۱۳۹۷ خرداد ۱۱, جمعه

رێکەوتنی نهێنی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل؟


شاهۆ حوسێنی


لەماوەی چەند حەوتووی رابردوو و لەپاش هێرشە مووشەکێکانی ی ئەمریکا، بریتانیا و فەرانسا بۆسەر چەند بنکەیەکی سەربازی رژێمی ئەسەد لە سووریا کە شیمانەی بوونی چەکی کیمیایی و هێرشی کیمیایی لەوێ‌را دەکرا، هێرشەکانی هەوایی ئیسرائیل بۆسەر بنکەکانی نیزامی ئێران و حیزبوڵلا لە سووریا پەرەی ئەستاند و زەبرێکی کاریگەر وە بنکە و ناوەندە نیزامێکانی ئێران و حیزبوڵڵا لە سووریا کەوت، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە ئێران جگە لە چەند هەڕەشەیەی زارەکی لەزاری چەند بەرپسێکی پلە دوو و سێ نیزام، هیچ دژکردوە و لێدوانیکی لەسەر ئەو هێرشانە نەدا و حیزبوڵڵاش هەر بەو شێوەیە بێ دەنگ بوو، لەلایەکی تریش بەهەمان شێوە لە یەمەنیش دنەگ و باسی شەر  جۆرێک بێ‌دەنەگەی پێوە دیارە و وەک چەند مانگی رابردوو کە هەواڵی رۆژانەی میدیاکان و ناوەندەکانی جیهانی بوو، چۆتەوە پەراوێزەوە و بەگشتی هەرای شەڕ دامرکانی پێوە دیارە.

هەمووی ئەوانە لەکاتێک‌دان کە  ئەمریکاش لەرێکەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێران هاتە دەر و رایگەکاند کە ئێران دەبێت بێتەوە سەرمێزی وتوو وێژ و جارێکی تر لەگەڵ  رۆژئاواییەکان رێکەوتنێکی‌تر واژوو بکەن کە لەخۆگری سێ خاڵی گرینگ بێت. یەکەم ئەوەکە ئێران دەست لەهەرجۆرە گەڵاڵەیەکی ناوەکی بۆ دەست راگەیەشتن بەچەکی ناوەکی هەڵبگرێت، دووهەم ئەوەکە ئێران دەبێت دەست لەگەڵاڵە مووشکێ دوورهاوێژەکانی هەڵبگرێت و سیهەم ئەوەکە ئێران پێویستە بگرێتەوە ناو سنوورەکانی و دەست لە دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و دراوسێکانی هەڵبگرێت. هەر لەو سەر و بەندەش دابوو کە رووسیا رایگەیاند کە هەموو هێزەکانی دەرەکی و ئێرانیش دەبێت لەسووریا بچنە دەر.

ئەوانە هەمووی وەک کەڵافیکی تێکەڵ و ئاڵۆز  شرۆڤەی دۆخی ناوچەکەی شێواند بوو، تا ئەوەیکە رۆژنامەی ئۆنلاینی عەرەبی "ئیلاف" لە راپۆرتێک‌دا رایەگەیاند کە بەرپرسانی ئەمنی ئێران و ئیسرائیلی لە شاری ئەمانی پێتەختی وڵاتی ئۆردۆن لەهۆتێلێک‌دا بەیەکەوە کۆبوونەتەوە و لەسەر  رێژە و چۆنیەتی بوونی هێزەکانی ئێرانی لە سووریا بەگشتی و بەتایبەتی لە رۆژئاوای باشووری سووریا لەناوچەکانی وەک دەرعا و قەنیترە رێکەوتوون، لەو دانیشتنەدا بەرپرسانی ئەمنی و نیزامی عەرەبستانی پێ‌داگریان کردوە لەسەر  نەبوون و بەشداری نەکردنی هێزەکانی ئێران و حیزبوڵڵا لەشەر و کێشەکانی نێوان هێزەکانی نیزامی ئەسەد و دژبەرانی لە سنوورەکانی ئۆردۆن و ئیسرائیل، لەهەمان کاتیشا بەرپرسانی ئەمنی و نیزامی ئیسرائیلی باسیان لەوە کردوە کە لەئەگەری بەشداری نەکردنی ئیران و حیزبوڵلا لە شەرکانی نزیک لە سنووری ئۆردۆن و ئیسرائیل، ئەوا ئەوانیش هێرش ناکەنە سەر هێزەکانی نیزامی ئێران و حیزبوڵڵا، ئەو رۆژنامەیە لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دانیشتنە بەئاگاداری رووسیا بەرێوە چوە و رووسەکان گارانتیان داوە بە ئیسرائیلێکان کە ئێران و حیزبوڵڵا لە شەرەکانی ناوچەکانی نزیک لە سنووری ئرۆردۆن و ئیسرائیل بەشداری ناکەن.

نە ئێران و نە ئیسرائیل هەتا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو  راپۆرتە نەداوە و ئەوە یەکەم جارە کە وەها دانیشتنێک‌ ئاشکرا دەبێت. ئەگەر ئەو دانیشتنە کرابێت کە زۆر لەوەدەچیت کرابێت، بەتایبەت لەماوەی چەند رۆژی رابردوو هیچ هێرشێکی نیزامی بۆسەر بنکەکانی ئیران و حیزبوڵلا نەکراوە و ئێرانیش هیچ دژکردەوەیەکی نیزامی لەو ناوچانە نەبوە، ئەوە لەکاتێک‌دا دایە کە دەنگۆی ئەوەش لەئارادایە کە ئێران ئامادەیە لەسەر کێشە و قەیرانی یەمەن دانووستان بکات.


بێ گومان لەپاش هاتنە دەری ئەمریکا لەبەرجام و گەراندنەوەی ئابلۆقە کۆنەکان و خستنی گەمارۆ و ئابلۆقەی نوی بۆسەر ئێران لەلایەک و لەلایەکی تریش کشانەوەی وردە وردەی کۆمپانیا بیانێکان لە ئێران، لەوەدەچێت کاربەدەستانی ئێرانی تووشی نیگەرانی و دڵەراوکێی جیدی کردبێت، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە دۆخی ناوخۆیی ئێرانیش لەوپەڕی شپرزەیی و ئاڵۆزی دایە و هەر رۆژە چین و توێژێکی ئەو کۆمەڵگایە خەریکی دەربرینی نارزایەتی و هەژاری بەشێوەیەکی بەربڵاو خەریکە پرە دەستێنێت.



ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی