۱۳۹۹ اردیبهشت ۱۱, پنجشنبه

کۆمەڵناسی مێژوویی پۆپۆلیسم لە ڕۆژهەڵات


شاهۆ حوسێنی

پۆپۆلیسم وڵامێکی سادەوساکارە بەدۆخێکی قەیرانی، دۆخێکی کە هەڵکەوتەکانی هزری و زانستی ناتوانن لە کورت خایەن‌دا وڵامێک‌و ڕێگاچارەیەکی لۆژیکی و زانستی خێرای بۆ بدۆزنەوە. کەوابێ دەشێ بگوترێ لەبەرامبەر وڵامی لۆژیکی‌و زانستی‌دا پۆپۆلیسم وڵام‌گەلێکی سادەوساکار و ڕێگاچارەگەلێکی خێرا دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا( دیارە سادە و ساکار بوون لزوومەن بەمانای گونجاو بوون و ئاکام بەخش بوون نیە). لەهەمان حاڵ دا بزاڤێکی دژە هەڵکەوتە، دژە زانست و پەرەپێ‌دەری دڵەڕاوکێ و دەمارگرژیە، بەهۆی ئەوەکە پۆپۆلیستەکان خاوەن هزر و ئەندێشەیەکی ڕادیکاڵ لەمەر زانستەکانی پێوەندی دار بەقەیرانەکان نین و زۆر ڕووتین و ڕواڵەتی ڕووبەڕووی قەیران و کێشەکان دەبنەوە، بۆیە کەشێکی ترسناک دەخوڵقێنن، لەڕاستی‌دا کۆمەلگا لە داهاتوو، بوون یان دوژمنێکی وەهمی دەترسێنن و بەو شێوەیە و بەو کەش ترساویە دەمارگرژی و پاوانخوازێتی دەخوڵقێنن.

پۆپۆلیسم لەهەمان حاڵ دا ڕوانگەیەکی ڕووتینی لە زەمان دایە، نەهیچ پێوەندێکی لۆژیکی لەگەڵ ڕابڕدوو هەیە و نەهیچ گەڵاڵەیەکی گونجاو بۆ داهاتوو، لەڕاستی دا پۆپۆلیسم دەلاقەیەکی ڕواڵەتی بۆ دیتن و شرۆڤەی ئێستایە.

پۆپۆلیسم ئەساسەن لەو کۆمەڵگا و زەمانانەدا پەرە دەستێنێت کە زانست خاوەنی هێژمۆنی نیە و لەبەرامبەردا ئایدۆلۆژێکان،ئایین و کلتووری ئایینی بەسەر کۆمەڵگا و شعووری کۆمەڵگادا هێژمۆنە، لەڕاستی دا ئایدۆلۆژێکان و یەک لەوان ئایینەکان بەهۆی ئەوەکە بۆ هەموو پرسیار و کێشەکانی مرۆڤ وڵام و ڕێگاچارەی سادەو ساکاریان هەیە و نیشانی دەدەن، دەتوانن زۆر زوو لەغیابی بەستێن و زەمینە بۆ پەرەی کلتووری زانست تەوەرە هێژمۆن بن. واتە دەشێ بگوترێ کە هەموو ئایدۆلۆژێکان چ‌ئایینی و چ‌غەیری ئایینی پەرە پێ دەری پۆپۆلیسمن. دیارە بەهەر ڕێژەیەک زانست‌و کلتووری زانستی پەرە بستێنێ بەهەمان ڕێژەش پۆپۆلیسم هێژمۆنی خۆی لەدەست‌دەدا، بۆیە پۆپۆلیسم دژە هەڵکەوتەیە، چوونکە هەڵکەوتەکان بەشێوەیەکی زانستی و لۆژیکی دەتوانن ڕوانگە و ئیدعای پۆپۆلیستەکان پووچەڵ بکەنەوە.

بەهەڵکەوت کۆمەڵگای کوردی یەک لەو کۆمەڵگایانەیە کە پۆپۆلیسم تیا هێژمۆن و بەهێزە. بەهۆی ئەوەکە کلتوور وعەقڵییەتی ئایدۆلۆژیک (وەک میراتی چەپی لێنینیستی) هێژمۆنی تەواو و ڕەهای هەیە بەسەر کۆمەڵگادا کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە بەشێکی یەکجار زۆر لەچالاکانی بوارەکانی سیاسی، کلتووری، کۆمەڵایەتی و هوونەری لە کوردستان سەر بە بەرەی چەپی لێنینسی بوون. چاو خشاندنێک بە شەقامی مەجازی و واقعی کۆمەڵگای کوردی‌دا دەریدەخات کە درووشم تەوەرەیی و ڕووتین تەوەرەیی وەک دوو دیاردەی وێرانکەر بۆ شرۆڤەی دۆخ و گەڵاڵەکردنی ڕێگاچارە لە غیابی کلتوور و عەقڵانییەتێکی زانست تەوەرەی پشت‌بەستوو بەفاکتی گونجاو و جێگای متمانەی زانستی چەندە هێژمۆنە. دەشێ بگوتری کە پۆپۆلیسم بە چەپی‌لێنینیستی بوو بە کلتوورێکی هێژمۆن لەناو کۆمەڵگای کوردی‌دا، ئایدۆلۆژی چەپی لێنینستی لەلایەک بە خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ئەندێشە و هزری لیبراڵ‌دێمۆکراسی بەپاساوی بەرهەمی بورژوازی، کاپیتالیستی و ئەمپریالیستی، بەریان بە پەرەی عەقلانییەتی دیمۆکراتیک، پلۆرالیزم و مۆدێڕنیتە گرت و لەلایەکی‌تر دەمارگرژیەکی رادیکاڵیان بەرهەم هێنا بەهۆی ئەوەکە خۆیان وەک تاقەبزاڤی‌شۆڕشگێر، تاقە‌بزاڤی راستەقینەی داکۆکاری مافی هەژاران، ژنان، چەوساوەکان و.....هتد پێناسە دەکرد. بەداخەوە ئەو دیاردانە ئێستاشی لەگەڵ بێ لەناو بزاڤی ناسیونالیستی‌کوردا هێژمۆنن، مۆنۆلگ بوون، زانست ستیزی و دەمارگرژی وەک  مێراتەکانی پۆپۆلیستی چەپ لە کوردستان.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی