۱۴۰۲ آبان ۱۴, یکشنبه

کوردستان لە غیابی شارستانیەتی‌کلتووری









شاهۆ حوسێنی

مارگارێت‌مید ئانترۆپۆلۆژیستی‌کلتووری، مرۆڤ‌ناسێکی بەناو بانگی ئەمریکیە، مید وەک کۆمەڵناسێکی کلتووری پێوەندێکی قوڵ دەبینێت لەنێوان بنەما کلتوورێکان واتە دیاردەزەینێکان لەگەڵ دیاردەڕواڵەتێکان‌کە وەک دیاردەڕواڵەتێکانی شارستانییەت‌و کۆمەڵگا پێناسەدەکرێن. ئەگەر مرۆڤ‌ناسی فیزیکی توێژینەوە لەسەر دیاردە بایولۆژیکانی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕیە فیزیکی و جەستەییەکانی مرۆڤ دەکات، یان مرۆڤ‌ناسی‌زمانی باسی توانایی زمانی مرۆڤ بۆ پێوەندی‌گرتن لە هەموو بوارەکان‌دا دەکات، یان کۆنینەناسی شرۆڤەی پێشینەی‌مرۆڤەکان لە پێش‌و پاش میژوو دەکات، ئەوا مرۆڤ‌ناسی کلتووری تیشک دەخاتە سەر دیاردە کلتوورێکان، نیزام‌گەلی کلتووری و نیزام‌گەلە نومادینەکان و کارتێکەریان لەسەر کردەوەی‌مرۆڤەکان شرۆڤە دەکات.

مید ئەو کاتەی لە زانکۆی کلۆمبیا مامۆستای بوو، خوێندکارێک پرسیار لە دەست‌پێکی شارستانییەت دەکات و لە مید دەپرسێت کە بەباوەڕی ئەو یەکەم دەرکەوتەی کە دەرخەر و دەست‌پێکی شارستانییەتە چیە؟ دیارە ئەو کات‌و ئێستاشی لەگەڵ بێت کە باس لەشارستانییەت دەکرێت، کەڵک وەرگرتن لە ئاگر، پەرەی کشت‌وکاڵ، کەڵک‌وەرگرتن لە بەرد و دار بۆ ڕوا، دەرکەوتنی کەرەسەمەسی، دەرکەوتنی سواڵەت و قاپ‌وقاچاغی گڵێنە وەک سەرچاوەی دەرکەوتنی شارستانییەت دەناسێنن. هۆکارەکەشی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە ئەم کەرەسانە مرۆڤ لە ئاژەڵەکان جیا دەکاتەوە. وڵامی مید بەم پرسیارە بەڵام جیاواز بوو، ئەو لەجیات گرینگی‌دان و پێ‌داگری کردن لەسەر دیاردە ڕواڵەتێکان واتە ڕەق‌ئامێرەکان، لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە کلتوور واتە نەرم‌ئامێرەکان گرینگ‌ترین دیاردەی تێپەڕین بەرەوە شارستانییەت بوون. مید دەڵێت کە یەکەم هێما و دیاردەی شارستانییەت لە کلتورری سەردەمی کۆن‌دا ئێسکی ڕانی مرۆڤە کە ١٥٠٠٠ ساڵ بەر لەئێستا ژیاوە، ئەم ئێسکە هی مرۆڤێکی لاق‌شکاو بوە کە ئێسکەکەی جۆشی خواردۆتەوە و وێک‌کەوتۆتەوە.



شارستانییەت:

شارستانییەت هێماو سێمبۆلی کۆمەڵگایەکی مرۆیی پێشکەوتوویە، بارودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلتووری لەودا لە بەراورد لەگەڵ سەردەمی بەر لە دەرکەوتنی کۆمەڵگا ئاڵوگۆڕی و پێشکەوتنی بەسەردا هاتوە، مرۆڤەکان ڕاهاتوون لەتەک مرۆڤەکانی‌تر وەک بوونەوەری هاوشێوەی خۆی ڕێک‌کەوتن بکات بۆ ژیان‌و پێکەوەژیان، یاریدەی یەکتر بکەن، پشتیوانی لێك‌تر بکەن و ئاگاداری یەکتر بن، گرینگ‌ترین‌دیاردەکانی شارستانییەت لەڕوانگەی‌کۆمەڵناسەکان‌دا بریتیە لەدەرکەوتنی نیزامێکی حکوومی و دەسەڵات، توێژبەندی کۆمەڵایەتی، دابەش‌کاری ئەرک، سیستمی پێوەندی هێمایی( بۆ وینە نووسین و خەت) و دیاردەگەلێکی‌تر کە مەجالی پێکەوە ژیان و دەوامی پیکەوە ژیانی مرۆڤەکان مسۆگەر دەکات و پەرەی پێ‌دەدات. شارستانییەت بەباوەڕی مید بەڵام سەرەتا لە دیاردە زەینێکان‌دا دەردەکەوێت، گۆڕانی ڕوانگەی مرۆڤ وەک بوونەوەر لە بەرامبەر ئەو بوونەوەرەی‌تر وەک مرۆڤ کە لەگەڵیا لە نیزامێکی کۆمەڵایەتی‌دا دەژیت. وڵامی مید بە خوێندکارەکەی ڕەنگە سەیر بێتە بەرچاو، مرۆڤ لە خۆی دەپرسێت کە چ پێوەندیەک لە نێوان ئیسکێکی شکاوی وێک‌هاتوو و ساڕێژ بۆوە و دەرکەوتنی شارستانییەت هەیە؟ مید لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەگەر بوونەوەرێک لاقی بشکێت لانی‌کەم چل ڕۆژی پێویستە بۆ ساڕێژ بوونەوە و وێک‌کەوتنەوە ئێکسکەکە، هەر بۆیەش هیچ بوونەوەرێک دەوام ناهێنێت تا ئێسکی شکاوی ساڕێژ بێتەوە، ئەمەش بە دوو هۆکارە: یەکەم ئەوەکە ناتوانێ بەشوێن خۆراک و ئخواردنەوەدا بگيڕێت، ڕاو بکات و بیخوات، دووهەم ئەوەکە بەهۆی پەککەوتەیی هەر زۆر دەبێتە خۆراکی بوونەوەوەرە دڕندەکانی‌تر.

ئەم ئێسکە شکاوەی کە ساڕێژ بۆتەوە لەڕاستی‌دا شاهیدی ساڕێژ بوونەوەی مرۆڤێکی بریندارە و ئەمەش نالوێت مەگەر کەس یان کەسانێک پەرستاریان لێ‌کردبێت، کەس یان کەسانێک ئاگاداریان لێ‌کردبێت، کەس‌یان کەسانێک ئەویان پاراستبێت. خۆراک و ئاویان بۆ دابین کردبێت. بەباوەڕی مید ئەمە سەرەتای گۆڕانی ڕوانگەی مرۆڤەکانە لە هەمبەر ئەو مرۆڤانەی کە لەگەڵیان‌دا ژیاون و ئەم ئاڵوگۆڕیەش بەمانای جیابوونەوەی مرۆڤ لەجیهانی وەحشی و ڕوو کردن لە جیهانی کلتووریە،کە وەک شارستانییەت باسی‌لێوەدەکرێ. دەشێ بگوترێ کە دەرکەوتنی ئاگاداری، پاراستن و پشتیوانی لەناو مرۆڤەکان‌دا وەک کۆمەڵگایەکی وەحشی لە جیهانی کۆن‌دا، خاڵی دەست‌پێکی شارستانییەتە.

ئەم دیاردە کلتووریەی کە مید وەک سەرەتای‌شارستانییەت باسی لێوەدەکات دەشێ‌وەک تووخم لەناو فەلەسەفی مۆدێڕن‌دا دیاری بکرێت، کاتێک دێکارت باس لە مرۆڤی سووژە دەکات، لەڕاستی‌دا ئاماژە بە ئاڵوگۆڕی لە زەین، کلتوور و متمانە بە عەقڵی مرۆڤەکان دەکات، ئەم سەرچاوەیەی کە ئاڵوگۆڕی لەودا بەباوەڕی مید مەجالی دەرچوون لە جیهانی وەحشی دەڕەخسێنێت و لە ئەندیشەی دێکارت‌دا دەبێتە هەوێنی جیهانی مۆدێڕن، مرۆڤی سوژە و شەرعییەتی سوژە جیاوازەکان و مرۆڤ لە جیهانی نەریتی‌ دەردەخات. لە دیالێکتیکی هێگل‌دا دەبێتە ئەم دیاردە دژ بەیەکانەی کە بەیەکەوە مەجالەکانی پێکەوە ژیان دەڕەخسێنن، پەرەی پێ دەدەن و بوونێکی مۆدیڕن بەناوی نەتەوە دەردەخەن. واتە دەرکەوتنی مرۆڤی پارێزەر و بەرپرس لە جیهانی‌کۆن‌دا دەگاتە مرۆڤی سەربەخۆ و بیرمەندی دێکارتی و ئەویش دەگاتە نەتەوەی بیرمەندی هێگێلی. لەڕاستی‌دا توخمی سەرەکی ڕوانگەی مید، دێکارت و هێگل بوونی دژبەر و پاراستنی دژبەرە لەڕێی قوربانی کردنی بەرژەوەندی گەلێکی کورت خایەن بە مەبەستی وەدەست هێنان و پاراستنی بەرژەوەندی درێژخایەن و ستراتژیکە.

 

کورد و شارستانییەت‌کلتووری

ڕۆژهەڵاتی‌ناوین‌ ئەو بەستێن‌و جوغرافیایەی‌کە کوردستان‌ وکوردی تیا هەڵکەوتوە کۆمەڵگایەکی تێئۆلۆژیکە، بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا کە کۆمەڵگایەکی هزری و فەلسەفیە. بنەڕەتی‌ترین جیاوازی ئەم جیاوازیە، گنخان، نەگۆرێ‌و پیرۆزی لەڕۆژهەڵاتی‌ناوین‌ وسەیروورەت، ئاڵوگۆڕی‌وگەڕیان لەڕۆژئاوایە. تێئۆلۆژی شەرعییەتێکی بان زەوینی بۆ مۆنۆلۆگ بوون، یەک‌پارچەکردن و یەک‌گرتویی لەڕێی جیاوازی سەڕینەوە دەدۆزێتەوە و ڕۆژئاوا شيرعییەتی مرۆیی بۆ جیاوازی، دژایەتی و پلۆرالیزم چێ دەکات. کوردستان و کوردیش وەک بەشیک لەو کۆمەڵگایە و جوغرافیایە تووخمەکان و دیاردەکانی نەریت و کلتووری تێئۆلۆژیکی بە چری و بەخەستی پێوە دیارە. لەڕووی‌کۆمەڵایەتێوە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی عەشيیرەییە لەغیابی جیهانێکی نەزەری‌و زەینی‌کە  لەلایەک زەینی‌مرۆڤی‌عەشیرەیی بگوازێتەوە بەرەوە دەروەستی و بەرپرسیارێتی لەحاند نیزامێکی ئەوپەڕ عەشیرەیی بەناوی نەتەوە و لەلایەکی‌تر ببێتە ڕایەڵی لێک‌گرێدەرەوەی نیزامە پێش‌نەتەوەییەکان. کلتوور و خسلەتی عەشیرە بە لەبەر چاوگرتنی کلتووری زاڵی تێئۆلۆژیک بەرهەم‌هێنی مرۆڤی بێ ئیرادە، گوێ ڕایەڵ و دامرکاو لەناو جیهانی زەینی عەشیرەدایە، هەر ئەم دیاردەیەشە کە بەربەست بوە لە دەرکەوتنی نیزامی هزری، مەعریفی و فەلسەفی لە کوردستان، مرۆڤی عەشیرەیی بەهۆی پارێزراو بوونی لەناو بازنەی عەشیرەدا پێویستی بە بیرکردنەوە، داڕشتنی ئایدە و ئەندێشە نەبوە، بەتایبەتی بەهۆی کۆچەری بوون و غیابی نیشتەجێی، ژێئۆپۆلەتیکی شاخاوی، دەرنەکەوتنی بۆرۆکراسی و غیابی‌سیستمی حوکمرانی دامەزراو و چەسپاو، نەبوونی ئەڕتەشی ڕێک‌وپێک، غیابی‌نیزامی پارێزەرەی مسۆگەر، مرۆڤی کوردی هەستی بە زەروورەت و پێویستی بە جیهانی هزری و ئەندێشە نەکردوە، بۆیەش بە درێژایی مێژوو هیچ ئاڵوگۆڕیەک لە جیهانی زەینی مرۆڤی کوردی‌دا، لە کلتووری پێکەوە ژیان لەغیابی ڕوانگەیەکی‌کوردانە بۆ پێکەوەژیان ڕووی نەداوە، ئەوەی بەدیش‌هاتوە یان بەرهەمی داسەپاوی لەلایەن هێز و لایەنێکی دەرەکی بوە یان بەرهەمی ئاگایی‌و مەعریفەتێکی‌دەرەکی و غەیرەکوردانە بوە.

لەپاش دەرکەوتنی ئاڵوگۆڕی بەڕواڵەت مۆدێڕن و نوێ لە کوردستان و لەژێر کارتێکەری دەرکەوتنی دەسەڵاتە شێوە مۆدێڕەنەکان لە ڕۆژهەڵات، ئەگەرچی بنەماکانی نیزامی کۆمەڵایەتی عەشیرەیی لەکوردستان لاواز بوو، بەڵام کلتوور و دیاردە نەرێتێکانی عەشیرە گوازرانەوە ناو ڕێکخراوە و پێکهاتە کوردێکان: بەرهەم‌هێنانی مرۆڤی گوێ‌ڕایەڵ، جیاوازی سڕینەوە، نیزامی هێڕاڕشیک، پیرۆزی بەخشی، داسەپاندنی فۆڕمێک ئاگایی و تێگەیشتووی، پێش‌گرتن بە ئاگایی و تێگەیشتووی جیاواز. ئەمانە لەڕاستی‌دا درێژی هەمان نەریتی کۆن و داسەپاوی ئایینی بوون کەلەڕەوتی ژیان‌و دەرکەوتنی هێز و هێژمۆنی عەشیرە لە کوردستان دووپات و سەرلەنوێ بوونەوە، لەڕاستی‌دا ئاڵوگۆڕێکان بە پێچەوانەی ئەم ئاڵوگۆڕییانەی کە مید وەک شارستانییەتی کلتووری پێناسەیان دەکات، لە ناو ئیمەی کوردا تەنیا ڕێتۆرێک و ڕواڵەتی بوون کلتووری نەبوون، واتە کلتوورەکان بە مانای ئاڵوگۆڕی لە روانگەکانی مرۆڤ، ئاڵوگۆڕی لە شێوازەکانی روانین لە مرۆڤ هیچ ئاڵوگۆڕێکیان بەسەردا نەهات، بە هۆی ئەوەکە ئەساسەن ئێمە لە غیابی ڕوانگەی لۆکاڵی وەک بەرهەمی ژیانی هاوبەشی مرۆڤی کورد لەگەڵ‌ژینگەی سرووشتی و بەرهەم هێنانی تەفسیر و شرۆڤەیەکی زەینی لە خۆ، سرووشت و جیهان، مووچەخۆری ڕوانگە دەرەکێکان بووین، ئەم ڕوانگانە بە هۆی هێژمۆنی نیزامی، سیاسی و ئابووری ڕەنگ و بۆنی کلتووری بەخۆیەوە گرت و بنەماگەلێکی کلتووری لەناو ئێمەدا بەرهەم‌هێنا کە کوردانە نەبوون، هەر بۆیەش ئەم کلتوورەی بەرهەم هات کوردانە نەبوو، کەواتە بۆشایی کلتووری گرینگ‌ترین بۆشایی و دیاردەیە کە وەک بەربەست مەجالی دەرکەوتنی شارستانییەتی کلتووری کوردانەی نەداوە. سێ کووچکەی: فاشیسمی ڕەچەڵەکی(پان‌ئێرانیسم، پان‌عەڕەبیسم و پان‌تورکیسم)، فاشیسمی ئایینی(پان ئیسلامیسم) و فاشیسمی ئادیۆلۆژیک(ئۆرتۆدۆکسیسم) وەک بەربەست مەجالی دەرکەوتنی شارستانییەتی کلتووری بە مانای مەجالی پێکەوە ژیانی دژبەرەکان، دژایەتێکان، جیاوازێکان و بەگشتی پلۆرالیزمیان بە کۆمەڵگای کوردی نەداوە. ڕەنگە کەسێک لە ڕوانگەی ڕواڵەتی‌دا خۆی بە نەتەوەخوازێکی کورد بزانێت، بەڵام لە کلتووردا ڕێک کارتێکەری خەستی فاشیسمی ئایدۆلۆژیک و کلتووری پان ئیسلامیسمی پێوە دیار بێت، واتە بنەڕەتی‌ترین تووخمی هەمووی ئەوانە کە پاوانخوازێتی کلتووری یانی خۆ وەک مافی ڕەها بینیین و شەرعییەتی سڕینەوەی ئەوی‌ترە لەناو نەتەوەخوازێکی کوردیش‌دا بەخەستی بوونی هەبێت، ئەمەش دەرخەری ئەم ڕاستێیە کە کورد لە غیابی ڕوانگەیەکی زەینی لۆکاڵی لەمەر خود، مرۆڤ و شێوازی پیوەندی ئەم دیاردانە حەولی بنیادنانی کۆگشتییەک بەناوی نەتەوە دەدات، لەسەر ئەساسی حەول بۆ یەکدەست کردنی هەموان لەگەڵ خۆی، پاکاوتەکردنی ئەوی‌تر و سەپاندنی فۆڕمێک ئاگایی و پێش‌گرتن بە دەرکەوتنی ئاگایی جیاواز.

 

 


ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی