۱۴۰۳ اردیبهشت ۱۵, شنبه

مۆدێڕنیزاسیون، سێکۆلاریزاسیون، سەربەخۆیی

 












شاهۆ حوسێنی

دەرکەوتنی دەسەڵاتە نەتەوەییەکان لەپاش کۆتایی شەڕێ یەکەمی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوین و پشتگوێ خستنی مافی کورد وەک نەتەوەیەک لەگوێن هەموو نەتەوەکانی‌تری ڕۆژهەڵاتی ناوین لەلایەک و لەلایەکی‌تر حەولی دەسەڵاتە پاوانخواز و ڕەزگەزخوازەکان بۆ ئاسمیلەکردنی کورد و تواندنەوەی، بەستێنەکانی پەرەی هەستی نەتەوەیی و نەتەوەخوازی لە کوردستان بوو، لەڕاستی‌دا ئەگەر نەتەوەخوازی لە ڕۆژئاوا بەرهەمی خۆناسی، خۆبنیادی و خۆشوناس بەخشی تاکی ڕەخسیو لە شووناسی ئایینی بوو، ئەوا لە کوردستان دژکردەوەیەک بوو بەدژ داگیرکاری ئەوی‌تری دژەکورد و غەیرە کورد، واتە نەتەوەخوازی کوردی  وڵامێک بوو بۆ پرسیاری "ئەمن کێ نیم"، بەڵام هیچ وڵامێکی بۆ پرسیاری "ئەمن کێم" هەتا ئێستاش پێ نیە. ئەوە لەکاتێك‌دایە کە نەتەوەخوازی لە رۆژئەوا سەرەتا بە شک لە شووناس و وجود ئایینی دەست پێ‌دەکات و مرۆڤ دەگاتە بەردەم ئەو پرسیارە کە "ئەمن کێ نیم"، بەڵام لە درێژەدا لەڕێی بیرکردنەوەی دەگاتە وڵامی پرسیار لە "ئەمن کێم"، دێکارت لەڕیی بیرکردنەوە بوونی خۆی دەسەلمێنێت. لەڕاستی‌دا دوو بنەمای سەرەکی نەتەوەخوازی ڕۆژئاوایی بریتین لە دوو ریسا و ئوسولی فەلسەفەی دێکارت، سەرەتا "من شک دەکەم کەوابێ هەم" و دووهەم "من بیردەکەمەوە کەوابێ هەم". مرۆڤی مۆدێرن و کۆمەڵگای مۆدێرن سەرەتا بە شک لەو شووناسەی بەسەری دا سەپاوە دەیسەلمێنێت کە کێ نیە و دوایی بە کەڵک وەرگرتن لە عەقڵ و ئاوز و بیرکردنەوە لە "خۆ" چوارچێوەیەکی زەینی دادەڕێژێت لە خۆی و دەیسەلمێنێت کە کێیە. ڕێک ئا لێڕەش‌دایە کە ڕووحێکی نەتەوەیی بە مانای زەینێک و چوارچێوەیەکی مەعریفی لەمەر نەتەوە بەرهەم دێت و دبێتە جیهان و ژینگەی ژیان، مسۆگەر بوون و پەرەی ڕووحی نەتەوەیی و تاک وەک ڕایەڵێکی نەپساوە لێک‌گرێ دەداتەوە.

 

مۆدێڕنیزاسیون

لەکۆمەڵناسی‌دا مەبەست لە مۆدێڕنیزاسیون ئاڵوگۆڕی‌گەلێکی کۆمەڵایەتی بەمانای تێپەڕین لە کۆمەڵگا و کلتووری نەریتی بەرەو شێوازەکانی مۆدێڕنی وەک: پەرەی تاکێتی، جیاوازی کۆمەڵایەتی، پیشەیی‌بوون، دێمۆکراتیزاسیون و برۆکراتیزە بوونە.

کۆنت بۆ پێناسەی مۆدێڕنیزاسیون یاسایەکی سێ‌قۆناغی داڕشتوە کە پێێ ئەو یاسایە، زەینی مرۆڤ لە قۆناغی تێئۆلۆژی بەرەو قۆناغی مێتافیزیکی و لەوێش‌ڕا بەرەو قۆناغی زانستی هەنگاو دەنێت.

فێردیناند تونیس تایبەت‌مەندێکانی سەردەمی نوێ بەمانای تێپەڕێن لە قۆناغی کۆمەڵگایی بەرەو قۆناغی جڤاکیە، واتە تێپەڕین لە پێوەندی‌‌کۆمەڵایەتی نەریتی و ئۆرگانیکی، واتە فۆڕمی پێوەندی خوێنی ئەم جۆرەی لەبنەماڵە، تایفە و عەشیرەدا حاکمە، بەرەو قۆناغی جڤاکی، واتە فۆڕمێک پێوەندی لەدەرەوەی پێوەندی خوێنی و ئۆرگانیکی، پێوەندی لەناو بازنەی بەرژەوەندی هاوبەش، ئەندێشە و ڕوانگەی هاوتەریب و لەناو پێکهاتەگەلێک کە بەشێوەی دڵخواز و ئیرادی مرۆڤ تیان‌دا بەشداری دەکات و ئەندامەتی لەوان‌دا ئیجبار و داسەپاو نیە.

بەڵام ماکس وێبێر مۆدێرنیزاسیون ئەساسەن بە ڕەوتێکی بەعەقڵانی‌بوون دەزانێت، واتە عەقڵ و هزری مرۆیی بەشێوەیەکی بەربڵاو دەبێتە جێگرەوەی نەریت، ئوستوورە و جادوو، ئەساسەن بەباوەڕی وێبێر مەعرفەت پەیدا کردن، ناسین و پێناسەکردن لەڕێی عەقڵ و بەکەڵک وەرگرتن لە عەقڵ دەبێتە جگرەوەی هەرفۆرمێک لە مەعریفە، ناسین و پێناسەکردنێکی کە لەدەرەوەی حەولی مرۆڤ بەسەر مرۆڤ‌دا سەپاوە.

بەگشتی مۆدێڕنیزاسیون ڕەوتێکە کە لەودا مرۆڤ دبێتە تەوەرەی سەرەکی جیهان و ژیان، لەڕێی عەقڵی و بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە مرۆڤ بەشێوەیەکی سەربەخۆ فۆڕمێک لەشووناسی جیاواز لەخۆی دەردەخات.

 

سێکۆلاریزاسیون

لەقۆناغی بەر لە دەرکەوتنی مۆدێڕنیتە وەک هزر و ئەندێشيیەکی فەلسەفی و مۆدێزنیزاسیون وەک ڕەوتێکی مۆدێڕن و نوێ بۆ داڕشتنەوەی سەرلەنوێی ژیانی کۆمەڵایەتی، کلتووری، سیاسی و ئابووری مرۆڤەکان، ئەوا کلیسا لەڕیی ریسا و حوکم‌گەلی ئایینی فۆرماسیونی ژیانی کۆمەڵایەتی، کلتووری، ئابووری و سیاسی دیاری دەکرد، لەڕاستی‌دا فۆڕمێک ژیان لەلایەن کلیساوە بەسەر مرۆڤ‌دا داسەپابوو. سێکۆلاریزاسیون بێ‌گومان تێکەڵاوی ڕەوشەنگەریە. لەچوراچێوەی ڕەوشەنگەری‌دا دابەڕانێک لە وەهم و شووناسێکی هزری داسەپاوی بان زەوینی بەرهەم دێت، ڕەوشەنگەری یەکێک لە کۆڵەکەکانی هزری سێکۆلاریزاسیون پێناسە دەکرێت کە شەرعییەت دەبەخشێت بە عەقڵ و توانایی مرۆڤەکان بۆ تێ‌گەیشتن، فام و مەعریفەت پەیداکردن لەدەرەوەی ئایین. کۆڵەکەیەکی‌تری سێکۆلاریزاسیون بێ‌گومان ئۆمانیسمە، واتە گەڕانەوەی مرۆڤ وەک تەوەرە بۆ هەناوی جیهان، ژیان و ژینگە.

لەئاستی سیاسی‌دا لێ‌کەوتەی گرینگی سێکۆلاریزاسیون دەرکەوتنی دەوڵەت نەتەوەکان بوو، سەربەخۆیی نەتەوەکانی‌کە بەهۆی هێژمۆنی دەسەڵاتی هزری کلیسا بەشەرعییەتی شەرعی پیرۆزی کلیسا تاڵان دەکران، دەکووژران، لەناو دەبران، هەروەها دەرکەوتنی دەوڵەتی مۆدێڕنی دێمۆکراتیک بوو. لێ‌کەوتەی گرینگی کۆمەڵایەتی سێکۆلاریزاسیون پەرەی کۆمەڵگای مەدەنی، دەرکەوتنی چین‌وتوێژە جیاوازەکان، پەرەی ئابووری و شۆڕشی پیشەیی بوو، ڕەخسانی مەجالی حەول و تێکۆشان بەڕادەی هۆش، توانایی زەینی و عەقڵی مرۆڤەکان و بەم شێوەیە پەرەی بەختەوەرەی مرۆڤ و پێشکەوتی ژیانی مرۆڤەکان. لێ‌کەوتەی گرینگی کلتووری سێکۆلاریزاسیون پیرۆزی سڕینەوە لەدیاردەکان، پلۆرالیزمی ئەندێشە و ڕوانگەکان و مەجالی پشکووتنی مرۆڤەکان و جیاوازێکان لەناو کۆمەڵگا‌دا بوو.

بەکورتی دەشێ بگوترێ کە سێکۆلاریزاسیون بەمانای دژایەتی ئایین و ئایین سڕینەوەی لە کۆمەڵگادا نیە، بەڵکە بەشیک لەڕەوتی مۆدێرنیزاسیونە کە شووناسی هزری، ڕواڵەتی، سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتی داسەپاو بەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگادا وەک پیرۆزیەکی نەگۆڕ و مسۆگەر لادەدات و بەستێن و مەجاڵ بۆ دەرکەوتنی ئەندێشەی مرۆڤانە بەدەر لەهەر دەسەڵات و پیرۆزێکی خۆسەپێنەر دەڕەخسێنێت.

 

سەربەخۆیی

سەربەخۆیی بەمانای ڕزگاری‌مرۆڤ لە، بە مۆدێڕنیزاسیون دەس‌پێ‌دەکات و بە سیکۆلاریزاسیون دەگاتە لووتکە. سەربەخۆیی سەرەتا بە ڕزگاری مرۆڤ لە شووناسی داسەپاو، هزری داسەپاو، فام و تێ‌گەیستنی داسەپاو دەس‌پێ‌دەکات، ئەم سەربەخۆییە لە کۆمەڵگادا دەگاتە کۆمەڵگای مەدەنی بە مانای سەربەخۆیی چین‌وتوێژە کۆمەڵایەتی، پیشەیی و ئابوورێکان و لە ئاستی‌ سیاسی‌دا دەگاتە سەربەخۆیی سیاسی و دێمۆکراسی لەناو کۆمەڵگادا. سەربەخۆیی لەڕاستی‌دا سەرەتا لە تاک‌دا دەپشکوێت، تاکێکی کە ئازادانە و سەربەخۆیانە خۆی داڕشتوە و لەگەڵ تاکەکانی‌تر دەگاتە لێک‌تێ‌گەیشتن و بنیادی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دادەڕێژن لە دەرەوەی هەرجۆرە جەبرێک و هێزێکی سەپێنەر و پاوانخواز. سەربەخۆیی وەک مێنتالیتە و خواست بەرهەمی مۆدێڕنیتەیە. یەکەم هەنگاو بەرەو سەربەخۆ سڕینەوەی ئەو شووناس و فۆڕمە داسەپاوە لەڕێی شک و دوایی داڕشتنی شووناس و فۆڕمێکە لەڕیی تێ‌گەیشتن و بیرکردنەوەی سەربەخۆیانە. لەهەنگاوی دووهەم‌دا مرۆڤ لەئاستێکی بان‌تر بنیادنەری سووژەیەکی بەربڵاوترە بەناوی کۆمەڵگای مەدەنی و لەویش بانتر لەڕێی عەقڵ و ئاوز بنیادنەری فۆڕمێکی بەربڵاوتری کۆمەڵایەتیە لەژێر ناوی نەتەوە و بەم شێوەیە سەربەخۆیی وەک ڕەوتێک سەیروورەت پەیدا دەکات.

ئەگەر کوردایەتی بەمانای "ئەمن کێ نیم" بۆتە ئایدۆلۆژێکی سیاسی بۆ بەگژ دەسەڵاتی ناوەندی‌دا چوون و مسۆگەرکردنی دەسەڵات لەبەرامبەردا مەجالی دەرکەوتنی نەتەوەخوازی کوردی بەمانای "ئەمن کێم" نەدراوە و لەژێر گوشاری پاوانخوازێتی کوردایەتی‌دا مەجالی دەرکەوتنی پێ‌نەدراوە. نەتەوەخوازی کوردی لەغیابی پەرەی پێ‌گەیشتووی و تێ‌گەیشتوویی بیرمەندانەی تاک و کۆمەڵگای مەدەنی نەیتوانیوە بەرهەم هێنی ڕووحێکی نەتەوەیی وەک ڕایەڵی لێک‌گرێ دەرەوەی هەموو ئەندێشە و ئایدە جیاوازەکان لەناو کوردستان دابێت.


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی