۱۴۰۰ مهر ۱۶, جمعه

ژێئۆپۆلەتیکی ئێران، لاوازییکان، هەڕەشەکان و مەترسییکان

 

شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

ژێئۆپۆلەتیک، جوغراسیاسەت واتە دەوری جوغرافیا لە سیاسەت لقێک لە زانستی جوغرافیای سیاسیە کە تیشک دەخاتە سەر پێوەندێکانی نێوان جوغرافیا و سیاسەت و بە ڕوونی باس لە کارتێکەرێکانی جوغرافیا لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوە و ئەهوەنی نەتەوەیی وڵاتێک دەکات[1]. ژێئۆپۆلەتیک لە دوو بەشی ژێئۆ بە مانای زەوی و پۆلەتیک بە مانای سیاسەت پێک‌هاتوە[2].  بۆچوون و ڕوانگەکان لەمەر ژێئۆپۆلەتیک لە نێوان بیرمەندانی زانستی جوغرافی و سیاسەت جیاوازیان هەیە. بیرمەندانی زانستی جوغرافی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ژێئۆپۆلەتیک هەر جوغرافیای سیاسیە، بەڵام بیرمەندانی سیاسی و بەشێکی زۆری بیرمەندانی ژێئۆپلەتیک جیاوازی دادەنین لەنێوان جوغرافیای سیاسی و ژێئۆپۆلەتیک. لە ڕوانگەی بیرمەندانی سیاسی ژێئۆپۆلەتیک بریتیە لە شرۆڤەی کارتێکەرێکانی تایبەتمەندێکانی جوغرافیای لەسەر کردەوەی دەوڵەتەکان، واتە شرۆڤەی ئەوەکە چلۆن پێگەیەکی مەکانی، سەرچاوە سرووشتێکان و دانیشتوانی وڵاتێک کە لەهەناوی ئەوان‌ڕا دەوڵەتێک دەرکەوتوە بژاردەکانی سیاسەتی دەرەوە دیاری دەکەن و کارتێکەریان لەسەر سیاسەتی دەرەوە، پێگەی ئەم وڵاتە لە نیزامی پێوەندێکانی نیونەتەوەیی و دەوری ئەم وڵاتە لە نیزامی نێونەتەوەیی هەیە[3].

دۆخی ژێئۆپۆلەتیکی ئیران:

ئێران وڵاتێکە کە لە ڕۆژئاوای باشووری ئاسیا و لەناوچەی ژیئۆئیستراتژیک-ژێئۆئێکۆنۆمیکی رۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەی کەنداو هەڵکەوتوە کە وەک پردی سێ قوڕنەی ئاسیا، ئەوڕووپا و ئەفریقا دێتە هەژمار. ئێران لەپاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی و لەچوارچێوەی ستراتژی بەرگێرەوەی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو بۆ ئەمریکا گرینگایەتێکی ژێئۆستراتژیکی هەبوو. لە دەرەجەی یەکەم ئێران جوغرافیایەکی نێونجی لەنیوان سۆڤییەت و کەنداو بوو کە پێشی دەگرت بە داگەڕانی سۆڤییەت بۆ باشووری خۆی، واتە ئێران دەورێکی بەرچاوی هەبوو لە پێش‌گرتن بە هەڕەشەکانی سۆڤییەت بۆ سەر ناوچەی کەنداو[4].

شرۆڤەی سووچەکانی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران بە لەبەرچاو گرتنی جیاوازی لە چوارسووچی ئەو بێ‌گومان باشتر دەتوانێ دۆخی گشتی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران دەربخات.

1-                دۆخی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران لە سووچی باکوور

باکووری ئێران لەمێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتە بەهۆی جیرانەتی لەگەڵ سۆڤییەت و بەر لەویش کێشە و قەیران‌گەلێکی درێژمەودا لەگەڵ ڕووسیا کە بوو بەهۆی دابڕانی بەشێکی بەرچاو لە ئێران بەپێی بڕیاڕنامەکانی گوڵستان، تورکەمانچای، ئاخاڵ، پاریس گرینگایەتێکی تایبەتی هەبوە، لە گەرمەی شەڕی دووهەمی جیهانی دوو دەوڵەتی ئازەربایجان و کوردستان دەرکەوتن و ئەمەش نیشان دەری ڕێژەی قوڵی کێشە و قەیرانی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران دایە. لەپاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت هێژمۆنی و بەرژەوەندێکانی ئێران لەو ناوچەیە بە تایبەت لە زەریای خەزەر کەم بۆوە و هەتا ئێستاش ڕژێمی حقوقی زەریای خەزەر بە تەواوەتی دیاری نەکراوە و هەر بە هەڵپەساری ماوەتەوە و بەشی ئێران هێشتا دیاری نەکراوە. تا بەر لە دەرکەوتنی وڵاتانی ئازەربایجان، قەزاقستان و تورکەمەنستان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن لێڕەوار لەو زەریا، ئەم زەریایە لەنێوان ئێران و ڕووسیا دا کەڵکی لێ وەردەگیرا. گرینگایەتی باکووری ئێران بە تایبەتی لە ماوە چەند ساڵی ڕابڕدوو زۆر زیاتر بوە، کاتێک لەپاش شکەستی ئازەربایجان لە ئەرمەنستان و لەدەست دانی قەرەباغ، ئەم وڵاتە پێوەندێکانی لەگەڵ ئیسرائیل پەرە پێ‌دا و بەم شیوەیە ئیسرائیلی کردە جیرانی سنوورەکانی ئێران، ئازەربایجان لە درێژەدا بە پشتیوانی ئیسرائیل و تورکیا توانی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ شکەست بە ئەرمەنستان بێنێت و بەشێکی بەرچاو لە قەرەباغ داگیر بکاتەوە و بەم شێوەیە هاوسەنگی هێز لەو ناوچەیە و دەشێ بگوترێ لە ناوچەی قەوقاز لە بەرژەوەندی خۆی و تورکیا بگۆڕێت، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە ئێران نزیکایەتێکی زیاتری لەگەڵ ئەرمەنستان هەیە و هەمیش بەهۆی بوونی ئیسرائیل لە جیرانەتی سنوورەکانی خۆی تووڕەیە. لەوەها دۆخێک‌دا کە کێشەکانی نێوان ئازەربایجان و ئێران بەهۆی گوشارەکانی ئازەرابیجان بۆ سەر بازرگانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەرمەنستان تەشەنەی ئەستاندوە، ئێران دوو مانۆڕی سەربازی لە سنووری خۆی لەگەڵ ئازەربایجان بەڕێوە بردوە و ئازەربایجانیش  لە نەخجەوان لەگەڵ تورکیا مانۆڕی نیزامی بەڕێوە دەبات

2-                دۆخی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران لە سووچی باشوور

باشووری ئێران لەخۆگری لێڕەوارەکانی ئەو وڵاتەیە لەسەر کەنداو و زەریای عوومان، ئەو ناوچەیە گرینگ‌ترین و ستراتژیک‌ترین ناوچەی جیهانە بەجۆرێ کە ٣٠ لەسەدی نەوتی جیهان لە کەنداوڕا لەڕێی گەرووی هورمۆز بەرەو زەریای عوومان و جیهان ترانزیت دەکرێت. لەڕاستی‌دا ٦٥ لەسەدی نەوتی جیهان و ٢٨ لەسەدی گازی جیهان لە کەنداو هەڵکەوتوە و هەر ئەمەش وای‌کردوە کە ئەم ناوچەیە وەک ژێئۆپۆلەتیکێکی ژێئۆئێکۆنۆمیک پێناسە بکرێت و بە درێژایی میژووی هاوچەرخ پێی زلهێزەکانی جیهانی بۆ پاراستنی ترانزیتی نەوتی ئەم ناوچەیە بۆ ڕۆژئاوا بۆ ئەم ناوچەیە ڕاکێشاوە. درێژایی لێڕەوارەکانی ئێران لە سەر کەنداو و زەریای عوومان ٤٠٢٣ کیلۆمێترە. لەپاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و دەست پێ‌کردنی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێڕاق و کێشەکان لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا، ئەم ناوچەیە کێشە و قەیران گەلێکی بەخۆیەوە بینیوە، شەڕی نەوت هەڵگرەکان لە شەڕی هەست ساڵە، پێکرانی فرۆکەی ئەیرباسی ئیرانی، قوڵتر بوونەوە کێشەکانی ئێران و وڵاتانی عەڕيبی ناوچەی کەنداو بە هۆی زێدەخوازی و حەولەکانی ئێران بۆ پەرەی هێژمۆنی شیعە لەڕیی ئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی عەڕەبی و بەرهەم‌هێنانی ڕێکخراوە تێرۆریستیە نیابەتێکان و لەم دوایانەش‌دا هێرش بۆ سەر چەند کەشتێکی ئیسرائیلی، بەریتانی و کۆریای باشوور، پێکانی فرۆکەیەکی بێ‌فرۆکەوانی ئەمریکی، لێدانی پاسدار قاسم سولەیمانی سەرۆکی قەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، گرینگایەتی ئەم بەشە لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێرانی بە ڕوونی دەرخستوە، لەڕاستی‌دا ئەم بەشە لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێران چەق و ناوەندی پەرەی هێژمۆنی ئێران لە ناوچەیە.

3-                دۆخی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران لە سووچی ڕۆژئاوا

ڕۆژئاوای ئێران لە باکوور را بگرە تا باشووری ئەمە بەشە لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێران لەخۆگری جیرانێتی تورکیا و عێراقە، پێوەندێکانی ئیران و تورکیا هەرچەند بە نیسبەت لە ڕابڕدوودا کەم کێشە بوە، بەڵام لەپاش دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی کێشە و قەیرانی بەخۆیەوە بینیوە. حەولەکانی تورکیا بۆ پەرەی هێژمۆنی و دەست ڕاگەیشتن بە ئەم وڵاتانەی تازە بە سەربەخۆیی گەیشتوو لەپاش ڕووخانی سۆڤییەت کە خاوەن زمان، ڕەچەڵەک و کلتووری هاوبەشن لەگەڵ تورکەکان و لە ڕوانگەی ناسیونالیستەکانی تورک بەشێک لە کلتووری تورانین، پێوەندێکانی تورکیا و ئیسرائیل، پەرەی هێژمۆنی تورکیا لەڕێی نیزیکایەتی لەگەڵ ئازەربایجان لە قەوقاز، هێرشە تووندەکانی تورکیا لە قەیران یەمەن‌دا بۆ سەر ئیران و حەولەکانی بۆ هێژمۆنی لەم وڵاتە، لایەنگری ئێران لە دەسەڵاتی ئەسەد و پشتیوانی تورکیا لە ڕیکخراوە بناژوێخوازەکانی دژبەری ئەسەد پێوەندێکانی ئێران و تورکیای سارد کردۆتەوە.

پێوەندێکانی ئێران و عێراق لە سەردەمی حەمەڕەزای پەهلەوی و تا بەر لە بڕیارنامەی ئەلجەزایر ئاڵۆز و ڵێل بوو، بەڵام لەپاش ئەم ڕێکەوتنە ئاسایی بۆوە و هەر لەپاش ئەم ڕیکەوتنە شای ئیران پشتی کوردەکانی بەر‌دا و شکەستی بە شۆڕشی نەتەوەخوازانەی کورد هێنا. لەپاش دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی شەڕێکی قورسی هەشت ساڵە هاتە ئاراوە و ئەم سووچە لە ژێئۆپۆلەتیکی ئیران یەکێک لە قەیراناوی‌ترین بەشەکانی ئێران بوو، هەم بە هۆی شەڕی هەست ساڵە و هەم بەهۆی شۆڕشێکی بەربەرینی نەتەوەخوازنە لەلایەن کوردەکانەوە. لەپاش تێکچوونی دەسەڵاتی سەدام و هێژمۆنی شیعەکان دۆخەکە لەبەرژەروەندی ئیران و بەدڵخوازی ئیران تا ڕادەیەک پێشکەوتی بەخۆیەوە بینێوە و ئێران توانیوێتی هێژمۆنی خۆی لە باشوور و ناوەندی عێراق پەرە پێ‌بدات.

4-                دۆخی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران لە سووچی ڕۆژهەڵات

ڕۆژهەڵاتی ئێران جیرانەتی دوو وڵاتی پاکستان و ئەفغانستان لەخۆ دەگرێت. بە هەر ریژەیەک پێوەندێکانی نیوان ئێران و پاکستان کەم کیشە و قەیران بوە، بە هۆی میژوویەکی پڕ لە شەڕ، قەیران و کێشە لە ئەفغانستان، پێوەندێکانی ئێران و ئەم وڵاتە لە هەڵکشان و داکشان و قەیران دابوە، ئێران تا بەر لەڕووخانی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی لەم وڵاتە خانەخۆێی موجاهیدنی موسوڵمانی ئەفغانستان بوو کە لەلایەن ئەمریکاوە و لەژێر گەڵاڵەی هێنری کیسینجێر پشتیوانی دەکران و پڕ چەک کرابوون بۆ شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمۆنیستی و هێژمۆنی سۆڤییەت لەم ناوچەیە، لەپاش دەرکەوتنی تالیبان، ئێران هەستی بە مەترسی و هەرەشەیەکی گەورە کرد و هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر تالیبان و ڕووخاندنی دەسەڵاتی تالیبان بوونی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئیران وەک هەڕەشە و کێشەیەک دەرکەوت، پێوەندێکانی ئیران و دەسەڵاتەکانی حامید کەرزای و ئەشەرف‌‌غەنی هەرچەند ئاسایی دەنواند بەڵام بەتایبەتی لە سەدەڵاتی ئەشەرەف غەنی‌دا بە هۆی پشتیوانی نەهێنی ئێران لە ئەلقاعیدە و تالیبان تا دەهات لێڵ‌تر دەبوو. ئێستا بە دەرکەوتنی دووبارەی تالیبان هەرچەند ئێران پێێی‌وایە دەکرێ هەست بە ئەهوەنی بکات، بەڵام ئەم ناوچەیە بەستێنەکانی کێشە و قەیرانێکی قووڵی نێوان بناژوێخوازی سوونە و شیعەی لەگەڵ‌دایە.

 

ئاکام:

ئێران وەک ژێئۆپۆلەتیکێک لەناوخۆ لەخۆگری پلۆرالیزمێک لە نەتەوەکان و بوونە جیاوازەکانی مرۆییە لەلایەک، لەلایەکی‌تر لەخۆگری کۆگشتیەک لە سامان و داهاتە سرووشتێکانی وەک نەوت و گازە، لە دەرەوە ئێران جیران و دراوسێ وڵات‌گەلێک و کلتوور گەلێکی جیاوازە کە هەر کام لەم وڵاتانە لەگەڵ بەشێک لە کەمینە نەتەوەکانی ناوخۆی ئێران بنەماڵەیەک دێنە ئەژمار، بۆ وینە عەرەب، کورد، تورک، بەلووچ و تورکەمن. دیارە ئەم دیاردانە هەم دەتوانن ڕۆڵی پۆزەتیڤ ببینن و هەم ڕۆڵی نێگەتیڤ، لە ئەگەری دەرکەوتنی دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیک ئەم دیاردانە دەتوانن ببنە بنەماکانی هێزی نەرم و ڕەق بۆ ئێران، ئەوە لە کاتێک‌دایە کە ئێران خاوەن دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیکی دیکتاتۆرە و قەیرانی شووناسی نەتەوەیی یەکێک لە قوڵ‌ترین کێشەکانی ئێستای ئێرانە. ئەم دۆخە لەناوخۆ لەتەنیشت تێکهەڵچوونەکانی ئێران لە ناوچە لەگەڵ دراوسێکان و لە جیهان لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوەاییەکان بە تایبەت لەسەر مەسەلەی ناوەکی ئێران، دۆخی ژێئۆپۆلەتیکی ئێرانی قەیراناوی کردوە و ئەم دیاردانە بوونەتە خاڵ‌گەلێکی لاواز بۆ ئێران کە لەئەگەری دەرکەوتنی هەر جۆرە کیشەیەکی نیزامی لەگەڵ دراووسێکانی بە تایبەتی ئێستا کە کێشەکانی نیوان ئێران و ئازەربایجان خەریکە قوڵتر دەبێتەوە، دەتوانێ تۆپۆگرافی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران بگوڕێت. بە تایبەتی کە ئێران لە ماوەی زێدە لە چڵ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی دەستی لە کاروباری ناوخۆیی دراوسێکانی وەرداوە و کێشەی بۆ خوڵقاندوون.

 

 

 سەرچاەوەی وتار: ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٨٠٨
https://kurdistanmedia.com/.../1/newsletter/kurdi-808.pdf



[1] - حافظ نیا، محمدرضا(١٣٨٤): اصول و مفاهیم ژئوپلیتیک، انتشارات پاپلی، ص ۹.

[2] - دفارژ، فیلیپ مورو (١٣٩٢): فرهنگ ژئوپلیتیک، سید حامد رضیئی، انتشارات فرهنگ معاصر،  ص ٧.

[3] - گریفیت، مارتین(١٣٨٨): دانشنامه روابط بین‌الملل و سیاست جهان، علیرضا طیب، نشر نی،  ص ۵۷۴.

[4] - عزتی، عزت اللە(١٣٦٨): جغرافیای نظامی ایران، امیرکبیر، ص ٢٥-٣٥

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی