۱۳۹۸ بهمن ۱۹, شنبه

"زەروورەتی بە ئەمری(خواستی) سیاسی‌دا چوونەوە"


شاهۆ حوسێنی

شانتاڵ مۆفە لە کتێبی "بازگشت امر سیاسی" دا حەول دەدات جیهانی پڕ لەقەیران و کێشەی پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت و دووجەمسەری کە بە چاخی ئایدۆلۆژیک ناسرابوو پێناسەبکات. جیهانێک کە بەپێچەوانەی بۆچوونی فۆکۆیاما لە کتێبی "پایان تاریخ"دا نەتەنیا بەسەرکەوتنی لیبڕاڵ دێمۆکراسی کۆتایی نەهات، کە لەناو لیبڕاڵ دێمۆکراسێکان ڕا پۆپۆلیسمی ڕاستی بناژوێخواز جارێکی تر سەری هەڵدایە و جیهان زۆر زیاتر لەسەردەمی جیهانی دوو جەمسەری ئەمرۆکە شاهیدی پەرەی نەتەوەخوازی فۆندامێنتاڵ، فۆندامێنالیزمی ئایینی، و شەڕی ئایدۆلۆژیکە. جیهانێک کە جارێ هیچ ئاسۆیەکی سیاسی ڕوونی ناکرێ بۆ لەبەرچاو بگیرێت.

سیاسەت لەڕوانگەی مۆفەدا بەستێنی دەرکەوتنی جەمسەرە دژبەرەکانە کە مەجالی دەرکەوتنی ئازادی، هێژمۆنی و ڕژێمە حەقێقێکان دەرەخسێنیت، لەڕاستی‌دا مۆفە جەمسەرە دژ بەرەکان بە هەڕەشە نابینێت، بەڵکە ئەوی بە تایبەت مەندی سیاسەت پیناسە دەکات، مۆفە حەول دەدا تا غەیرییەتەکانی کە وەک دوژمن پێناسە دەکرێن بخزێنێتە ناو گوتاری دێمۆکراتیک و بە ڕکابەر پیناسەیان دەکات.

مۆفە ڕەخنە لەو بیرمەندانە دەگرێت کە حەول دەدەن سیاسەتی دێمۆکراتیک لەهەناوی لیبرالیسم و گوتاری هێژمۆنی لیبرالیستی ڕا شرۆڤە بکەن. بەباوەڕی مۆفە خاڵی بنەڕەتی کێشە، ئەمری سیاسیە کە خاوەنی دوو تایبەت مەندی دەسەڵات و ئانتاگونیسم واتە کێشەیە. ئەو تایبەت مەندیانەی کە پێویستە ببنە تەوەرە و ناوەندی سیاسەتی دێمۆکراتیک، بەجۆرێ کە غافڵ بوون لەو تایبەت مەندیانە و پاوان کردنی ئەمری سیاسی جگە لە سەرکووتی سیاسی و خوڵقاندنی بەستێن بۆ کێشە و قەیرانی بەربڵاوتر هیچ دەست کەوتێکی تری نیە. بۆیە مۆفە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە خواستی سەرەکی و بنەڕەتی بەرهەم هێنانی نیزامێکی دێمۆکراتیکی پلۆرالە لەسەر ئەساسی مەحاڵ بوونی لەناو بردن و سڕینەوەی ئانتاگونیسم یان کێشە.

کورد پێوویستە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ئەمری سیاسی و بە ئەمری سیاسی دا بچێتەوە، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەیکە ئانتاگونیسم بەشێکی گرینگ و دانەبڕاو لە ئەمری سیاسیە و پێویستە بەستێنی دەرکەوتنی بۆ بڕەخسێت نە ئەوەیکە سەرکووت بکرێت. مێژووی دیکاتاتۆڕەکان نیشانی داوە هەرجۆرە حەولێک بۆ ئانتاگونیسم ‌سڕینەوە لە سیاسەت و ئەمری سیاسی ڕەخساندنی بەستێن بۆ درێژە و قوڵتر بوونەوەی قەیرانە.  هەرجۆرە حەول بۆ سەرپۆش و سەرکووتی ئانتاگونیسم، حەول بۆ یەکپارچە و یەک دەست کردنی خواستی سیاسی بەستێنی کێشە و قەیرانی قووڵ لە داهاتوودا دەڕەخسێنێت. کلتوور، عەقڵییەت و وەهمی شۆڕشگێری لێنینستی پێویستە وەلا بندرێت و کۆمەڵگا بە هەموو ڕوانگە و فۆرماسیونە مەعریفەجیاوازەکانەوە لەناو گوتاری‌دیمۆکراتیک‌دا ڕێک بخرێت وەک نەزمێک لە پلۆرالیزم دا. هەرجۆرە دابڕاندنی بۆچوونی جیاواز و حەول بۆ سڕینەوە و سەرکووتی ئەو خەسارێکی گەوەرەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی.

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی

ڕۆژەڤ - بابەت: جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر پرسی ناوکی میوانی بەرنامە : شاهۆ حوسێنی، چالاکی سیاسی