۱۴۰۲ آذر ۷, سه‌شنبه

هوونەرمەند لەگوێن ڕووحی‌نەتەوە

 




(بەبیانووی‌کۆچی‌دوایی هوونەرمەند تاهیرخەلیلی)

شاهۆ حوسینی

ڕووح لە جیهانی ئەندێشە و فەلسەفەدا جیاواز لە جیهانی تێئۆلۆژی بە مانای هزر، عەقڵ، هەست‌و.... هتد بەکار دەبرێت. لەڕاستی‌دا ڕووح وەک چەمک و فۆڕماسیونێکی مانایی لەخۆگری ڕەوتی هەڵگێڕانەوەی گیان، ڕواڵەت و بوونی مرۆڤە بە مەبەستی پەرە و پێشکەوتی مرۆڤ، کۆمەڵگا و نەتەوە لە ئەندێشەی هێگل‌دا. ڕووح خوڵقێنەر، بزوێنەر، پاڵنەر و داڕێژەرە لەجیهانی فەلەسەفەدا، مانابەخش بە ژیانی تاک و کۆمەڵگا، دەرخەری وێنایەکی زەینی و لەمەر مرۆڤگەلێکی جیاواز و لێک‌گرێدراوی جیهانی نەتەوەیە. ئەگەر بیرمەند، فەیلەسووف و ژیرمەندەکان جیهانی زەینی هەڵدەگێڕنەوە و فۆنداسیونی جیهانێکی زەینی نوێ دادەڕێژن، ئەوا هوونەرمەندیش داڕێژەر و خوڵقێنەری جیهانێکی لێک‌گرێدراو لە تاکی کۆمەڵگا بە ڕایەڵی هوونەرێکە کە زایەڵە و ڕەنگدانەوەی کۆلکەزێڕینەی بەها، نۆڕم و کلتووری کۆمەڵگایە.

 

ئەو هوونەرمەندانەی خوڵقاندیانم:

لە کوردستان بەدەر وەک جیهانێکی‌کلتووری، زمانی‌و زەینی هیچ‌شوێنێکی‌ترم نەدیبوو، هەتا ساڵی پەنجاو هەشت وەک بنەماڵە تەبعیدکراین و ڕوومان لە عەجەمووستان کرد وەک جیهانێکی کلتووری، زمانی و زەینی نەتەنیا جیاواز کە دژبە. جیهانێک‌کە هەم بە ئەشکەنجەی‌جەستەیی لەڕێی لێدان حەولی سڕینەوە و پەراوێز خستنیان دەداین، و هەم به ئەشکەنجەی ڕووحی لەڕیی داسەپاندنی بەها، نۆڕم‌و کلتوووری‌خۆیان نەتەنیا حەولی سڕینەوەیان دەداین کە حەولی داڕشتنەوەی سەرلەنوێی بوونیکی ئۆبژ و دەسکردیان لەمە دەدا، بووکەڵەیەک کە جەستیەکی ئاخندراوی بە جیهانێکی زەینی جیاواز هەیە.

ڕێک لەوەها دۆخێك‌دا کە ئێمە ئیزن و مەجالی گەڕانەوەمان نەبوو، و ژیان و جیهانێکی بێگانەمان بەسەردا سەپابوو، لەڕێی هوونەری گۆرانی و موزیکی کوردی من خوڵقام، سەرەتا وەک بوونێکی فیزیکی و جەستەیی لە دایک و باوکێکی بایولۆژیکی خوڵقابووم، بەڵام ئەم جارە لەڕێی هوونەر و موزیک وەک بوونێکی زەینی، نەتەوەیی و کوردانە خوڵقامەوە، موزیک بۆ من بوو بە ڕووحی بەرنگاری دژ بە هەموو هێرش و هەڕەشەکانی ئەو جیهانە داگیرکەرە کە حەولی بەکلۆنی‌کردن و داگیرکردنی منی دەدا، موزیکی کوردی و دەنگی مامۆستایان ماملێ، زیرەک، خالەقی، هۆمەر دزەیی، ساڵح دیلان و شارووخ و شێعرەکانی مامۆستایان هێمن، هەژار، گۆران و ....هتد منیان وەک بوونێکی کورد خوڵقاند، منیان گرێ‌داوە بەو جوغرافیایەی کە لێی تاراندرابووم، من ئەو نەیە بووم کە لە نەیستان دابڕابووم و ناڵەم تێکەڵی نەی موزیکی کوردی کردبوو و ئەم لێك‌گێردانەوە زەینیە، بەربەستێکی قایم و پۆڵایین بوو لە بەتاڵ بوون و توانەوەم لە ناو شووناس و بوونی ئەوی‌ترێکی‌کە بێگانە بۆ منی داڕشتبوو. ئەم سەردەمە لە هەناوم‌دا سنووربەندیەک لەنێوان من و ئەوی‌تردا دەرکەوتبوو، ئەم کەلێن و قەڵشە لەنێوان من و ئەوی‌تردا ئەکتیڤ ببو، بەڵام هێشتا نەکەوتبوومە بەرەی بەربەرەکانی، بەرخۆدان و دژکردوە بە دژ ئەوی‌تری داگیرکەر، ساڵی شەست‌ویەک گەڕاینەوە مەهاباد، ئەمجارە منی زەینی و ڕووحی تێکەڵ دەگەڵ ئەم ژینگەیە بوومەوە کە بە شێعر و گۆرانی خوڵقاندبویانم، دیارە گەڕانەوەم تەنیا تێکەڵ بوونەوەیەک نەبوو، بەڵکە سەیروورەتی خوڵقاندنی لە هەناوی منه‌دا پەرە پێ‌دا، من نەگەڕامەوە ئەو کوردستانەی کە بەجێم هێشتبوو، کوردستانی ئێستا مەیدانی خەبات، پێشمەرگە، چەک و فیشەک بوو بە دژ داگیرکەر، تێگەیشتن لەو فەزا و کەشەش بۆ من هەر لەڕێی موزیک و هوونەری گۆرانێوە بوو، دەنگەکانی شۆڕشی کوردستان: ڕەزازی، جەزا، نەجمەی غوڵامی و دواتریش تاهیر خەلیلی ئەم بوونە کوردانە داڕێژراوەری لە هەناوی منا لەگەڵ شۆڕشی کوردستان گرێ داوە. هوونەر بوو بە ئامرازی خوڵقاندنی من و جیهانێک پڕ لەشۆڕش و نەتەوە، بوو بە ڕایەڵی تێگەیشتن و فامی جیهانێک کە وەک جیهانی شۆڕش، خەبات‌و کوردایەتی پێناسەدەکرا و دەکرێت. لەڕاستی‌دا هوونەری گۆرانی و مۆزیک ببوونە ڕوحی‌نەتەوەیی، خوڵقینەری دێمۆگرافیەکی کۆمەڵایەتی بوون لە هەناوی تاکی کوردا کە سنووربەندێکی پۆڵایین و قایمی هەبوو لەگەڵ ئەم فۆڕماسیونە جەعلی‌و دەسکردەی‌کە ئەوی‌تری دژەکورد دایڕشتبوو، مۆزیک و گۆرانی کوردی ڕێک بەرگێڕەوە، هەڵگێڕەوە، ڕاپەڕێنەر بوو، بەری‌گرتبوو بە پەرە و سنووربەزاندن و داگیرکارێکانی ئەویهتری دژەکورد و تاکی کوردی هەڵگێڕابوە لە فۆڕمێکی دەسکرد بەرەو فۆڕمێکی لۆکاڵی و ڕاپەڕینەر بوو بە دژ ئەو داگیرکەرەی حەولی پێش‌گرتن بە دەرکەوتنی خودێکی سەربەخۆی کوردانەی دەدا.

بێ‌گومان هوونەری کوردانە و هوونەرمەندی کورد لەوەها کەش و هەوایەک‌دا بەمانای بوونێکی ناو ژینگەیەکی ڕواڵەتی کە بە زمانی کوردی وەک دیاردەیەکی ڕواڵەتی گۆرانی دەکووت نیە، بەڵکە هوونەری کوردانە یانی نەخشاندنی جەوهەر و ڕوحی ژینگەیەک کە وەک کوردستان سنووربەندی دەکرا و چڕینی مێلۆدی و شێعرگەلێک کە جوغرافیای وینا و ڕووحی کوردانەی تیا نەخشاوە. ئا ڕێک لەو کات و بەستێنە دایە کە هوونەر و هوونەرمەند دەبنە ڕووحی نەتەوە و لەگوێن ڕووحی نەتەوە دەردەکەون.

سەرچاوە: هونەرمەند لەگوێن ڕووحی نەتەوە (بەبیانووی کۆچی دوایی هونەرمەند تاهیر خەلیلی) – ماڵپەڕی فەرمیی ماملێ (mamle.net)

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی