و پاڵنەرێکن کە مرۆڤ مەودایان لێ‌بگرێت و به‌گومانه‌وه‌ لێیان بڕوانێت، ئەو گومانە بەستێن و مەجال دەڕەخسێنێت بۆ هاتنه‌ ئارای فیکر، واتە دەبێتە پاڵنەرێک کە مرۆڤ پاڵ بە فیکرەوە بدات، واتە خۆی لە زەمان، مەکان و پێکهاتی رواڵەتی ئایدیاکان دوور بکاتەوە و لێیان داببڕێت. بەو شێوەیە فیکر پرۆبلماتیزە دەبێت، واتە ئازادی پرۆبلماتیزە دەبێت. لای فۆکۆ مێژووی ئەو فیکرە، ئەو پرۆبلماتیزە بوونە گرینگەیه‌ و بەشوێنی‌دا دەگەڕێت، فۆکۆ لەمێژووی فیکردا بەشوێن ئەو ریشەیەدا دەگه ڕێت کە لەودا رێگاچارەی جۆراوجۆر بۆ پرۆبلمێک بەرهەم هاتووە. فۆکۆ بەگشتی لە مێژووی فیکردا بەشوێن ئەو بنەما و هۆکارانەدا دەگەڕێت کە دابڕان و گۆسەستیان بەرهەم هێناوە، لەئاکامدا مەبەستی فۆکۆ لەناسینی ئەو بەستێنە و هۆکارانەی کە رێگاچارەی جۆراوجۆریان بەرهەم هێناوە ئەوەیە کە چلۆن دەشێت و دەکرێت رێگاچارەی جۆراوجۆر بۆ پرۆبلمێک گەڵالە بکرێت. واتە دۆزینەوەی چلۆنایەتی بەرهەم هاتنی رێگاچارەی جۆراوجۆر بۆ پرس یان کێشەیەک.
فۆکۆ بە ئاشکرا پێمان دەڵێت کە کێشە و پرۆبلمەکان خۆیان بۆ مرۆڤەکان، کۆمەڵەکان و کۆمەڵگاکان جۆراوجۆر دەنوێنن و لەسەر قەیرانێک وەک بەستێن و بنەما دەشێت چەندین رێگاچارە و گەڵاڵە بەرهەم بێت. ئەوەی بۆ فۆکۆ گرینگە دابڕان و گۆسەستە، واتە ئازاد بوونە لەو فۆرماسیون و چوارچێوانه‌ کە ئایدیاکان، چەمکەکان و سۆزەکان بەسەر مرۆڤدا دەیسەپێنن، واتە سووژە بوونی مرۆڤ و ئۆبژە بوونی ئایدیا و سۆزەکانە، ئەو ئازادیە و ئەو پەنا بردنە بەر فیکر لەراستیدا ده‌رفه‌تی کایەی بەرفراوان، مانۆڕو ئازادی کردەوەیی دەدا بە مرۆڤەکان، مرۆڤەکان لەدەماری زەمان و مەکانە جیاوازەکان‌دا وەگەڕ دەخات.
بێ‌گومان یەکێک لەگرینگ‌ترین هەوڵەکانی کۆمەڵگای کوردی دەتوانێ پرۆبلماتیزە کردنی فیکر بێت، دابڕان، گۆسەست و ئازاد بوون لەو ئایدیا و سۆزانەی کە هی سەردەمانێکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، مانایی و سیاسی ماوە بەسەرچوون، ئەو ئایدیا و سۆزانەی کە بەرهەم هێنی کلتوورێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی تایبەت و کۆک لەگەڵ ئەو سەردەمان و فۆرماسیونە مانایی و رواڵەتییه‌کانی ئەو سەردەمە، ئەو گۆسەست و ئازاد بوونە مەجال دەدا بە کورد تا جارێکی تر خۆی لەناو فۆرماسیونێکی مانایی، کلتووری و رواڵەتی تازە و بەرۆژ و تایبەتی سەردەم‌دا رێک بخاتەوە و خۆی گەڵاڵە بکاتەوە.
بێ‌گومان مێژووی مرۆڤ و کۆمەڵگا پێشکەوتوو مرۆییەکان، مێژووی دابڕان و گۆسەستە مەعریفیکانە، مێژووی ئازادی و فیکرە. مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی کە گۆسەست و دابڕانی مەعریفی تیا بدەی نەهاتبێت و بەدی نەیەت، مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی یەخسیر و دیلە و ناتوانێت بەرەو ئازادی هەنگاو بنێت. به کورتی دەشێ بگوترێت کە بنەما و ئەساسی ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتن، دابڕان و گۆسەستە، لە دابڕانە مەعریفیکان‌دایە کە پێشکەوتن و ئاڵوگۆڕ بەدی دێت. بەباوەڕی فۆکۆ کاتێ مرۆڤ و کۆمەڵگای رۆژئاوایی لە مەعریفە و هزری کلاسیک خۆیان ئازاد دەکەن و دادەبڕێن، دێنە ناو چوارچێوە و جیهانی رێنێسانس و دابڕان و گۆسەسەتی مەعریفیش لە رێنێسانس، مرۆڤ و کۆمەڵگای رۆژئاوایی دەخاتە ناو جیهانی مۆدێرن. بەکورتی دوو کێشەی سەرەکی کورد یەکەم تاک رەهەندی و تاک رێگاچارەیی فەرز کردنی کێشەو قەیرانەکانێتی و دووهەم دانەبڕانی مەعریفی و ئازاد نەبوون لە چوارچێوەیەکی مەعریفی و کلتووری سەردەم و چاخێکی کۆن و ماوە بەسەرچوویە.
کورد لەسەردەمێکی میژوویی و لەکەش و فەزایەکی تایبەتی ژیوپۆلێتیكی ناوچەیی‌دا، کلتوور و رەهەندێکی کردەوەیی هەڵبژاردوە کە بەرهەمی هێژمۆنی ئەو ئایدیا و کردەوەیە لەناو بیروڕای گشتی کۆمەڵگای کوردی ئەو سەردەم‌دا، بەڵام ئێستا هەم ئەو سەردەمە مێژووییە و هەم کەش و فەزای ژیوپۆلێتیكی ناوچە بە نەمانی ئەو مێترۆپۆلە هزریە، ئاڵوگۆڕی مەعریفی بەسەردا هاتووە. گەورەترین ئاڵوگۆڕی لەناوچوونی بەعسیسم، ناسریسم و کۆمۆنیسم وەک پێکهاتەیەکی رواڵەتی و فۆرماسیونێکی حکوومیە، شۆڕشی چەکداری و روو لەدەسەڵات بۆ مسۆگەر کردنی ئازادی و مافی تاک و کۆمەڵگا، کردەوەیەکە کە بەرهەمی کلتوورێکی تایبەتی سەردەمێکی مێژوویی، مانایی و ئایدیایی رابڕدوویە، کە ئیتر مێترۆپۆلی ئایدیایی، کلتووری و مانایی ئەو جۆرە کردەوەیە نەماوە، ئەوە بەمانای نەفی و نکۆڵی کردن نیە لە کرده وە و ئایدەیەک، بەڵکوو بەمانای دابڕان لە تاک رەهەندی و تاک کردەوەییە و رەخساندنی ده‌رفه‌ت بۆ دابڕان لەو فۆرماسیونە عەقڵانییەیه‌ کە هەموو دەرگاکانی لەسەرخۆ پێوەداوە و جەبرەن و مووتڵەقەن دەرگایەکی بەڕووی خۆیدا کردۆتەوە. هەر ئەو جۆرەی فۆکۆ باوەڕی هەبوو کە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات تا بگەڕێتەوە خاڵی سفر، یانی زەمان و سەردەمانێک کە خوێندنەوەی مرۆڤ لە دەرکەوتەیەک هێشتا یەک دەست نەببوو، زەمانێک کە نێوان خود و ئەویدی سنووربەندی نەکرابوو، کورد پێویستە بگەڕێتەوه خاڵی سفر، سفر نە بەمانای پاشەکشە به‌ڵكوو بەمانای خاڵی دابڕان و سەرەتای دەست‌پێکردنەوەی رەوتێکی نوێ و تازە کە لەودا پلۆرالیزم بەمانای لەناو بردنی سنووری نێوان خود و ئەویدی مەجال بەهەموو بوونەکان بداتەوە تا بوونەکان خوڵقێنەری بوونێکی ئازاد و سەربەخۆ بن لەدەرەوەی سنووری ئایدیاکان و هاوسۆزییه‌كان.

سەرچاوە: http://brwska.org/content-83.html

.

.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی