۱۴۰۱ دی ۱۶, جمعه

کۆژیتۆی کوردی

 


 (من کوردانە بیردەکەمەوە، کەوابێ هەم)

شاهۆ حوسێنی

 

لەبڕی پێشەکی:

کورد لە کوردستان وەک بوونێک زۆربەی کات لەنێوان سێ بوونی کلۆنیالیستی‌ ئیسلامی، لێنینیستی و کەماڵیستی، ئێرانستی و عەرەبیسم‌دا گێژی خواردۆتەوە، واتە حەولی داوە بوونی خۆی، کێشە و قەیرانەکانی و مسۆگەر بوونی لەڕێی ئەم زەینە کلۆنیالیستیانەدابخوێنێتەوە و چارەسەریان بکات، ئەمە لەکاتێک‌دایە کە گرینگ‌تیرین تایبەمەندی نیزامی ئێپیستمۆلۆژی(مەعرفەت‌ناسی) ئەم زەینانە، ڕوانینی ئۆبژێکتیڤیستیانە بە نیسبەت کورد، کێشەی کورد و بوون‌ناسی کوردە. ئەوان بە بەردەوامی حەولی سڕینەوەی کورد وەک بوون دەدەن لەڕێی تواندنەوەی کورد لەناو ئەو شووناس و چوارچێوە زەینیەدا کە بوونێکی مەسخ‌کراو لە کورد دەردەخات. ئەم زەینە کلۆنیالانە حەول دەدەن لەڕێی بەرگرتن بە دەرکەوتنی کۆژیتۆی کوردی و سەپاندنی کۆژیتۆی ئیسلامی، لێنینستی، کەمالیستی، ئێترانیستی و عەڕەبی بوونێکی دەسکرد، دەستەمۆ و ملکەچ لە کورد بەرهەم بهێنن. واتە لەڕێی داگیرکردنی زەینی و مەعریفی کورد، بەتاڵ کردنی کورد وەک بوون لە کۆژیتۆی کوردی و نێوئاخن‌کردنی بە زەینێکی دەرەکی داگیرکەر، سەربەخۆیی لە کورد داماڵن و بەر بگرن بە دەرکەوتنی بوونێکی سەربەخۆ لە کورد. واتە لەڕیی بەرگرتن بە دەرکەوتنی کورد وەک بیر، زەین و فەلسەفە بە مانای ئەندێشەی لۆژیکی و پاساوکەری فۆرمێک لە بوون  یان کۆژیتۆی کوردی بە مانای بوونێکی خۆپێناسەکەر، خۆدەرخەر و خۆڕێکخەری سەربەخۆ، بەر دەگرن بە سەربەخۆیی کورد لەبوارەکانی تری کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتووری و ئابووری. ئا لێرەڕایە کە گریگنایەتی کۆژیتۆی کوردی دەردەکەوێت و پێویستە تیشکی بخرێتە سەر و شرۆڤە بکرێت.

 

 

کۆژیتۆ دەست‌پێکی سەربەخۆیی:

کۆژیتۆ دەست‌پێک، بنەما و ئەساسی هەستیە، کە لەو ڕا مرۆڤ وەک تەنیا سوژەی ڕاستەقینە بەو هۆیەوە کە مرۆڤ بیردەکاتەوە و لەڕیی بیرکردنەوە خۆی، ئەوی‌تر و جیهان دەردەخات، دەردەکەوێت، واتە لەڕێی کۆژیتۆ مرۆڤ دەگاتە ئەو پلە و بایەخە وەک سوژە کە هەموو بوونەکانی‌تر بوونایان دەروەست بە بوونی مرۆڤە. کۆژیتۆ لەڕێی "من بیردەکەمەوە"ڕا دەردەکەوێت، ئەو ئەندێشە، زەین و هزرەی کە پێ داگری دەکات لە ڕەسەنایەتی، هێز و حزووری مرۆڤ وەک تەوەرە و ناوەندی جیهان بەگشتی.

 لەڕاستی‌دا لەڕێی منی بیرمەند و منی بیرکەرەوەڕایە کە هەم خۆم وەک جیسم و هەموو جیهانی دەرەوەی من مەجالی دەرکەوتن و مسۆگەر بوون پەیدا دەکەن. بەگشتی دەشێ بگوترێ مرۆڤ بە بیرکردنەوە و بە دەرکەوتنی"من بیردەکەمەوە" دەور و نەخشیکی تەوەرەیی لەناو هەموو بوونەکانی‌تردا بۆخۆی مسۆگەر کرد و لەڕێی چەمکی "من بیردەکەمەوە کەوابێ هەم" سەرکەوتنی منی مرۆڤ و پێگەی منی مرۆڤ کە لەخۆگری سەربەخۆیی منە بەسەر بوونەکانی‌تردا مسۆگەر دەبێت. بێ گومان ئەو یەقینە بە بوونی خود و بە من وەک کۆژیتۆ لە شک و گومانەوە دەست پێ‌دەکات، مرۆڤ لەڕیی گومان خستنە سەر ئەو دیاردانەی کە ئەو لەخۆ دەگرن، پێناسەی دەکەن و شووناسی بۆ ساز دەکەن، دەتوانێ بە خودی ڕاستەقینە و خۆبنیادنەری بگات، مرۆڤ لە ڕێی گومان خستنە سەر ئەو شووناسە داسەپاوەی کە ئەوی‌تری پاوانخواز، داگیرکەر و داپڵۆسێنەر بە سەری‌دا سەپاندەوە دەگاتە خودی گەوهەری و ڕاستەقینە. بەو پێیە دەشێ بگوترێ کە دەرکەوتنی من وەک کۆژیتۆ بە مانای منی خاوەن هزر و ئەندێشەی سەربەخۆ وەک بەرهەمێکی لۆکاڵی منی ڕەخسیو لە جەغزی ئەوی‌ترە کە ڕێگا بۆ سەربەخۆیی لە بوارەکانی‌تر دەڕەخسێنیت و بنەمای سەربەخۆییەکانی‌ترە.

 

حەولە سەرەتاییەکان بۆ دەرکەوتنی کۆژیتۆی کوردی:

کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدهەم کە هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان، لە لایەن مێقداد مەدحەت بەدرخان، و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی زایینی کە هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان، دەشێ وەک دەست‌پێکی دەرکەوتنی ئاڵوگۆڕی‌ زەینی، حەول بۆ دەرخستنی ڕوانینێکی کوردانە لە کورد، بونیادنانی کوردبوونێکی لۆکاڵی بەدەر لە ڕوانگەی داگیرکەران و یۆریانتالیستەکان، ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و کلتووری لە کۆمەڵگای کوردی‌دا پێناسەبکرێت. بەهۆی ئەوەی کە ئاڵوگۆڕی لە ئیمپراتووڕی عووسمانی بەشێوەی ڕێفۆرمخوازی و بزاڤی لالە و درەکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کۆمەڵایەتییەکان کە بەرهەمی ئاڵوگۆری لە سیستمی فێرکاری، هاموشۆی کۆمەڵانی خوێندکار بۆ ڕۆژئاوای مۆدێڕن، خوێندن لە خویندگا مۆدێرنەکانی ڕۆژئاوادا ئاڵوگۆڕی لە کلتووری کۆمەڵگا و ئەندێشەی کۆمەڵگادا ساز کرد، لەوەها دۆخێک دابوو کە یەکەم کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان دەرکەوتن. کۆڕ و کۆمە ڵەکوردێکان دوو دیاردەی گرینگیان هەبوون، یەکەم ئەوەکە فۆرماسیون‌گەلێکی ڕۆناک‌بیرانە بوون و دووهەم نەتەوەخواز بوون(دووادیاردەی کە وەک بنەما بۆ دەرکەوتنی کۆگیتۆی کوردی دەوری سەرەکی دەگێرن). بنیادنەرانی ئەم کۆڕ و کۆمەڵانە کەسانی خوێندکار و خاوەن هزر و ئەندێشەی نوێ بوون. ئەوان بە حەول و کۆشش بۆ پەرەپێدانی هزر و ئایدیای نوێ لەڕاستی‌دا بەگژ بیر و ئایدیای نەریتی و کۆنی کۆمەڵگادا ڕۆچوون و ڕەخنەگری کلتوور و ئایدیای نەریتی کۆمەڵگا بوون. هەروەها ئەوان بە بنیادنانی کۆڕ و کۆمەڵی کوردی و بزاڤێکی کۆمەڵایەتی بە کردەوە تێکۆشاون و لە کۆمەڵگادا هەنگاویان بۆ وەدیهێنانی ئاڵوگۆڕ هەڵێناوەتەوە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە ئەندێشەی نوێ، کردەوە بۆ ئاڵوگۆڕی و کۆششی مەدەنیانە (ڕەوە و کۆمەڵگا خەبات کردن نەک حەول بۆ دەسەڵات) سێ تایبەت‌مەندی گرینگی ڕووناک‌بیرانن کە لە ڕێکخەڕانی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان‌دا هەبوو.

ئەم ڕەوتە بە زۆر هۆکار و یەک لەوان دەرکەوتنی دەسەڵاتە ئیمپڕیالیتستیە شێوە مۆدێڕنەکانی ڕەزاخانی لە ئێران، کەماڵیستی لە تورکیا، کمۆنیستی و لەپشان بەعسی لە عێراق و سووریا لە تەنیشت پەرە و هێژمۆنی ئایدۆلۆژی، عەقڵانییەت و دەسەڵاتی چەپی لێنینیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هێژمۆنی ئەو ئایدۆلۆژیە لەناو چینی خوێندکار و شێوە ڕووناکبیری کورد، ناکام مایەوە و کۆتایی پێ هات، لەگەڵ ئەوەدا ڕەوتی نەتەوەخوازی حەولی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و بەدواچوونی بۆ مافەکانی کوردی دەکرد، بەداخەوە هێژمۆنی پۆزەیتۆسیم لەناو نەتەوەخوازەکان‌دا هەموو حەول و کۆششەکانی لەناو چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسی‌دا قەتیس کردبوە.

 ئاڵوگۆڕی لەئاگایی تاکی کورد‌دا:

دابڕانی کۆمەڵگای کوردی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئەندێشە و ڕوانگەی نەریتی، دەشێ وەک یەکەم چرۆی فام و خۆئاگایی لەناو تاک و کۆمەڵگای کوردی ببیندرێت، ئەم فام و خۆئاگاییە بەشی زۆری بەرهەمی ئاڵوگۆڕی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووری ئەم ژێئۆپۆلەتیکانە بوو کە لەپاش شەڕی یەکەمی جیهانی کوردیان تیا پارچەکرا و خەونەکانی کورد بۆ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی تیا نێژرا. بێ‌گومان ئەم تێگەیشتن و فامە لەم دۆخە قەیراناویەش بەرهەمی پەرەی خوێندنی نوێ، ڕۆژنامەگەری کوردی و دەرکەوتنی کۆڕ و کۆمەڵە کوردێکان بوو. تێگەیشتن لەوەکە کورد تورک، فارس و عەڕەب نیە و ژینگەی ڕواڵەتی و زەینی ئەو جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەم سێ ژینگەیە لەڕاستی‌دا یەکەم هەنگاوی دەرکەوتنی کۆژیتۆی کورد بوو. بەڵام بەشێکی زۆری قەیرانەکە کە دەگەڕاوە سەر بنیادنانی زەین و کردنەوەی دەلاقەیەکی کوردانەی بەڕوی کێشەکان‌دا هەر ماوەتەوە، کورد لەدرێژەدا لەگەڵ ئەوەدا حەولی دەرخستنی جیاوازی خۆی لەگەڵ ئەوی‌تری تورک، فارس و عەڕەب دەدا، بەڵام ڕێک لەناو جوگرافیای زەینی ئەوی‌تردا خوێندنەوەی بۆخۆی و ئەوی‌تر دەکرد، واتە بەشێک لە نەتەوەخوازانی کورد، حەولی پاساوکردنی نەتەوەخوازیان لە دەلاقەی ئایین‌ڕا دەدا و بەم شێوەیە ئایینخوازی بوو بە چوارچێوەیەک بۆ پەروەردەی نەتەوەخوازی کوردی. کێشەی گرینگی ئەم ڕەوتە لەوەدا بوو کە ئایین وەک زەین و فۆڕمێک لە عەقڵانییەت، هاوردەیەکی عەڕەبی و ناکوردی بوو. بەشێکی‌تری کۆمەڵگای کوردی لە دەلاقەی ئەندێشەکانی چەپ(لێنینیسم، مائۆئیسم و ئانارشیسم) ڕا خوێندنەوەیان بۆ قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردی و یەک لەوان قەیرانی نەتەوەیی دەکرد، ئەم بەشەش بوونە دوو تاقم: تاقمێکیان ئەساسەن نەکۆڵیان لە نەتەوەخوازی دەکرد و وەک دیاردەیەکی بۆرژوازی و ئەمپریالیسمیان پێناسە دەکرد، تاقمی دووهەمیش حەولیان‌دا  چەپ وەک چوارچێوەیەک بۆ پەرەی نەتەوەخوازی کوردی بەکار بێنن، کێشەی ئەم دیاردەیەش ئەمە بوو، کە ئەساسەن چەپ وەک ئەندێشە و زەین هیچ تایبەت‌مەندێکی وێک‌چووی لەگەڵ کۆمەڵگا، ژینگە و تاکی کورد نەبوو، واتە تاک و کۆمەڵگای کورد لە غیابی زەینێکی کوردانە بەر لەوەکە وەک سوژەیەکی کوردی دەربکەون، بوونە ئۆبژە و کەرەسەی بیرۆکەی چەپ.

بەشیکی‌تری کۆمەڵگای کوردی حەولیان دەدا نەتەوەخوازی کوردی لە دەلاقەی زەین، فام و تێ‌گەیشتنی نەتەوەی باڵادەستی تورک، فارس و عەڕەب‌ڕا بخوێننەوە، واتە نەتەوەخوازی تورکی، فارسی و عەڕەبی جیهانێکی مەعریفی و چوارچێوەیەک بوو کە لەودا خەریکی پەروەردەی نەتەوەخوازی کوردی بوون، گرینگ‌ترین کێشەی ئەم ڕەوتەش لەوودا بوو کە ئەساسەن ئەم سێ فۆڕم لە نەتەوەخوازیە هیچ باوەڕێکی بە کۆژیتۆی کورد نەبوو و ئەساسەن ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤیستانەیان بە نیسبەت کورد و ئەوی‌تری خۆیان هەبوو.

 

ئاکام:

بێ‌گومان دەست‌پێکی سەربەخۆیی لە ڕواڵەتی سیاسی‌دا بەرهەمی سەربەخۆیی زەینی، ئاگایی و سەربەخۆیی لە فام و تێ‌گەیشتنە، واتە دەلاقەیەکی مەعریفی بۆ ڕوانیین، شرۆڤە و فامی "خۆد"، "ئەوی‌تر" و جیهان کە بەرهەمی ژینگەی کۆمەڵایەتی "خود" بێت، واتە دەرکەوتنی "کۆژیتۆ" سەرەتا و چەخماخەی هەر فۆڕم لە سەربەخۆییەکە، ئەم کۆژیتۆیە خاوەنی جیهانێکی زەینی و مەعریفیە کە سنووربەندی هەیە لە فام و تی‌گەیشتن لەگەڵ ئەوی‌تر و لە دەرەوەی سنووری زەینی ئەی‌تردا کایە دەکات. کۆژیتۆ وەک خۆی بیردەکاتەوە و سەرەتا ژیئۆپۆلەتیکێکی زەینی و مەعریفی بنیاد دەنێت و هەر ئەمەش دەبێتە نەخشە ڕێگای کردە و کردەوەکانی. لە غیابی کۆژیتۆی کوردی"بوونێکی کە کوردانە بیر دەکاتەوە و لەژێر ڕێنمایی بیری کوردانەی‌دا هەڵس‌و کەوت دەکات" مافی کورد وەک بوونێکی کورد کە نە تورکە، نە فارسە و نە عەڕەب دەستەبەر نابێت.

 

سەچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە: ٨٣٨

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی